سێ كاندید لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان تاوتوێ دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران تا ئێستا سێ كاندید ناویان دەهێندرێت و بەهێزترینیان "نوری مالكی"یە و ئەوەش ئەوەندەی دیكە سەدر تورە دەكات.
پاش كشانەوەی فراكسیۆنە 73 كورسییەكەی موقتەدا سەدر و پڕكردنەوەی 64 كورسیان لەلایەن حزب و پارتە سیاسییەكان، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان هێشتا لە كێشەی قوڵدان تایبەت بە كاندیدی سەرۆك وەزیران.
نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا وەك یەكەم كاندید ناوی دەهێندرێت كە فراكسیۆنەكەی بووەتە خاوەنی 39 كورسی پەرلەمان و بەهێزترین كوتلەی سیاسی هەیە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، بەڵام لایەنەكانی دیكە ترسیان لە موقتەدا سەدر هەیە كە بەهۆی بوونی مالكی بە سەرۆكی حكومەت، سەدر لایەنگرانی هانبدات و حكومەت تەنگەتاو بكات و شكست بهێنن، هەرچەندە ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ پارتەكەی مالكی هەڵكردووە كە بكرێتە كاندید و هەوڵیشی بۆ دەدات تا لایەنەكانی دیكەش ئۆكەی بدەن.
مەحەمەد سەیهود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند:" ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ لەبارەی كاندید كردنی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافەكەیانەوە كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدات و كۆتا بڕیاری خۆیان دەدەن".
هەروەها راشیگەیاند:" كەسایەتی نوری مالیكی سەرجەم پێوەرەكانی كەسایەتی بوون بە سەرۆك وەزیرانی تێدایە و كاندیدی دەوڵەتی یاسایە بۆ ئەو پۆستە....قۆناغی داهاتوو قورسدەبێت، نوری مالیكیش هەموو ئەو پێوەرانەی تێدایە كە چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر رایگەیاندبوو كە پێویستە لە كەسایەتی كەسی كاندید كراودا هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران".
بێجگە نوری مالكی هەریەك لە ئەمریكاو بەریتانیا پاش بێ ئومێدبوونیان لە موقتەدا سەدر، ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان حەیدەر عەبادی كاندید بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، هەرچەندە كوتلەكەی بەهاوپەیمانی لەگەڵ عەمار حەكیم تەنها 12 كورسیان هەیە.
ناوهێنانی عەبادی بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران لەنێو بەشێك لە لایەنەكانی شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی دەكرێت كە توانی سەركەوتووبێت بەسەر داعش داو لەسەردەمی عەبادی موسڵ رزگار كراوە، بەڵام ئێرانییەكان تێبینیان لەسەری هەیە.
بێجگە لە مالكی و عەبادی، باسی محەمەد شیاع سودانی دەكرێت كە خاوەنی سێ كورسی پەرلەمانییەو لەكابینەكانی پێشتری حكومەتدا وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بووە، بەڵام پشتیوانی ناوخۆیی كەمە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندا و سونەكان پشتگیری دەكەن و بەكەسێكی گونجاوی دەزانن بەراورد بە مالكی و حەیدەر عەبادی.
بێجگە لەناوهێنانی ئەو سێ كاندیدە بەشێك لە لایەنەكانی نێوچوارچێوەی هەماهەنگی داوایان لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان كردووە كە كاندیدیان پێشكەش بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و بەڵێنیان پێداون كە پشتیوانی دەكەن، بەو پێیەی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان ژمارەیان نزیكەی 45 پەرلەمانتارە.
دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر، رێگا لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی كرایەوە تا بەشێوەیەكی بەرفراوانتر دەست بە گفتوگۆكانی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە لەگەڵ لایەنەكان دەست پێبكات، بەڵام كاندیدبوونی مالكی بۆ سەرۆك وەزیران وەك چاودێرانی سیاسی عێراق دەڵێن ئەوەندەی دیكە سەدر تورە دەكات، بەو پێیەی كشانەوەی سەدرییەكان بەهۆی ناكۆكییەكانیان بووە لەگەڵ نوری مالكی كە مێژووەكەی بۆ چەند ساڵێك بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە.