بازگەكانی كوردستان لەنێوان بوونو نەبووندا
بەڕێز: سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر رێواز فایەق
2 ساڵ لەمەوپێش
عومەر عینایت
راستیەكی حاشاهەڵنگرە بۆ پاراستنی قەوارەی دەوڵەت و دەسەڵاتە شەرعیە هەڵبژێراوەكان یان سەپێنراوەكان پەنا دەبرێت بۆ دامەزراوەگەلێكی وەك (سوپا، پۆلیس، هەواڵگیری، ئاسایش، هەواڵگیری......) لەهەندێ وڵاتدا كە لەباری جەنگی ناوخۆو هەڵگەڕانەوەی شارستنی (العصیان المدنی)دا بێت، بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكەو سەركوتكردنی نەیارەكانی دەسەڵات و دەوڵەت پەنا بۆ چەندین رێگای جیاواز دەبەن وەك راگەیاندنی باری نائاسایی (الحكم العرفی)، كۆنترۆڵكردنی شارو شارۆچكەو رێگای نێوان شارەكان بە بازگەی سەربازی یان بازگەی دامەزراوە ئەمنیەكان، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە بارودۆخەكە ناسەقامگیرە.
لە هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەم جۆرە كۆنترۆڵكردنە لەمێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلولەوە بووەتە دیاردە، دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق پەیڕەویان كردووە، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلی كورد لە رۆژهەڵات و لەباكور هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا بە راگەیاندنی باری نائاسایی( الحكم العرفی) و دانانی بازگە لەو ناوچانە پەیڕەو كردووە بە ئێستاشەوە كە شەڕو پێكدادان لەنێوان شۆڕشگێڕەكان و سوپاو دەزگا ئەمنیەكانی ئەو دوو وڵاتەدا روویداوە تا رادەیەك پەنا بۆ دانانی بازگە دەبەن، بەڵام هەرگیز وەك ئەوە نەبووە كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێڕاق لەماوەی نیو سەدەی دەسەڵاتی خۆیاندا بەسەر بەشێك لە باشووری كوردستاندا پیادەیان كردووە، بەتایبەت دانانی بازگەی سەربازی بەشێوەیەك كە لەهەموو دەروازەی شارو شارۆچكەكاندا هەبووە، ئەوەی زۆر سەیرو سەمەرەیە ئەم دیاردەیە بە تایبەت دانانی بازگەی دەروازەی شارەكان دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان و راماڵینی ئەو رژێمەی كە لەڕێگەی بازگەكانەوە سەركوتی گەلی كوردستانیان پێدەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان شوێن هەمان رێچكە كەوتن بەزیادیشەوە، نەك تەنها لە دەروازە سنورییەكان و دەروازەو دەرچوونی شارو شارۆچكەكان بەڵكو لەسەر رێگای گوندەكان و ناو شارەكان بازگەیان زیاتر كرد، لە ناو شارەكاندا بۆ هەموو بەرپرسێكی لەئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرەو سەر، بۆ ماڵی وەزیرەكان بەرپرسە سەربازییەكان، لەبەر ماڵەكانیاندا قولەیەك یان زیاتر، لەگەڵ بەربەستێكی كۆنكریتی یان بەربەستێك بە بۆری ئاسن، هاتوچۆی خەڵكی ئاساییان لەسەدان كۆلان و شەقام قەدەغەكردووە، بوونە بەربەست لەبەردەم ئەوانەی هاتوچۆی ئەو گەڕەكانە دەكەن، پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان مافی دەسەڵاتەو خواستی خەڵكیشە، هیچ كەس نكوڵی لەم راستیە ناكات، بەڵام وەك دەڵێن هەموو شتێك بەخوێ و خوێش بە مەعنا، بوونی بازگە بۆ ئەوەی باری ئاسایشی هاووڵاتیان بپارێزێ نەك ببێتە مایەی بێزاركردنیان، وەك ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەگوزەرێ، بووەتە بەشێك لەژیانی خەڵك و سەرباری ئەو هەموو نەهامەتیانە كە لەسەری راهاتوون، بازگەش بووەتە چمكێكی لەزیادكردنی نەهامەتیانەی بەردەكەوێت.
لەسەردەمی رژێمی بەعس بازگەكان، بە دوو تا سێ یان چوار سەربازو ئەمن و ئیستیخبارات لەژێر خێمەیەكداو بەدانانی بەربەستێكی ئاسایی كۆنترۆڵی ئەو خاڵەیان دەكرد كە مەبەستیان بوو، بەداخەوە ئێستا زۆربەی بازگەكان بینای گەورە گەورەیان بۆ دروستكراوە، رووبەرێكی زۆر بەجەمەلۆن سەرپۆشكراوە، وەك فەرمانگەی هاتوچۆ و گومرگ، ئاسایش و نشینگە مامەڵە لەگەڵ هاتوچۆكەران دەكەن، بە تەواوی بوونەتە مایەی بێزار كردن و تووڕەكردنی خەڵكی ئەم هەرێمە و میوانە بیانیەكان و ئەوانەی لەوڵاتانی دەروجیرانەوە دێن و بەوانەشەوە لە ئەوروپاو ئەمریكاو ئاسیای دوورەوە دێن، بەپێی ئەزموونی خۆمان لەگەڵ دیاردەی بازگەكان گەیشتوین بەو راستیەی كە ئەم بازگانە لەڕووی پاراستنی ئاسایشەوە كاریگەریان زۆر كەمە، ئەوانەی سەرپێچی یاسا دەكەن و یاسا شكێنن چۆن خۆیان دەدەن لە خاڵێكی پشكنین (بازگە)؟! كە سوور بزانن لەو شوێنە كۆنترۆڵ دەكرێن، بۆیە ئەوانەی یاسا دەشكێنن ئەتوانن رێكەوتنی پێشوەخت بكەن لەگەڵ هەندێ لە بەرپرسانی بازگەكان یان دەیان رێگای جۆراوجۆر پەیدا دەكەن بۆ ئەوەی مەرامەكەی خۆیان بەدیبێنن بێئەوەی بە بازگەكاندا تێپەڕن.
بۆ كۆنترۆڵكردنی باری قاچاغ پۆلیسی گەڕۆكی گومرگ پێویستە، نەك بازگەی جێگیر، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی هەرێم، مەفرزەی گەشت و كۆكردنەوەی زانیاری، هەواڵگیری گڕنگە نەك بازگەی جێگیر، لەسەر هەموو ئەمانەوە هاوكاری و هۆشیاری هاووڵاتیان لەهەمووی گڕنگترە، بەشێوەیەك كە هەموو هاووڵاتیەك خۆی بەئاسایش و پۆلیس بزانێ ئەمەش كەی روودەدات كاتێك دادی كۆمەڵایەتی پیادە بێت و ئەرك و مافی تاكی كۆمەڵگە دیاریكراوبێت، لەدەروازە سنورییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت بۆ ئێمەی كورد كە بەچەندین رژێمی نەیار بەقەوارەی كوردستان دەوردراوین (بازگەی پۆلیس و ئاسایش و سەربازو گومرگ) گرنگە تا رێگە لەهەموو كەرەسەو بوونەوەرێكی نەخوازراو بگرن كە بەنیازبن بەمەبەستی تێكدان و خراپەكاری دزە بكەنە ناو باشووری كوردستان، بەڵام پاش دەربازبون لەسنوور، ئیتر مانایەك بۆ بازگە نامێنێ جگە لەبێزاركردن و بەفیڕۆدانی كاتی هاووڵاتیان و میوانەكان، خەرجكردنی بێسوود لەدروستكردنی بازگە و ئەوانەی لە بازگەكان دەوام دەكەن، سەرنجی هەموو ئەوروپا و تەنانەت ئێران و توركیاش بدەن كە لەسنوور چوویتە ژوورەوە ئیتر شتێك نییە بەناوی بازگە، كاتێك لە باشماخ و برایم خەلیل ئاودیو دەبیت، لەماوەی رێپێدراو بۆ مانەوەت دەبیتە هاووڵاتی ئەو وڵاتانە وەك خۆیان مامەڵەت لەگەڵ دەكەن، بەڵام لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان كاتێك هاووڵاتیەكی ئێرانی لەباشماخ و حاجی هۆمەرانەوە دێتە ئەمدیو، بەلای كەمەوە لەچوار بازگەی دیكەدا لێپێچینەوەی لێدەكرێ، ئەم بازگە متمانەی بەویتر نییە (یان نایەوێت متمانەی هەبێت)، داخوازییەكانیان بەپێی هەواو هەوەسی بازگەوانە، پۆلیسی هاتوچۆ هەیە، پۆلیس پیادە لەوێیەو ئاسایش سەرباری هەموویانە، پۆلیسی گومرگ كۆنتڕۆڵدەكات لەكاتێكدا ئەركی پۆلیسی گومرگ لەسەر سنوورە، باس لە دەزگا حزبیەكان ناكەین، كە هەیمەنەی خۆیان بەسەر ئەو بازگانەدا سەپاندووەو قسەی كۆتایی ئەوان دەیكەن.
كاتێك لەئەڵمانیاوە دەچیتە نەمسا یان بۆ هەر وڵاتێكی یەكێتی ئەوروپا وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقا، تەنانەت وڵاتە عەرەبیەكانیش لەبەر نەبوونی هیچ بەربەستێك هەست بە پەڕینەوە لە سنوور ناكەیت، مەگەر بەگۆڕینی رەنگ و تابلۆی هێماكانی هاتوچۆ هەست بەوە بكەیت تۆ لەوڵاتێكی دیكەیت، لەنێوان هەولێرو سلێمانی ئەبێ وەڵامی شەش بازگە بدەیتەوە ( سیانی سەوز سیانی زەرد) ئەم چ جۆرێكە لەحوكمڕانی؟
رەنگدانەوە نەرێنییەكانی بوونی بازگەی نێوان شارەكان:-
-دواكەوتن و بەفیڕۆدانی كاتی هاووڵاتیان، كارمەندەكانی حكومەت
-بێزاری هاووڵاتیان و شۆفێرەكان
-سوتاندنی بڕێكی زیاتر لە سووتەمەنی لەئەنجامی وەستان لەبازگەكانداو نەكوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان (ئەگەر لەبازگەیەكدا پێنج خولەك ئۆتۆمبێلێك بوەستێت یەك لیتر بەنزین كاردەكات، ئەگەر رۆژانە 10 هەزار ئۆتۆمبێل لەو بازگەیەوە گوزەر بكەن، ئەوا پەنجا هەزار لیتر بەنزین لەپێنج خولەكدا بەفیڕۆدەچێت...سەرنجی پیسبوونی ژینگەو زیانی ماددی بوونی یەك بازگە بدەن لەپێنج خولەكدا).
-مەترسی تووشبونی ئەوانەی كە بەردەوام لەبازگەكاندا دەمێننەوە بەنەخۆشی ترسناك لە ئەنجامی هەڵمژینی بەردەوامی ئەو گازە كوشندانەی لەئەكسۆزی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلە بچووكەكانەوە دەردەچێت.
-بەفیڕۆچوونی توانای مرۆیی هەزاران پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەو كارمەند كە لەم بازگانەدا دەوام دەكەن.
-تێكچوونی رێگاوبانەكان لەئەنجامی بوونی تاسەو وەستانی كتوپڕی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگڕەكان هاتوچۆ بەسەر یەك رێڕەودا چەندبارە بوونەوە (Repetition) روودەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی (گۆل) (Rutting) شەپۆل (Waves)، تێكچوون (Failure)
-لەئەنجامی تێكچوونی جادەوبانەكانی لەپاش و پێش لەناو بازگەكان پەنا براوەتە بەر گۆڕینی جادەكان لە ئەسفەڵتەوە بۆ كۆنكرێت، جادە ئەسفەڵتەكە هەڵوەشێنراوەتەوەو جادەی كۆنكریتی لەبری دروستكراوە، بەم شێوەیە تێچوونی جادەكە دوو هێندەو سێ هێندە زیاتر دەبێت
-وەستانی لەناكاوی ئۆتۆمبێل و پێكدادانیان، بەهۆی ئەو تاسانەی لە پێش بازگەكانەوە دروستكراون.
-دروستبوونی شەڕو ئاژاوەو برینداركردن و تەنانەت كوشتن لەئەنجامی بەریەكەوتنی هاووڵاتیان و كارمەندەكانی بازگەكان یان هاووڵاتیان لەناو خۆیاندا بەهۆی نۆرەبڕینی یەكتر بۆ دەربازبوون لەبازگەكە
-ئەوەی زیاتر بووەتە بارگرانی و دیاردەی دروستكردنی (مسقفات) سەرپۆش (جەمەلۆن) و بینای گەورە لە بازگەكاندا كەهەریەكەیان وەك دامەزراوەیەكی لێهاتووە و بەسەدان ملیۆن دینار لەم بازگەكاندا خەرج دەكرێت (سەرنجی بازگەكان دەرەوەی سلێمانی و هەولێر بدەن) ئەمانە بازگەی نێوان دوو وڵات، دوو كیشوەر؟! یان بازگەی نێوان دوو شاری یەك هەرێمی بچووكن؟! ئەگەر تێچونی بازگەیەك كە سەقفە جەمەلۆنەكەی 50x30م2 بێت بە نموونە وەربگرین و هەر یەك مەتر دووجا بە 150 دۆلار بێت، دەكاتە 225000دۆلار واتە (330 ملیۆن دینار) جگە لەخەرجی بیناو پێداویستیەكانی دیكە، دەكرێت بەم پارانە (كە هیچ شوێن ناگرن، جگە لەبێزاركردنی هاووڵاتیان و میوانەكان) پڕۆژەی خزمەتگوزاری گوندێك شارۆچكەیەك جێبەجێ بكرێت
-لەبازگەكاندا دەوام بیستوچوار سەعاتە، كەواتە سێ وەجبە كارمەندی پێویستە بەپێی مەزەندەی ئێمە لەهەرێمی كوردستان 200 بازگە هەیە، ئەگەر هەر بازگەیەك لەیەك شەفتدا 10 كارمەند كاری تێدا بكات، بۆ سێ شەفت دەكاتە 30 كارمەند كەواتە لەهەرێمی كوردستان 6000 كەس بەلای كەمەوە لەبازگەكاندا كاردەكەن، جگە لەو بازگانەی كە لەكۆڵان و بەردەم بارەگاو ماڵی بەرپرسەكاندا هەن و رێگەی هاتوچۆی خەڵكیان بڕیوە (ئەگەر بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم ژمارانە بكرێت زیاتر لە 25 هەزار تا 50000 هەزار كارمەندە پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە) كاریان تەنها لە بازگەكاندایە.
-بێزاری گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێ و ناوەڕاست و خواری و عێڕاق لەزۆری خاڵەكانی پشكنین و لێپێچینەوە لەگەڵیان لەزیاتر لەیەك بازگە، ئەمەش وادەكات لەبری هاندانیان بۆ دووبارە هاتنەوە بۆ كوردستان و هاندانی ئەوانیتر، خۆشیان سەردانەكەیان دووبارە نەكەنەوە
-دواكەوتنی هەندێ نەخۆشی بەپەلەو مەترسی گیانلەدەستدانی بەتایبەت لەكاتی زۆری ترافیك و وەستانی ئۆتۆمبێل بەچەند ریزو بەمەودای چەند سەد مەتر لەبازگەكاندا، بەشێوەیەك هەندێ جار ئەمبولانسیش ناتوانێ بەئاسانی دەربازببێت
-بوونی رێگای ئازاد(Free) بۆ بەرپرسە حزبی و ئیداری و سەربازییەكان، لەبازگەكاندا دەبێتە هۆی بێزاری هاووڵاتیان و بەشێوەیەك كەهاوڵاتی ئاسایی لەبازگەكاندا وەك هاووڵاتی پلە دوو رەفتاری لەگەڵ دەكرێت و بەرپرسەكان وەك پلە نایاب، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاری و توڕەیی هاووڵاتی ئاسایی و كەمكردنەوەی ئینتیمای هاووڵاتی بۆ خاك و نەتەوە
-هەندێك لەو پۆلیس و ئاسایشانەی لەبازگەكان كاردەكەن ئاستی رۆشنبیرییان لاوازە، رەفتاری ناشیرین لەگەڵ هەندێك لەهاتوچۆكەران دەكەن، دەبێتە هۆی بێزاری و تووڕەیی خەڵكە ئاساییەكە
دەرئەنجام:
-بازگەكانی نێوان شارو شارۆچكەو بەردەم ماڵ و بارەگای تایبەتی بەرپرسەكان لەكۆلان و گەڕەكەكان دیاردەیەكی ناشارستانیە، كۆمەڵگە دەكاتە كۆمەڵگەیەكی سەربازی تۆقێنەرو جۆرێكە لەپێشێلكردنی مافی هاووڵاتی، بەهۆی كەس یان شمەكی گومانلێكراو خەڵكانی تر كە هاووڵاتی دڵسۆزی ئەم نیشتیمانەن باجەكەی دەدەن، باشترە ئەم بازگانە (جگە لەبازگەی دەروازە سنورییەكان و بازگەكانی نێوان هەرێم و دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند) لاببرێن و حكومەتی هەرێم دەتوانێ لەڕێگای دەزگا پۆلیسی و سەربازی و ئەمنیەكانیەوە، شوێنپێی سەرپێچیكاران هەڵبگرێت و بیانداتە دادگا، لەكاتی پێویستداو لەهەر شوێنێك بیەوێ بازگەی كاتی دابنێت.
-ئەگەر بوونی ئەم بازگانە بەپێویست دەزانن ئەكرێت بازگەكان هەبن و بچووكتر بكرێنەوە لەڕووی سەرچاوەی مرۆییەوە، بەتەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە رابگرن كە گومانیان لێدەكەن و بیانبەنە كەنارەوەو مامەڵەی یاساییان لەگەڵ بكەن، بەشیوەیەك نەبێتە مایەی وەستانی ئەوانیتر.
لەكۆتاییدا داوا لەبەڕێز سەرۆكی پەرلەمان دەكەم كە لەڕێگەی لیژنە پەیوەندیدارەكانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكرێت (لیژنەیەكی كاتی بۆ دروستبكەن) بۆ ئەوەی لە راستی و دروستی ئەم راپۆرتە بكۆڵنەوە، پێمان بڵێن ئایا بوونی ئەم بازگانە سوودیان چییە؟ ئایا لابردنیان باشترە یان مانەوەیان؟ ئایا بوونی ئەم بازگانە ئەوەندە گرنگن ئەو هەموو خەرجییە داراییەو ئەو هەموو مرۆڤە كاری تێدابكات، یان بوونەتە شوێن بۆ پەیداكردنی كار بۆ ئەوانەی كاریان نییە؟!
تێبینی:
من پێشترو لەخولی چوارەمی پەرلەماندا ئەم بابەتەم وروژاندو داوام لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كرد كە بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ تاووتوێی ئەم بابەتە بكەن، بۆ ئەوەی بگەنە ئەو قەناعەتەی كە بوونی ئەم بازگانە زیانی زیاترە لەسوودی و بەشێوەیەك لەشێوەكان چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزنەوەو ئەم سیما ناشیرینە ناشارستانیە كۆتایی پێبهێنن، بەداخەوە دەرگای هۆڵی پەرلەمان بۆ ماوەیەكی زۆر كڵۆمكراو بیرۆكەكەی منیش چووە خانەی لەبیركراوەكان
ئێستا كە من چۆن بابەتەكەم لا زیندوو بووەوە هۆكارەكەی لەوەوە سەری گرت كاتێك گوێم لەبەڕێز (هاوڕێ مەلا ستار) بوو لەدوا دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا لەهۆڵی پەرلەمان ئەم بابەتەی وروژاند، هەروەها جێگری سەرۆكی حكومەتیش بۆچوونێكی لەوبارەوە دەربڕی، بەندەش ناچاربووم لاپەڕە كۆنەكانی ئەرشیفی خۆم هەڵبدەمەوەو ئەم بابەتە سەرلەنوێ بخەمە بەردەست و بینێرمە لای جەنابتان بەو هیوایەی سوودی هەبێت
لەگەڵ رێزی
عومەر عینایت حەمەسەعید
ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان
ئەندامی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان
6/6/2022