%90 ی پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە لەسلێمانی لەلایەن ئاسیاسێڵەوە تەواوكراوە
چوار كۆمپانیا ئەركی سەوزكردنی شاخی گۆیژەیان لەئەستۆگرتووە، بڕیاریشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی چەند پرۆژەیەك جێبەجێ بكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
لەسەر ڕووبەری 800 دۆنم شاخی گۆیژە لەسلێمانی سەوز دەكرێت، پرۆژەكە لەلایەن چوار كۆمپانیاوە سپۆنسەری كراوە، بەڵام تەنیا كۆمپانیای ئاسیاسێڵ پرۆژەكەی گەیاندووەتە قۆناغی كۆتایی لەو بەشەی بۆی دیاریكراوە، پرۆژەكەش بەكۆی گشتی یەك ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
عومەر فالح، بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكان و راگەیاندنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ، بە هاوڵاتی وت:" بەشێوازێكی زانستی پێشكەوتوو 22 هەزار نەمام لەگۆیژە چێندراوە، بۆ نمونە ئاودانەكە بەشێوەی هەڵسەنگاندن كراوە، ئەو شوێنە ئاوی لێ نییە بەوهۆیەوە پرۆژەیەكی ئاودانمان دروستكردووە، سیستەمێكیش بۆ شێ دانراوە، هەر شوێنێك بێ ئاو بێت بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی ئاوی بۆ دەنێرێت، جگە لەوەی 36 پۆینتی ئاگركوژێنەوە دانراوە كە هەر گەشتیارێك لەو شوێنەدا بێت كاتی ئاگركەوتنەوە دەتوانێت بەكاریبهێنێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەرگری شارستانی بێت.
بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكان و ڕاگەیاندنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ وتیشی: ئەو پرۆژەیە دراوەتە چەند كۆمپانیایەك، بەڵام ئەوەی بەشی ئاسیاسێڵە 200 دۆنمە لەكۆی 800 دۆنم، تەنیا ئاسیاسێڵ پرۆژەكەی دەستپێكردووە و ئێستا %90 ی كۆتایی هاتووە.
وەك عومەر فالح دەڵێت: ئێستا قۆناغی سێیەمی پرۆژەكە بەڕێوەدەچێت، كە ئەو قۆناغەیە پێویستە پرۆژەكە خۆی بەڕێوەبچێت و پێویستی بە ئاودان نەبێت، جگە لەوەش بەشێوەیەكی كاتی پرۆژەكە سیاج كراوە تا زیانی پێنەگات تا كۆتایی هاتنی.
بەوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكان و ڕاگەیاندنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ، ئەو پرۆژەیە دەیان هەلیكاری ڕەخساندووە، كە ئەوەش بۆ شاری سلێمانی هەم لەڕووی ژینگەیی و ئابوورییەوە سودی بۆ سلێمانی هەیە، جگە لەوەی بۆ زیاتربوونی رێژەی سەوزایی سودی هەیە.
ئەو پرۆژەیە لەلایەن رێكخراوی سی دی ئۆ بەڕێوەدەبرێت، لەوبارەیەوە عەلی عوسمان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە بەهاوڵاتی وت:"چوار كۆمپانیا بەشدارییان كردووە لە سەوزكردنی بناری گۆیژە، كە یەكێك لەوانە ئاسیاسێڵە، رێكخراوەكەی ئێمە سەرپەرشتی پرۆژەكە دەكات و ئێستا ئەو بەشەی دەستیپێكردووە بەسپۆنسەری ئاسیاسێڵە.
عەلی عوسمان وتیشی: ئێمە هەركاتێك حكومەت داوامان لێبكات و كۆمپانیاكان ئامادەییان هەبێت پرۆژە بۆ خزمەتی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەین، ئێستا رێكخراوێكی ئیتاڵی بەڵێنی داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكە ساڵی پرۆژەیەك جێبەجێ بكات بەڵام تائێستا دیار نییە كەی دەستپێدەكەن.
پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە دەستپێشخەریەكی گرنگە بۆ كۆمپانیاكان بۆ زیاتر خزمەتكردنی شاری سلێمانی، ڕووبەری گشتی پرۆژەكە (800 دۆنمە )و كۆمپانیای ئاسیاسێڵ (200 دۆنم )لە بەشی خۆی سەوزكردووە، لە بەشی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ 22000 دار ڕوێندراون و پرۆژەكەش بە درێژایی 1400 مەتر سیاج كراوە.
تێچووی پرۆژەكە یەك ملیۆن دۆلاری ئەمریكیە و لایەنی جێبەجێكار ڕێكخراوی CDO یە، ئەو تەنكی ئاوەی كە بۆ پرۆژەكە دروستكراوە بڕی (300000 لیتر) ئاو دەگرێت و تەنها ئەو بەشەی ئاسیاسێڵ جێبەجێی دەكات زیاتر لە (450 ھەلی كار ) ی رەخساندووە.
ئەو بەشەی پرۆژەكە ئاسیاسێڵ جێبەجێی كردووە چوار قۆناغ بوو كە ئێستا لەقۆناغی سێیەمدایە
یەكەم: ئامادەكاری : ئەمەش پێكھاتووە لە چەند پرۆسەیەكی جیاجیا وەك شوێن دیاریكردن و جیاكردنەوە، پاكردنەوە، دروستكردنی ڕێرەوی ئاودان، دروستكردنی ئاگربڕ، ئامادەكردنی پەین و گڵ. دانانی ئاگر كوژێنەرەوە.
دووەم: ڕوواندن: ڕوواندنی شەتڵ و نەمام، دروستكردنی سیاج، جیاكردنەوەی نەمام، دانانی ڕاگر بۆ نەمام، ڕشتنی دەرمانی دژە ماددەی كیمیایی.
سێیەم: ئیدامەكردن
چوارەم: ئاودانی نەمام، چێك كردنی ڕێرەوی ئاودان و دابینكردنی ئاو، چێك كردنی ئاگربڕ.
ئەوەی لەم پرۆژەیەدا نوێیە و ئاسیاسێڵ جێبەجێی دەكات، كۆمەڵیك تازەگەری تێدا بەكارھاتووە وەك دانانی سێنسەر بۆ ئاودان كە 50سم لە ژێر گڵ و 30 سم لە سەرەوە چێكی پێویستی ئاو دەكات بۆ ڕووەكەكە و بە شێوازی كورتە نامە ئاگاداركردنەوە لێدەدات، ھەروەھا بەكارھێنانی جۆرە جێڵێك كە بە شێداری گڵەكە دەھێڵێتەوە پێویستی بە ئاو كەمتر دەكاتەوە و ھەروەھا دابینكردنی ئاو و خواردن بۆ ئاژەڵان.
پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە لەساڵی 2019 ەوە دەستیپێكردووە، هەرئەوكات ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەبارەی پرۆژەكەوە وتی:" دەكرێت زیاتر خزمەتی شاری سلێمانی بكەین بۆیە چیمان پێ بكرێت بۆ خزمەتی سلێمانی بەتایبەت ژینگەی شارەكە درێغی ناكەین".
وتیشی: سەرەتا كە دەستمان بەسەوزكردنی چیای گۆیژە كرد 150 دۆنم زەوییمان هەبوو كە سەوز نەكرابوو، بەخۆشحاڵیەوە بە چەند قۆناغێك دەستمان بە سەوزكردنی چیاكە كردوەو تا بە تەواوی چیای گۆیژە سەوز دەكەین پرۆسەكە بەردەوامیی دەبێت.