هاوڵاتی؛ ناكۆكییە قوڵەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات 

سەرەرای هەوڵەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، هێشتا لایەنەكان ناكۆكن لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
رۆژی یەكی تەمموزی رابردوو وادەی لیژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەبارەی گفتوگۆو دانوساندنی لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆتایی هات و دەركەوت ناكۆكی قوڵ لەنێوان پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكە هەیەو سوورن لەسەر داواكارییەكانی پێشتریان.
رۆژی 9ی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوەتی لایەنەكانی كرد بەئامادەبوونی جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق تا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بگەنە دەرئەنجامێك، بەڵام لەكۆبوونەوەكە بڕیاردرا لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم پێكبهێندرێت و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبەكان گفتوگۆی وردەكاری ئەنجام بدەن.
دوای دەستبەكاربوونی لیژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، مستەفا سەید قادر لەگەڵ نوێنەرانی(پارتی، یەكێتی، كۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی) كۆبوونەوەو جوڵانەوەی نەوەی نوێ بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كرد.
هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان كردووە كە ناكۆكی قوڵ لەبارەی (كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەمواری یاسای هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، كورسی پێكهاتەكان، دابەشكاری كورسییەكان بەسەر پارێزگاكاندا) هەیە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەرۆكایەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەدوای كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان لایەنەكان كە لەسەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامدرا، سەرۆكایەتی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێناو گفتوگۆی ورد لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبە سیاسییەكان كراوەو تێبینی و سەرنجەكانیان كراوەتە راپۆرتێك و دەدرێتە نێچیرڤان بارزانی.
هەروەها باسی لەوەشكرد، بەهۆی نەبوونی لێكتێگەیشتن لەبارەی بەغدا لەنێوان پارتی و یەكێتی كاریگەری كردووەتە سەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
هاوكات چەندین زانیاری بۆ هاوڵاتی خستەڕوو كە زۆرینەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان بكرێتە چواربازنەیی، تۆماری دەنگدەران كە تۆماری بایۆمەتری عێراق بكرێتە بنەما كە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پێ ئەنجامدراوە لەساڵی رابردووداو هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون و پێشنیار كراوە كە ئالییەتێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لەبەغدا وەربگیرێت.
لەلایەكی دیكەوە ئەوەشی باسكرد كە یەكێتی بۆچوونی وایە پێكهاتەكان كورسییەكانیان دابەش بكرێت بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردنداو لایەنەكانی دیكە كێشەی دابەشكاری كورسییەكانیان نەبوو بەسەر بازنەكاندا، بەڵام ئیسلامیەكان و گۆڕان داوای ئەوەیان دەكرد كە تۆماری دەنگدانی تایبەت بەخۆیان هەبێت و بنكەی دەنگدانیشیان بۆ جیابكرێتەوە، بەڵام نوێنەری یونامی ئەوەی رەتكردەوە.

 

یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو: هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن یەك پاكێجە

 


بێستون حەمەساڵح، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان ناكەن و لایەنێك توانیویەتی تەحەكمویان پێوە بكات،  لەسەر ئەم خاڵە یەكێتی پێیوایە دابەش بكرێت بەسەر چواربازنەدا كە پێشنیار كراوە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین كە پێكهاتەكان تۆماری دەنگدەران و بنكەی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ دەنگدان".
دەربارەی ئەوەی لەكۆبوونەوەكەدا نوێنەری یونامی ئەو داواكارییەی دەربارەی پێكهاتەكان رەتكردووەتەوە، بێستون حەمەساڵح وتی:" یونامی هیچ بەڵگەیەكی یاساییان پێنییە، لەكۆبوونەوەكە داوام كرد فەرموون چ بەڵگەیەكی یاسایی هەیە ئەگەر تۆمارو بنكەی خۆیان هەبێت گرفت دروست دەكات، چونكە بەشێك لەپێكهاتەكانیش هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە".
دەربارەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، نوێنەرەكەی كۆمەڵی دادگەری وتی:" زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن یەك پاكێجە، پاشان حەق بدرێت بەلایەنەكان ئاڵوگۆڕ لەپشكی خۆیاندا بكەن".
هاوكات لەبارەی دابەشكاری بازنەكان كە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دەبێت، سەرچاوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو كە زۆربەی لایەنەكان كێشەیان نییە داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەكاربهێندرێت.
بەڵام یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان وتی:"  جیاوازی داتای وەزارەتی پلاندانانی هەرێم سەروو 500 هەزار جیاوازی هەیە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، داتای هەرێم لەوەزارەتی پلاندانان هەڵاوسانێكی زۆر لەهەولێرو دهۆكدا كراوەو نزیكی چوار كورسی ئاڵوگۆڕ پێ دەكات"، بەڵام سەرچاوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەی دووپاتكردەوە كە جیاوازی نێوان داتای دەستەی ئاماری عێراق و هەرێم سەروو 300 هەزار كەسە.
بەپێی خەمڵاندن ئەگەر هەرێمی كوردستان دابەشی چوار بازنە بكرێت (پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 41 كورسی، پارێزگای هەولێر بەپێی هەرێم 36 كورسی، پارێزگای دهۆك 23 كورسی) بەردەكەوێت.
لەبارەی دواكەوتنی هەڵبژاردنەوە یاسین حەمە عەلی، وتی:"ئێمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئەم دۆخەی ئەمڕۆمان لەبەرچاو بووە كە بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكرێتە یەكێك لە لەمپەرەكان بۆ پەكخستنی هەڵبژاردنن، لەبەرئەمە ساڵێك و چوار مانگ پێش 31ی 3ی 2021ەوە هەمواری هەشتەمی یاساكەمان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی پارتی و یەكێتی لەكاتی خۆیدا نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە، ئەگەر لەكاتی خۆیدا گوێمان لێبگیرایە ئێستا پرۆسەكە دیموكراسی و هەڵبژاردن پەكی نەدەكەوت".
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، هەڵبژاردن شەش مانگ بۆ ساڵێك دوادەخرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت كاراكرنەوەی كۆمیسیۆن پێش بخرێت و دواتر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو وەك پێش مەرج دەڵێن دەبێت:" هەمواری یاساكەو كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن پێكەوە بكرێت".
بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەی دووپاتكردەوە كۆبوونەوەی بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لایەنەكان راوێژكاری بووەو بڕیارە پاش 1ی تەمموز كارەكانی لیژنەی باڵای سەرۆكایەتی هەرێم، بەسەرۆكایەتی مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم و راوێژكاران دڵشاد شەهاب و جەعفەر ئیمنكی و بەكر مستەفا راپۆرتێك ئامادە بكەن و لەكۆبوونەوەی داهاتووی لوتكەی لایەنەكان بیخەنەڕوو.
بەدەر لەیەكێتی و پارتی، گۆڕان و ئیسلامییەكان داواكارییەكانی دیكەیان هەیە كە دەنگدانی تایبەت نەمێنێت، یاسین حەمە عەلی وتی:" میكانیزمی بەدیل بدۆزرێتەوە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، وەك چۆن كارمەندانی چاودێری كۆمسیۆن كاتژمێری یەكەم دەنگ دەدەن، بەهەمان شێوە پاسەوانەكانی پاراستنی بنكەكان دەنگ بدەن، ئەوانی دیكە وەك هەر كەسێكی دیكەی مەدەنی لەڕۆژی دەنگداندا دەنگی خۆی بدات".
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری ئەوەی دووپاتكردەوە كە سەرەڕای ئەوەی ناكۆكی و بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی كێشەی لەبەكارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق نییە، بەڵام ئایا ئاماری 2021 وەردەگیرێت یان دواتر.


 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار