هاڕەی تمەن ئێران دەهاڕێت

ئێران بەرامبەر سزاكانی ئەمریكا پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەكاتەوە بەهای دراوەكەی دادەبەزێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەهای تمەن لەدوو رۆژی رابردوودا بۆ نزمترین ئاستی نیو سەدەی رابردوو لەمێژووی دراو لەئێران دابەزیی و بەهای هەر دۆلارێك لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار تمەن و بەرپرسانی وڵاتەكەش رایانگەیاند:» داهات 50% زیادی كردووەو لەسێ مانگیشدا زیاتر لەهەشت ملیار دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە».

دابەزینی بەهای تمەن لەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو 12ی حوزەیرانی 2022 بەگەورەترین و مێژوویترین هاڕەی تمەن لەمێژووی ئەو دراوەدا لەقەڵەمدەدرێت كەهاوشێوەی بۆمبێكی ئابوریی بووەو بووە هۆی هەژاندنی بازاڕەكانی دراو لەئێران و هەندێك وڵاتی دیكەی جیهانیش.

پۆلیسی ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی بازاڕی دراوی وڵاتەكە ژمارەیەك دەلڵاڵ و بازرگانی زێڕو دراوی وڵاتەكەی دەستگیر كردو رایگەیاند:» ئەو كەسانە یارییان بە بەهای دراو و زێڕەوە كردووەو هەر ئەوانیش هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەندا بوون».

ئەوەی روونە لە ماوەی رابردوداو لە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارێكی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكی ئێران دەركردو هەر ئەو كات پێشبینیی كرا بەهای تمەن دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و ئابوریی وڵاتەكەش رووبەڕووی كێشە ببێتەوە بەتایبەت كە بەرپرسانی تاران كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بڕیارەكە پیشانداو ژمارەیەك كامێرای چاودێریی نێودەوڵەتیی وێستگە ئەتۆمییەكانیان كوژاندەوەو هاوكات ژمارەیەك كورەی ئەتۆمیی دیكەیان پێچەوانەی رێككەوتنی ئەتۆمیی خستەوە گەڕ.

بەرپرسانی تاران بەو هەنگاوانەش نەوەستانەوە هەڕەشەی كاردانەوە دژی ئەمریكاو ئەو وڵاتانەیان كرد كەدژی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی بڕیاریان داوە كە هەموو ئەمانە بووە هۆی شۆڕبونەوەی بەهای ئەو تمەنەی كە پێشتر بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوی دەنا.

ژمارەیەك شارەزا و پسپۆڕی ناو ئێران لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایانگەیاند ئەوەی حكومەت بە نای نەشتەرگەریی ئابوریی دەیكات چارەسەری دۆخی وڵاتەكە ناكات و تەنها ئاساییكردنەوە پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت لەبواری ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریكا پردی پەڕینەوەیە بۆ چارەسەری قەیرانە ئابورییەكان.

هاڕەی مێژویی تمەن

نرخی هەر دۆلارێك رۆژی یەكشەممە (12/6/2022) بە كردنەوە بازاڕەكانی دراو لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار و 250 تمەن لە كاتێكدا حكومەت نرخی هەر دۆلارێكی لە شوێنە فەرمییەكانی ئاڵوگۆری دراو بە 27 هەزارتمەن بۆ 27 هەزار و 34 تمەن دەستنیشان كردبو واتە جیاوازیی نرخی دەستنشانكراوی فەرمی لەگەڵ بازاڕەكاندا بۆ هەر دۆلارێك زیاتر لە شەش هەزار تمەن بوو.

 بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و هاڕەی تمەن بە بومەلەرزەیەكی گەورەی ئابوریی لە مێژوی ئێران ئەژمار دەكرێت، چونكە تمەن زۆرترین بەهای مێژوویی خۆی لەدەستداو لەماوەی 43 ساڵیشدا ئەو دراوە زیاتر لەسێ هەزار و 200 هێندە بەهاكەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە.

