دایلۆگ
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕێبوار عارف
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، لای بەهادین عومەر ناسراو بە ڕێبوار عارف
بەر لەهەر شتێک ئەوە بڵێم سونەتی ڕێکخراوبوون و دروستکردنی کۆر و کۆمەڵ و گروپی جۆراوجۆری سیاسی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و هونەری، وەرزشی، ژینگە، ئاژەڵدۆستی و مرۆڤدۆستی باگروەندێکی گەلێک دێرینی لەم کۆمەلگایانەدا هەیە، دەیان هەزار کۆڕ و کۆمەڵ و رێکخراو تۆمارکراون. کە دیارە هەریەک لەم ڕێکخراوانە ئامانجێکی هەیە و وەڵام بە مەسەلەیەکی دیاریکراو دەداتەوە. هەندی جار تەنیا بۆ سەرگەرمی چەند کەسانێک ڕێکخراوێک دروست دەکریت.
ئەم دیاریدەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە و خەڵکەکەی هێشتا لە قۆناغی سەرەتایدایە؛ ئەگەر ئەم ساڵانەی دوای دەرفەتێک ڕەخسابێت چ بەهۆی کاریگەریەکانی ژیان و فەرهەنگی ئەم کۆمەڵگایە و چ بەهۆی گەشەی تەکنەلۆژیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، کە هاوکات ئەمانە لەپاڵ بزوتنەوەیەکی نوێخواز دەرفەتێکی زیاتر بۆ خۆلقاندوین.
لێرەوەیە دەبینین کە کاروانێک بەڕێکەوتووە و کۆمەڵگای ئێمەش دەستوپەنجە لەگەڵ ئەمجۆرە میکانیزم و ڕێکخراوگەلەدا نەرم دەکات. بەڵام ئایا گرفتی لاوازی پێکهینانی ئەم ڕێکخراوانە و ئەمجۆرە چەترانە لە چیدایە کە هێشتا لە ئاستێکی زۆر سەرەتایدایە لە ناو ئێمەدا.
دیارە ئەوەی کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی نائارام و پرتووندتیژیەوە هاتووین کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هێشتا ئایندە و چارەنووسی ئەو کۆمەڵگایە ڕۆشن نییە، بۆیە بەڕادەیەکی زۆر دەبینین کە جەستەمان لێرەیە و لێدانی ترپەی دڵمان لە شوێنێکیترە هەقیقەت ئەوەیە کە ناتوانین چاوبنووقینین لە ئاست ئەو هەموو کارەسات و ناعەدالەتی و نا بەرانبەریەدا.
ئەمە جگە لەوەی کە بەهۆی دەور و کاریگەری ئەو حزب و بزوتنەوانەی کە زۆرێکمان لە ڕابردوودا هاوکاربووین لەگەڵیاندا بەڕادەیەکی زۆر ئێستاشی لەگەڵدا بێت هێشتا کاریگەری لەسەرمان ماوە و هێشتا لە ڕابردوودا دەژین و جۆرەها ڕێگری بۆ خۆمان پەیدا دەکەین بۆ تێکەڵ بوون و ڕۆچوون لەم کۆمەڵگایانەدا کە دیارە هێشتنەوە و پاراستنی هەندی داب و نەریت و کلتوری ناشارستانی ڕابردوومان کارای زیاتریان هەیە لەسەر دروست بوونی ئەم قڵشت و خۆجیاکردنەوەیە.
بەدیوێکی تریشدا ئەوەش بۆ خۆی دروستە و تەواوکەری ئەم دۆخەیە، کاتێک کە دەبینیت بەهۆی کێشەی بێکاری و هاتنەخوارەوەی خزمەتگوزاریەکان و پەرەسەندنی نەژادپەرستی ئەم دابرانە قوڵتر و هەمەلایەنەتر دەکاتەوە؛ بۆیە ئیتر ئاسان نییە بیرکردنەوە لەوەی کە با پێکەوە لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتانە یان خەڵکی ولاتانی تردا پێکەوە لە جۆرێک ڕێکخراو فیدراسیونێکدابین.
کەواتە کارکردن بە میکانیزمی ئەم وڵاتە شتێکی ئیرادەگەری و ئارەزومەندانەیە، کەسانێک کە ئامادەن لە ڕێکخراوەکانی ئەم کۆمەڵگایە کار بکەن و یان بە میکانیزمەکانی کار بکەن دەبێت پێشتر شەری ئەو دابڕان و جیاکاریانە بکات کە ئەو دوورەپەرێز دەگریت لەم کۆمەڵگایە و دروستکەری جیاکاریەکی گەورە. دیوە پێچەوانەکەشی تەواکەری کارنامەی هەمان نەژادپەرستییە کە ئەویش ئەو تێروانین و ئەقلییەتە نەتەوەپەرستی و ئایینییە کە هەردووکیان وەک دوو دیوی دراوێک بەڕادەیەکی زۆر داتدەبریت لەم کۆمەڵگایە و سنوورەکانی جیاکاری فراوانتر دەکاتەوە.
گرووپێک کاتێک نەتەوەکەی خۆت پێ باشتر و مەزنتر و بێخەوشتر بێت لە هەر نەتەوەیەکیتر، کاتێک کە گرووپێک ئایین و ئایینزادەییەکەی خۆت بەلاوە پیرۆزتر بێت لە هەموو ئایینەکانیتر، ئەمانە خۆبەخۆ ڕێگریەکی گەورە دەبن لە ئاست گونجان و تێکەڵاوبوون و ڕۆچوونت لەم کۆمەڵگایانەدا.
هەربۆیە تۆ کاتێک ئایین و نەتەوەی خۆت خستەسەرو پیرۆزیەکانی هەویەتی ئینسانییەوە، ئیتر ئەوکاتە ژیانێکی هاوبەش و یەکسان بەلاوە ئاستەم ناممکینە، بەم مانایە تۆش وەک نەژادپەرستەکە هەر خوازیاری جیاکردنەوەی مرۆڤەکانی لەسەر بنچینەی نەژاد و ڕەش و سپی نا لەسەر بنچینەی نەتەوەەییبوون و ئیسلامبوون.
لێرەدایە هەموو ئەم جووڵانەوانە دەکەونە خانەیەکەوە هیچ جیاوازیەکیان نابێت ئەوە نەبێت کە ئاستەنگی و ڕێگری گەورە لەبەردەم جێکەوتنی ژیانمان و دەستگەشتن بە میکانیزم و نۆرمەکانی ئەم کۆمەڵگایانەدا دروست دەکات و ئەو کاتە بیرکردنەوە لەوەی کە لە ڕێکخراوێکی هاوبەشدابین کارێکی یەکجار مەحالە. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە خوازیاری چ جۆرە رێکخراو کۆمەڵەیەکین؟
ئەگەر ڕێکخراوێکمان دەوێت بۆ بارسوکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی ڕۆژانەمان، ڕێکخراوێک کە هۆکارێک بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانمان، بۆ پشتگیرکردن لە کێشەی ئەو هەموو پەنابەرانەی کە ساڵەهایە لە چاوەڕانیدا دەناڵن و یان بەدەست ئیقامەی( ب )وە دووچاری خراپترین بارودۆخ بوونەتەوە، ڕێکخراوێک کە بتوانێت هیچ نەژادپەرستێک قبوڵ نەکات، ڕێکخراوێک کە سەدان هاوزمانمان لە هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی بپارێزیت، ڕێکخراوێک کە سەرپانایەک بێت بۆ کەسانی گۆڕانکاریەک لە ژیانی ئەو مرۆڤە بەتەمەنانەی کە تەنیایی دووچاری خراپترین باری دەروونی کردوون، ڕێکخراوێک کە پشت و پەنایەکی گونجاو بێت بۆ دەستەبەرکردن کار و ئاشناکردنی کۆمەڵگا و یاساوڕێساکانی، ڕێکخراوێک کە بتوانێت کۆمەڵێک ئاسانکاری واقعی ئەنحام بدات بۆ باشترکردنی ژیانمان...
رێکخراوێک ئەگەر بتوانێت هاوکات بڵندگۆی دەنگی خەڵکی ئازادیخوازی هەرێمی کوردستانیش بێت سەنگەرێک بێت بۆ داکۆکی کردن لە ماف و ئازادیەکانیان، ئەوا بەبڕوای من جێگەی شانازی دەبێت بۆ هەر کەسانێک کە کاربکەن لە واها ڕێکخراوگەلێکدا. کە بەداخەوە ئەم مەیلە لەناو پەنابەراندا زۆر کەمە و زۆر جاریش ئەگەر جووڵانەوەیەکی لەم جۆرە لە ئارادا بێت ئەوا حزبە سیاسەکان هەوڵ دەدەن کە ئاراستەکەی بگۆرن و بیقۆزنەوە و بە پاساوی پێکهێنانی ڕێکخراوگەلێک کە بتوانێت (( ماڵی کورد)) ئاوەدان بکاتەوە، ئەوان شینەکەیان بۆ دەسکەوتەکانی پشت ئەم جۆرە ڕێکخراوانە دەکەن، چونکە ئەم حزب و دەسەڵاتە ساڵەهایە لە نانی سەر تەنووری ئەم ماڵی کوردە دەخوات و خەڵکەکەش هەر لە بێمافی کێشە و گیروفتەکانی ڕۆژانەیاندا ژیانیان تاڵتر دەبێت.
کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نموونەیەکی بەرچاوی ئەم ڕاستیەیە کە چۆن بەهۆی سۆز و هاوپیشتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە و لە ڕێگەی نیهاد و دەوڵەت و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانەوە سەروەت و سامانێکی باوەرنەکردنەیان دەستکەوتووە و کەچی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو ژمارەی قوربانیانی بریندارەکانی ئەو کارەساتە گەشتە ٨٠ کەس.
بەکورتی زاڵ بوون بەسەر ئەو پەراکەندەییەی کە باس کراوە یان سەردەرهێنان لە قۆزاخەکە بە حکومی دەور و نەخشی ئەم حزبانە بۆ شکڵپێدان و دروستکردنی ڕێکخراوگەلێک کە لە پاڵ جێخستنی ژیانی ئەم کۆمەڵگایانەماندا هاوپشتی کردنێکیش بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کارەکەی گەیاندۆتە ئاستانەی مەحاڵ و ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا بەدوای ئەو جۆرە ڕێکخراوەوەیە بن کە ئامانجەکانی خۆیانی تێدا دەپارێزن، ڕەنگە کێشەیان نەبێت بە چ ناوێکیەوەیە.
وەک باسمانکرد دیوێکی تری ئەم کێشانە دەوری ئەو جیاریانەی ترە کە لە ڕێگەی نەتەوەپەرستی و ئایینەوە دروست دەکرێن.
بەبروای من رەنگە ڕێکخراگەلێک هەبن بۆ هەندی کاری کلتوری یان نەورۆز و مەراسیمێکی پرسەگرتن و یادی هەڵەبجە هەوڵێک بدەن بۆ نان لێخواردن و ناو دەرکردنێک، بەڵام شتێکی جدیتر نابینریتەوە و نییە.
دوا ووتەم لەمبارەوە بەشێک لە دروست نەبوونی ڕێکخراوێکی سەرانسەری کارا ئەو کێشمەکێش و دەخالەت و دەست تێوەردانەی حزبە سیاسیەکانە کە دەیانەوێت بەبێ ئەوەی تەنانەت کەسە ناسراوەکانی خۆیان کاروباری ئەو ڕێکخراوانە بگرنە دەست، لە ڕێگەی دۆستایەتیکردنیانەوە کۆنترۆڵی بکەن و سنوورێک بۆ هەر جۆرە پێدرێژ کردنێکیان دابنێن.
سەرئەنجام بەبڕوای من گرنگ نییە ڕێکخراوێک چەند بچووک یا گەورەیە و تەنانەت چەند سەرانسەری یان لۆکاڵی پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانین ڕێکخراوێک دروست بکەین لەسەر بناغەی ئەو دوو ئەرکە هاوبەشە بێت، کە ئێمە پێشتر ئاماژەمان پێکرد واتە چ بۆ باشتر کردنی ژیانی ئێرەمان و چ بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
بۆیە ئەگەر بمانەوێت ڕێکخراوگەلێکی کارا و کارساز دروست بکەین دەبێت ئەو ڕێگریانە بناسین و ئامادەبین بۆ ڕاوەستانەوە دژ بەهەر دیاریدەیەک کە جیاکاری و پەروازەی و چوونە قۆزاخەوە قبوڵ دەکات.
بابەتی پەیوەندیدار
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەی کلتووری کاتی هاتووە
https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=477987082306375&id=117279928377094
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، لای وڵات نەهری (١)
https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=478335658938184&id=117279928377094
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، لای نزار کوێستانی (٢)
https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=478894532215630&id=117279928377094
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان لای بێساران ئەحمەد (٣)
https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=479200345518382&id=117279928377094
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، لای محەمەد عەزیزی (٤)
https://www.facebook.com/.../a.122367.../479397928831957/...
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، لای هیوا شوانی (٥)
https://www.facebook.com/.../a.122367.../479598592145224/...
پێکهێنانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، لای مەجید حەقی (٦)
https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=479977138774036&id=117279928377094 See less