چین‌و هەزار قوتابخانەکەی؟!

2 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

لەیەکەم پرۆژەی پاش رێکەوتنی نێوان عێراق و چین، بڕیار وەهایە کەهەزار قوتابخانە بۆ بەشی عەرەبی عێراق دروست بکرێت. ئەم یەکەم هەنگاوە، لەچەند لایەکەوە جێگای سەرنجە. سەرەتا بەچەند رامانێک لەڕێکەوتنی نێوان چین و عێراق دەستپێدەکەین، پاشان لەسەر کاریگەریی و دەرئەنجامەکانی. رێکەوتنی نێوان عێراق و چین، بەگشتی رێکەوتنێکی نهێنییە، ئەوەی دەربارەی دەزانرێت یان لەئەنجامی لێدوانی سیاسییە عێراقییەکانە یان دزەی کردووە. بەگشتی رێکەوتنەکە بەڕێکەوتنی نەوت بەرامبەر گەشە ناسراوە.

ئەم ناولێنانە جێگای سەرنجە. بەکاربردنی نەوت بۆ گەشە، هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی چەمکی دیموکراسی لەپرۆسەکە. وەک دەزانرێت کە نەوت و دیموکراسی پەیوەندییەکی نێگەتیف یان ئاڵۆزیان هەیە بەتایبەتی لەئەو وڵاتانەی کە نەرێتی دیموکراسی تیایاندا نەچەسیوەو دەزگاکانیان لاوازە. چینییەکان بەفەرمی دژایەتی دیموکراسی دەکەن و وەهای دەبینن بەشێکە لەئامرازی قەڵەمڕەوی یان دەسەڵاتداری ئەمریکا بەسەر دونیادا. لەهەمانکاتدا وەهای دەبینن کەدیموکراسی دەبێتە مایەی پشێوی نەک گەشە.

دیارە ئەزموونی ناوەندەگەرێتی چین و پەیوەندی بەگەشەوە، ئەزمونێکی تایبەتە. سیستەمی ناوەندگەرایی و باڵایی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر مرۆڤی چینیدا چەند هەزار ساڵێک کۆنە. بە جۆرێک لە سیستەم و بیری چیندا مرۆڤ یان تاک بوونی نیە، بەڵکو دەسەڵاتی باڵای دەوڵەت هەموو شتێکە. ئەم ئەزموونە بۆ سیستەمی بێدەوڵەت یان نادەوڵەتەکانی تر وەک عێراق کێشەیە. گەشەی چینی بەرهەمی سەرمایەداری ئەمریکی و ئەوروپییە. بەڵام چینییەکان دەیانەوێت گەشەی ئەوانیتر بەرهەمی سەرمایەداری ئەوان بێت. ئەم سەرمایەدارییە هەتا ئێستا نموونەیەکی سەرکەوتوی لەدەرەوەی چین پێشکەش نەکردووە، بەڵام بە سودێکی زۆر بۆ چین شکاوەتەوە.

بەم پێیە ئایا گەشە لەدەربڕینە چینییەکەدا مەبەست لەگەشەی کێیە؟ چینییەکان بەردەوام ئەوە دووپات دەکەنەوە کەپرۆسەکە براوە براوەیە، بەو مانایە هەردوولا براوەن. بەڵام مێژوی پەیوەندی چین لەگەڵ وڵاتانی هاوشێوەی عێراق بەزۆری وەها ناڵێت. پێش هەموو شتێک ئەوەی دەبێت بیزانین، وەک عەلی عەلاوی لەهەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ سایتی راپۆرتی نەوتی عێراقی دووپاتی کردووە، پەیوەندی نێوان عێراق و چین لەمیانەی پرۆژەی یەک پشتێنە، یەک رێگادا بەڕێوەدەچێت. ئەم پرۆژە زەبەلاحە ئامانجی ئەوەیە کە چین بەدونیاوە گرێبدات و دونیاش بەچینەوە گرێبدات بەجۆرێک کەکەرەستەی خاو، وزە بۆ چین مسۆگەر بکات و لەهەمانکاتدا فرۆشتنی کاڵاو لەقاڵبدانی سیاسی و هەبوونی کاریگەری لەسەر سیاسەتی گەشەی ئەو وڵاتانە دابڕێژێت. بەجۆرێک کاتێک ئەو وڵاتانە گەشە دەکەن کە چین گەشە بکات، پێچەوانەکەی راست نیە.

لەهەمانکاتدا دەبێت رەفتاری سیاسی ئەو وڵاتانە بەرامبەر کۆمەڵێک پرسی هەستیار هاوشێوەی چین بێت، بۆ نموونە بەرامبەر ئەمریکا، تایوان، هۆنک-کۆنگ، شینگیانگ و زۆر بواری تر. بەم پێیە پەیوەندی چینی عێراقی کاریگەری دەبێت لەپەیوەندی عێراقی ئەمریکی، بەتایبەتی کاتێک لە ناو عێراقدا کۆمەڵێک هێز هەن کە دەیانەوێت چین بکەن بە بەدیلی ئەمریکا.

دەبێت ئاماژە بە ئەوە بدەین کاتێک پەیوەندی چین و عێراق کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندی چین و ئەمریکا، بەڵام چین بەهیچ شێوەیەک ئامادەنیە هەمانشێوەی ئەمریکا پەیوەندی هەبێت لە عێراقدا. لێرەدا بوارنیە بەراورد لەنێوان شێوازی پەیوەندییەکەیاندا بکەن، بەڵام بۆ ئەوانەی خوازیاری زیاترن، تەنها بەرواردکردنی پەکین کۆنڤێنشن و ئەوەی بە واشنتۆن کۆنڤێنشن ناسراوە بڕێکی باش لەڕوناکی دەخاتە سەر ئەم دوو جۆرە لەپەیوەندی. عێراق وڵاتێکی تایبەتە، زۆر جیاوازە لەوڵاتەکانی تری ناوچەکە. عێراق جێگای بایەخی ئەمریکا و هەروەها برینێکی قوڵی ئەمریکییە. ئێمە پێش ئەوەی پرۆژەکە بە کرداری دەستپێبکات هەست بەم هەستیارییە دەکەین، بەتایبەتی چۆن چینیەکان پەیوەندی عێراق و ئەمریکا بەکاردەهێنن بۆ جەنگی پڕوپاگەندەو دەسەڵاتی نەرم و دەروونی. بۆ نمونە هەر پاش دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی هەزار قوتابخانەکە، چینیەکان خێرا روداوەکەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی بڵێن، ببینن چۆن چین بونیاد دەنێت و ئەمریکاش بۆمباران دەکات. ئەم بەکاربردنە خێرایەی چین بۆ عێراق و مێژووی نوێی و یادەوەریی و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا بەمەبەستی جوانکردنی خۆی، جگە لەبێڕێزی بەرامبەر عێراق و بێ بنەمایی هەوڵەکەیان، لەهەمانکاتدا دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکە بەکاردەبرێت بۆ ململانێیەکی تر کەئەگەری زۆرە زیان بەپرۆسەی گەشەی عێراق بگەیەنێت. ئەگەر چین مەبەستی ئەوەیە کە لەعێراقدا گەشە بێتەدی ئەوا دەبێت خۆی لەوە بەدوور بگرێت کەعێراق و دۆخەکەی بەکاربەرێت بۆ ململانێی خۆی لەئاستێکی تردا.

چین لەعێراق بونیاد نانێت، هاوکاری ناکات، خێر ناکات، بەڵکو پارەی پێشەکی وەرگرتوە بۆ خزمەتگوزارییەک کەهێشتا دیار نیە ئایا روودەدات و ئەگەر رووبدات جۆرو کوالێتی چۆنە و چەندێک لەسەر ئابوری عێراق دەکەوێت. وەک وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەتویتێکدا سەرنجی بۆ راکێشاین، ئایا بەڕاست دروستکردنی قوتابخانە بوارێکە کەخەڵکی عێراق خۆیان ناتوانن ئەنجامی بدەن؟ ئایا دروستکردنی قوتابخانە هێندە ئالۆزو تایبەتە کە دەبێت چینیەکان بیکەن، یان لەپشت ئەم پرۆژەیەوە کارو ئامانجی تر هەیە؟ ئێمە هەر لەئێستاوە دەنگۆی ئەوە دەبیستین کە چۆن عێراق بڕی چوار ملیار دینار دەدات بە هەر قوتابخانەیەک، دیارە ئەم دەنگۆیانە ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە، چونکە یەکێک لەخەسڵەتە سەرەکیەکانی پەیوەندی ئابوری عێراق و چین نەبوونی شەفافیەتە.

کاتێک دەنگۆ هەیەو شەفافیەت نیە، ئەوا دەبێت دەنگۆکان بەجددی وەربگرین هەتا شەفافیەت بەرقەرار دەبێت. بەڵام گەندەڵی و گەندەڵکردن لەکرۆکی پرۆژەی چینیدایە. چین خۆی وڵاتێکی ئێجگار گەندەڵەو دەسەڵاتدارانی حزب زۆربەی سەرمایەی ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان و مناڵەکانیان قۆرغ کردووە. ئەو نزیکیەی یان تێکەڵیەی حزب و دەسەڵات، دەردێک کە عێراق و کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەهاتنی مۆدێلی چینی نەک لاواز نابێت، بەڵکو هێندەی تر تۆختر دەبێتەوە. لەهەمانکاتدا پرۆژەکان لەلایەن چینیەکانەوە دروست ناکرێن، بەڵکو پاش وەرگرتنیان لەلایەن چینیەکانەوە، دەدرێین بۆ کۆمپانیا لۆکاڵیەکان، کەزۆربەیان کۆمپانیای حزبین. ئەوەی لەهەمانکاتدا جێگای سەرنجە، ئایا بۆچی چینیەکان بەقوتابخانە دەستیانپێکرد؟ ئەگەر مەبەست لەپەیوەندی عێراق و چین گەشەی عێراقە، ئەوە لە هەموو پرۆژەیەکی گەشەدا سەرەتا رێگاوبان دروست دەکرێت، ئەمە چینیەکان خۆیان لەهەموو کەس زیاتر لێی ئاگادارن و هەروەها نموونەکانی تری وەک یەکێتی ئەوروپا، بەهەمانشێوەیە. کاتێک وڵاتێک دەبێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا سەرەتاییترین کار دروستکردنی رێگاوبانی نوێ و پێکەوەگرێدانی وڵات و هەروەها گرێدانی وڵاتە بەوڵاتانی ترەوە.

چەند ساڵێک لەمەوپێش، بە شەمەندەفەرو پاس لەنەمساوە رۆشتم بۆ کرواتیا، بەڕوونی ئەم دیاردەیەت لەوڵاتانی بەلقان دەبینی. عێراق پێویستی بەڕێگاوبانە، چینیەکان خۆشیان نەک لەپێناو گەشەی عێراقدا، بەڵکو وەک لەناوەکەیدا دیارە لەمیانەی پرۆژەی یەک پشتێنەو یەک رێگا دەبوو رێگاو هێڵی شەمەندەفەرو بەندەریان دروستبکردایە، نەک قوتابخانە. دیارە گومان لە ئەوەدانیە کەعێراق پێویستی بە نەک هەزار بەڵکو چەندین هەزار قوتابخانەیە، بەڵام دەستپێکردن بەم هەنگاوە جێگای گومانە. یەکەم، هەنگاوێکی خێرانابێت لەمیانەی پرۆسەی گەشەدا، دووەم، بوونی کەسێکی سەر بەڕەوتی سەدر، لەئەمیندارێتی گشتی سەرۆک وەزیران و بەرپرسی پرۆژەکان لەعێراقدا، دیارە رەزامەندی سەدر بۆ ئەم پرۆژەیە هەبوە. ئەم رەزامەندییە بەدوو جۆرە رەنگدەداتەوە، یەکەم، سودمەندی سیاسی، دووەم، سودمەندی پارە.

لەهەمانکاتدا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین قوتابخانە بونیادبنرێت یان نا، ئەم هەنگاو پێویستە بۆ بەردەوامبونی نەوتی هەرزانی عێراق بۆ چین، سودمەندی بانکە چینییەکان لەنەوتی عێراق و هەروەها سودمەندی کۆمپانیا چینییەکان لە ئەم پرۆسەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار