وەزارەتی رۆشنبیری بۆ هاوڵاتی:بڕیاری قەدەغەكردنی رووماڵی كوشتن و خۆسووتاندن سایتو پەیجەكانیش دەگرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رووماڵكردنی رووداوەكانی كوشتن و خۆسوتاندن قەدەغەدەكات و ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە دەبێتە هۆی بەبازاڕكردن و هاندانی خەڵكی بۆ ئەنجامدانی و سەرجەم میدیاو پەیجە كۆمەڵایەتیەكانیش دەگرێتەوە و ئەوەش دووپاتدەكاتەوە هەر دەزگایەك پێوەی پابەند نەبێت رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.
رۆژی 8ی حوزەیرانی 2022 بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی رۆشنبیری و پاڵپشت بەنووسراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رووماڵكردنی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لە راگەیاندنەكاندا قەدەغەكراو هەر لەو نووسراوەدا هاتووە كە رووماڵكردنی ئەو رووداوانە دەبێـتە هۆی هاندانی خەڵكی بۆ دووبارە ئەنجامدانی و چاولێكەری.
وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری: ناكرێت میدیای كوردی ببێتە زەمینەی بازاڕسازی و جۆرێك لەهاندانی تێدا دەبینرێتەوە
نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم بڕیارە گرنگە لەئێستادا چونكە ئەمڕۆ لەكوردستاندا دەبینین دیاردەكانی كوشتن و خۆكوشتن بەرەو هەڵكشان دەڕۆن و ئامارەكان بەرەو سەرەوە دەچن، بۆیە گرنگە بەبڕیار ئەم شتانە رێكبخرێنەوە و ئەو حاڵەتانەش كە ئێمە زۆر جەختیان لەسەر دەكەینەوە دیاردەكانی كوشتن و خۆكوشتن و بڵاوكردنەوەی وێنەی قوربانی و بریندارانن كە رێپێدراونین بخرێنە بەرچاوی خەڵكەوە».
هەروەها وتیشی:» ناكرێـت میدیای كوردی ببێتە زەمینەی بازاڕسازی و ریكلامكردن بۆ ئەو حاڵەتانە كە جۆرێك لەهاندانی تێدا دەبینرێت، دەبوو زوتر ئەو بڕیارە بدرایە، بەڵام لەگەڵا گۆڕانی بارودۆخدا و هەڵكشانی ئامارەكاندا زیاتر هەست بەو مەترسییانە كراوە».
« ئەم بڕیارە بۆ تەواوی میدیاكانە بەپەیج و سایتەكانیشەوە و هەر دەزگایەك پابەندی بڕیارەكە نەبێـت مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت.»، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری وای وت.
رێژەی كوشتن و خۆكوشتن لەم چەند ساڵەی دواییدا لەهەرێمی كوردستاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان تەنها لەساڵی 2021دا (561) حاڵەتی كوشتن لەهەرێمی كوردستاندا روویانداوە كە 215 رووداوی كوشتنی بەئەنقەست و 59 حاڵەتی كوشتنی بەهەڵە و 287 رووداوی خۆكوشتن بوون.
توێژەرێكی كۆمەڵایەتی: بەڕاستی كات زۆر درەنگ بووە بۆ ئەو بڕیارە
نێچیرڤان عبدالخالق، توێژەری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەروو كەئەم بڕیارە لەم كاتەدا گرنگە و كۆمەڵگا لەئێستادا لەڕووی دەرونییەوە بە بارودۆخێكی نالەباردا تێدەپەڕێت و رووماڵكردنی ئەو جۆرە رووداوانە كاریگەری دەروونی دەخاتە سەر تاكەكان، وتیشی:» قەدەغەكردنی رووماڵی ئەو رووداوانە تاڕادەیەك كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و رێژەی خۆكوشتن هەیە،چونكە رووداوەكان شرۆڤە دەكران و روون و ئاشكرا بوو و بۆ هەندێك دەبووە رێنیشاندەر و چاولێكەری بۆ دووبارەكردنەوەیان».
وتیشی: قەدەغەكردنی ئەو رووداوانە كارێكی باشە بۆ كەمكردنەوەی هاندانی تاكەكان بۆ خۆكوشتن، چونكە فۆكەسی راگەیاندنەكان لەسەر ئەو جۆرە رووداوانە دەبێتە هۆی ئەوەی گرنگی خۆی لای تاك لەدەستبدات و ئەو كارەی لا ئاسان بێت.
دیاردەی رووماڵكردنی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لەڕاگەیاندنەكانی كوردستاندا زۆر بەربڵاوبووە و زۆرجار چەند رۆژێك لەسەریەك رووماڵی لەوجۆرە بەدیدەكراو ساڵی رابردووش لەلایەن چەند راگەیاندنێكەوە رووماڵی خۆسووتاندنی گەنجێكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرا كەپاش هەفتەیەك مانەوەی لەنەخۆشخانەدا بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان: لەئێستادا زۆر كەناڵا لەنەزانیندا یان بەدەستی ئەنقەست بازاڕگەرمی بۆ تاوان دەكەن
كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا هەواڵا لەباشوری كوردستاندا بەتایبەت سۆشیال میدیا فلتەر ناكرێت، بۆیە بە بڕیارێكی گونجاوی دەزانم و كاتەكەشی گونجاوە».
ناوبراو بەپێویستی دادەنێت كە هەواڵی ئەو جۆرە رووداوانە بەجۆرێك دابڕێژرێت كەڕێسا و یاساكانی میدیا رێگەیان پێداوە، وتیشی: «دەبێـت باسبكرێـت، بەڵام بەجۆرێك جوان نەكرێـت لەبەرچاوی خەڵك كە دووبارەی بكاتەوە و هیچ كەسێك ناتوانێت قەدەغەی رووماڵی هەواڵا بكات، چونكە رووماڵی هەواڵا بەهیچ شێوەیەك قەدەغە ناكرێت».