ساڵانە 500 ملیۆن دینار دەدرێت بەوشتر

بەشێك لە هاووڵاتیانی هەرێم گۆشتی وشتر بۆ خواردن بەكاردەهێنن و هەندێكی دیكەیان بۆ جوانی رایدەگرن

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

بەپێی ئامارێكی نافەرمی، ساڵانە 250 وشتر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە بەهاكەی دەگاتە 550 ملیۆن دینارو بەشێك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان گۆشتی وشتر بۆ خواردن بەكاردەهێنن و هەندێكی دیكەیان بۆ جوانی رایدەگرن.

لە پارێزگاكانی عێراق و سوریا و سعودیە وشتر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەم لەمساڵدا بەهۆی گرانی ئالیكی ئاژەڵ ژمارەیەك لە بازرگانانی هاوردەی وشتر كارەكانیان راگرتووە.

وشتر دوو جۆری هەیە، یەك پشتی لەگەڵ دوو پشتی، دوو پشتیەكان پێیان دەوترێت (دوو ملی) لەعێراقدا رێژەیان كەمە، هەروەها وشتر سێ رەنگی هەیە سپی و زەرد لەگەڵ سور، وشترە عەرەبیەكان لەكوردستان زیاتر بازرگانی پێوە دەكرێت.

تەحسین مەولود بەخێوكەری وشترەو مەیدانی وشتری هەیە لە هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نزیكەی سێ ساڵ ئەو كارەم كرد، بەڵام لەبەر كەمی ئالیك و ساغنەبوونەوەی ناچار بووم بوەستم، چونكە بازرگانیەكی قورسە».

ناوبراو باسی لەوەشكرد نزیكەی سێ بۆ چوار كەس لەكوردستان وشتر بەخێو دەكەن و خاوەن چێشتخانەكانیش راستەوخۆ لەخوارووی عێراق دەیهێنن.

وشتر نرخیان لەنێوان ملیۆنێك و 500 هەزار دینار تادوو ملیۆن و 500 هەزار دینار دەبێت، ئەوەش بەپێی كێشیان نرخەكەیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت كەكێشیان لەنێوان 400 بۆ 500 كیلۆدایە.

ئەو وشترانەی كێشیان 500 كیلۆیە نرخەكەی دەگاتە دوو ملیۆن و 250 هەزار دینار، ئەم جۆرەیان فرۆشی زۆرەترە بەپێی وتەی بازرگانانی وشتر.

گرانترین وشتر جۆری «وشتری دوو ملیەكان»ە كە نرخیان دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، كیلۆیەك وشتر بە 14 هەزار دینار لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا دەفرۆشرێت بەئێسقانەوە، بەڵام بێ ئێسقان دەگاتە 20 هەزار دینار.

بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لەبازرگانێكی وشترو چێشتخانەكان دەستی كەوتووە، هاوردەكردنی ئاژەڵی وشتر بۆ ساڵی 2020 نزیكەی 250 سەر بووە بە بەهای  562  ملیۆن دینار، بەڵام لەساڵی 2021 رێژەكە زۆر كەم دەكات بۆ سەد سەر وشتر، بە بەهای  225 ملیۆن دینار، لە هەمانكاتدا نرخی ئالیك گران بووەو تۆنێك گەیشتووەتە 800 هەزار دینار  كە لەگەنم و جۆ یان گەنمەشامی پێكهاتووە.

ئاژەڵی وشتر لەناوچەی پشت موسڵ و پارێزگاكانی عێراقەوە دێت و گومرگیان لەسەر نیە، بەڵام ئەوانەی لە سوریاو سعودییەو قەتەرو دوبەی دێت گومرگیان لەسەرەو بۆ جووتێك وشتر 50 دۆلار وەردەگیرێت.

شەش كەرەنتینەی نێودەوڵەتی هەیە لەنێوان پارێزگاكانی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان، لەكوردستانیش 10 شوێنی كەرەنتینە هەیە.

میقداد ئیبراهیم لێپرسراوی گشتی ڤێتێرنەری و كەرەنتینەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی مۆڵەتی بازرگانی و قاچاخی بەهاوڵاتی وت:» كەس سەردانی نەكردووین بۆ مۆڵەتی وشتر هێنان، ئەوەیشی هەیە بێ مۆڵەت هاوردە كراوە».

ناوبراو وتیشی:» ژمارەی وشتر هێنان زۆر كەمە، چونكە گۆشتەكەی باو نیە لەكوردستان، هەر سەر ئاژەڵێك بێت بەخاڵی كەرەنتینەدا دەڕوات، تائێستا هیچ ڕاپۆرتێكمان بۆ نەهاتووە وشتر بە قاچاخ بێتە هەرێمی كوردستان.»

هاوكات ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە  لە خاڵە گومرگیەكان هیچ وشترێك هاوردە نەكراوە، ئەوەی دێت لەباشورەوە دێت، وتیشی:» پارێزگاكانی عێراق خاڵی گومرگی لەسەرە نازانین بۆیان گومرگ دەكرێت یاخود نا،                                                                                                                 ئەگەر لە سعودیەوە بێت گومرگیان لەسەر هەرێمی كوردستان نیە، چونكە لەنێوان ناوەند و هەرێم هیچ بازگەیەكی لێنیە و ئازادە، بەڵام گەر بێت و لە سنوری توركیا و ئێران هاوردە بكرێت گومرگ دەكرێت، ناوی هیچ بازرگانێكیش لای ئێمە تۆمار نەكراوە بۆ هاوردەكردنی وشتر».

وشتر ئاژەڵێكی نەرم و نیان و هەستیار و عاقڵە، نزیكەی بیست ساڵ دەژی، هەموو ساڵێك بەچكەی دەبێت، بەرزی باڵایان دوو مەتر دەبێت، نێرەكەی 40 بۆ 50 سانتیم بەرزترە لەمێیە، گۆشتەكەی دەوڵەمەندە بە ماددەی كالسیۆم، بۆ هەرسكردن ئاسانە و بەسودە بۆ نەخۆشیەكانی (خوێنبەرەكانی دڵ، ئازاری جومگەكان و ئێسك، بەرزی چەوری خوێن و جگەر)، كۆڵستڕۆڵی كەمە و بۆ ئەوانەی بەرنامەی خواردنی» كیتۆ» ئەنجام دەدەن دەتوانن گۆشتی وشتر بخۆن.

وشتر دەبێت بەپێوە سەر ببڕدریت، چونكە ملی درێژە و نابێت ئاژەڵی تر لەبەردەمیدا سەر ببڕدرێت، چونكە بەهۆی هەستیاری فرمێسك دەرێژێت، بۆ سەربڕینەكەشی سەرەتا دەبەسترێتەوە و سنگی هەڵدەدڕێت لە دوو لاوەی ملی شەق دەكرێت و ماوەی 10 خولەك دەخایەنێت.

میران سەید جەمال لەگەڵ ناسیح قادری ئامۆزای نزیكەی هەشت ساڵە وشتر دەكەن بەكەباب و قۆزی و خاوەنی گەورەترین چێشتخانەن لەقەزای سەیدسادق، رۆژێكیان ناسیح قادری ئامۆزای بۆ سەفەر ڕوو دەكاتە وڵاتی دوبەی، لەوێ خواردنی وشتری بۆی دێنن و دەبێتە جێی سەرەنجی، ناسیح لە دوای گەڕانەوەی بڕیار دەدات لەگەڵ میرانی ئامۆزای وشتر بهێنین و ئامادەی بكەن، میران بەهاوڵاتی وت:»گۆشتی وشترمان بەكیلۆ نەكڕیووە، بەڵكو ڕاستەوخۆ وشترمان لەدیالەوە ھێناوە».

هەروەها هێمای بۆ ئەوەشكرد كە دوكانێكی بچوكیان ھەبووە، وردە وردە داواكاری لەسەر زۆربووەو چێشخانەكەیان گەورە كردووەو لە دەرەورەی قەزاكە وەكو شوێنێكی گەشتیارییان لێكردوە، وتیشی:»  دوو لقمان ھەیە لەناو سەیدسادق بەنیازین لقی دیكەش لەهەولێر بكەینەوە».

«لە سەیدسادق شوێنی تایبەتیمان هەیە بۆ بەخێوكردنی وشتر، دواتر دەینێرین بۆ قەسابخانە لە قەسابخانە پزیشك پشكنینی بۆ دەكات، زۆرجار وشتر هەبووە سێ ملیۆن دینارمان پێداوە پزیشك لەبەر نەخۆشی سوتاندویەتی، گۆشتی وشتر بۆ شاری سلێمانی و هەولێرو كۆیە لەگەڵ كەلار دەنێرین، ساڵانی ڕابردوو لە هەفتەیەكدا دوو ڕۆژ وشترمان ئامادە دەكرد بۆ یەك ڕۆژی وشترێك تەواو دەبوو، بەڵام ئێستا جوڵەی كردووە بەرەو كەمی هەموو ڕۆژێك 10 بۆ 15 كیلۆ تەواو دەبێت».، خاوەنی چێشتخانەكەی سەید سادق وای وت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار