جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ هاوڵاتی: شەنگال ناگەڕێتەوە بۆ پێش 2014
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە شەنگال ناگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2014 و دۆخەكەی قورس و ئاڵۆز بووەو زەحمەتە بەمزووانە قایمقامی بۆ دابنرێت.
رەفعەت سەمو، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»پرسی شەنگال تابڵێی قورس و ئاڵۆزە، ئەوەش لەبەر دەستتێوەردانی دەرەكی و ناوخۆو بوونی یەبەشە، یەپەژەو حەشدی شەعبی هێزی پاراستنی ئێزدیخان و چەند هێزیكی تر، تا رێككەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەكرێت قایمقامێكی نوێ دانانرێت».
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە پێش جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا هەركەسێك دابنرێت ناتوانێت ئیشەكانی خۆی بەڕێوەببات، وتیشی:»بڕی 28 ملیار دینار پێش 2021 بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال دابین كرابوو، بەڵام تائێستا خەرج نەكراوەو ئەوە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری لیژنەی باڵای ئاوەدانكرنەوەی پارێزگای نەینەوا».
جێگری پارێزگای نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی لەسەر پشكی پارتی ئەو پۆستەی وەرگرتووەو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نەك 28 ملیار ئەگەر 180 ملیار دیناریش دابین بكرێت ، شەنگال ناگەڕێتەوە بۆ پێش 2014، وتیشی:» ئاوەدانكردنەوەی شەنگال گرێدراوە بەمەلەفی ئەمنی و ئیداری، تا ئەو دوو مەلەفە تەواونەبن شەنگال ئاوەدان ناكرێتەوە».
دوای ئەوەی مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شەنگال بوو بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، نایف سەیدۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سنون كراوە بەقایمقامی شەنگال بەوەكالەت، ناوبراو وتی»نووسراوی فەرمی لەپارێزگای نەینەوا دەرچووە، نایف سەیدۆ لەشوێنی مەحما خەلیل بووە بەقایمقامی شەنگال بەوەكالەت، ئێمە بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەو دەكەین».
لەبەرانبەردا، فەهد حامد، كە لەدوای رزگاركردنی شەنگال لەدەستی داعش بووەتە قایمقامی قەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» زیاتر لەپێنج ساڵە بەردەوامین لەسەر كاری خۆمان و ئەوەی لەتواناماندایە بەزیادیشەوە بۆ شەنگالمان كردووە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەلایەن رێكخراوەكانی ناوخۆو دەرەوە ئەنجامدراون، سەرووی 85%ی پرۆژەكان لەلایەن رێكخراوەكان بووە، وتیشی:» ئیدارەی پارێزگای نەینەوا مامەڵە لەگەڵ مندا ناكەن و پارەمان بۆ نانێرن تابتوانین پرۆژەی پێ دروستبكەین».
«لەگەڵ ئەوەداین ئیدارەیەكی نوێ دابنرێت رای خەڵكی ئێزیدی تیابێت و قبوڵ ناكەین تەنها بەغداو هەولێر بڕیار بدەن و رای ئێزدییەكانی شەنگال وەرنەگیرێت»، فەهد حامد وای وت.