سەدرو مەڕەکانی

2 هەفتە لەمەوپێش



سەردار عەزیز
 ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوە، سەرتاپا هێزە سیاسییەکان و لایەنە بەشدارەکان و چاودێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی حەپەساندووە. هەموو ئەوانەی کەهەوڵیانداوە قسەی لەسەربکەن هەموو پاش پشێوی هەوڵی ئەوەدەدەن کە بەمیتۆدی سیناریو پرسەکە راڤە بکەن .  لەم نووسینەدا دەمەوێت قسە لەسەر پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حزب و رەوت و جووڵانەوە بکەم لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانیاندا. پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حزب و ئەندامی پەرلەمان پرسێکی ئاوکێشە لەناو کایەو پرۆسەی دیموکراسیدا.

ئایا ئەندامی پەرلەمان نوێنەری حزبە یان خەڵک؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەوڵاتێکی وەک عێراقدا بەزەقی دیارە، ئەندام پەرلەمان نەک نوێنەری خەڵک نیە، بەڵکو داردەستێکی تەواوی سەرۆکی حزب یان جوڵانەوەکەیەتی. کاتێک سەدر فەرمانی بەسەرۆکی کوتلەکەیدا لەپەرلەمان بکشێنەوە و ئەوانیش بەبێ هیچ نوزەو جوکە و بۆڵەیەک دەستوبرد کارەکەیان جێبەجێکرد، دەرخەری ئەوەیە کە ئەندامبوون و ئەندام نەبوونی ئەوان پرسێک نیە کە پەیوەندی بەخۆیان و دەنگدەرو بازنەی هەڵبژاردنەوە هەبێت، بەڵکو بەتاق و تەنها بڕیاری سەرۆکی حزبە. سەدر سەرەتا وەها ناسراوبوو کەڕەوتێکی پەرش و بڵاوی هەیەو زۆرجار لەسەرەتاوە پرسیاری ئەوە دەکرا ئایا سەرتاپای ئەندامانی رەوتەکەی گوێڕاڵی ئەون؟ بەڵام رەوتی رووداوەکان سەدرو رەوتەکەیان بە ئاراستەیەک برد کەزیاتر تۆکمەو سیستەماتیک بێت. رەوتی سەدر یەکێکە لە نموونەی ئەو هێزانەی کەپاش رووخانی رژێمی پێشوو سەریانهەڵداوە کە بەبڕێکی زۆر تەنها پشت بەکەسایەتی سەرۆکەکەیان دەپرسن بۆ بوون و بەشدارییان لەپرۆسەی سیاسییدا.

ئەم جۆرە هێزە سیاسییانە بەحزبی کەسایەتی یان شەخسی ناسراون.  خەڵک و چالاکوانان لەباشوری عێراق هەستیان بەم دۆخە کردووە کە ئەندامانی پەرلەمان بەکاری نوێنەرایەتی خەڵک هەڵناسن، بەڵکو زیاتر خزمەتکاری سەرۆکەکەیانن، بۆیە هەوڵیاندا کە سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ بازنەی بچووک، لەبڕی پارێزگا، هەتا دەرفەت بۆ کەسایەتی سەربەخۆ بڕەخسێت بۆ سەرکەوتن، هەروەها پەیوەندییەکی نزیکایەتی و پشت بە یەکبەستن لەنێوان ناوچەی هەڵبژاردن و نوێنەرەکەیاندا بێتە ئاراوە. ئەم پرۆسەیە بەبڕێکی زۆر سەرکەوتوو نەبوو. زاڵی سەرۆکی حزب بەسەر دەزگای پەرلەماندا یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانی پەککەوتنی دەزگای پەرلەمان وەک ناوەندێکی نوێنەرایەتی، پشت بەدەستور بەستوی، چاودێر بەسەر دەسەڵاتەوە. لەکوردستان زمانێکی سەیر بۆ ئەم دیاردەیە داهێنراوە. کاتێک پرسێک دێتە ئاراوە، پەرلەمان ناتوانێت بڕیاری لەسەربدات، دەستوبرد دەڵێن، ئەو پرسە دەبێت سەرەتا سیاسییانە رێکەوتنی لەسەر بکرێت پاشان بهێنرێتە پەرلەمان . ڕامان لەم دەربڕینەو هەڵوەشاندنەوەی زۆر لایەنی و لاوازی سیستەمی پەرلەمان تێگەیشتنی سیاسیمان پێدەڵێت.

یەکەم مانای دەربڕینەکە ئەوەیە کە پەرلەمان ناوەندێکی سیاسی نیە، بەڵکو سیاسەت لەجێگایەکی ترە. لەسیاسەتخستنی پەرلەمان لەهەمانکاتدا یانی کردنی بەناوەندێکی ئیداری بیرۆکراتی. بە بوونی بەناوەندێکی لەو شێوە ئەوا بەهەموو جۆرێک داڕن دەبێت لە دەسەڵاتی سیاسی. لە ڕابوردودا لە میانەی کارم لە لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان، خێرا ئەوەت بۆ رون دەبوەوە، کە ئەندام پەرلەمان لە دیدگاو خەیاڵ و رەفتاریدا، خۆی لەفەرمانبەرێک زیاتر نابینێتەوە. بوونی بەبیرۆکرات، هەموو تواناو مافەکانی نوێنەرایەتی لێ دەسێنێتەوە. بیروکرات یان فەرمانبەر، ئەو کەسەیە کە فەرمانەکان دەبات یان جێبەجێیان دەکات، بەڵام فەرمانەکان لەجێگایەکی ترەوە دێن.

 ئەم دیاردەیە ناتوانرێت تەنها بەبەهێزیرڕۆڵ و کەسایەتی سەرۆکەکان لێکبدرێتەوە بەرامبەر لاوازی ئەندامەکان، بەڵکو زیاتر ململانێی شەخس و دەزگایە، لەهەناو کەلتوری ئێمەدا. ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت چۆن دەزگا رۆڵ و کاریگەری دەگۆڕێت لەبەرامبەر کەسی سیاسی خاوەن دەسەڵاتدا. هەر ئەم تێگەیشتنەشە کەهۆکاری ئەوەیە کەزۆرێک لەخەڵک دەنگ بەکەسی سەربەخۆ نەدەن. هەموو کەسێک دەبێت پیاوی کەسێکی تر بێت، ئەگینا هیچی پێناکرێت، وەک دەڵێن.  لێرەدا جێگایەتی باس لەئەو شەپۆلە لەسەقەت-ئاگاییە بکەین، کە بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونەوە هاواردەکات خەباتی پەرلەمانی یان سیاسەتی پەرلەمانی کۆتایی هاتووە. ئەم بانگەشەیە وەک زۆرێکی تر لەبانگەشە کڵێشەیی بیرلێنەکراوەکانی دونیا ئێمە لای زۆر کەس، دەوترێتەوە. ئایا ئەوە کەلتورو ڕەفتارو ئاستی تێگەیشتنی ئێمە نیە، کە دەزگا لاواز دەبینێت و کەس یان کەسایەتی بەهێز. ئایا سوچی دەزگایەک چیە کە تۆ لەهەموو رۆڵ و کاریگەرییەکانی داڕنی دەکەیت؟ یان روونتر بڵێین ئەوە ئاستی ئاگایی تۆ نیە کە خێرا جاڕی کۆتایی دەزگا دەدەیت بەوەی شکستی هێناوە، بەڵام یەک تاکە نیشانەی پرسیار ناخەیتە سەر رۆڵی کەسایەتی سیاسی و خۆپەرستی و بەرتەسکێتی ئامانجی شەخسی سیاسی؟ ئایا جاڕدانی شکست ئاماژەنیە بۆ ئەوەی کە هێشتا دەزگا رێگایەکی زۆری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی تەی بکات هەتا ببێت بەدەزگا، چونکە بوونی دەزگا راستەوخۆ پەیوەستە بەجۆری پەیوەندی و ئاگایی ئەوانیتر بۆی و هەروەها هەتا چ ئاستێک ناوەکییان کردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە دەزگای پەرلەمان یەکێک لەکۆنترین دەزگاکانی مۆدێرنە کە لەڕۆژئاواوە هەوڵدراوە بهێنرێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەردوو عوسمانییەکان و ئێرانییەکان لەسەدەی نۆزدەو بیستدا هەوڵیاندا هەردوو دەزگای دەستورو پەرلەمان خۆماڵی بکەن. تەنزیماتی ساڵی ١٨٣٩ بنەمای یەکەم قۆناغی دەستوری داڕشت لەساڵی ١٨٦٧. لەم سەردەمەدا رۆشنبیرانی وەک میرزا فەتحعەلی ئاخونزادەو ئەوانی تر لەئێران چالاک بوون. سەرباری کۆنی ئەم دەزگایە، ئەمڕۆ ناتوانرێت بڵێین لەسەرتاپا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دەزگایە بەکارەکانی خۆی هەڵدەستێت. دیارە دژە پەرلەمانی پاڵنەرو هۆکاری زۆرە، ئێمە لێرەدا ئامانجمان ئەوەنیە کاری لەسەر بکەین، رەنگە کاریگەرترین کتێب لەمبارەوە لە نووسینی کارل شمت بێت. بەڵکو تەنها یەک رەهەندی ئەم شکستە ئاماژە پێدەدەین کە مەڕبوونی پەرلەمانتارانە. گەر لەئەزموونی ساڵانی رابردووی پەرلەمانی عێراق و کوردستان بنواڕین هەمیشە هەوڵەکان لەناوەوەو دەرەوەی پەرلەمان بەو ئاراستەدایە کەپەرلەمانتاری سرک تەرا بکرێت.

ڕەنگە هەوڵدان بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە بەپشت بەستن بەتێزە رۆژئاواییەکان ئەوەندە ئامانج نەپێکێت. لەتێزی دوکتۆراکەمدا کاری زۆرم لە سەر رۆڵی ترادیشیون یان کەلەپور کردووە لەپرۆسەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ترادیشیوانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی لیبرالدا تەبانیە. لەمیانەی کارم لەسەر خزم و خزمایەتی و پەیوەندی هەرێمێتی وڵاتان بردمیان بۆ کتێبێکی دەگمەن لە نووسینی هەردوو لێکۆڵەری ئێرانی میهرزاد بروجەردی و کروشی ڕەحیمخانی، کتێبەکە بەناونیشانی Postrevolutionary Iran: A Political Handbook لەوێدا هەردوو لێکۆڵەر بەپێچەوانەی لێکۆڵەرانی تر لە تیورەو ئایدۆلۆژیاوە نایەن بۆ ڕاڤەکردنی سیستەمەکە، بەڵکو دێن بەووردی رایەڵەی پەیوەندییە خزمایەتی و نزیکایەتی و پیاویانەی ناو سیستەمەکە پێشان دەدەن. سیستەمی سیاسی ئێرانی لەسەر بنەمای ئەوە بوونیادنراوە کاتێک کەسێک دەستی دەگاتە دەسەڵات چۆن لەخزم و پیاوەکانییەوە پێگەی خۆی قایم کات و ململانێ و کێبڕکێی ئەوانیتر بکات. کاتێک خامنەئی دەبێت بەسەرۆک کۆمار ٤٠٠ پیاوی خۆی دەهێنێت لەجێگا جیاوازەکان دایاندەنێت هەتا کاری بۆ بکەن.

 بەردەوام لەکوردستان دەبیستی و دەبینی کاتێک کەسێک تێدەپەڕێت دەڵێن ئەوە فڵانەکەسە، پیاو یان چاوی فڵانەکەسە. بونیادنانی ئەم وردە تۆڕە لەدەسەڵاتی شەخسی بنەمای تێگەیشتن و پیادەکردنی دەسەڵاتی سیاسییە. بەم پێیە کەسێک بۆ ئەوە سیاسەت ناکات هەتا پرسێکی گشتی لەبواری گشتیدا بوروژێنێت یان داکۆکی لەسەربکات، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەتا خۆی بەسەردا بسەپێنێت و پێگەی خۆی تیادا قایم بکات. بەمجۆرەش بردن لەسیستەمەکە بۆ خود، ناچاریی و پێداویستییە. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لەڕۆژهەڵات گەندەڵ نەبووە. بەڵکو باڵاترین مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسی لەڕۆژهەڵات گەندەڵییە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار