خەو״ی سەرکردەکانو رووخانی ئمپایەرەکان
ئەو خەوەی رێڕەوی مێژووی گۆڕی
2 ساڵ لەمەوپێش
بڵێسە جەبار فەرمان
خەونی گەورەی هیتلەر بەخەوی خۆی لەناوچوو. رایخی سێیەم یەکێک بوو لەئمپایەرە هەرە گەورەکانی مێژووی نوێ. ئەم ئمپایەرە چەندەها وڵاتی لەخۆگرتبوو. نوێترین چەکی ئەو سەردەمەی هەبوو، هاووڵاتیانی ئەوکاتی ئەڵمانیا بە ئایدۆلوجیەتێکی بەهێزەوە بۆ وڵاتەکەیان دەجەنگان.
خەونی هیتلەر دروستکردنی وڵاتێکی بەهێزی ئەڵمانی بوو لەهەمانکاتدا کۆلۆنیاڵی چەندەها وڵات بێت. رەچەڵەکی ئاریا زاڵ بکات بەسەر هەموو رەچەڵەکەکانی تردا. هیتلەر توانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تا باکوری ئەفریقاو بەشێکی زۆری خاکی روسیاش داگیربکات.
زۆرێک لەو بڕوایەدان کە هیتلەر کاتێک بەرەو روسیا بەڕێکەوت بەو رۆشتنە رووخانی ئێمپایەرەکەی خۆی واژوو کرد، بەڵام لە راستیدا گەر هیتلەر بیتوانیایە لەشەڕی نورماندی سەرکەوتووبێت هەرگیزو بەو خێراییە شکستی نەدەهێنا. ٧٠ ساڵ بەر لەئێستا گەورەترین شەڕ دەستیپێکرد کەمێژوو تا ئەوکاتە شەڕی وای بەخۆیەوە نەیبینیبوو. ئەم رۆژە لەمێژوودا بە D-Day ناودەهێنرێت. لە ١٩٩٤٤/٦/٦سەربازەکانی هاوپەیمانی ئەوکاتی دژ بە رایخی سێیەم لەسەعات ٤ی بەیانی لەکەنارە ئاوکانی وڵاتی فەرەنسا لەنۆرماندی دەستیان بەهێرش کرد.
بەشێکی زۆری سەربازانی هاوپەیمانان لەفڕۆکەوە بە پەرەشوت خۆیان هەڵدایە خوارەوە. سەربازە ئەڵمانیەکان باس لەوەدەکەن کە ئاسمان لەبەر پەرەشوتی سەربازان رەشی کردۆتەوە. لە لایەکی تریشەوە بە بەلەمی جەنگی بچووک سەربازەکان لەکەشتیە سەربازیەکانەوە دەگوازرانەوە بۆ کەنار دەریا. زیاتر لە١٥٦ هەزار سەرباز لەو رۆژەدا گەیشتنە کەنارەکانی نۆرماندی، ٧٠٠٠ کەشتی لەو هێرشەدا بەشداربوو هەروەها ١١ هەزاو ٥٠٠ فڕۆکە. "OK, leat's go" بەم رستەیە ئایزنهاوێر "Eisenhower" سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا هێرشەکانی نۆرماندی دەستپێکرد. سەربازە ئەڵمانیەکان لەناو سەنگەرەکان خۆیان حەشاردابوو، چەکی قورسیان پێ بوو بۆ رووبەڕووبونەوەی سەربازانی هاوپەیمان. هاوپەیمانەکان کە لەئاسمانەوەو لەدەریاوە دەگەیشتنە کەنار دەریا دەرفەتی خۆحەشاردانیان نەبوو. بەو جۆرەش رووبەڕووی فیشەکی ئەڵمانەکان دەبوونەوە. ئەڵمانیا تازەترین جۆری زرێپۆشی هەبوو ئەم زرێپۆشانە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی هیتلەر بوون. لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکان فەرماندە ئەڵمانیەکان داوای روخسەتی بەکارهێنانی زرێپۆشەکانیان کرد. بۆ ئەو مەبەستەش چەندەها بروسکەیان کرد بۆ نووسینگەی هیتلەر.
لەبروسکەکاندا داوای دەستبەجێ بەکارهێنانی زرێپۆشەکانیان دەکردو لەئەگەری بەکارنەهێنانیان مەترسی بەدۆڕانیان دەخستەڕوو، بەڵام لەوکاتەدا کەبەرەبەیان بوو هیتلەر لەخەوێکی قوڵدا بوو. هیچ کەسێک بوێری بەخەبەرهێنانەوەی هیتلەری نەدەکرد.
سیڤین ئمبروز مامۆستا لەزانکۆی نیوئۆلنز لەبابەتێکی دا بەناوی "ساحلەکانی ئۆماها" باس لەو خەوی هيتلەرو گۆڕینی رێرەوی مێژوو دەکات. جیهانی ئەمڕۆ بەچ چەشنێک دەبوو گەر ئەڵمانیا جەنگی جیهانی دووەمی ببردایەتەوە. گەر یەکێک لە هاوکارەکانی هیتلەر بوێری لەخەوهەڵسەتاندنی هیتلەریان هەبووایا. گەر هێزی ئەڵمانیا زرێپۆشەکانی بەکاربهێنایە هاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی سەربازانیان لەسەنگەرەکانیانەوە ئەوا هەرگیز هێزی هاوپەیمانی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و کەنەدا نەیدەتوانی پێ بخاتەسەر کەنارەکانی نۆرماندی. ئەوە دەستپێکی شکستی سەربازی رایخی سێیەم بوو، خەونی گەورەی هیتلەر بەخەوی خۆی لەناو چوو.
هەموو رووداوێکی مێژوویی وانەیەو دەبێت دەرس لێوەربگیرێت. لەم باسە مژووییەوە دەمەوێت وێنەی رووداوەکانی مێژوو بگوێزمەوە بۆ کوردستان و باسی لای خۆمان بکەم. لەم هەرێمەی ئێمەدا زۆرێک لە سەرکردەکان لەناو کۆشکەکانیاندا خۆیان حەشارداوەو دابڕاون و بەئاگا نین لەکێشەو گوزەرانی خەڵک. ئەوان لەخەوی غەفڵەتدان و کە بەخەبەریش دێن، دروشمی بێ عەمەل و کۆن دەفرۆشنەوە بەمیللەت، ئەوان بێئاگان لەوەی ئاسۆی هاووڵاتیان بەسەدان قەیران تاریک بووە. هاووڵاتیان لەتاو قەیران و نادادپەروەری لەدابەشکردنی سەروەت و سامان چیتر لەسەنگەری پاراستندا نابن. دروستکردنی دوژمنی وەهمی بۆ خۆدزینەوە لەچارەسەرکردنی قەیرانەکان، قەیرانەکان زیاترو زۆرتر ئەکات. کوردستان لەدۆخێکی قورس و سەختایە دۆست بەدەست ئەزموونەکەوە نەما چونکە دیموکراتیەت پاشەکشەی کردو گەندەڵی زیاتر بوو، ژیانی هاووڵاتیان خراپتر بووە. هیوای گەنجەکانی بەهەرێم زۆر زۆر دابەزیوەو تائاستی نەمان. بڕیاربەدەستانی کوردستان یان خەوتون و یان خۆیان بێ خەبەر دەکەن لەبارودۆخی سیاسی ئەزمونی کوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان. یەکێکی بوێرو زەنگێکی بەهێز پێویستە کەسەرکردەکان لەخەو هەستێنێت پێش داڕمانی تەواوەتی هەرێم.