بەو پێیە تمەن لەساڵی نوێداو لەماوەی شەش مانگدا لەئێران نزیكەی 30٪ی بەهاكەی لەدەستداوە و لە ساڵی 1979 تا 2022 واتە لە 43 ساڵدا بەهای دۆلار، سێ هەزار و 200 هێندە جار لە بەرامبەر دراوی تمەندا بەرز بووەتەوە.

بەهای هەر دۆلارێك لەسەرەتای مانگی پێنج و لەگەڵ ئاماژەكانی پێداگریی تاران و ئەمریكا بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی ڤیەننا لەپێناو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە جۆرێك لە (7/5/2022) بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار 12٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە ئێران لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ 25 هەزار و 651 تمەن دابەزی.

داوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا 14٪ی بەهاكەی لەدەست دا، تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ نزیكەی 26 هەزار تمەن لە بازاڕەكانی ئێران دابەزی.

بەرزبونەوەی بەهای تمەن لەلەرامبەر دۆلار لەو كاتەدا بەهۆی راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا لەدوو هەفتەدا 14٪ی بەهاكەی لەدەستدا، بەڵام قەتەر لەگەڵ راگەیاندنی هەوڵی نێوەندگیریی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بوە هۆی بەرزبونەوەی بەهای تمەن

ئەو هەنگاوی قەتەر وای كرد دەستپیكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا رابگەیەنرێت كە64  رۆژ بو راگیرابو بۆیە هەر هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەتوانێت تمەن و تاران رزگار بكات.

پۆلیسی ئابوریی ئێران هەوڵی رزگاركردنی تمەن و دەستگیردنی فرۆشیارانی دۆلار دەدات

پۆلیسی ئابوریی ئێران رۆژی یەكشەممەی رابردو و لەكاتی بەرزبونەوەی دۆلار ئاشكرای كرد ژمارەیەك دەڵال و بازرگانی بەتۆمەتی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەستگیركردوە.

بە وتەی سۆهراب بەهرامی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاسایشی ئابوریی ئێران 31 كەس بەهاوكاریی بانكی ناوەندیی بە تۆمەتی  تێكدانی بازاڕەكانی دراو لە ئێران دەستگیركراون و ئە كەسانە یارییان بە نرخی دۆلار كردوە و بە مامەڵەی هەوایی زێر و ئاڵتون و دۆلار هۆكاری سەرەكیی بەرزبونەوەی نرخەكان بون.

حكومەت لە رۆژی بەرزبونەوە مێژوییەكەی بەهای دۆلار لە ئێران رایگەیاند؛ هەر جۆر مامەڵە و كڕین و فرۆشتنێكی هەوایی دۆلار و زێر و ئاڵتون یاسایی رێگەپێدراو نییە و هەركەسێك پێچەوانەی یاسا مامەڵە بە زێڕو دراو بكات دەستگیر دەكرێت.

ئەگەرچی دەستگیركردنی ئەو كەسانە بە هەنگاوێكی گرنك لە لایەن پۆلیسی ئابوریی ئێران وەسف كرا بەڵام ئەوەش دادی تمەنی نەدا و لە كاتی داخستنی بازاڕیشدا دۆلار بەردەوامبو لە تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی لە وڵاتەكە و پۆلیس سەركەوتو نەبو لە راگرتنی.

ئێران دۆلاری زیاد دەكات و چاپكردنی تمەن كەم

حكومەتی ئێران رایگەیاندوە بانكی ناوەندی لە دوو مانگ و 20 رۆژدا زیاتر لە هەشت ملیار و 100 ملیۆن دراوی دۆلاری خستوەتە بازاڕەكانەوە لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە لەو ماوە دیاریكراوەی ساڵی رابردودا چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بوە بەواتایەكی دیكە بەراوردی ژمارەكە دەریدەخات داهاتی حكومەت بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر لە 50% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

عەلی ساڵح ئابادی، بەڕێوبەری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ رۆژانە 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلار حەواڵەی فەرمی و ئاڵوگۆری یاسایی دۆلار لەناوخۆی ئێران بۆ وڵانی دیكە روو دەدات بۆیە لە ئێران كێشەیەك بە ناوی كەمیی دراوی دۆلار بوونی نییە.

ساڵح ئابادی جەختی كردوەتەوە خستنە بازاڕی دۆلار لە ئێران زۆر زیاترە لە ئاستی داواكاریی و خواست بۆ كڕینی بۆیە گومان هەیە لە یاریكردن بە بەهای ئەو دراوەوە و هاوكات بەهۆی ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە زیاتر لە 50 ساڵە روبەڕوی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بوەتەوە توانای كڕینی دراوی دۆلار لەناوخۆدا زۆر كەمە.

هەروەها بانكی ناوەندی ئاشكرای كردوە قەبارەی پارەی چاپكراوی لە ئەمساڵدا چوار ترلیۆن و 828 هەزار ملیار تمەن بووە كە بەراورد بەساڵی 2021 زیاتر لە 10هەزار كەمی كردوە ئەوەش وای كردووە چاپكردنی پارە بۆ 4% لەئێران كەم بكات بەوتەی بەڕێوبەری بانكی ناوەندی كەمكردنەوەی چاپكردنی دراوی تمەن ئاماژەی باشە بۆ چارەسەریی و رێگریی لە هەڵاوسان.

تەقینەوەی ئابوریی ئێران

61 شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بەنامەیەك هۆشدارییان داوەتە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە كە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ قۆناغی سێ ژمارەیی، واتە 100% تێدەپەڕێنێت.

ئەو پسپۆرە ئابورییانە لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە پشتبەستنی 90%ی وڵاتەكە بەفڕۆشتنی نەوت و بەدەستهێنانی دۆلار لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت  و ئەوەی حكومەت ناوی ناوە نەشتەرگەریی ئابوریی كە بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێدوایستییە سەرەكییەكانی لێكەوتووەتەوە، كۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو تەقینەوەی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی بردووە لە كاتێكدا دەتوانرێت بەپلانی گونجاو داهاتی نانەوتیی ئێران كە لەساڵێكدا 35 ملیار دۆلار بگاتە سالڵانە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار.

پسپۆرەكان ئاماژەیان بەوەكردووە لەئێستادا چارەنووسی هەموو خەڵكی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمیی و فرۆشتنی نەوت و پەیوەندیی ئابوریی تاران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە كە ناكرێت بە بێگوێدان بەوانە خەڵكی وڵاتەكە لەنوقمبون لەقەیرانە ئابورییەكان رزگا بكرێن لە هەمانكاتیشدا نابێت نەوت و داهاتەكەی هەموو ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە یەكلایی بكاتەوە.

بەوتەی شارەزایانی ئابوریی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئێستای ئێران سنوری 50%ی تێپەڕاندوە.

لەنوێترین راپۆرتی نێودەوڵەتییدا كە ئەمساڵ بڵاو كراوەتەوە پێگەی ئێران لە رووی شەفافبوونی ئابورییەكەی لەنێوان 180 وڵاتدا بووەتە 150 كە بە زمانێكی دیكە، ئەو وڵاتە یەكێك بووە لە 30 وڵاتە هەرە ناشەفافەكانی جیهان لە رووی ئابورییەوە.

هاوكات هەر بەپێی راپۆرتێكی دیكە پلەی ئێران لە رووی حوكمڕانی و دەسەڵاتەوە لە نێوان 200 وڵاتە 127ەمین وڵات بووە كە لەوەشدا دەردەكەوێت یەكێكە لە وڵاتە خراپەكانی جیهان لە رووی حوكمڕانییەوە.

لەنوێترین راپرسیی ناوخۆی ئێراندا دەركەوتووە ساڵی 1980 متمانەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەكۆماری ئیسلامی و حوكمڕانییەكەی 70% بووە بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ ئەو متمانەیە بۆ كەمتر لە 20% دابەزیووە و ئەوەش زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێك كە متمانەی خەڵكەكە بە رێژەی 50% لەدەست بدات.

گرانبوونی خۆراك و نان

حكومەتی ئێران لەسەرەتای مانگی پێنج بەفەرمی نرخی مریشك و هێڵكە و رۆن و شیرەمەنییەكانی لە وڵاتەكەی بەرز كردوەو رایگەیاند ئەو بەرزكردنەوەیە دوای چاكسازیی لەبودجەی وڵاتەكە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەویش بە نەهێشتنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنیی كە پێشتر رادەستی بازرگانەكان دەكرا بۆ هاوردەكردنی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدا بوو كە لەماوەی یەك ساڵدا زۆربەی پێدوایستییە خۆراكییەكان 25 بۆ 60٪ بەرزبووەوە و لەهەندێك حاڵەتیشدا نرخی ئارد لە نانەواخانەكان زیاتر لە 12 هێندە بەرز بووەوە.

حكومەت، هاوكات لەگەڵ بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان رایگەیاندووە 46 هەزار ملیار تمەنی وەك هاوكاریی ماددیی خستوەتەسەر ئەژماری 47 ملیۆن و  360 هەزار كەس لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە لە 84 ملیۆن كەس زیاترە.

هاوكارییەكەی حكومەت لەئێران كە بە یارانە ناودەبرێت دەكاتە یەك ملیار و 700 هەزار دۆلار كە دەبێت بەسەر زیاتر لە 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە دابەش بكرێت، بۆیە هەر كەسێك لەئێران تەنها 13 دۆلاری بەردەكەوێت.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زیاتر لە 60 ملیۆن دانیشتوانی ئێران بەهەژار ئەژمار دەكرێن و لەو ژمارەیە 13 ملیۆن كەسیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و برسیەتی هەڕەشە لەژیانیان دەكات.

ئێران بەچوارەم وڵاتی دەوڵەمەند بەنەوت و غاز ئەژمار دەكرێت بەڵام سزاكانی 40 ساڵی رابردوی ئەمریكا و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەكە وای كردووە خەڵكەكەی خێر لەو سەرچاوانە نەبینن و بەبەردەوامی چاوەڕوانی رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بن بۆ دەركەوتنی ئاسۆیەك بۆ باشبوونی ژیانیان.

ئەتۆم سەری تمەن دەخوات

بەرپرسانی حكومەت و میدیاكانی ئێران لە رۆژانی رابردوو هۆشدارییان دابوو كە ناكۆكییەكانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان و دراوی تمەن لە وڵاتەكە دەبێت.

ئێوارەی پێنجشەممە ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەكۆی 35 ئەندام بە 30 دەنگ بڕیارێكیان لەدژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەركردو لەبەرامبەردا ئێران كامێراكانی چاودێریی ئەو ئاژانسەی لەوێستگە ئەتۆمییەكانی لەكارخست و نەوەی نوێی كوڕەی ئەتۆمیی لەژمارەیەك ویستگە خستەكار.

ئەو هەنگاوەی ئێران، بەسەركێشیی لەبەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی وەسف كرا بەتایبەت كە ئەو وڵاتە بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی، نابێت پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5٪ زیاتر بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتە زیاتر لە 60٪ و جەختی لەوە كردەوە لەبەرامبەر هەر هەنگاوو سزایەكی دیكەدا كاردانەوەی دیكەی دەبێت.

ئێران كە لەبەرامبەر هەر سزایەكی ئەمریكا و بڕیارێكی نێودەوڵەتیدا پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەكاتەوە و ئەوەش وادەكات بەهای دراوی وڵاتەكەی دابەزێت و دۆلاریش بەرز ببێتەوە بۆیە رێككەوتنی ئەتۆمیی چارەنووسی دراوی تمەن و پێگەی نێودەوڵەتی تاران دیاری دەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار