ئاژەڵ بەقاچاخ هاوردە دەكرێت‌و نەخۆشییان تێدایەو لەكوردستان ساغ دەكرێنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

هاوردەكردنی ئاژەڵ هاوشێوەی پێداویستییەكانی دیكە بەڕێگای قاچاغ  لە سوریاو ئێران و تەنانەت توركیاشەوە دەهێندرێتە هەرێمی كوردستانەوەو نەخۆشیان لەگەڵدایەو ساغدەكرێنەوە لەبازاڕەكاندا.

بەپێی ئامارێكی فەرمی بۆ ساڵی 2021 و سێ مانگی ئەمساڵ 355 هەزارو ٢٨٢ سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، هەزارو ٨٥٧ سەریان لە كەرەنتیەنەكان رەتكراوەتەوەو بەمەش لەساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ لەكوشتارگەكانی سلێمانی و هەولێر زیاتر لە ١٦٢ هەزارو ١٠٣ كیلۆ گۆشت رەتكراونەتەوە و سوتێنراون.

لایەنە پەیوەندیدارەكان مانگانە كۆبوونەوە دەكەن لەسەر پێویستی رێژەی ئاژەڵ بۆ ناوخۆی كوردستان كەپێكهاتوون لەقایمقامیەتەكان و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری و ئاسایش لەگەڵ نوێنەری كێڵگە پەلەوەرییەكان، گەر ئەو رێژەیەی پڕ نەكردەوە پەنا دەبرێتە بەر كۆمپانیاكانی دەرەوە بۆ دابینكردنی ئەو رێژەیەی تری ئاژەڵ، هاوردەی ئاژەڵ بەپێی خواستی پارێزگاكانە.

لەحەوت ناوچەی دەوروبەری هەرێمی كوردستان قاچاخی بەئاژەڵەوە دەكرێت، سنوری سەرەكی قاچاخكردنەكە وڵاتی ئێران و توركیایە.

حەسەن بامەڕنەیی ناوی خوازراوی خاوەن پەیجێكە بەناوی مەیدانی ئاژەڵانی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە  هۆكاری بەقاچاخ هێنانی ئاژەڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك كەڕێگا فەرمییەكان كە تێچووی زۆری دەوێت بازرگانەكە دەبێت كۆمپانیا دابنێت مۆڵەت وەرگرێت بۆ هێنانی ئاژەڵ و  بۆ سەر سنورو یان فڕۆكەخانەكان، وتیشی:" بەڵام بەڕێگای قاچاخیەكە یان نافەرمیەكە قازانجەكەی زیاترە لەڕێگا فەرمیەكە، چونكە باج نادەن، هەروەها پێویستی بەكۆمپانیا دانان ناكات و پشكنین بۆ ئاژەڵەكان ناكرێت، بەڵكو راستەوخۆ لەودیو ئاودیو دەكرێت".

ناوبراو باسی لەوەشكرد ئاژەڵ بەقاچاخ لەناوخۆی هەرێم مامەڵەی پێوە دەكرێت و دەهێنرێن لەدەربەندیخان و قەڵادزێ و حاجی ئۆمەران لەگەڵ كوێستانەكانی سیدەكان و برادۆست هەروەها بارزان كە هاوسنورە لەگەڵ شاری شنۆی ئێران و دەهێندرێتە گوندی بەرمیزەی هاوسنور لەگەڵ وڵاتی توركیا.

باجی گومرگی لەهەرێمی كورستان بۆ ١٠٠ كیلۆ گۆشت ١٠ بۆ ١٢ دۆلارە، بەمەش بۆ ٥٠٠ كیلۆ ١٢٠ دۆلار وەردەگیرێت.

بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لە لێپرسراوی كەرەنتینەی هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەستی كەوتووە بۆ ساڵی ٢٠٢١ و سێ مانگی ئەمساڵ ٣٥٥ هەزار و ٢٨٢ سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە لەو ژمارەش هەزار و ٨٥٧ سەریان رەتكراوەتەوە بە هۆكاری نەخۆشی جۆراو جۆر و لاوازی ئاژەڵەكە.

كوشتارگەكان پشكنینی تەواو بۆ ئاژەڵەكان دەكەن

لەهەولێر كوشتارگەی ئەهلی هەیە لە بنەسڵاوە بیناكەی حكومیە و دراوە بە كەرتی تایبەت، كوشتارگەیەكی تر كە دەستی بەكارنەكردوە، لە قوشتەپە، لەگەڵ كوشتارگەیەكی تر لە قایمقامیەتی قەزای خەبات، لەگەڵ چەند كوشتارگەی بچووك بچووكی تر، لەسلێمانی كوشتارگەی ئەهلی تر نیە، تەنها رێكخراوی ڤێتێرنەری هەیە.

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئاژەڵی نەخۆش توانای تێپەڕبوونی نیە، رێگای قاچاخكردنیش بە پیادەیە ئاژەڵەكان دەهێنرێن و بەناوی لەوەڕاندن ئاژەڵی نەخۆش دەهێنرێنە ناوەوە، دۆكیۆمێنتمان هەیە كە چەندینجار كتابمان كردووە كە داوامان كردوە ئاژەڵ بەقاچاخ نەمێنێت، چونكە سەرسنورەكان زۆر بەرفراوانن، زۆربەی گلدراوەكانیش لەڕەگەزی مێن و دووگیانن".

بەڕێوەبەری كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، پێشیوابوو كە بەشێوەیەكی گشتی قاچاخكردن بەئاژەڵ بەهۆی ناسەقامگیری وڵاتانەوەیە، چونكە دراویان دابەزیوە وایكردوە ئاژەڵ بەشێوەی قاچاخ وەكو ساڵانی ڕابردوو ئاودیو بكرێت.

هەمزە ئەوەشی وت:" ئاژەڵی نەخۆش زیاتر بوونی هەیە لەناوخۆو یان كاتێك هاوردە دەكرێت و لەبەلەد مەنشا دادەنرێت ئاژەڵەكان نەخۆش دەكەون، چونكە گەرمیان و كوێستان بەم ئاژەڵانە دەكرێت یان شێوازی عەلەفەكەی خراپە، یاخود جوان بەخێوناكرێن، ...هتد.

لەساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ كە لەكوشتارگەی نوێی سلێمانی ١٨٧ هەزار و ٢٨٥ كیلۆ گۆشت لەگەڵ ئەندام رەتكراونەتەوە سووتێنراون، لە كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١و پێنج مانگی ٢٠٢٢،  ٦٤ هەزار و ١٧٠ كیلۆ رەتكراونەتەوە و سووتێنراون، لە كوشتارگەی هەڵەبجە بۆ ئەو دوو ساڵە ٣٦ هەزار و ٣٠ سەر كراون بەقوربانی، ئاماری رەتكراوە و سووتێنراو لە بەردەستی بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەڵەبجە نەبوو، هەروەها لەساڵی ٢٠١٩ بەفەرمی زیاتر لە ١٢٠ كۆمپانیا بازرگانی بەئاژەڵەوە دەكرد بەڵام لەمساڵدا ئاماری كۆمپانیاكان لەبەردەست نین.

لەپەرلەمان كار بە دوو یاسا دەكرێت، یاسایی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ یاسای جێگیری عێراقی، شوان زراری جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمان بە هاوڵاتی وت:" ئەو ئاژەڵانەی وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی دارایی رێگەی پێدەدەن، لەخاڵە گومرگیەكان و فرۆكەخانەكان دێن، لەبەرئەوەی هاوسنورین لەگەڵ وڵاتە دراوسێكان، هاتنی ئاژەڵی نەخۆش بەقاچاخ ساغدەكرێتەوە، بەڵام ئاژەڵی نەخۆش هاوردە نەكراوە".

هەر بەپێی یاسای پەرلەمان، پاپەند نەبوون بەیاساكەوە غەرامەی بۆ دانراوە بۆ هەر جۆرێك لەجۆرەكان و غەرامەكانیش بەڕێنمایی دەردەچێت، بەڵكو بەیاسا دەرناچێت، چونكە یاسا جێگیرەو غەرامەكەش بەرزو نزمی دەكات، جۆری غەرامەكان ئاژەڵەكە دەگەڕێنرێتەوە غەرامەكەشی لەگەڵە یان دەگەڕێنرێتەوە یاخود دەسووتێنرێت.

ئاژەڵە نەخۆشەكان پێی دەڵێین كەلەشی و نەخۆشییەكانیان هەمەجۆرەن وەكو كرمی شریتی، زەردوویی، حەمەی ماڵتا، گرانەتا، دەردە پشیلە، ...هتد، بەڵام ئەو نەخۆشی ئاژەڵانە لەژێر كۆنتڕۆڵدان لەكوشتارگەكان، لەكوشتارگەدا ئەو ئاژەڵانەی رەت دەكرێنەوە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت، قۆناغی پێش كوشتاركردن و پاش كوشتاركردن، هەروەها سێ جۆر نەخۆشی ئاژەڵیش هەیە بەكتریایی و ڤایرۆسی و مشەخۆری.

نەخۆشی مرۆڤژەڵی، ئەو نەخۆشیانەن كە هاوبەشن لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵداو سەرچاوەكەی ئاژەڵە، شاڵاو عارف لێپرسراوی ستافی پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"لە وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوە و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی مەترسیدار سیستەمی تەندروستی خۆراكی پێشكەوتوویان هەیە، بەڵام لە كوردستان ئەم سیستەمە پێشكەوتووە نیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی حكومەت و پەرلەمان".

"پەرلەمان خاوەنی یاسای تایبەتی نیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی ئاژەڵ، هەتا ئێستا پشت بەیاسایەك دەبەسترێت لە ساڵانی شەستەكان پەرلەمانی عێراق دەریكردوە كە زۆر كاڵ و كرچە، لەڕووی زانیارییەوە زۆر سادەو ساكارو سەرەتاییە، كوردستان مامەڵە بەم یاسایە دەكات" لێپرسراوی ستافی پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی وای وت.

ئەو پزیشكە باس لەوە دەكات بەدوو جۆر ئاژەڵ لەناودەبەن سوتاندن و ناردنەوەی ئاژەڵەكە بۆ خاوەنەكانیان لەگەڵ گۆشتی رەنگ تێكچوو ئاژەڵی دووگیان رەت دەكەنەوە، چونكە زیان بەئابوری گشتی دەگەیەنێت.

د.شاڵاو ئەوەش دەڵێت:" كاتێك سەر ئاژەڵێك رەتدەكەینەوە، لەوێوە دەینێرنەوە بۆ مەیدانی ئاژەڵان یان سەر شەقام یاخود ئەفرۆشرێتەوە بەڕیستۆرانتەكان".

تای خوێنبەربوونی ئاژەڵ گوێزەرەوەكەیەتی، بەتایبەت ئاژەڵی مەڕو لەگەڵ ئاژەڵی كێوی، تووشبونەكەش لەڕێگای دەردراوەكانیەتی و ئەم ئاژەڵە هەڵگری گەنەیە.

نەخۆشە بەكتریاییەكان وەك برۆسێلا، سالمۆنێلا، ئی كۆلای، سیل، ... هتد، نەخۆشیە ڤایرۆسیەكانیش وەك تای خوێن بەربوون، ئۆرف، مشەخۆریش وەكو ساركۆسیست، سیستی سەركەس، رینگ ۆرم ئەنسراكس.

سالار حارس، خاوەنی قەسابخانەیەكە لەشاری سلێمانی، گۆشت داوا دەكات لەكوشتارگەكان و ئاژەڵەكانی بۆ سەر دەبڕدرێت و مۆری پزیشكی لێدەدرێت و لەناو بەڕاد بۆی دەهێنرێت بە هاوڵاتی وت:" بەپێی بازاڕ داوای گۆشت دەكەین، چونكە لە وڵاتان كەم دێت بەشی كوردستان ناكات و لەناوخۆی خۆمان دەیكڕین، بەڵام بەبێ بەرامبەر گۆشتی سەر ڕێگاكانمان بدەنێ نامانەوێ، چونكە ناتەندروستەو قەدەغەیە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار