داوای دانانی قایمقامێكی نوێ بۆ شەنگال دەكرێت
بەرهەم ساڵح: زۆر جار لەگەڵ مستەفا كازمی باس لە دۆخی شەنگال دەكەین
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
حزب و گروپە چەكدارەكان داوای دانانی قایمقامێكی بێ لایەن بۆ شەنگال دەكەن و راپۆرتێكی وورد لەرووی ئەمنی و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەدەنە بەغدا و بڕیارە بەرهەم ساڵح پەیامەكە بگەیەنێتە مستەفا كازمی.
وەفدێكی باڵا لە هەموو پێكهاتەكان و هێز و گروپە جیاوازەكان و قایمقامی شەنگال بەوەكالەت و بەرێوەبەری ناحیەی سنون لەبەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كۆبوونەوە.
عومەر ساڵح، سەرۆكی حزبی پادێ،یەكێك لەبەشداربوونی كۆبوونەوەكە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت" نوێنەرانی شیعە، توركمان، سوننە، یەكێتی گرۆپە چەكدارەكانی ناو شەنگال هەموویان ئامادەبوون جگە لە پارتی نەبێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە راپۆرتێكی ووردیان ئامادەكردبوو لەسەر دۆخی شەنگال لەرووی ئەمنی، خزمەتگۆزاری، ئاوەدانكردنەوە، گەڕانەوەی ئاوارەكان و زۆر بواری دیەو ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیان كردووە.
هەروەها ئەوەشی خستەروو كە لە كۆبوونەوەكە زۆر بە ووردی باسیان لەدانانی ئیدارەیەكی نوێی قایمقامێكی بێ لایەنیان كرد كە بەلایەنی كەمی بۆ ماوەی ئەو شەش مانگەی كە ماوەدەست بەكاربێت تا حكومەتی نوێی عێراق پێك بهێنرێت.
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە "بە سەرۆك كۆماری عیراقمان ووت ناكرێت چیتر شەنگال بێ قایمقام و ئیدارە بێت، لە رێككەوتنی بەغدا وهەولێر بە روونی بە بەرهەم ساڵحمان ووت كە ئێمە كۆی بەندەكانی ئەو رێككەوتنەیە ڕەت ناكەینەوە بەڵام لە بابەتی دانانی ئیدارە و دەبێت بۆچوونی خەڵكی شەنگالی تێدا بێت".
لەبەرانبەردا بەرهەم ساڵح پێی راگەیاندوون كە بە ئەمانەتەوە داواكارییەكانتان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق تاوتویێ دەكەین بەمەبەستی جێبەجێكردنیان.
بەرهەم ساڵح پێشی راگەیاندوون:" زۆر جار لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق باس لە دۆخی شەنگال دەكەین".
نوسینگەی سەرۆك كۆماری عیراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كە نیگەرانیان دەربڕیووە ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی بەم دواییە لە شەنگال روداون، پێویست دەكات هەموو لایەنێك كار بۆ بەرقەراركردنی هێمنی شارەكە بدات تا خەڵك دڵنیا بێتەوە و ئاوارەكان بگەرێنەوە زێدی خۆیان".
لەلایەكی دیكەوە خودێدا چوكی ، بەرێوەبەری ناحیەی سنون بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەرلەسەرەتای دەست بەكاربوونی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری عیراق تا ئێستا لەگەڵیاندا هاوكارە و هەوڵ دەدات كێشەكان چارەسەربكات.
هەروەها وتی:" ئامانجی سەرەكیمان دانانی ئیدارەیەكی نویێ بۆ قەزایەكە دابنرێت، هەروەها كەسێكی سەربخۆ بكرێتە قایمقام جا ئەوكەسە لەناو هێزی ئەمنی دابێت یان شوێنێكی تربێت، دڵنیام سەرۆك كۆماری عیراق ئەوەی لەتوانای دابێت بۆ خزمەتكردنی شەنگال درێغی ناكات".