لەپێنج ساڵدا داعش 250 كەسیان رفاندووەو زۆربەیانیان كوشتووە
هاوڵاتی چیرۆكی یەكێك لەڕفێندراوە كوردەكان بڵاودەكاتەوە كەبەرانبەر پارە ئازادیان كردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
«باپیرم دوو دەفتەر دۆلاری لەگەڵ خۆی برد تا مامم لای داعش ئازاد بكات، چووە شوێنی دەستگیركردنەكەی لەنزیك گوندی پەڵكانە و رووبەڕوو قسەی لەگەڵ پێنج بۆ شەش چەكداری دەمامكدار كردبوو و هەمووشیان جلی كوردیان لەبەردا بووەو پارەكەیان لێی وەرگرتبوو، دوای 10 خولەك لەدووری سەد مەترێك زیاتر ماممیان داناو چەكدارەكان رۆشتبوون»، ئەمە وتەی یەكێك لەكەسوكاری رفێندراوەكانی دەستی داعشە كە لەدوو مانگی رابردوودا داعش مامیان رفاندووە.
چەكدارانی داعش دوای رووخانی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی و بەتایبەت پاش ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و چۆڵكردنی پێشمەرگە لەو ناوچانە، داعش جموجۆڵی لەناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێم و عێراق لەسنوری خانەقین تا مەخمورو چیای قەرەجوغ دەستپێكردووەتەوەو كاریان دانانی بۆمب و كوشتن و رفاندنی گوندنشینەكان بوو لەپێناو بەدەستهێنانی پارەو داهاتدا.
چەكدارانی داعش ناوبەناو هێرشی چەكداری و رفاندنی هاووڵاتیان لەسنورەكانی پارێزگای دیالەو قەزاكانی كفری و خورماتوو ئەنجام دەدەن و بەرامبەر بڕە پارەیەك ئازادیان دەكەن و بەشێكیشیان شەهید دەكەن كەئامارەكان جێگای مەترسین.
رفاندنەكان بۆ دەستكەوتنی داهات
داعش بۆ پەیداكردنی سەرچاوەی دارایی یەكێك لەكارە دڕندانەكان ئەنجامدەدات كە رفاندنی هاووڵاتیان و شوان و گوندنشینانە كە لەو رێیەوە پارە بۆ گروپەكەیان پەیدا دەكەن.
شاڵاو ئاكۆ، برازای یەكێك لەو رفێندراوانەیە كە نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر لەكاتی شوانیدا لەسنوری ناحیەی زینانەی سەر بەقەزای كفری رفێندرا، برازای ئەو گەنجە بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر مامی كە تەمەنی 18 ساڵەو شوان بووە لەسنوری گوندی پەڵكانەی سەر بەناحیەی زینانە سەر بەقەزای كفری رۆشتبوو لەكانیەكی ئەو سنورە ئاوی مەڕو ماڵاتەكەی بدات.
وتیشی:» لەناكاو سێ بۆ چوار كەسی دەمامكدار دەوری دەدەن و چاوی دەبەستەوەو دەیبەن، دواتر كەچاوی دەكەنەوە لەنێو زیندانێكی گەورەدا دەبێت، هەروەك خۆی دەیگێڕێتەوە زیندانەكە لەشێوەی تاوێری بەردی بووە و دەرگاكانی لەئاسن دروستكراوەو هەر خۆی بەتەنها بووە، دواتر پرسیاری ماڵەوەیان و سەروەت و سامانی لێدەكەن دوا بەدوای ئەوە هەر بەموبایلەكەی خۆی جەڕەس بۆ ماڵەوەیان لێدەدەن و داوای دوو دەفتەر دۆلار دەكەن بۆ ئازادکردنی «.
برازای ئەو گەنجە رفێنداوەی داعش، باسی لەوەشكرد كە مامی لەمانگی رەمەزانی ئەمساڵدا لەلای داعش بووەو نوێژو رۆژوی ئەو مانگەیان پێكردووەو پێنج بۆ شەش چەكداربوونەو رۆژانە پرسیاریان لێكردووەو یەكێك لەو چەكدارانە بەزمانی كوردی قسەی كردووە، وتیشی:»
مامم بۆی باس كردوون كەبەهیچ شێوەیەك ئازاریان نەداوەو پێیان وتووە «ئێمەش ئەو پارەیەی كە لەئێوەی وەردەگرین بۆ خێزانی شەهیدەكانمانە پێویستمان بەپارەیە، بۆیە تۆمان دەستگیركردوە».
شاڵاو ئەوەشی خستەڕوو كە دوای رووداوەكە هێزە ئەمنیەكانی سنورەكەیان ئاگادار كردووە، وتیشی:» باپیرم كەتەمەنی نزیكە 70 ساڵ دەبێت، ئەو بڕە پارەیەیان برد بۆ شوێنی دەستگیركردنەكەی مامم، كە پێی دەوترێ (كانی نەزەرە) لەنزیك گوندی پەڵكانە هەر رووبەڕوو قسەی لەگەڵیان كردبوو پێنج بۆ شەش چەكداری دەمامكدار بوون و هەمووشیان جلی كوردییان لەبەر بووە، پارەكەیان لێوەرگرتووە، دوای (10) دەقەیەك لەدووری سەد مەترەوە مامیان دانابوو چەكدارەكانی داعش رۆشتبوون».
75 چەكداری داعش لەسنوری حەوزی حەمریندا
هێزەكانی پێشمەرگە ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە داعش كۆتایی نەهاتووەو مەترسی لەسەر ناوچەكە دروستكردووە.
جەماڵ وارانی، بەرپرسی لیوای 144ی هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری زینانە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» داعش كۆتایی نەهاتووە تامەترسی نەبێت، بۆیە ئەو بۆشاییە ئەمنیەی كە لەنێوان هەردوو هێزە كوردییەكان و هێزەكانی عێراقدا هەیە، ئەمە مەترسی دروستكردووە بۆ جموجۆڵی داعش، جگە لەوە سەختی ناوچەكەش هۆكارێکی ترە بۆ مانەوەی داعش لەم سنوورەدا.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كەچەكدارەكانی داعش زۆربەیان سوننە مەزهەبن و خەڵكی كوردیشیان هەیەو ئەوەی بزانین لەم سنورەدا 14 چەكدارێك دەبن كە لەشێوەی مەفرەزەی بچووك بچووك لەناوچەكەدا هەن و زیاتر خەڵكی سوننە مەزهەب هاوكارییان دەكەن و چەكدارەكان كوردیشیان تێدایە.
لەسنوری قەزای كفری و ناحیەی زینانەو ناوچەی قوڕی چای و سنوری خورماتوو تادەگاتە كەركوك زیاتر داعش لەو سنورانەدا هەیە.
«تائێستاش لەم سنورەی ئێمەدا نزیكەی 250 كەسیان رفاندووەو زۆربەی رفێندراوەكانیان كوشتووە، نزیكەی 50 كەسێكیان ئازاد كراوە بەرامبەر بڕە پارەیەك بەجیاوازی لەماڵی رفێندراوەكان وەردەگرن»، بەرپرسی لیوای 144ی هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری زینانە وای وت.
بۆشایی ئەمنی نێوان هێزە كوردییەكان و سوپای عێراق زۆر جار وای كردووە كە داعش هێرشی چەكداری بۆ سەر سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجام بدات و مەترسی ئەمنی بۆ ناوچەكە دروست بكات.
عەمید جمهور رۆستەم، جێگری بەرپرسی لیوای سێی هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری خانەقین لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «مانەوەی داعش دێهاتە عەرەبیەكانن، چونكە ئەوان هاوكارییان دەكەن و سنورەكەشیان زیاتر دەكەوێتە حەوزی حەمرین كە لەخانەقین و گوڵاڵەو قەرەتەپەو تا دەگاتە كەركوك زیاتر لەم سنوورە چالاكی دەكەن و نزیكەی 45 بۆ 60 چەكدار دەبن».
عەمید جمهور رۆستەم ئەوەی ئاشكرا كرد كە لەسنوری ئەواندا لەدوای ساڵانی 2017 ەوە تائێستا نزیكەی 150 كردەیان ئەنجامداوە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق و نزیكەی 200 كەس لەهاووڵاتیانی مەدەنی و پێشمەرگەو چەكداری سوپای عێراق بوونەتە قوربانی.
كەی پێشمەرگەو سوپا دەچنە شوێنەكانی داعش؟
پێشمەرگەو سوپا بەهاوبەشی چاوەڕێی رێكاری بەستنی مووچەی هێزەكەیەو بەرپرسانی كورد دەیگەڕێننەوە بۆ سەر ئەستۆی هێزە عێراقییەكان.
عەمید نەبیل محمد، بەرپرسی بنكەی هەماهەنگی هێزی هاوبەش لەخانەقین، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، باسی لەوەكرد كە لەئێستادا هەموو كارەكانی تەواو بووەو هێزەكە دروستكراوەو مەشقیش بەسەربازەكانی كراوە، پێداویستییەكان لەلایەن سوپای عێراقەوە دابین كراوەو ئەوەی ماوەو بووەتە رێگر لەبەردەم دەستبەكاربوونی ئەو هێزەدا، بونی مووچەی هێزەكەیە كەبڕیارە لەلایەن سوپای عێراقەوە دابین بكرێت.
عەمید نەبیل، پێشیوابوو دروستكردنی ئەم هێزە ئەمنییە ئارامی زیاتر بۆ ناوچەكە دەگەڕێنێتەوە و ئەو بۆشاییە ئەمنییە كە لەنێوانماندا هەیە پڕ دەكرێتەوە، دەتوانین بڵێین داعش بەڕێژەیەكی بەرچاو لەناوچەكە كەمدەكاتەوە.
راوێژكاری باڵا لەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی هێزەكانی پێشمەرگە باس لەوە دەكەن ژمارەی چەكدارانی داعش زۆر نیەو تەنها سوود لەبارودۆخی ناوچەكە وەردەگرن.
بەختیار محمد، راوێژكاری باڵا لەوەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» چەكدارانی داعش سوود لەبارودۆخی ناوچەكان وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی كردەوەكانیان وەك رۆژە تەمەكان و باراناوی یان بۆشایی ئەمنی نێوان ئێمەو سوپای عێراق ئەگەرچی ژمارەی كۆی ئەو چەكدارانەی كەچالاكی ئەنجام دەدەن نزیكەی سەد چەكدارێك دەبن، دواتر خۆیان دەگۆڕن وەك خەڵكی ناوچەكە «.
ئەو راوێژكارەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی روونكردەوە كارەكانی هێزە هاوبەشەكە لای ئێمە تەواو بووەو تەنها پەیوەندی بەمووچەی هێزەكەوە هەیە، ئەوەش لای دارایی حكومەتی عێراقەو چاوەڕێ دەكەین ئەو كارەش تەواو بكرێت و هێزەكان كاری خۆیان ئەنجامبدەن