فەنتازیای ئەرخەوانی . میللەتێکی داماو

6 ساڵ لەمەوپێش



تەیب عەبدولڕەحمان

گومانی تێدانیە زۆربەی جومگەی کایەکانی ناو کۆمەڵگە یان ئفلیج بوە یاخود دوچاری تای رۆماتیزم بوە. هۆکارگەلێک لەپشت ئەم رۆچونەوەیە تاکو ئاستی تراژیدیا، کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی وهەرێمێکی دەڵەمەی لەرزۆک لێوان لێو لەقەیران، قەیرانی شوناس، قەیرانی  سۆسیۆلۆجی جۆراوجۆر،  قەیرانی سیاسی و ئیداری و دارایی و خاک. ئەم قەیرانە کەڵەکەبوانە هەوێنی هەڵوەشانی پایەکانی بون بەکۆمەڵگەی شارستانی هاوچەرخە. تۆ جارێ لەوەگەڕێ کەبەتەمای بەخەیاڵی فەنتازی و خەونی ئەرخەوانی  دەوڵەتێکی هاوشێوەی ئەفغان و روانداو و تەیموری رۆژهەڵات بەهامۆس و بەربادۆس دورستبکەی جارێ. باسەکە لەسەر داڕوخانی بنچینەی بەهاکانە لای تاکەکان. باسەکە لەسەر ئینتیمایە بۆ خاک و ئاو. ئێستا ئەوەی دەگوزەرێ کارکردنە لەسەر تێکشکانی کەسایەتی تاکی کوردی.
کێ لەمە بەرپرسیارە؟.
سیستەمی فەرمانڕەوای خێڵەکی، یاخود کۆمەڵگە بەهەمو رەنگ و چینەکانیەوە.
بەبڕوای من کۆمەڵگە بەرپرسیاری یەکەم و کۆتاییە، چونکە ئەم سیستەمەو تەواوی کایەی سیاسی وئیداری دەرهاویشتەی خودی ئەو کۆمەڵگەیەیە. واتا کۆمەڵگەی کوردی نەیتوانیوە لەڕوی پراکتیکیەوە قۆناغی گەشەی کۆمەڵگەی خێڵەکی ببڕێ. «Social Evolution»
رەنگە بەهۆی تەکنەلۆژیاو شارو زانکۆو چڕی دانیشتوان هەندێک پێیانوابێت کەکورد لەقۆناغی  سەرمایەداری پێشکەوتودایە نەک خێڵەکی.
 ئەو بۆچونە بۆچونێکی ھێندە بێ لۆژیکە و بێ ئەرزشە من ناچمە وردەکاریەکەی .
ئێمە بەر لەهەر هەنگاوێک پێویستمان بەسەرلەنوێ بنیادنانەوەی کەسایەتی تاکی کوردە. کە لەهەمو توێژەکان نمونەی زیندوو هەیە هێندە تێکشکاون بۆ چەند درهەمێک دەچەمێنەوە لەبەر دەرگای حزب. بون بەکەرەستەو ئامرازو لەمپەر. لەبەردەم گەشەی سۆسیۆلۆجی و دارایی  و ئیداری.
ئەم توخمە رێژەیان زۆرە بەقەدەر ئەوەی گۆڕانکاری و گەشەیان مەحاڵ کردوە.  
وشەی قەیران و کۆمەڵگە سواون هێندە دووبارە دەبنەوە، دەبێت بەدوای دەستەواژەی دیکەدا بگەڕێین. لەهەر کێیەک بپرسی ناڕازیە لەم دۆخە کەچی ئامادەنیە یەک هەنگاو بێتەپێشەوە و هاوکار بێت لەدەربازبون لەم دۆخە، هەموان دەستمان بەکڵاوەکانمانەوە  گرتوە با نەیبات، بەڵام جگە لەکڵاوەکانمان رەشەبای قەیران جلی ژێرەوەشی لێداماڵیون، بەڵام ھێشتا بەخۆمان نەزانیوە.
جا ئەو فانتازیا ئەرخەوانیەو خەونی داهاتویەکی پرشنگدار بەدیار درامای بیانی کەناڵەکان و فەیسبوک دورستنابێ. کۆمەڵگا  ئەگەر روی یاخیبونی تێدا لاواز بوو جوڵەی هەمەلایەنەی نەبوو
بۆ هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتوتر. دەبێتە ئامرازێکی باش بۆ دروستبونی تاقم و گروپی بەرژەوەندی  و پاوانخواز.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار