داوای خۆبەدەستەوەدان لە سوپاكەی ئەردۆغان دەكرێت

قەرەیلان لەرێگەی ئامێری بێتەل پەیامێكی گرنگی بڵاوكردەوە كە وردەكاری شەڕ و ترسی سەربازانی تورك ئاشكرا دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەكردنەوەی شۆڕشگێڕییدا لە گردی جودیی مەتینا، 62 سەربازی تورك كوژراون و گورزی كەمەرشكێنیان لێدراوە، قەرەیلان لەرێگەی ئامێری بێتەل پەیامێكی گرنگی بڵاوكردەوە كە وردەكاری شەڕ و ترسی سەربازانی تورك ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی راگەیاندن وچاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل –(هەپەگە) ڕایگەیاند، كە 62 داگیركەر لە چالاكیی گەریلاكاندا لە مەتینا و زاپ سزادراون هیچ زیانێكی گیانی لە ڕیزەكانی گەریلادا نەبووە.

هەپەگە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت:" تیمە گەڕۆكەكانمان لە مەیدانی شەڕ و هەڤاڵانمان لە تونێلەكانی شەڕدا بە چالاكی كاریگەر و بەرخۆدانی مێژوویی خۆیان داستان دەنوسن".

هەروەها ئەوەخراوەتەروو كە سوپای توركی داگیركەر ویستیان لە مەیدانی بەرخۆدانی گردی جودی پێشڕەوی بكەن، بەڵام" هێزەكانمان هێرشی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕانەیان دەستپێكرد بۆ تۆڵەسەندنەوەی منداڵانی گەلی كورد لە شەنگال كە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە كۆمەڵكوژكران بە تاكتیكی بەهێز ئەو ئۆپەراسیۆنە تۆڵەسەندنەوەیان دەستپێكردووە و لەو ئۆپەراسیۆنەدا هیچ زیانێك بەر هەڤاڵانمان نەكەوتووە و بەڵام 62 داگیركەریان كوژراون و گەریلاكانمان وانەیەكی مێژووییان بە سوپای توركی داگیركەر داوە".

" لە 15ی حوزەیراندا، داگیركەران ویستیان بچنە تونێلەكانی شەڕی گردی جودی، بەڵام تیمە گەڕۆكەكانی گەریلا ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕییان دەستپێكردووە و كاتژمێر ١٨:٣٠ خولەك تیمە گەڕۆكەكانمان داوایان لە داگیركەران كرد كە “خۆیان بەدەستەوە بدەن” داگیركەران پاش بانگەوازییەكە هەڵاتن و هێزەكانمان لە دوو قۆڵەوە بە چالاكی گەریلاكانەوە هێرشیان كردە سەر داگیركەران و چوونە سەر تەرمی 12 داگیركەر".

هاوكات هەر ئەمڕۆ موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە)، لەرێگەی ئامێری بێتەلەوە كەدەنگەكەی لە میدیاكانی فورات نیوز و رۆژنیوز نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بڵاوكراوەتەوە دەڵێت:"دوژمن لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شكستی گەورەی هێناوە، بۆیە ڕوویان لە ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، دەیانەوێت بە شەڕكردن دژی كورد و پەكەكە، ڕۆژەڤێكی سیاسی لەناو تەپوتۆزی جەنگدا دروستبكەن و لەو ڕێگەیەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن، بەڵام ناتوانن و شكستدەهێنن".

موراد قەرەیلان لەڕێگەی بێتەلەوە قسەی بۆ گەریلاكان كرد لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا كردو وتی:"هاوڕێیانی بەڕێز، لە ١٧ی نیسان دوژمن لە زاپ هێرشی بۆ سەر بزووتنەوەكەمان دەستیپێكرد و ئەمڕۆ بەرخۆدانی مێژوویی هەڤاڵان لە بەرامبەریدا چووەتە قۆناغێكی نوێوە، دوژمن بە هەموو توانایەوە ٣٩ ڕۆژ هەوڵیدا ئەنجامێك بەدەست بهێنێت، واتە زاپ داگیر بكات و زاپ بخات، بەڵام بەرخۆدانی بوێرانە و ئازایانەی هەڤاڵان بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ مزگین و ڕۆهاتەكان ڕێگەیان پێنەدان و شكستیان هێنا".
هەروەها دەشڵێت:" لە بنچینەدا پلانەكەیان ئەوە بوو، سەرەتا تەواوی هەرێمەكانی پاراستنی میدیا داگیربكەن و پاشان بەرەو شەنگال بەڕێ بكەون، ڕوو لە ڕۆژئاوای كوردستانیش بكەن، بەڵام لەسەر بنەمای بەرخۆدانی هەڤاڵان لە زاپ و لە ئاڤاشین گەشتنە بنبەست و شكستیانهێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڤاڵان لە چیاڕەش و كۆڕەژارۆ هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا و گورزی كوشندەیان لێدان".

قەرەیلان باس لە پلانێكی دیكەی ڕژێمەكانی ئاكەپە و مەهەپە دەكات و دەڵێت:" ئەوان دەیانەوێت بە شەڕكردن دژی كورد و پەكەكە ڕۆژەڤێكی سیاسی بۆ خۆیان لە ناو تەپوتۆز و دوكەڵی جەنگدا دروست بكەن و بەم شێوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن و بەوە ڕێگە لە لەناوچوون و ڕووخانی خۆیان بگرن، بەڵام ناتوانن".

قەرەیلان ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە دوژمن بۆیان دەركەوت كە لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیادا هیچ ئەنجامێك بەدەستناهێنن، بەو هۆیەشەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد، بەڵام لەڕۆژئاوای كوردستان هەمان وەڵامیان دەست دەكەوێت، "وەڵامێكی وەك وەڵامی زاپ، ئێستا خۆیان بۆ جموجوڵ لە رۆژئاوای كوردستان ئامادە دەكەن، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین، كە جارێكیتر هەرگیز عەفرینی دووەم، یان سەرێكانی و گرێ سپیی دووەم دووبارە نابێتەوە".

موراد قەرەیلان باس لە ڕووداوێكی سەیر دەكات لە تونێلەكانی شەڕدا و ئەوە ئاشكرا دەكات " كاتێك دوژمن ویستوویەتی سەگەكانی ڕەوانەی تونێلەكانی گەریلا بكات، سەگەكان نەهاتوون، ئەمە بەو واتایە دێت كە ئیدی سەگەكانیش تێگەیشتوون كە دەوڵەتی تورك ئەوان ڕەوانەی مردن دەكات، پاشان دەیەوێت سەربازەكانی ڕەوانە بكات، سەربازەكانیش دەنگە دەنگیان تێدەكەوێت و نایانەوێت وەرن، پاشان چوار كەس ئامادە دەكەن و مل دەنێن و دەربازی تونێلەكان دەبن، لەو چوارەش دووانیان لەدەرەوەی تونێلەكان ڕادەوەستن، دووان لەوانەش لەتاشە بەردەكان دەكەونە خوارەوە و دەمرن".

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە " هەڤاڵانی هێژا دەبێت مرۆڤ بانگەوازی لەو سەربازانە بكات، ئەوان بۆ ڕژێم و دەوڵەتێكی فاشیست شەڕ دەكەن، هاتوون خاكی كوردستان داگیربكەن و بۆ پارە شەڕ دەكەن، بەڵام ئێمە لەپێناو ئازادیی گەلەكەماندا، بۆ ئازادیی گەلان، بۆ بەرقەراركردنی دیموكراسی، بۆ نرخە پیرۆزەكانی مرۆڤایەتی شەڕ دەكەین، شەڕەكەمان شەڕێكی پیرۆزە، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بانگەوازی لەوانە بكەین، لەهەر دەرفەتێكدا دەبێت هەڤاڵان بانگەوازیان لێ بكەن و پێیان بڵێن، وەرن ڕادەست ببن خۆتان ڕادەستی گەریلا بكەن".

" هەڤاڵانی بەنرخ، ئەمە شەڕێكی مێژووییە، دەمانەوێت لەم شەڕەدا وەڵامی ‌ هاوڕێیانی شەهید بدەینەوە، بۆ چاوەڕوانییەكانی ڕێبەر ئاپۆ ببینە وەڵام، ڕێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستێكی گەورە24 ساڵە خۆڕاگری دەكات و چاوی لە ئێمەیە، ئێمە دەبینە وەڵام، هەروەها بۆ هیواكانی گەلەكەمان و گەلانی ناوچەكە و هیواكانی دایكانی كوردستان، ئەركی ئێمە ئەمەیە، لەبەر ئەو ئەركە دەبێت ئێمە خۆڕاگریی بنوێنین، شەڕ بكەین، بەڵام خۆمان و هەڤاڵانمان بپارێزین، نەك خۆمان بكەینە ئامانج، ئێمە دەمانەوێت لەم شەڕەدا سەربكەوین، لەبەر ئەوەش دەبێت لە قاڵبوونەوە لە تاكتیك، وردبوونەوە، بەرەوپێشچوون ئاگاداربین، قەرەیلان وا دەڵێت.

لەكۆتایشدا قەرەیلان ئەوەی روونكردەوە كە ئەو تاكتیكانەی ئێستا لە ئاڤاشین، زاپ، مەتینا دەگیرێنەبەر بۆ هەموو كەس بەرهەمە، یاخود هەموو كەس دەتوانێت سودی لێوەربگرێت، گەریلا رۆڵێكی جیهانی و گەردوونی دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، بۆ خەڵكانی بندەست ڕۆڵی گرنگی دەبێت، هەر بۆیە دەبێت بە وەستایانەوە بەرەوپێشی ببەن، ئێمە بە پشوودرێژییەوە و ژیرانە، بە قوڵبوونەوە مامەڵە دەكەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار