هۆكارە سەرەكییەكانی زیادبوونیی حاڵەتەكانی كوشتن لەهەرێم چین؟
2 ساڵ لەمەوپێش
پارێزەر ئاوات خەیروڵڵا
جێبەجێنەكردنی سزای لە سێدارەدان و نەگەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن مافخوراو وایكردووە، تا بێت ڕێژەی تاوان لە ھەرێمی کوردستان ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات و دیاردەکانی کوشتن و خۆ کوشتن و تۆڵە سەندنەوە و تەقەکردن، ببنە ھەواڵیی ئاسایی ڕۆژانە. هەرچەندە، ئامانجی سەرەكیی یاسا لە كۆمەڵگەدا ڕێگریكردنە لە ڕوودانی تاوان و بە سزاگەیاندن و تەمبێكردنی تاوانكاران و چاوترساندنیانە، تا كەس بیر لە ئەنجامدانی تاوان نەكاتەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی ڕاگرتنی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان و نەگەڕاندەنەوەی ماف بۆ مافخوراو لە كاتیی خۆیدا، وایكردووە ڕێژەی تاوان و حاڵەتەكانی كوشتن زیادبكات، و هاندەر بێت بۆ تاوانكاران، كە تاوانی كوشتن ئەنجام بدەن، چونكە دەزانن كە لەسێدارە نادرێن.
سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە داداگاكان لە هەرێم بڕیاری لە سێدارەدان دەردەكرێن، بەڵام جێبەجێ ناكرێن!، ئەو هەموو لێبوردنە گشتیانەشی كە چوار ساڵ جارێك دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان كە بوونەتە نەریت دەردەكرێن، وایكردووە چەندان پیاكوژ و تاواناكار بێنەوە ناو كۆمەڵگە و هەمان تاوان دووبارە بكەنەوە.
ئەوە جگە لە دەسەڵاتی سەرۆكیی هەرێم لە دەركردنی لێبوردنی تایبەتی بۆ تاوانباران، كە پاڵپشت بە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005 لە ئەحكامەكانی ماددەی دەیەم بڕگەی شەشەم لە یاساكە ئەو دەسەڵاتانەی پێدراوە. بۆچی سزای لە سێدارەدان جێبەجێ ناكرێت؟ لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەك سزای لە سێدارەدانی ڕانەگرتووە، بەڵام بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ ناكرێت، بەهۆی موجامەلەكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نیشاندانی هەرێمە، وەكو وڵاتانی ڕۆژئاوا كە یاساكە جێبەجێ ناكات، بەڵام كاریگەرییەكانی جێبەجێنەكردنی بەتەواوی هەستی پێدەكرێت و كەچی هێشتا سەرۆكی هەرێم سوورە لە جێبەجێنەكردنی!!.
بەپێی یاسا بەركارەكان جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان پێویستی بە دەركردنی فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە، بەپێی ماددەی دەیەم بڕگەی حەوتەم لە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەو دەسەڵاتەشی پێدراوە و هیچ ڕێگرییەك نییە كە فەرمانی سەرۆكایەتی دەربكرێت بۆ جێبەجێكردنی تەوای بڕیاری لە سێدارەدانەكان، كە لە لایەن دادگای تاوانەكانی هەرێم دەردەكرێن. بەداخەوە لە هەرێم خەریکە سەرجەم سێکتەرە دادوەریی، یاسایی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان تێکدەچن و شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتییش لە مەترسیی جددی دایە. وەكو ئەوەی چۆن د.سادق زیباكەلام لە یەک سەرداندا بۆی دەرکەوت كە ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا لە چی کێشەیەكداین و وتی، باڵەخانەی بەرز و خێڵ و عەشیرەت و حیزب پێتان ناگەیەنێت و بگەڕێنەوە بۆ پەروەردە، بۆیە خۆتان بڕیاربدەن ئەو مەترسییانەی كە لەسەر "پەروەردە و یاسا" لەسەر هەرێمن و مەترسیی جددیین و لەولاشەوە درێژەدان بەم حاڵە چۆن وابەئاشكرا و بێ ترس كوشتن لەناوەڕاستی بازاڕەكان ڕوو نادات؟.