كوشتنی چالاكوانێك شەنگالییەكان نیگەران دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

بەپێی ئامارێك كە دەست هاوڵاتی كەوتووە لەدوای ئازادكردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش تا ئێستا زیاتر لە30كەس كوژراون و دوایین رووداو لەچیای شەنگال كوشتنی چالاكوانێك بوو لەكۆتایی مانگی رابردوودا.

 لەشەش مانگی رابردوو چوار كەس كوژراون، نوێترین رووداوی كوشتن رۆژی 30ی حوزەیران، تەرمی جەمیل سلێمان، چالاكوانی دیارو بەرپرسی راگەیاندنی ماڵی ئێزیدیان لەچیای شەنگال لەدەوروبەری كۆمەڵگای دهۆڵا دۆزرایەوە.

سەعید شەمۆ خوشكەزای جەمیل سلێمان،  لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" دوای نیوەڕۆی رۆژی 30ی حوزەیران جەمیل سلێمان لەماڵ دەردەچێت دواتر ناگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی، دوای كاتژمێرێك لە دەرچوونی هەواڵی كۆژرانی بڵاو دەبێتەوە، چەند كەسێك بەگولە دەیكۆژن دواتر تەرمەكەی فڕێدەدەنە دەوروبەری كۆمەڵگای دهۆڵا، تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی داد كراو دواتر بەخاك سپێردرا"

ناوبراو باسی لەوەشكرد  تائێستا دیار نیە كێ كوشتوویەتی، زیانی بۆ هیج كەسێك نەبووە، وتیشی:" شوفێرەكەی لەلایەن دەزگای ئەمنی نیشتیمانی دەستگیركراوە و لێكوڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت".

 جەمیل سلێمان، تەمەن 40 ساڵ خاوەنی دوو منداڵە، خەڵكی ناحیەی گردعوزێرە، بەڵام لەدوای 2014 لەناوەندی ناحیەی سنون دەژی. چالاكوان و بەرپرسی راگەیاندنی ماڵی ئێزدییان بووە لەچیای شەنگال و دوو مانگیشە بووەتە ئەندام لەگروپی گەنجانی ئێزیدی سەربەخۆو بەردەوام داوای ئەوەی دەكرد تەواوی هێزە چەكدارەكان لەسنوری قەزای شەنگال نەمێنن.

 میرزا خەلەف، فەرماندەی پێشمەرگەیە لەمەزارگای شەرەفەدین لەچیای شەنگال لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكرا كرد كە دوای ئازادكرنی شەنگال تائێستا سەرووی 30 كەس لەسنوری قەزایەكە كوژراون.

میرزا خەلەف وتیشی" ئەگەر ئیدارەیەكی نوێ دابنرێت و قایمقامێكی تازە دانرا، بەدڵنیاییەوە85% رووداوەكانی كوشتن كەمدەبنەوە، چونكە شەڕ و ئاڵوزی بەردەوام لەنێوان گروپە چەكدارەكان سەرەكیترین هۆكارن بۆ زیادبوونی رووداوەكانی كوشتن".

پارێزەرێكی یاسایی لەقەزای شەنگال پێیوابوو بوونی هێزی زۆری چەكدار دەسەڵاتی كارگێڕی بەتەواوی لاواز كردووە، بۆیە رووداوەكانی كوشتن زیادیان كردووە.

نوری عومەر، پارێزەر لەقەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت" لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا چوار كەس كوژراون، ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانی ئێمەیە بكوژەكان دیارنابن ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی كوشتن روو لەزیادبوون بكات".

 نوری عومەر بەپێویستی دادەنێت كە دەزگا ئەمنییەكان و دادگاكان زیاتر كاربكەن بۆ ئاشكراكردنی تاوانبارەكان و دواتر بەپێی یاسا سزایان بدەن تاهیچ كەسێكی تر بیر لەكوشتنی كەسانی دیكە نەكەنەوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی سنون ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە رێژەی كوشتن بەراورد بەناوچەكانی دیكە رێژەیەكی زۆر نییەو شەنگال ئارامە.

خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"رووداوەكانی كوشتن لەهەموو شوێنێك هەیە، بەڵام ئەوەندە زۆر نین و سروشتییە بەپێچەوانەوە دەزگا ئەمنیەكان لەكاتی روودانی هەر جۆرە تاوانێك بەوردی بەدواداچوون بۆ كەیسەكە دەكەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار