تویتەکانی ترامپ ئاگر بەردەداتە ماڵی نەیارەکانی
6 ساڵ لەمەوپێش
لوقمان مستەفا ساڵح*
ترامپ لەتویتەکانیدا ئەو پەیامەیدا بەگوێماندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکانتدا مەرج نیە جەنگ بەرپاکەیت، لەزەوی و ئاسمان و دەریاوە بەسەر دوژمنەکانتدا ئاگرو ئاسن ببارێنیت، هەروەها مەرجیش نیە دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی بۆ بەکاربێنی، هەروەک پێشتریش دۆناڵد ترامپ وتبوی تویتەر ئەو دەرچەیەیە کە لەڕێیەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیانی ئەمریکا دەکەم، بێ ئەوەی پێویستم بەمیدیای ئەمریکا هەبێت، بەوتەی ئەو راستییەکان دەشێوێنن، بەتایبەت (سی ئێن ئێن) و (ئێن بی سی) و (سی بی ئێس)و ( ئەی بی سی)....هتد. ترامپ پێیوایە تەنها تویتێک بەسە ئاگر بەردەدەیتە ماڵی نەیارەکانت و ئابورییان لەبنەڕەتدا هەڵتەکێنی، تا ئەکەونەسەر ئەژنۆو بەتەواوی چۆک دادەدەن و دێنە ژێر رکێفتەوە.
دۆناڵد ترامپ لەچەند پەیامێکی تریدا لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە داکۆکیی لەبەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەتیش تویتەر کردو لەیەکێک لەو پەیامانەیدا کە بۆ ئەو مەبەستە ئاڕاستەی کردوە ترامپ نوسیویەتی: سوود وەرگرتنم لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەر تەنها لەبەرئەوە نیە کەسەرۆکی ئەمریکام، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە من سەرۆکێکی هاوچەرخم. لەهەمان کاتیشدا لەپەیامێکی تریشدا نووسیویەتی: هەندێک لەڕاگەیاندنەکان لەهەوڵی ئەوەدان قەناعەت بەکۆماریەکان و کەسانی تریش بکەن کە من تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکارنەھێنم، بەڵام با ئەو کەسانە چاک بزانن کە هۆکاری سەرکەوتنم لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمریکادا وتارو چاوپێکەوتنەکانم و بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی (تویتەر) بوو.
بۆیە ترامپ وا بەئاسانی دەستبەرداری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نابێت و لێرەوە هەوڵدەدات دوژمنەکانی بەچۆکدادا بێنێ. بەتایبەتی ئەم شەڕە تویتانەی لەئێستادا ئاڵاندویەتیە ئێران و تورکیاو چەند وڵاتێکی تر، بەشێوەیەک کاری کردۆتەسەر یان، بەفەرمی داوایان لەکۆمپانیای ناوبراو کرد کەهەژماری تایبەت بەدۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەتویتەر دابخات، بەهۆی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە لەماوەی ڕابردوو کردیەسەر هەریەک لەوڵاتەکانی پاکستان و فەڵەستین و ئێران و تورکیا، لەڕێگای تویتەکانی لەتویتەر. بەڵام کۆمپانیای تویتەر بەفەرمی ڕایگەیاند کە بەهیچ شێوەیەک هەژماری دۆناڵد ترامپ داناخەین.چونکە بەهۆی زۆری تویتەکان دۆنالد ترامپەوە بەهای پشکەکانی تویتەر تادێت ڕوو لەهەڵکشانە (جاک دۆرسی) کەیەکێکە لەدامەزرێنەکانی کۆمپانیای تویتەرو لەهەمان کاتیشدا بەڕێوەبەرێتی، ڕایگەیاند تەنها بەهای ئەکاونتی ترامپ لەتویتەر نزیکەی دوو ملیار دۆلارە!.
* پارێزەر