دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەرانبەر كورد زادەی یەک عەقڵیەت‌و سیستمی ســیاسین

2 ساڵ لەمەوپێش



 

 

هاوڵاتی

 

سیستمی سیاسیی تورکیا لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا بەگۆڕینی هیچ حکومەتێک و هاتنەسەرکاری هیچ حزبێک گۆڕانکاری تیادا ئەنجام نەدراوە، بەڵکو هەریەک لە حکومەتەکان و ئەو حزبانەی چوونەتە دەسەڵات بەپێی قۆناغەکەی خۆیان کاریان بۆ پتەوترکردن و ریشەدارترکردنی ئەو سیستمە کردووە.

سەرەتای سیستمی سیاسی و تەنزیمات

کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣و لە دوای رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە بەهاوکاریی پاشماوەکانی گروپی ئیتحادو تەرەقی و تورکە لاوەکان دامەزرا. بەهۆی ئەوەی عوسمانییەکان لە باشووری رۆژهەڵات و باڵکان بەشێک لە خاکی ئەوروپایان داگیرکردبوو سنوور و کاروباریان و پەیوەندییان لەگەڵ ئەوروپیەکان زۆر بوو. پێشکەوتنەکانی ئەوروپا وایکرد، گروپێک لە تورکەکان بە چاوکردن لە ئەوروپا و لەناوەڕاستی سەدەی ١٩ دا کار بۆ پێشخستنی عوسمانی بکەن. لەو چوارچێوەیەدا بە فەرمانی سوڵتان مەحمودی دووەم لە ٣ی تشرینی دووەمی ١٨٣٩دا دەزگایەک بە ناوی تەنزیمات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتە ئەوروپیەکان دامەزرا، کە خۆی لە شکڵی تەنزیماتێکی خێرخوازیدا وێنا دەکرد. لەو کاتەوە دەستکرا بەدامەزراندنی ژمارەیەک گروپ و رێکخراوو سەردەمی تەنزیمات دەستپێکرد.

بەکارهێنانی لایەنی سەرکوتکاریی مۆدێرنیتە بۆ مانەوەی دەسەڵات

عوسمانییەکان وەک زۆربەی هەرە زۆری دەسەڵاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێشکەوتنەکان و مۆدێرنیتەی ئەوروپا بە پلەی یەکەم و بەشێوەی سەرەکی لایەنی پڕچەککردنی سوپا، دروستکردنی هێزی ئاسایشی ناخۆ بۆ سەرکوتی خەڵک، دروستکردنی زیندان و نووسینی یاساکانی سزادان وەرگرت و ئەوانەش بەشێوەیەک رێکخرابوون، کە هەموویان بچنە خزمەتی پاراستنی دەسەڵاتەوە. لە دوای گرنگیدان بەهۆیەکانی سەرکوتکردن و وەرگرتنیان بەشێوەی مۆدێڕن، ماوەیەکی زۆر دواتر دەسەڵاتی عوسمانی بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراوو سنووردار دەستیکرد بە کردنەوەی خوێندنگە و زانکۆ، نەخۆشخانە و دەرمانخانە... زۆر دواتریش بەشێوەیەکی زۆر کەم و لە ژێر چاودێری چڕی دەوڵەت و خەلافەتدا رێگا بە هەندێک کارو کەمێک ئازادیی سیاسی و کاروباری رێکخراوەیی درا. زۆر بەدرەنگیشەوە رۆژنامەگەری و ئازادیی حزب و گەلەک دواتر لەوانەش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و شارەوانی خرانە بەرنامەی کاری دەوڵەتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە عوسمانی و تورکیای نوێ و دەوڵەتی ئێران و عەرەبییەکانیشەوە.

دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەمۆدێرنیتە گرنگییەکی باشیان بەوەرگرتنی لایەنی توندڕەوی، سەرکوتکاری، ناسیۆنالیزم، نکۆڵیکردن و سڕینەوە، عروبە، پان تورکیزم، پان ئیرانیزم و پان فارسیزم، پارن عەرەبیزم و دروستکردنی سوپای پڕچەککراو بەگازی کیمیایی و فڕۆکەو مین و گروپی تیرۆریستی و... دا. ئێستاشی لەسەر بێت هیچ یەک لەدەوڵەتەکانی ناوچەکە دیموکراسی نین و هەمویان بۆ مانەوەی خۆیان پشتیان بە سەرکوتکاری، سڕینەوە، نکۆڵیکردن، لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژکردن و کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردن و پەرلەمان و جموجوڵی حزبەکان و میدیا بەستوە... دەوڵەت و مۆدێرنیزم لەتورکیا وەک هیتلەر، مۆسۆلینی، ستالین، سەدام، شای ئێران و... هتد لایەنە تێکدەرانەکەی مۆدێرنیتەی بۆ خۆی بەکارهێناوە و دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لەو نموونانە بەردەوامی بەو سیستمە بدات، کە تەنها یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت و یەک وڵاتی قبوڵە. ئەوەش بەمانای سڕینەوەی ئەوانی ترو قبوڵنەکردنی ئەوانی ترە، ئەوەش کۆڵەکەی سەرەکیی فاشیزم و شۆڤێنیزمە.

مەشروتە و حەربییە

 عوسمانییەکان بۆ ئەوەی لەئەوروپیەکان دوانەکەون لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٨٧٦دا دەستیان بە پرۆسەیەک بەناوی مەشروتە لەتورکیادا کرد. ئامانج لە مەشروتە دیاریکردنی سنوورەکانی دەسەڵات و کارکردن بوو بۆ بە دامەزراوەیکردن و بە یاسایکردنی کاروبارەکان، بەڵام مەشروتە تەمەنی کەم بوو و دوای نزیکەی چوار ساڵ کۆتایی پێهێنرا. لە دوای نزیکەی چوار ساڵ خەلافەت و دەوڵەتی عوسمانی لەسەر شێوازی ئەوروپی پەیمانگاو خوێندگای جۆراجۆریان بە ناوەکانی حەربییە، مولکییە کردەوە، کە لەلایەن راهێنەرانی فەرەنسی و ئەوروپییەوە بەڕێوەدەبران.

ئیتحاد و تەرەقی و تەشکیلاتی مەخسوسە

لەبەردەوامیی ئەو رەوتەدا لە ٦ی شوباتی ١٨٨٩دا گروپی ئیتحادو تەرەقی دروستبوون. ئەو گروپە دوو کۆڵەکەی بۆ خۆی کردبووە بنەما، یەکەم تورکایەتی و پانتورکیزم. دووەم، ئایینی ئیسلام وەک کۆڵەکەیەک لە بەرامبەر مەسیحیەت و ئاینەکانی تردا. ئەو گروپە لە ٢٢ی ئەیلولی ١٩٠٩دا خۆیان وەک حزب راگەیاند. لە چوارچێوەی ئەوانەدا تورکە لاوەکان دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی سیاسەت و دامودەزگاکان و سوپا و حکومەتدا گرت. لەساڵی ١٩١١دا دەزگایەکی هەواڵگرییان بە ناوی تەشکیلاتی مەخسوسە دامەزراند. تەشیکلاتی مەخسوسە لە کۆماری تورکیادا بوو بە دەزگای زانیاری و ئاسایشی نەتەوەیی و دواتر بەهاوکاریی سی ئای ئەی ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلی هەندێک گۆڕانکاری و دابەشکاری لەو دەزگایەدا کراو لەو چوارچێوەیەدا دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی (مەگەکە)، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم) دامەزران.

پرۆسەی دروستکردنی تورکی خالس لەکوردستان و ئەنادۆڵ

 سێ پاشاکە، واتە جەمال پاشاو ئەنوەر پاشاو تەلعەت پاشا رۆڵێکی گەورەیان گێڕا بۆ هێنانەدیی بیرۆکەی مۆدێرنی خۆیان بۆ سڕینەوەی نەتەوەیی و دروستکردنی ناوچەیەکی تورکی خالس و رەسەن، کە پشتی بە ئایینی ئیسلام بەستبێت، چونکە هیچ نەتەوەیەک بەبێ ئایین و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانیت بناغەکانی خۆی پێناسە و گەشە پێبدات. بۆ ئەوەش بە فتوای شێخولئیسلامی بارەگای بابی عالیی سوڵتانی عوسمانی عەبدولحەمیدی دووەم  دەستیانکرد بە پاککردنەوەی ناوچەی ئەنادۆڵ لەهەموو نەتەوە و ئایینەکانی ترو لەو چوارچێوەیەشدا گەورەترین کۆمەڵکوژی و راگواستنیان بەرامبەر بە ئەرمەن و کورد ئەنجامدا. لەو پرۆسەی جینۆسایدکردنەدا ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنی و ٨٠٠ هەزار کورد کۆمەڵکوژو پاکتاوکران. ملیۆنێک مەسیحیی تریش راگوێزران بۆ یۆنان. لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییانە حزبی ئیتحادو تەرەقی خۆی لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨دا هەڵوەشاندەوە، بەڵام تێزەکان و عەقڵییەت و شێوازی کارکردنیان بووە توخمێکی سەرەکی و گرنگ و نەگۆڕی سیستمی سیاسیی بۆ تورکیا، کە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ کاریان پێدەکرێت...

ئەتاتورک و تەواوکردنی پرۆسەی ئیتحادو تەرەقی

 مستەفا کەمال وەک کەسێکی ئەندامی گروپی تورکە لاوەکان و ئیتحادو تەرەقی چییەک بە هاوکاریی پاشماوەی ئیتحادو تەرەقی کۆماری تورکیای دامەزراندو کاریکرد بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سڕینەوەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لەناو خاکی تورکیادا، سەرەکیترین ئامانجیشیان سڕینەوەی کورد بوو. ماوەی سەد ساڵە هەموو حکومەتەکانی تورکیا و هەموو ئەو حزبانەی لە تورکیا چوونەتە سەر دەسەڵات کار بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سڕینەوەی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان و بە تایبەتی کورد دەکەن و ئەوەشیان بە هەموو هێزیانەوە ئەنجامداوەو ئەوەی پێیانکراوە درێغیان لێ نەکردووە، کە زیاتر لە ٢٥ سەرکوتکاری و کۆمەڵکوژی و پرۆسەی پاکتاوکردن و سڕینەوەیان لە دژی کورد ئەنجامداوە.

رۆڵی کورد لەدامەزراندنی کۆماری تورکیادا

پێش ئەوەی کۆماری تورکیا دابمەزرێت، مستەفا ئەتاتورک لە کۆنفرانسەکانی ئەرزنجان و ئەرزرۆم و سیواس لە باکووری کوردستان بەڵێنی بە کوردەکان و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان دا، کە تورکیا دەبێتە تورکیای کوردو تورک و پێکەوە یەکسان دەبن. تەنانەت لە کاتی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا لە ٢٣ی شوباتی ١٩٢٠ دا کوردەکان ٧٠ نوێنەریان بەشداریی پەرلەمان پێکردو بە جلوبەرگ و زمانی کوردییەوە لە پەرلەمان بوون و پێشوازییان لێکرا.

ئەوانە وایکرد، کورد بەشداریش لە شەڕی دەرکردنی یۆنانییەکان لە پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیادا بکەن، کە دەوڵەتی تورکیا شەڕەکانی ئەو ساڵانە بە شەڕی رزگاریی نەتەوەیی پێناسە دەکات. کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا و یۆنانییەکان پاشەکشەیان پێکرا و مەترسیی دەرەکی لەسەر تورکیا کەمبووەوە، ئەتاتورک دەستیکردەوە بە تەواوکردن و درێژەدان بەپرۆسە و سیاسەتی سڕینەوەی نەتەوە و پێکهاتەکان لەناوخۆی تورکیا بە تایبەتی کورد، چونکە لە دیدی دەوڵەتی تورکەوە کورد گەورەترین نەتەوەی ناو تورکیایە، کە نزیکەی خاک و رووبەری تورکیای بە دەستەوەیە و ئەوەش رێگرە لەبەردەم دروستکردنی پرۆسەی تورکی خالس و ڕسەن دا، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک و هەنگاو بەهەنگاو کورد بسڕدرێتەوە، بۆیە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمی سیاسیی تورکیا لەسەر سڕینەوەی کورد دامەزراوە.

سیاسەتی سڕینەوەی کورد

ئەتاتورک بۆ سەرخستنی پرۆسەی سڕینەوەی کورد لە تورکیا بە گرتنەبەری سیاسەتی ئیتحاد و تەرەقی بە چڕی کاریکرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دروستکردنی تورکی خالس و رەسەن، بۆیە زۆر بە خێرایی پرۆسە پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژییەکانی بەرامبەر بە شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی، شۆڕشی ئاگری، راپەڕینی کۆچگری و دێرسیم ئەنجامدا.

هاوکات بۆ ئەوەی کورد لەڕەگوڕیشەی خۆی داببڕن و لە ناو سیستمی سیاسیی تورکیدا بیتوێننەوە زمان و کولتورو جلوبەرگ و هونەر و ئاهەنگ و بۆنەی کوردییان بەتوندترین شێوە قەدەغە کرد. ناوی شارو شاخ و گوند و کانیاوو رێگاوبانەکانی کوردستانیان گۆڕی. هاوکات لەگەڵ پرۆژەی جینۆسایدی سوور پرۆسەی جینۆسایدی کولتوریشیان لە دژی کورد بەڕێوەبرد.

یەکێک لە پرۆژەکان بۆ تواندنەوەی کورد پرۆژی ئیسلاحاتی شەرق بوو، کە بەپێی ئەو پرۆژەیە ژمارەیەک پرۆژە لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێکران و بەناوی ئەو پرۆژانەوە زەوی و زار لە کوردەکان سەندرانەوە و تورکیان هێنرایە شوێن و کوردیش بۆ شارە تورکییەکانی رۆژئاوای تورکیا راگوێزران و بەوەش بەشی رۆژئاوای فورات لە زۆرینە کوردەوە کرا بە زۆرینەی تورک و رێژەی کورد لەو ناوچانە، کە پارێزگاکانی سیواس، گازی عەنتاب، مەرەش، سەمسور، سامسۆن، خارپێت و مەلاتییە دەگرێتەوە کەمکرایەوە بۆ کەمتر لەسەدا ١٥.

لەگەڵ ئەوانەدا لەسەرتاسەری کوردستان باری نائاسایی سەربازی راگەیەندرا و کوردستان لە دونیای دەرەوەو جیهان دابڕێندرا و بەکردەوە گەشت و سەردان و هاتوچۆکردن بۆ کوردستان لە دۆخی قەدەغەکاریدا بوو. ئەو شێوازە لە سیاسەتی تورکی تاوەکو ساڵانی ١٩٦٠ بەردەوامیی هەبوو و پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) بەڕێوەبەرو جێبەجێکاری ئەو پرۆژانە بوو.

سیستمی سیاسیی تورکیا؛ بازنەی کرانەوە و پاکتاوکردن

سیستمی سیاسیی تورکیا توانای گەشەی دیموکراسی و کرانەوە و ریفۆرمی نییە، چونکە بناغەکانی بۆ دروستکردنی تورکی رەسەن هەڵدەوەشێتەوە، کاتێک عەدنان مەندرێس و تورگوت ئۆزال خواستیان هەندێک گۆڕانکاری لەو سیستمەدا ئەنجام بدەن لەلایەن سیستمی سیاسیی تورکیاوە لەسێدارە دران و کوژران.

سیاسەتی سڕینەوەی کورد بەڕادەیەک بە دامەزراوەیی کراوە، کە هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لەو سیستمە سیاسییەدا ناتوانێت راشکاوانە باسی کێشەی کوردو چارەسەرکردنی بکات. سەرباری شەڕی چەکداریی قورسی پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵ و ئەنجامدانی چەند کودەتا و دروستبوونی دەیان قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و سەربازیی، بەڵام هیچ یەک لە حزب و لایەنەکانی ناو سیستمی سیاسیی تورکیا ناتوانن بەڕاشکاوی باسی کێشەکە بکەن، باسی کێشەی باشووری رۆژهەڵات، کێشەی ئابووری، دواکەوتووی، هەژاری، کێشەی ئاسایش و ناڕەزایەتی دەکەن، بەڵام باسی کرۆکی سەرەکیی هەموو ئەو کێشانە، کە کێشەی کوردە ناکەن. باس لە ئاوەدانی و رێگاوبان و کارەبا دەکەن، بەڵام باس لەو کێشەیە ناکەن، کە هەموو ئەوانەی لە پێناو سڕینەوەیدا بۆ ئەنجام دەدەن.

لەم سەردەمەدا بەهۆی ئەوەی شاردنەوەی کێشەکە زۆر قورس بووە، چونکە کورد لە بواری مەدەنی، سیاسی، سەربازی، رێکخستن و راگەیاندندا لە پەرلەمانەوە بۆ شارەوانییەکان و شەڕی گەریلایی و خۆپیشاندان و بۆنەکانی نەورۆز توانیویەتی بوونی کێشەکە نیشان بدات و ئیدی کەس نەتوانێت وەک پێشتر نکوڵیی لێبکات، بەڵام سەرباری ئەوانەش ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەوانەی لە سیستمی سیاسیی تورکیادان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەڵێن، ناکرێت بە ئاشکرا باسی کێشەکە بکرێت، چونکە کۆمەڵگەی تورکی و لایەنگرانمان  و دەنگدەرانمان و سوپاو پۆلیس لێمان قبوڵ ناکەن. دەیانەوێت بڵێن، کودەتامان لێدەکەن و دەمانکوژن، ئەوەش یانی نابێت باسی کێشەکە بکرێت و بەوەش بەشێوەی جددیش کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ناکرێت. ئەوەش کۆدی چارەسەنەکردنی کێشەی کوردە لەو سیستمە سیاسییەی تورکیادا.

ئەو سیستمە سیاسییە لە تورکیا بەرگەی هیچ کرانەوەیەک ناگرێت، بۆیە لەدوای هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری و کرانەوە دەوڵەت و هێزە سیاسییەکانی تورکیا توندتر لە پێش سیاسەتی سەرکوتکاری و تواندنەوە و کۆمەڵکوژییان لەدژی گەلی کورد ئەنجامداوە. مێژووی ئەو سیستمە سیاسییەی تورکیا پڕە لەو رووداو و کارەساتانە لە دژی گەلی کورد.

رۆڵی ئیسلامی تورکی لەپاراستنی دەوڵەت و سوپاو خەونی پانتورکیزمدا

لەمێژووی تورکیا هەموو لایەنەکان کاریان بۆ سەرخستنی پرۆسەی تورکایەتی و ئیسلامی تورکی کردووە. لە هەندێک قۆناغدا لایەنێک پێداگریی لە یەکێکیان کردوەو لە هەندێک قۆناغدا هەردوکیان پێکەوە و لە هەندێک قۆناغیشدا لایەنی ئیسلامی تورکی بەشێوەی زەقتر لەدژی گەلی کورد بەکارهێنراوە. گەرچی بانگ و نووێژ لە تورکیا کران بە تورکی و رێگری لە لەچک کرا، بەڵام دەزگای دیانەتی تورکی و خوێندنگەکانی ئیمامی خەتیب هەموو کات جمەیان هاتووە لە کەسانێک، کە کاریان بۆ ئیسلامی تورکی کردووە، ئیسلامی تورکی ئەو ئیسلامییەیە لەخزمەتی ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکدایە.

لەسەردەمی ئاکەپە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان ئیسلامی تورکی لە هەموو کاتێک زیاتر لە دژی کورد بەکارهێنرا، کە نموونە زۆر دیارەکەی ئەوە بوو لەکاتی هێرشی داگیرکەریی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، مەلاکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٧٠ هەزار مزگەوتەوە سورەتی فەتحیان بۆ سەرکەوتنی سوپا عیلمانیەکەیان بەسەر هاووڵاتیانی کوردی چەوساوەی زۆرینە مسوڵماندا خوێندەوە. بەشێک لەمەلاکان چوونە سەر سنوور و جلوبەرگی سەربازییان لەبەرکردو بۆ سوپای دەوڵەتە ئەتاتورکییەکەیان پاڕانەوە. هەروەها ناوی مزگەوتی کوردان-یان لە کیلیس گۆڕی بۆ مزگەوتی تورکان. ئەو مزگەوتە ماوەی ٣٠٠ ساڵ ناوی مزگەوتی کوردان بوو، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپەی ئیسلامی ئەوەی پێ قبوڵ نەکراو کردی بەمزگەوتی تورکان...

بۆیە کاتێک ئەردۆغان دەچێتە وان و دەڵێت، «من ئێوەم لەبەر خودا خۆشدەوێت» نەک کەس بڕوا بەو قسەیە ناکات، بەڵکو ئەو وێنایە لەمێشکی زۆر کەسدا دروست دەبێت، کە خواکەی ئەردۆغان خوایەکی تورکییە و بۆ خزمەتکردن بە سیاسەت و دەوڵەت و سوپا لە تورکیا بەکاردەهێنرێت و جیاوازە لە خوای زۆربەی مسوڵمانان و ئایینەکانی تر. ئەردۆغان لەهەموو حزب و دەسەڵاتەکانی پێش خۆی زیاتر بنەماکانی ئیتحادو تەرەقی جێبەجێکردووە و کاریان پێدەکات. لە یەک کاتدا کار بەهەردوو توخمی تورکایەتی و ئیسلام دەکات.

ئیسلامی تورکی قۆناغی تریشی بڕی بۆ ماوەیەک خۆی وەک ئیسلامی میانڕەوو  بەدیلی تیرۆریستانی کارەساتەکەی ١١ی سێپتەمبەرو ئەلقاعیدە نیشان دەدا، بەڵام ئەو شانۆگەرییە ماوەیەکی کەمی خایاند و ئاکەپە و دەوڵەتی تورک و سوپا و میت بوونە پێشەنگ و چاوساغ و راهێنەرو یارمەتیدەری گروپە جیهادییە توندەڕەوەکانی وەک بەرەی نوسرەو نورەدین زەنگی و داعش و هتد... ئاڕاستەی ئەو گروپانەیان گۆڕی بۆ شەڕ لە دژی گەلی کورد، کاتێک ئەو گروپانە کەوتنە بۆسەی ئیسلامی تورکییەوە گەورەترین گورزیان لەسەر دەستی کورد لەکۆبانێ و رەققە و دێرزور بەرکەوت و تائێستاش پشتیان راست نەکردووەتەوە.

دەزگای دیانەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ بەسەربازکردنی منداڵانی کۆمەڵگەی تورکیا نەک هەر لە ناوخۆی تورکیا، بەڵکو لە ئەڵمانیا و نەمسا و بەشێک لەمزگەوتە تورکییەکاندا لە خولی ئاینییدا جلوبەرگی سەربازی لەبەر منداڵانی تورک دەکەن و دەیانکەن بەسەربازو ئامادەیان دەکەن شەڕ بۆ دەوڵەتی تورک بکەن. بڵاوبوونەوەی هەندێک ڤیدیۆو وێنەکانی ئەو شانۆگەرییانەی ئیسلامی تورکی لەو وڵاتانەدا بووە هۆی ئابڕوچوونێکی گەورە بۆ دەزگای دیانەتی تورکیا. 

ئۆپۆزسیۆن تەواوکاری پرۆسەکانی سیستمی سیاسیی تورکیایە

سیستمی سیاسیی تورکیا هەموو توخمەکانی خاک، ئایین، نەتەوە، توندڕەوی، زەبروزەنگ و توندوتیژی، تێزەکانی تیپۆلۆژی بۆ دیاریکردنی شکڵ و شێوەی مرۆڤی تورک، پێوانەکردنی کەلەسەری مرۆڤ و پشکنینی خوێن بۆ دیاریکردنی خوێنی تورکی و ناتورکی و هەموو بنەما راسیزمی و شۆڤێنی و نەژادپەرستییەکانی بۆ خۆی بەکارهێناوەو بە دامەزراوەیشی کردوون.

لەدوای ئەوەی لە ١٩٦٠ی سەدەی رابردوودا تورکیا لە تاک حزبییەوە، واتە لە دەسەڵاتی حزبی کۆماریی گەل (جەهەپە) رۆیشتە قۆناغی فرە حزبی و ژمارەیەک حزبی تر دروستبوون و بەشێکیان خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن پێناسەکرد، ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی پایەکانی کۆمارو دەوڵەتی تورکیا بووە نەک لەسەر گۆڕینی ئەو سیستمە، کە کار بۆ تورکسازیی خالس دەکات. جگە لەژمارەیەک حزبی شۆڕشگێڕو ئازادیخوازو هەندێک رێکخراوو چەند کەسایەتییەک، هیچ یەک لەحزبە سەرەکی و دیارەکانی تورکیا هەوڵی گۆڕینی ریشەییانەی دەستوور و سیستمی سزادان و جیاکردنەوەی سوپا و پۆلیس لەدەوڵەت و کاروباری حوکمڕانی و هێنانەبەر باسی کێشەی کوردو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەبووەتە بەشێک لەپلان و بەرنامەو ستراتیژیان، بەڵکو هەموویان لەچوارچێوەی نکۆڵیکردن لە کوردو مافەکانی، بەشێوەی تاکتیکی و بەشێوەی مامەڵەکردن و هەوڵ بۆ دواخستنی کێشەکەو شاردنەوەی کێشەکە لەکێشەی کورد نزیک بوونەتەوە.

ئۆپۆزسیۆنی تورکیاو کورد

ئێستا لەتورکیا شەش حزبی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە لە کۆبوونەوە و هاوپەیمانیدان لە دژی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ئەو ئۆپۆزسیۆنە هەروەک دەسەڵات ئامادە نییە لەگەڵ کورد مامەڵە بکات و بەبێ کوردو هەدەپە کۆدەبنەوە و باس لە دیموکراسی و گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی و نەهشتنی گەندەڵی و ئاشتی دەکەن!. ئەو حزبانە دەزانن تورکیا لە بنبەست نزیک بووەتەوە. دەزانن ئاکەپە نزیکەی نیوەی دەنگەکانی لە دەستداوەو ناتوانێت بە تەنها و تەنانەت لەگەڵ مەهەپەشدا حکومەت پێکبهێنێتەوە. ئاکەپە بۆ خۆی دەزانێت هاوپەیمانی نەماوە!، بە سیاسەتەکانی گولەنییەکانی لەدەستدا، کوردی لەدەستدا، گەرچی مەهەپە و فاشیستەکانی لەگەڵدایە، بەڵام ناتوانن رزگاری بکەن. ئاکەپە و مەهەپە لە چوارچێوەی سیاسەتی چڵە پوشەکەدا بۆ گەیاندنی مەهەپە بە پەرلەمان رێژە بەربەستی پەرلەمانیی لەسەدا ١٠ بۆ سەدا ٧ کەم کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە ئەوەش دادی ئەردۆغان و ئاکەپە نادادت.

جەهەپە

جەهەپە بەسەرۆکایەتیی کەمال قلیچدار ئۆغڵو بە درێژایی مێژووی نەک کارێکی جدیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەکردووە، بەڵکو بەشێک بووە لە سیستمی سیاسی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد. بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئەمساڵانەی دواییەوە، جەهەپە لە هەندێک خاڵدا لەکورد و هەدەپە نزیک بووەوەو بەو هۆیەوە پێکەوە توانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانیی پێشوودا هەموو گەورە شارەکانی تورکیا لە دەست ئاکەپە و مەهەپە دەربهێن. ئەوە گورزێک بوو بۆ بەرەو لێواربردنی ئاکەپە. جەهەپە تەنها ئەمسال لە دژی درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور دەنگی داوە. گەرچی ئەوە کارێکی خراپ نییە، بەڵام لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەی کورددا نییە.

ئیی پارتی و دایکی تورک

 ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەراڵ ئاکشەنەر لەدژی هاوپەیمانیی مەهەپە لەگەڵ ئاکەپەدا لە مەهەپە  جیابووەوە. ئیی پارتی هەروەک مەمەپە حزبێکی نەژادپەرەست و توندڕەوە. مەراڵ ئاکشنەر لە ناو تورکە شۆڤێنی و فاشیستەکاندا نازناوی ئاسێنای پێدراوە. بەپێی ئەفسانەی گروپە نەژادپەرستەکانی تورکیا، ئاسێنا گورگێکی مێ بووە و بە شیری خۆی منداڵێکی بەخێوکردووەو دواتر تورکەکان لەو منداڵەوە دروستبوون. بەپێی ئەو ئەفسانەیە ئاکشەنەر نازناوی دایکی تورکی هەیە، هەر چۆن ئەتاتورک بە مانای باوکی تورکە. ئاکشەنەر لە نەژادپەرستیدا هیچی لە دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە کەمتر نییە. تەنانەت کاتێک سوپای تورکیا هێرشی کردەسەر شارەکانی باکووری کوردستان ئاکشەنەر بۆ ماوەی چەند مانگێک وەزیری ناوخۆ بوو، هێزە تایبەتەکانی سوپای تورک و پۆلیس لەسەر دیواری ماڵە رووخاوەکانی کورد لە سلۆپی و جزیر دەیانووسی «ئەمە دیارییە بۆ مەراڵ ئاکشەنەر»، یان لە کاتی هێرشی سەر عەفریندا لەسەر گولە تۆپەکان دەیاننوسی، ئەو دیاری ئاکشەنەرە بۆ خێزانێکی کورد. هەر توندی و پێداگریی ئاکشەنەر یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هەدەپە کار نەکات.

حزبی ئایندە (گەلەجەک)

حزبی ئایندە (گەلەجەک) بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داود ئۆغڵو دامەزراوە. داود ئۆغڵو لەساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٦ نزیکەی حەوت ساڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی تورکیای سەردەمی ئاکەپە بوو. ئەحمەد داود ئۆغڵو بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ئەردۆغان لە ئاکەپە جیابووەوە. داود ئۆغڵو زۆرینەی بیری سیاسیی خۆی بۆ پاراستنی سیستمی سیاسیی تورکیا لەکتێبی قوڵایی ستراتیژیدا نووسیوە و ئەوەی ئێستا ئاکەپە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان و لە قەرەباغ و ئاوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست و لیبیا جێبەجێی دەکات لەژێر سایەی ئەو پرۆژەو فکرەی داود ئۆغڵودایە بۆ پاراستنی تورکیاو سیستمە سیاسییەکەی. لەبەرئەوەش داود ئۆغڵو نەک ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری کێشەی کورد بنێت، بەڵکو بۆ خۆی رێگری گەورەیە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بەپێی قوڵایی ستراتیژی نەک کورد، بەڵکو دەبێت بەشێک لەگەلانی تریش و پێکهاتەکان خزمەتکاری تورک بن.

حزبی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)

حزبی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان دامەزراوە. عەلی باباجان لە دەسەڵاتی ئاکەپەدا بۆ ماوەیەک وەزیری دەرەوەو بۆ ماوەیەکیش وەزیری دارایی بوو. بابا جان لە دیدی ئابورییەوە بۆ کێشەکان دەڕوانێت و هاوشێوەی تانسۆ چیللەرە. باباجان لەناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا لە هەموویان زیاتر باسی ئەوەی کردووە، کە دەبێت ئاسانکاری بۆ خوێندن بە زمانی کوردی بکرێت، بەڵام ئەوە تەنها یەکێک لە داواکانی گەلی کوردو بزووتنەوەکەیەتی و ئەو دەیەوێت کێشەی کورد لەچوارچێوەی ئابووری و کەمێک مافی کولتوریدا کورت بکاتەوە، کە بێگومان ئەو کێشە دێرین و قووڵەی کورد لە تورکیا بەوە چارەسەر نابێت.

حزبەکانی فەزیەلەت و دیموکرات

حزبی فەزیلەت درێژەکراوەی حزبی سەعادەتی نەجمەدین ئەربەکانە و ئێستا تەمەل کەرەم ئۆغڵو سەرۆکایەتیی دەکات. ئەربەکان گەرچی دەستپێشخەریەکی کورتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد، بەڵام نەیتوانی کێشەی کورد چارەسەر بکات. ئەو حزبە رۆڵێکی وای لەگۆڕەپانی تورکیادا نەماوە. حزبی دیموکراتیش بە سەرۆکایەتیی گوڵتەکین ئویساڵ تەنها ناوێکە و کاریگەریی نییە. ئەو حزبانە هیچ پرۆژەیەکی جدییان بۆ کوردو کێشەکەی پێ نییە.

سەردەمی تاکە حزبی دەسەڵاتدار کۆتایی پێدێت و تاکە رێگای تورکیاش دیموکراسی، یان پارچەبوونە

ئەوەی ئێستا لەناو سیستمی سیاسیی تورکیادا روودەدات بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هیچیان بۆ چارەسەرکردنی ریشەییانە و دیموکراتیانەی کێشەی کورد پێ نییە. ئەوەش دۆخی تورکیا بەرەو ئەوە دەبات، کە هیچ حزبێک بەتەنها نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. دەبێت بەهۆی قەیرانەکانی جەنگ و ئابووری و سیاسییەوە کۆمەڵێک حزب پێکەوە حکومەت پێکبهێن و ئەوەش رێگا بۆ دروستبوونی ژمارەیەک قەیرانی ترو ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری زیاتر دەکاتەوە...

ئەوەی تائێستا خۆی وێنا کردووەو بەپێی مێژووەکەی و کارکردنەکەی تاکە رێگای تورکیا گۆڕینی سیستمی سیاسیی تورکیایە بۆ سیستمێکی دیموکراسییانە، یان هەڵوەشاندنەوەو پارچە پارچەکردنی تورکیایە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار