هۆشداری دەدرێتە دەسەڵات؛ نرخی بەنزین گڕ لەشەقام بەردەدات

شۆفێران داوای كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان و كوژاندنەوەی ئوتومبێلەكان دەكەن تا ئەوكاتەی حكومەت بە جدی وەڵامدەداتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گرانبوونی نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان و راگرتنی بەنزینی 690 دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین خەڵك و شۆفێرانی تورە كردووەو داوای كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان و كوژاندنەوەی ئوتومبێلەكان دەكەن تا ئەوكاتەی حكومەت بە جدی وەڵامدەداتەوە.

لەئێستادا بەنزینی 690 دیناری لە پارێزگای هەولێر هەیە، بەڵام بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەرین راگیراوەو وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی، كە لەم ژمارەیە لەلاپەرە سێ بڵاوكراوەتەوە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەنزینی 690 دیناری راگیراوە و داوای چارەسەری بەپەلە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

لەئێستادا یەك لیتر بەنزین لە جۆری نۆرماڵ بە هەزارو 200 دینارو موحەسەن هەزارو 325 دینارو سوپەر هەزارو 400 دینارە لە پارێزگاری سلێمانی و دەوروبەری.

بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، شۆفێرانی تاكسی و پاس «توڕەو نیگەرانن» دەكات و داوای كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان و كوژاندنەوەی ئوتومبێلەكان دەكەن.

 

لە فەیسبوك بینیم بانگەشەی خۆپیشاندان دەكرێت هەمووی كۆمێنتی قەبە قەبە دەنوسێت، فەرموون با دوو رۆژ شەقامەكان دابخەین تا حكومەت چارەسەر دەكات، بەڵام نەك تەنها تەكسی و پاس، پێویستە سەیارەی تایبەتیش لەگەڵماندا بن

 

مەریوان قادر، تەمەن 29 ساڵ شۆفێری تاكسیە لە سلێمانی و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوێنێ بایی 20 هەزار بەنزینم تێكردووە 16 لیتری نەكردووەو دیلكۆكەشی لێی دەدات تەنها 24 هەزار دینارم پێ پەیا كردووە تا شەو، ئەمە كەسابەتە لە رۆژێكدا چوار هەزار دینارم بۆ بمێنێتەوە».

ناوبراو باسی لەوەشكرد، دامەزراندن نییەو ئیش نییە،»تەنها با رێگەمان بدەن كەسابەت بكەین، نرخی بەنزین هەرزان بكەن، بەو بەنزینە 690 دینارییەش رازیبووین ئەوەش نەماوە، ناچارین شەقام بگرین و سەیارەكانمان بكوژێنینەوە».

ئەو شۆفێری تاكسییە داوای لەسەرجەم شۆفێران كرد لە شەقامەكاندا ئوتومبێل بكوژێننەوە، وتیشی:» لە فەیسبوك بینیم بانگەشەی خۆپیشاندان دەكرێت هەمووی كۆمێنتی قەبە قەبە دەنوسێت، فەرموون با دوو رۆژ شەقامەكان دابخەین تا حكومەت چارەسەر دەكات، بەڵام نەك تەنها تەكسی و پاس، پێویستە سەیارەی تایبەتیش لەگەڵماندا بن».

هەروەها حەسەن عەلی، تەمەن61 ساڵ شۆفێری تەكسی لە سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەڵاهی كوڕی خۆم نازانم هانا بۆ كێ ببەین، ئەوە حاڵ نییە ئێمەی تیان، ماڵ و مناڵ بەچی بژێنین، ئەوەی پەیام كردووە دەیدەمەوە بە بەنزین».

حەسەن وتیشی:» خەڵك ئەم دۆخەی قبوڵ كردووە، بەنزین لترێكی ببێتە دوو هەزار دیناریش كەس قسە ناكات، خەتای خەڵكە لەمانەی قبوڵ دەكات، حكومەتداری چۆن ئاوا ئەبێت، ژێر حەرزەكە هەمووی نەوت بێت و بەبەرچاومانەوە بێت و بڕوات ئەوەش حاڵی بەنزین بێت، وڵات چۆن ئاوا دەبرێت بەرێوە».

شۆفێرێكی دیكەی پاس دەڵێت، سەرەرای ئەوەی نرخی هاتوچۆی ناوشاریان لە 500 دینار بۆ 750 دینار بەرزكردووەتەوە، بەڵام بارگرانی كەوتۆتە سەر خەڵك.

هێمن جەمال، تەمەن 27 ساڵ شۆفێری پاس لە سلێمانی لەلێوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەگەر هەفتەیەك یان دوو رۆژ بەڵام هەموو سەیارەیەك نەك تەنها پاس و تەكسی لە شەقامەكان سەیارەكانمان بكوژێنینەوە حكومەت جوابی دەبێ، بەڵام ئەگەر وەك ئێستا خەڵك هیچ جوڵەیەك نەكات هەروا بەردەوام دەبێ».

ئەو شۆفێری پاسە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئامادەن شەقامەكان بگرن لەمڕۆوە بەمەرجێك بەشێوەی مەدەنی بێت و خۆپیشاندان بكرێت تا حكومەت جواب نەداتەوە كەس شەقامەكان چۆڵ نەكات.

ئاكار یاسین شۆفێرێكی تەكسییە لەسلێمانی، ئەو بەهاوڵاتی وت»ئەگەر رۆژێك بایی 15 هەزار بەنزین تێبكەم و كاری پێبكەم ئەوا 17 هەزار پەیدا ناكەم، واتە هیچ پارەیەكم بۆ نامێنێتەوە و وامان لێهاتووە كارنەكەین و لەماڵەوە بین باشترە».

هاووڵاتیانیش نیگەرانن لەبەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ئارام خالید دەڵێت:» ئۆتۆمبێلم پێ نییە، بەڵام ئەگەر بمەوێت بچم بۆ سەر كارەكەم دەبێت دوو هێندەی جاران پارە بدەم بە تەكسی یاخود پاس، چونكە بەرزی نرخی بەنزین كاری كردووەتە سەر هەموو شتێك».

 

هۆكاری گرانی بەنزین ئەو یاریكردنەیە كە بە سوتەمەنییەوە دەكرێت و بەرهەمی خۆماڵی بەنرخی بەرهەمی هاوردە دەفرۆشرێت

 

پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارێزگاكان لەسەر هۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزینیش كۆك نین

لەنێوان ساڵی 2019 بۆ 2022 نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان سێ هێندە بەرزبووەتەوە، پەرلەمانتاران وبەرپرسانی حكومەتیش هۆكاری جیاواز باس دەكەن، بەڵام هێشتا بەنزین هەر بەرزە و خەڵك دادوبێدادیەتی لەدەست بەرزی نرخەكەی.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»هۆكاری گرانی بەنزین ئەو یاریكردنەیە كە بە سوتەمەنییەوە دەكرێت و بەرهەمی خۆماڵی بەنرخی بەرهەمی هاوردە دەفرۆشرێت».

هەروەها وتیشی:»رێگری دەكرێت لەهێنانی بەنزینی هەرزان و قۆرغكاری دەكرێت، كەمینەیەك نرخەكەی قۆرغ كردووە و حكومەتیش رێگرە لەوەی نەوتی خاو بدرێتە پاڵاوگەكان، چونكە حكومەت مانگانە 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلار لەبەرزی نرخی بەنزین سودمەندە».

ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان پێشیوابوو ئەوەی لەدەسەڵاتی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكانی پەرلەمان بێت كردوویانە بە یاداشت و پرۆژە بۆ ئەوەی نرخەكە داببەزێت.

«خەریكی راپۆرتێكین بەڵام جارێ ناتوانین ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكەین»

پێشەوا هەورامی، ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت:»ئێمە خەریكی راپۆرتێكین لەسەر هۆكاری گرانی نرخی بەنزین و سوتەمەنی لەهەرێمی كوردستان، بەڵام جارێ ناتوانین زانیاری ناو ڕاپۆرتەكە ئاشكرا بكەین».

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكات بەبەرزبوونەوەی نرخی بەنزین

عیماد رەفعەت، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەهاوڵاتی وت:»بەنزین بەگشتی لەجیهان گران بووە، حكومەتی عێراقیش ئێستا بەنزین نانێرێت، بڕواش ناكەم بەمزوانە نرخەكە داببەزێت».

«بەغدا بەنزین وەكو كارتی فشار دژ بە هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنێت، جگە لەوەی ئەگەر بەنزین لەدەرەوەش بهێنرێت هەر گرانە و چارەسەری دۆخەكە ناكات»، عیماد رەفعەت وا دەڵێت.

هاوكات، رزگار سدقی ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەدهۆك هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە نرخی بەنزین هەمان هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی هەیە، پشتیوانی حكومەتی نییە و لەجیهانیش گرانبووە، ئەو بەنزینەی بە 690 دینار دەدرێتە پارێزگاكان كەمە و بەش ناكات».

سدقی وتیشی:» پێشتر حكومەت هاوكاری دەكرد بۆیە بەنزین هەرزان بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیران حكومەت پشتیوانی ناكات».

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت حكومەتی هەرێم بەنزین دەداتە عێراق بەڵام نایداتە سلێمانی

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەبەردەوامی ئەوەیە كە هێنانی بەنزین دراوەتە دەست بازرگانەكان و چاودێری ناكرێت، جگە لەوەی بڕێك لەو بەنزینەی دەبێت بدرێتە سلێمانی بە 690 دینار حكومەتی هەرێم دەیداتە هەولێر و دهۆك».

«تەنها چارەسەر ئەوەیە نەوتی خاو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بدرێتە پاڵاوگەكان و ئەوان بەنزین بۆ بەنزینخانەكان دابین بكەن، وەك چۆن ئێستا حكومەتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای كار و قەیوان نەوت بۆ عێراق دەپاڵێوێت و بەنزینیان بۆ دەنێرێت».، كەریم عەلی وای وت.

بەرێوەبەری بەرهەمە نەوتیەكانی سلێمانی ئەوە دەخاتەروو بەنزین ڕەوانەی موسڵ دەكرێت ئەویش یەكێكە لەهۆكارەكان

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتیەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە» ئەو بەنزینەی دەبێت بۆ سلێمانی بنێردرێت دەنێردرێت بۆ موسڵ و دەفرۆشرێت، بۆیە بەردەوام نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە، دیاریش نییە كەی بەنزینی 690 دیناری عێراقی دەست بەدابەشكردنی دەكرێتەوە»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار