هاوڵاتی؛ داهاتی شەش مانگی دەروازەی پەروێزخان ئاشكرا دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی دەروازەی پەروێزخان مانگانە 19 ملیار دینار بووەو بۆ خزمەتی گەرمیان بەكارناهێندرێت، دەشڵێت:» رۆژانە 250 بۆ 300 بارهەڵگر و تەنكەری نەوت دەڕواتە دەرەوەی سنور، بەپێ زانیاری ئێمە نەوتی خاوەو پشكنینی بۆ ناكرێت».
ساڵی رابردوو داهاتی مەرزی پەروێزخان نزیكەی 240 ملیار داهاتی هەبووە، واتا مانگانە 21 ملیار داهاتی هەبووە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا مانگانە مەرزی پەروێزخان 19 ملیار دیناری داهاتی مانگانەی هەبووە، واتا لەكۆی ئەم شەش مانگانە دەگاتە نزیكەی 114 ملیار دینار.
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەشی خستەڕوو كە لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا 22 ملیار دینار داهاتی هەبووە، بەڵام لەمانگەكانی 5 و 6 دا كەمبووەتەوە بۆ 19 ملیار دینار، «بەكۆی گشتی دەتوانین بڵێین مانگانە 19 ملیار دینار داهاتی هەبووە لەم شەش مانگەدا».
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەئێستادا جوڵەی بازرگانی كەمی كردووەو ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی كۆمەڵێك» كۆمپانیای مشەخۆری ناپێویست» بەناوی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن لەشۆفێران و بارهەڵگرەكان كە بەناوی «بیمە، قەپان، كۆنترۆڵی جۆری، تەعقیم كردن، مەنەفێست، كۆنترۆڵی جۆری و پشكنینن» هەموو ئەمانەو باجی گومرگی زۆر بارگرانی بۆ بازرگانان و بارهەڵگرەكان دروست كردووە، وای كردووە جوڵەی بازرگانی كەمبكاتەوە».
كەریم عەلی ئەوەشی ئاشكراكرد كە «رۆژانە 250 بۆ 300 بارهەڵگرو تەنكەری نەوت دەڕواتە دەرەوەی سنوور كە ئێمە گومان دەكەین نەوتی خاو بێت هەرچەندە وادەگوترێت كە پاشماوەی پاڵاوگەیە، بەڵام بەپێ زانیاری ئێمە نەوتی خاوەو پشكنین ناكرێت و نازانرێت چیە».
« داهاتی مەرزی پەروێزخان یەك دیناری نەخراوەتەوە خزمەتی هاووڵاتیانی گەرمیان كە پێویستە بەشێك لەداهاتەكەی هیچ نەبێت بخرێتە خزمەتی رێگەوبانی مەرزەكەوە كەڕێگەوبانێكی زۆر خراپی هەیە»، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت.
سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەڵێت جوڵەی بازرگانی لەئاستێكی خراپدا نیە، بەڵام بەبەراود بەمانگەكانی یەك تا چوار لە هەریەكە لەمانگەكانی پێنج و شەش كەمی كردووە، واتا مانگەكانی پێشووتر باشتربووە.
عەباس ئیسماعیل سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» حكومەتی هەرێم باجی گومرگی كەمكردۆتەوە لەسەر ماددە خۆراكییەكان و پیشەسازییەكان، لەئێستادا ئێمە بەرهەمی خۆماڵی سەوزەو میوەی خۆمان پێگەشتووەو رێگە نادەین هیچ بەرهەمێكی لەو بابەتانە بێتە كوردستانەوە بەئامانجی ئەوەی كەبەرهەمی خۆماڵی خۆمان بازاڕی هەبێت».
سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، باسی لەوەشكرد كە داهاتی ئەم شەش مانگەی ئەمساڵ بەبەراورد بە شەش مانگی ساڵی پێشوو زیادی كردووە، وتیشی:» لەنێو مەرزی پەروێزخاندا هیچ گەندەڵییەك بوونی نیەو هەركەسێك هەر جۆرە گەندەڵیەك دەزانێت لەسەر مەرزەكە با بۆمانی بێنێت و ئێمە ئەو كەس و لایەنە دەدەین بەدادگا».
دەربارەی ئەوەی چەند كۆمپانیاییەك پارە لە شۆفێران و بارهەڵگرەكان وەردەگرن، عەباس ئیسماعیل وتی:» ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیەو بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەموو دەروازەكان بەهەمان شێوەیە تەنها لەمەرزی پەروێزخاندا نیە».
«رۆژانە نزیكەی دوو هەزارو 700 شۆفێر لەنێو مەرزی پەروێزخان كاردەكەن و خەڵكێك زۆر كاسبی تێدا دەكات و داهاتەكەی هەرچەندە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام دواجار بۆ خزمەتی گەرمیان دێتەوەو موچەی فەرمانبەرانی لێدەدرێت»، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان وای وت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندەیەكان لەئیدارەی گەرمیان ئەوەی دووپاتكردەوە كەداهاتی مەرزی پەروێزخان هیچی ناگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی گەرمیان و بەڵكو رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت.
چۆمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەئیدارەی گەرمیان، وتیشی:» چەندین جار داوامان كردووە كە پێویستە بەشێك لەداهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی گەرمیان و ئێمە بتوانین هەندێك لەكەموكورتیەكانی ناوچەكەی پێ پڕبكەینەوە».
چۆمان ئەحمەد ئەوەشی روونكردەوە كەمەرزی پەروێزخان دەرفەتی كاری بۆ دەیان خەڵك و سەدان بارهەڵگر رەخساندووەو تێیدا خەڵك كاردەكات سودی بۆ دەڤەرەكە هەیە بەگشتی و مەرزێكی پڕ جوڵەیە، وتیشی:» ئەوەی لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوەی سنور دەڕوات بەگشتی سامانی سروشتی نەوتە».