ديالۆگى مەسرور بارزانىو رۆژنامەنووسان
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەنوەر بازگر
لەدوايین ديدارى نێوان سەرۆكى حكومەت و هەندێك رۆژنامەنووس، (كەهەندێكيان رۆژنامەنووس نەبوون)، ديدارێكى باش بەڕێوەچوو.
قسەى بەشێك لەڕۆژنامەنووسان بەتايبەتى سەربەخۆو ئەهلييەكان زۆر باشبوو، لەوەش باشتر زۆر لەقسەكان پەخش كران و خەڵكى گوێى لێبوو.
چەند مانگ لەوە پێش، ئێمەش وەكو سەنديكا، سەرۆكى حكومەتمان بينى، من بەش بەحاڵى خۆم قسەى زۆرمكرد كەهاوڕێكانم دەزانن.
سەرەتا وتم: گەر لێم بپرسيت لەكارى رۆژنامەنووسى لەهەرێم رازيت؟ دەڵێم «نا»، وتم: ئەگەر لێم پرسى ئازادى هەيە، دەڵێم «بەڵێ، بەڵام رێكنەخراوە».
پاشان سەبارەت بەكەيسى رۆژنامەنووسانى بادينان وتم: هەقە بەڕێزتان بڕيار بدەن، ئەوانە ئازاد بكەن، سەرۆكى حكومەت وتى: ئەوانە ئەندامى سەنديكان؟ نەقيبى رۆژنامەنووسان زوو وتى: نەخێر.
سەرۆكى حكومەت وتى: گرفتى سەنديكا ئەوەيە، بە هەموو كەس دەڵێن «رۆژنامەنووس»، پاشان ئەوانە لەسەر كارى جاسوسى و ئاژاوە .... گيراون.
من وتم: هەق وابوو نوێنەرى ئێمە لەو دانيشتنە هەبوايە بۆ سەلماندنى دۆسيەكانيان، بەهەرحاڵ سەرۆكى حكومەت وتى: ئازاد ناكرێن و زۆر قسەيكرد لەسەر ئەو كەيسە.
پاشان ئەو وتى: زۆر نيگەرانم لەبارودۆخى رۆژنامەنووسان، بەڕاستى فەوزايە، ناواقيعييە و زۆرينەى زانيارييەكان ناڕاست، جوێن و تەشهيرە.
منيش وتم: ئەوە راستە ميديا و سۆسيال ميديا بووەتە فەوزا، بەڵام خۆ زۆرينەى ميدياو سۆسيال ميدياى كوردستان بەدەست پارتى و يەكێتييەوەيە، زۆرێكى تريش سێبەرن، خۆ هەمووى ئێوە پارەيان پێ دەدەن و سەپۆرتيان دەكەن.
ئەو وتى: رەنگە پێش من پارە درابێت، بەڵام دڵنيابە من پارە نادەم.
سەرۆكى حكومەت وتى: باشە مەعقوولە من دوو ساڵە كاردەكەم، كارێكى باشم نەكردوە؟ دوو رۆژنامەنووس ناڵێت «ئەوە باشەو جێگەى دەستخۆشييە».
وتم: بۆ نا، زۆريش نووسراوە بۆ پشتيوانى لەكارى باش، رەنگە تۆ نەتبينيبێت.
لەبەشێكى ترى قسەكانماندا، ئەو وتى: خەڵك بەهەڵە لەئازادى تێگەيشتووە، من وتم: ئازادى باشە، بەڵام رێكبخرێت و كار بەياساى رۆژنامەنووسى بكرێت، ئێوەش دەبێ كار بەياساى رۆژنامەگەرى بكەن و رۆژنامەنووس سوكايەتى پێنەكرێت، ئەو وتى: بەلاى ئێوەوە لە سلێمانى هەر كەس جوێن بەپارتى بدات، ئێوە بەئازادى دەزانن.
من وتم: هەر كەس جوێن بدات، ماناى ئازادى نييە، ئەو وتى: چەند رۆژنامەنووس هەيە لەكوردستان؟ من وتم: تەنها لەسەنديكا نزيكەى (8000) كەس ئەندامن جگە لە دەرەوە، بەگشتى دەگاتە (15000) كەس، ئەو وتى: توخوا ئەوە راستە، كوردستان ئەو هەموو رۆژنامەنووسەى تێدايە؟!
من وتم: هيچ كەس بەبێ پشتگيرى كەناڵى راگەياندنى يەكێتى، پارتى و حزب نەكراوە بە ئەندام.
بەڵام ئەو راستى كرد، ئاخر خۆ سەنديكا دەيتوانى ئەو رێژەيە رابگرێت و پێداچوونەوەى بۆ بكات و كەمبكرێتەوە بۆ (1500) كەس، كە ئەو پێشنيارانە لەكۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەنديكا هەيە، بەڵام هەميشە نەقيب دژ بووەو هيچ هەنگاوێكى بۆ ئەو كارە نەناوە.
سەبارەت بەو قسەيەى سەرۆكى حكومەتيش، كە دەڵێ «من پارە نادەم بەڕۆژنامەنووس (لەقسەكەى من باش تێگەيشتبوو، كە دەڵێم چى)»، واتا پارە بەو رۆژنامەنووسانەى كە بەپارە جوێن دەدەن و سوكايەتى بەخەڵك دەكەن و كار لەسەر شكاندنى كەسايەتى حكومى، حزبى و بزنسمان دەكەن بەهاندانى كەسانى تر، يان ئەو رۆژنامەنووسانەى كە هەندێكجار بەخۆيان دەڵێن سەربەخۆ، بەڵام لەژێرەوە بە دزييەوە پارە لەيەكێتى و پارتى وەردەگرن، يان ئەجێنداى وڵاتێكى دراوسێ جێبەجێ دەكەن.
ئەو وتى: پارە نادەم، بەڵام من نازانم چەندە دەيدات يان نا!
بەڵام دەبێ سەرۆكى حكومەت ئەوەش بزانێت و بپرسێ، پارەيەكى زۆر دەدات بەهەندێك شوێن و جێگە، وەكو سەنديكاى رۆژنامەنووسان، كەچەند ساڵێك مانگانە (100) مليۆن دينارى پێدەدرا، ئێستاش مانگانە (30) مليۆن دينار وەردەگرێت، ئەى سەرۆكى حكومەت نابێت بزانێت ئەو چەند (مليار) دينارەى هاتۆتە سەنديكا چۆن سەرفكراوەو چى لێهاتووە؟ ئايا ئەمە پارە پێدان نييە؟ كاتێك شوێنى هيچ ناگرێت، نابێت چاكسازى تێدا بكرێت؟
هۆكارى زۆرە لەداهاتوودا زۆرتر روونى دەكەمەوە، گەر سەرۆكى حكومەتيش ويستى دەتوانم پێى بڵێم چۆن و بۆچى؟
بەڵام قسەكە ئەوەيە، ئەو ديدارەى نێوان رۆژنامەنووسان و سەرۆكى حكومەت، هەنگاوێكى باشە بەمەرجێ، خەڵكانێك بانگ بكرێن و قسە بكەن نەك ماستاو، رەئێ بڵێن، نەك ترسنۆك يان بێ فاكت و بەڵگە قسە بكەن.
بەڵام خۆزيا ئەو ديدارەى نێوان ئێمەو سەرۆكى حكومەتيش بڵاوبكرێتەوە، تا هاووڵاتييان بزانن، كە چى وتراوە و چى باسكراوە.
من دەستخۆشى لەو چەند رۆژنامەنووسە چالاكانەى هەرێم دەكەم، كەقسەى دڵى هاووڵاتيانيان كردووە.