ئاوارەیەكی ئێزیدی: تەنها خوامان هەیە بەهانامانەوە بێت
رێكخراوە بیانییەكان هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارە ئێزیدییەكان رادەگرن
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز.دهۆك
سەرجەم رێكخراوە بیانییەكان هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارە ئێزیدییەكان لەهەرێمی كوردستان رادەگرن و هۆكارەكەشی بۆ كەمی بودجە دەگەڕێننەوە، ئاوارەیەكی ئێزیدی دەڵێت:» تەنها خوامان هەیە بەهانامانەوە بێت».
هەریەك لەڕێكخراوەكانی (جیهانی خۆراكی، یونیسێف، UNHCR، WFP) هاوكارییەكانی خۆیان لەسەر ئاوارە ئێزدییەكان رادەگرن.
رێكخراوی WFP مانگانە بۆ هەر ئاوارەیەك بڕی 15 تا 20 هەزار دیناریان خەرج دەكرد.
مچۆ قاسم، خەڵكی ناحیەی سنونەو نزیكەی هەشت ساڵە لەكەمپەكانی دهۆك دەژی و خاوەنی حەوت منداڵە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» مانگانە بۆ هەر كەسێك 15 تا 20 هەزار دینارمان لەڕێگای سیم كارتەوە وەردەگرت، بەشێكی زۆر لەپێداویستیەكانی رۆژانەمانی پڕدەكردەوە، بەبیستنی بڕیارەكە زۆر دڵتەنگ بووین نازانم چۆن لەدوای مانگی تەمموز پێداویستییەكانی ماڵەوە پەیدابكەم».
«ئەمە ستەمێكی گەورەیە بەرامبەر ئێزدییەكان دەكرێت، لەلایەك ناتوانین بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، لەلایەكی تریشەوە هاوكاری لەسەر ئێمە دەبڕن، چی بكەین تەنها خوامان هەیە بەهانای ئێمەوە بێت، داوا لەهەموولایەك دەكەم شوێنگرەوەیەك بۆ بڕیارەكەی رێكخراوی جیهانی خۆڕاك بدۆزنەوە»، مچۆ قاسم ئاوارەی ئێزیدی لەكەمپەكانی دهۆك بۆ هاوڵاتی وای وت.
لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك ئاشكرای دەكات كە ئەوانیش ئاگاداركراونەتەوەو چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی كۆچ دەكەن.
ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمەش ئاگاداركراینەوە كە رێكخراوی جیهانی خۆراك هاوكارییەكانی لەسەرەتای مانگی تەمموز رادەگرێت و بودجەكەیان كەمبووەتەوەو ناتوانن لەمەودوا هاوكاری ئاوارەكان بكەن».
لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، هێمای بۆ ئەوەكرد كە رێكخراوی WFP مانگانە 18 بۆ 20 هەزار دیناریان داوە بەهەر ئاوارەیەك، واتە ئەگەر خێزانێك حەوت كەس بووبێتن 130 هەزار دیناریان وەرگرتووە، وتیشی:»بڕیارەكە زۆر كاریگەری لەسەر دۆخی ئاوارەكان دەكات، چونكە ئەو هاوكارییە بەشێكی زۆری پێداویستیەكانیانی پڕدەكردەوە».
ئەسكەندەر محەمەد ئەمین ئەوەشی روونكردەوە كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هاوكارییەكانی كەمكردووەتەوەو لەپێنج مانگی رابوردوو تەنیا دوو جار كارتونێك خواردن و كارتۆنێك پاككەرەوەیان بۆ هەر خێزانێك دابینكردووە،» دەمێنێتەوە سەر بڕیاری وەزارەت و پێكهێنانی حكومەتی نویێ عێراق كە ئایا هاوكارییەكان زیاد دەكەن وەك جێگرەوە بۆ رێكخراوە بیانییەكان».
بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێم دەڵێت:» رێكخراوی WFP تەنها هاوكاری ئەو ئاوارانە دەكات كەزۆر هەژارن».
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی دووپاتكردەوە كە رێكخراوی یوینسێف لەسەرەتای ئەم مانگەوە لەچەند كەمپێك كشاوەتەوەو رێكخراوی UNHCRلەسەرەتای مانگی تەمموزەوە لەكەمپەكانی سنوری قەزای بەردەرەش و ئاكرێ دەكشێنەوە، وتیشی:»رێكخراوی جیهانی خۆراك WFP كەمانگانە بڕێك پارەی بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكرد لەمانگی تەمموز رایدەگریت، تەنیا هاوكاری ئەو خێزانانە دەكات كە زۆر هەژارن».
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و حكومەتی هەرێم هەوڵدەدەن شوێنگرەوەیەك بۆ بڕینی ئەو جۆرە هاوكارییانە بۆ ئاوارەكان دابین بكەن