هاوڵاتی زانیاری ورد لەبارەی تەقینەوەی كافتریایەك لەمانگی پێنجی ئەمساڵ لەسلێمانی ئاشكرادەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

بەرگری شارستانی سلێمانی ھۆكاری تەقینەوەی كافتریای لیلی لە شەقامی سالم ئاشكراكرد كە مانگی پێنجی ئەمساڵ روویدا، دەشڵێت بەرپرسیاری تەقینەوەكە دەستگیركراوە، بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەپۆلیسی سلێمانی ئەو كەسەی تۆمەتباركراوە بەرەگەز ئێرانییە.

ئاشكراكردنی كەمتەرخەمی رووداوەكەی كافتریای لیلی كە رۆژی 12 ی مانگی پێنجی ئەمساڵ تەقینەوەكە تێیدا روویدا لەكاتێكدایە، رۆژی یەكشەممە لەكافتریای كەستانە لەسلێمانی بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غاز پێنج كەس برینداربوون.

رۆژی 12 ی مانگی 5 لە كافتریای لیلی لە شەقامی سالم لە سلێمانی تەقینەوەی غاز روویدا و بەھۆیەوە 14 هاوڵاتی بریندار بوون.

رێكان جەمال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: "كەسێك كە كاری چاككردنەوەی سیستەمی غاز دەكات ھەستەوەری سیستمی غازەكەی لێكردبووەوە تا غازی زیاتر لەو سیستمە بێت و ئاگری زیاتر بكاتەوە بۆ گەشانەوەی خەڵوزی نێرگەلە، ئەوەش بۆتەھۆی پەنگخواردن و لیككردنی غازەكە و پاشان تەقینەوەی".

وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی وتیشی: "ئەو كەسە دەستگیركراوەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێـت".

بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەپۆلیسی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:" ئەو كەسە كاری چاككردنەوەی سیستەمی غاز دەكات و لەلایەن خاوەنی كافتریاكەوە بۆ ئەو كارە راسپێردراوە و ئێستا كەیسەكە لەپۆلیسی سەراو رزگاری لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت، ئەو كەسەش خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە".

سەرچاوەكەی پۆلیس وتیشی:"ئەو كەسە پاش دەستگیركردنی بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەكەفالەت ئازادكراوە، بەڵام كەیسەكەی لەدادگایە و هێشتا لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و بریندارەكانیش سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە، تەنها خاوەنی كافتریاكە هێشتا سكاڵای تۆمارنەكردووە".

هاوكات رۆژی یەكشەممەی رابردوو لەكافتریای كەستانە لەسلێمانی بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غاز پێنج كەس برینداربوون، هێزە ئەمنیەكانیش دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد.

رێكان جەمال، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لەوبارەیەوە وتی: "بەهۆی رووداوەكەوە پێنج كەس بریندار بوون كە سێ كەسیان كارمەندی بەرگریی شارستانی و دوو كەسەكەی دیكەش كارمەندی كافتریاكەن، بریندارەكان لە نەخۆشخانەن و تەندروستییان جێگیرە".

 وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: "كاتێك تیمەكانمان گەیشتوونەتە شوێنەكە هیچ ئاگرێك نەبووە، دەبوو خاوەنەكەی یان كارمەندەكان قوفڵی ئیمێرجێنسی بگرنەوە، بەڵام بەهۆی شڵەژانەوە نەیانتوانیوە ئەو كارە بكەن".

بەوتەی رێكان جەمال، "ئەو قوفڵی ئیمێرجێنسیە كە دەبوو كارمەندەكان بیگرنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە رووداوەكە بگیرێت، تەنیا دوو مەتر دوور بووە".

سەبارەت بەهۆكاری ئەو جۆرە ئاگركەوتنەوانە وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە ئەم جۆرە رووداوانە روودەدەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار