کەرتی تایبەت لەهەرێمدا

2 ساڵ لەمەوپێش



ســـــەرکۆ یونس*

کەرتی تایبەت لەئابوری هەرێمدا، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، شانبەشانی کەرتی گشتی لەبوژانەوە و بەرەوپێشبردنی سێکتەرەکانی ئابوری هەرێمدا، رۆڵ و ئەرکی بینیوە، بەگشتی و سێکتەری بازرگانی و نیشتەجێبوون و وزەو پەیوەندییەکان بەتایبەتی. لەهەمانکاتدا، بەڕێژەیەک بەشدارە لەکەموکوڕی و نەهامەتییەکانی ئابوری هەرێم.

لەهەرێم، بەهۆی باڵادەستی لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان و لاوازی لەیاساکان و سستی لەجێبەجێکردنیان، هەر ئەمەش کاریگەری لەسەر زۆربەی کۆمپانیاکان بووە، ئەویش بەهۆی دەستتێکەڵکردنیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو دەسەڵات و کەسایەتییە دەستڕۆشتووەکان.

کۆمپانیاکان، میسداقیەتی خۆیان تاڕادەیەک لەدەستداوە، بۆیە دەتوانین بڵێن دوو جۆر کەرتی تایبەت لەهەرێمدا، پەیدابوون.  کەرتی تایبەتی خەڵکانی ئاسایی بێلایەن، سەرەڕای پیشەیی بوونیان و ئەزموونیان، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی سیاسی لایەنە دەستڕۆشتووەکان و کەسانی سیاسی خاوەن دەستەڵات، کارەکانیان بەباشی ناچێتەپێشەوە، بەربەست و ئاستەنگی گەورەیان بۆ دروستدەکرێن . بەڵام پێچەوانەی جۆری یەکەم، کەرتی تایبەتی سیاسیمان (حزبی) هەیە، کەخاوەنی هەموو شتێکن و هەندێجار دەتوانن کێبڕکێی حکومەتیش بکەن، بەهۆی بوونی دەستی شاراوەی حزبی و سیاسییەکان، ئەم جۆرە لەکۆمپانیا، دەتوانن هەموو کارو چالاکییەک بکەن، دەستیان بەباشترین پڕۆژەو تەندەری قازانجهێنەری باش دەکەوێت، هیچ جۆرە رێگرییەکیان بۆنایەتە پێش، لەگەڵ ئەوەشدا لەخراپترین جۆری کەرتی تایبەت، ئەژمار دەکرێن و بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان پشت بەپلانی دراسەکراو نابەستن، زۆربەی جار پڕۆژەکانیان ئامانجی تەواو بەدەستناهێنێت، ئەم تێکەڵکردنە، بوو بەهۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەدان ملیۆن دۆلار کەبەداخەوە سیمای سەرەکی حکومەت و ئابوری هەرێمە.  ئەم جۆرە کۆمپانیایانە، گورزێکی کوشندەو جەرگبڕیان لەئابوری هەرێم وەشاندووە، بەردەوامیش زیان بەژێرخان و سەرخانی ئابوری دەگەیەنن، بوونەتە هۆی دەوڵەمەندبوونی خۆیان و دادۆشینی داهاتی گشتی. لەڕاستیدا، بوونی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، یەکێکە لەسیماکانی ئابوری سەرمایەداری هاوچەرخ و بازاڕی ئازاد، رۆڵ و پێگەی کۆمپانیاکان، لەئابوری وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە، لەئەمەریکا نزیکەی (45٪) ئابوری وڵات بەدەست کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانەوەن، لەهەندێ وڵاتی تر زیاترە.  بەداخەوە لەهەرێمدا، ئامارێکی دروست و زانستیمان لەم لایەنەوە نییە، بەڵام بەکارو پڕۆژەکاندا ڕوون و ئاشکرایە، زۆربەی کاروچالاکییەکان، لەهەرێمدا بەکارتی تایبەت یان لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە جێبەجێ دەکرێت، بەتایبەت سێکتەری بازرگانی و نیشتەجێ بوون و وزەو پەیوەندییەکان .  بێگومان کەرتەکانی تریش بێبەش نین لەکۆمپانیاکان، لەکەرتی تەندروستی و پیشەسازی و گەشتیاری و پەروەردە و خوێندنی باڵا و کارەبا، بەئاشکرا جێدەستی کەرتی تایبەت دیارە. بۆ نموونە لەکارەبا رێژەی (84٪) لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمدێت.  

بوونی کەرتی تایبەت (کۆمپانیا) لەگەڵ کەرتی گشتی (حکومەت) دووانەیەکی پێکەوە گرێدراون، تەنها حکومەت ناتوانێت پێویستیەکانی کۆمەڵگا، دابین بکات بەتایبەت پێویستییە کەسییەکان، هەربۆیە کەرتی تایبەت، ئەو رۆڵە دەبینێت و کار دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێویستیانەی کەکەرتی گشتی ناتوانێت فەراهەمی بکات. لەهەرێمدا، بەهۆی لاوازی کەرتی گشتی، وردە وردە کۆی کایەکانی ژیان، بەرەو کەرتی تایبەت دەڕۆن، وەک پەروەردەو فێرکردن و زانکۆ وپەیمانگاکان، هەروەها بوونی دەیان نەخۆشخانەو کلینیکی پزیشکی لەشارو شارۆچکەکاندا .

سیستەمی ئابوری و کارگێڕی هاوچەرخی جیهان، بەرەو کەرتی تایبەت هەنگاو دەنێت، هەنگاوەکان بەشێوەیەک دەچنە پێشەوە کە ئەرکی دەوڵەت، بگەڕێتەوە سەر ئەرکی کلاسیکی جاران، کەخۆی لەپاسەوانی سنوری وڵات و ئەمن و ئاسایشی ناوخۆ و دادگاکان دەبینێتەوە.  هەرێمی کوردستانیش، بێبەش نییە، لەم گۆڕانکارییانە، ساڵ لەدوای ساڵ، کەرتی تایبەت زیاتر دێتەپێشەوە و جێگەوپێکەی خۆی زیاتر بەهێز دەکات، لەژێر سێبەری سیاسەتی بەتایبەتیکردن (الخصخصة) لەڕووی ئابوری و کارگێڕییەوە، پێمان وایە، هیچ ئاستەنگیەک نییە، لەجێگرتنەوەی کەرتی تایبەت بەکەرتی گشتی، بەڵام ئەوەی کێشەو ئاستەنگ و ناسروشتییە، تایبەتمەندی و شێوازی کارکردنیان لەلایەک، قۆرخکاری و دەستبەسەرداگرتن و حساب بۆ یاسانەکردنە لەلایەکی ترەوە، لەهەرێمدا کەرتی تایبەت، تایبەتمەندی شازو هەڵسوکەوتی تایبەتی هەیە.

 لەڕاستیدا بوونی کەرتی تایبەت، ئاسانکاری ئابوری و پاڵپشتی دارایییە بۆ حکومەت، چونکە لەلایەک بەیاسا ئەم کەرتە باج و رسومات دەدات بەحکومەت و لەلایەکی تریشەوە دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت و بێکاری کەمدەکاتەوەو بەرهەمهێنان زیاد دەکات. بەڵام بەداخەوە بەهۆی گەندەڵی و دەستێکەڵکردن وهاوسەرگیری ناشەرعی سەرمایەدارو سیاسییەکان، حکومەتی هەرێم، لەچەند ساڵی رابردوودا، نەیتوانیوە باج لەسەر کەرتی تایبەت بەتەواوی وەربگرێت و داهاتی ئەم کەرتە بۆ حکومەت، نەبووەتە بەشێکی سەرەکی بودجەی گشتی، زۆربەی کۆمپانیاکان، سیاسەتی خۆدزینەوە لەباج و رسومات پەیڕەودەکەن، هەندێجاریش هەوڵی بەدەستهێنانی لێخۆشبوون دەدەن.

هەربۆیـــە زۆر گرنگە، کارو ئەرکی کەرتی تایبەت، بەیاسا رێکبخرێت و چوارچێوەی کارکردنیان دیاری بکرێت، ئەرک و مافی کارکەرانی ئەم کەرتە، گرنگی پێبدرێت لەڕووی کاتژمێرەکانی کارکردن و بیمەو پاشان خانەنیشینی، بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی کەمببێتەوەو کارکەرانی کەرتی تایبەت، هەمان ئیمتیازو مافیان هەبێت کە لەکەرتی گشتیدا هەیە.

 لەلایەکی ترەوە، پێویستە حکومەت هەوڵی تەواوو هاوکارو یارمەتیدەر بێت بۆ هەستانەوەی رۆڵی کەرتی تایبەت لەهەرێمدا، تاچیتر هاونیشتمانیان پشت بەکەرتی گشتی نەبەستن بۆ بەدەستهێنانی کارو داهات *.

ئابووریناس

 

**حکومەتی هەرێم، لەچەند ساڵی رابردوودا، نەیتوانیوە باج لەسەر کەرتی تایبەت بەتەواوی وەربگرێت و داهاتی ئەم کەرتە بۆ حکومەت، نەبووەتە بەشێکی سەرەکی بودجەی گشتی، زۆربەی کۆمپانیاکان، سیاسەتی خۆدزینەوە لەباج و رسومات پەیڕەودەکەن، هەندێجاریش هەوڵی بەدەستهێنانی لێخۆشبوون دەدەن

**زۆر گرنگە، کارو ئەرکی کەرتی تایبەت، بەیاسا رێکبخرێت و چوارچێوەی کارکردنیان دیاری بکرێت، ئەرک و مافی کارکەرانی ئەم کەرتە، گرنگی پێبدرێت لەڕووی کاتژمێرەکانی کارکردن و بیمەو پاشان خانەنیشینی، بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی کەمببێتەوە

*ئابوریناس

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار