هەدەپە: لەهەڵبژاردنی داهاتووی توركیا لەسەدا15% دەنگەكان دەهێنین

لەئەنقەرەوە بەئاشكرا بەئەردۆغان و پارتەكەی راگەیەندرا چارەسەر تەنها ئیمڕاڵییە

2 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

پارتی دیموكراتی گەلان دووپاتیدەكاتەوە كە دەستگیركردن و زیندانی كردنی ئەندام و لایەنگرانیان ورەیان بەرزتر دەكاتەوەو هاوسەرۆكانی هەدەپەش دوای هەڵبژاردنیان لەپێنجەمین كۆندەرەكەیاندا رایانگەیاند:" ئەمڕۆ لەدوێنێ بەهێزترین".

پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە)،  پارتێكی سیاسییە لە توركیا لەژێر كاریگەری ئایدیای چەپ و سۆسیالیزمن، پارتەكە لە 15ی تشرینی یەكەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە.

ئامانجی پارتەكە دامەزراندنی حكومەتێكی دیموكراتییە لەتوركیا بۆ ئەوەی كۆتایی بەكپكردن و قڕكردنی و كوشتن و زیندانیكردن بهێنن.

هەدەپە پارتێكی سۆسیال دیموكراتە كە پابەندە بەدژایەتیكردن لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری و ئاوەتەخوازی كۆتاییهێنانە بە هەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی.

 ئەم پارتە لەكاتی ناساندنی كاندیدەكانی، لەسەدا 50% تایبەت كردووە بۆ ژنان.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشتری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) كە زیاتر لە پێنج ساڵە لەزیندانەكانی توركیادایە لەگەڵ سەدان سەرۆك شارەوانی و پەرلەمانتارانی دیكە بوونەتە سومبولی سەركەوتن و ئەوەندەی دیكە ئەندام و لایەنگری بۆ هەدەپە زیاد كردووەو شەقامی توركیا لەمامەڵەكانی ئەردۆغان و دەوڵەت باغچەلی نیگەرانن.

كۆنگرەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا بەبەشداری پەنجا هەزار كەس ئەنجامدراو 400 كەسایەتی نێودەوڵەتی بەشدارییان كرد لەكۆنگرەكەدا.

پێنجەمین كۆنگرەی گەورەی ئاسایی هەدەپە لەهۆڵی وەرزشی لەئەنقەرە بەدروشمی "ئێمە چارەسەرین، بەڵێنمان هەیە" دەستیپێكرد.

سەرەتای كۆنگرەكە بەخولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لەخوێنی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرە هەڵبژێردران، كە لە پێنج كەس پێكهاتوون و سێ ژن و دوو پیاو.

مەحفوز گولەریوز، هاوسەرۆكی كاروباری رێكخستنی هەدەپە لەوتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووانی كۆنگرەكەدا وتی:" بەڵێن دەدەین ناوەندی فاشیزمی ئەنقەرە بگۆڕین بۆ ناوەندێكی دیموكراسی".

لەكۆنگرەكەدا هەرزار و 50 ئەندام مافی دەنگدانیان هەیە و یەك رۆژ دەخایەنێت، تێیدا جگە لەهەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی گشتیی هەدەپە، ئەنجومەنی هەدەپەش هەڵدەبژێردرێت.

لەكۆنگرەكەدا میدحەت سنجارو پەروین بوڵدان وەك هاوسەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرانەوەو 43 كەس وەك دەستەیەكی راوێژكاریی گەورە كە بۆ یەكەم جارە لەنووسەران و ئەكادیمی و رۆژنامەنووس و هونەرمەندان پێكهێندرا.

 

 نوێنەری هەدەپە لەهەرێمی كوردستان: ئەكەپەی دەسەڵاتدار لەهەوڵدایە هەدەپە دابخات كە 300 كەسایەتی هەدەپە قەدەغەكراون لەتوركیا لەسەر ناوی هەدەپە سیاسەت بكەن، بۆیە ئامادەكاری دەكەین بەناوی پارتێكی دیكە بچینە هەڵبژاردن، ئێمە لەسەدا 15% دەنگەكان و زیاتریش بەدەست دەهێنین

 

میدحەت سانجار. هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە وتەیەكدا كە لەپێنجەمین كۆنگرەی گشتی پارتەكەی پێشكەشی كرد دوای سڵاوكردنی لە ئامادەبووانی كۆنگرەكە رایگەیاند:" ئەم جەماوەرە بە پەرۆشە، ئەو ملیۆنانەی چاو و دڵیان لای ئێمەیە، وەڵامێكی زۆر روون دەدەنەوە بۆ هەموو پیلانگێڕانی دژ بەپارت و هەڤاڵانمان".

هاوسەرۆكی هەدەپە راشیگەیاند:" ئێمە بەهێزترین ئەڵتەرناتیڤی پیلانی نایەكسانی و تاكڕەوی و دەسەڵاتخواز و زەحمەتكێش و تاڵانكارین، ئەمە ئەوان دەترسێنێت بۆیە بە هەموو هێزیانەوە هێرش دەكەن و هەوڵ دەدەن ئێمە بێدەنگ بكەن و پێیان وایە ئێمە لەناودەبەن ئەوان بەدوای خەونە بەتاڵەكان كەوتوون".

میدحەت داوای ئاشتی و چارەسەری كێشەی كوردی كرد وتی:" لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان دەبینین كێشەی كورد بەشێوەیەكی سەرەكی لەلایەن حكومەتەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئامرازی حساب و سیناریۆی سیاسی پیس پێویستە لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆكانی ئەو ماوەیەی دوایی سەبارەت بە گۆشەگیریی رەهای ئیمراڵی هەڵسەنگێنرێت ئێمە لێرەدا حكومەت ئاگادار دەكەینەوە كە یاری بەگۆشەگیری نەكات، هەموو ئەو دەرفەتانە دروست بكەن كە عەبدوڵا ئۆجالان پێی وایە و دەتوانێت پێشكەشی رای گشتی بكات".

هاوكات، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، هاوسەرۆكانی هەدەپە پەیامێكی هاوبەشیان بەبۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەی هەدەپەوە بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە:" لە هەلومەرجی نائاسایی توركیادا و لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەكاندا، گەلەكەمان پێنجەمین كۆنگرەی هەدەپەیان كردە ئاهەنگی دیموكراسی، ئیرادەی ئێمەی بۆ تێكۆشان زیادتر كردو سەلماندی، كە دەتوانین بەزانست و ئیرادەو فیداكاریی بەسەر بەربەست و هێرشەكاندا زاڵ بین.

هەر لەپەیامەكەی هاوسەرۆكانی هەدەپەدا، ئەوەش هاتووە:" ئەو كۆنگرەیەی ئەنجامماندا تەنها كۆنگرەی ئاسایی پارتەكەمان نەبوو، بەڵكو دەبێتە كۆنگرەی گۆڕانكاریی توركیاش، هێز و مۆڕاڵی بەگەلەكەمان بەخشی و دوژمنەكانمانی ترساند كەدەیانەوێت لەناومان ببەن، وەك هەمیشە دەسەڵات لەڕێگەی هێرش و لێپرسینەوەوە ترسی خۆیان لەم كۆنگرەیە دەربڕی، ئێمە لەدوێنێ بەهێزترین، سبەی بەهێزتر دەبین.

نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەهەرێمی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە تاكە چارەسەری پرسی كورد لەتوركیادا گفتوگۆكردنە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان.

ناهیدە ئەرمش، نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لەهەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"ئەكەپەو مەهەپە پلانی قڕكردنی كوردیان هەیە، بەرژەوەندی ئەوان لەكورد كوشتندایە ئەوەش بە دوو رێگا، بەڕێگەی سەربازی و سیاسی خەریكی قڕكردنی كوردن".

هەروەها وتیشی:" پەیامی كۆنگرەی پێنجەمی هەدەپە نەك بۆ ئەكەپەو مەهەپە بووە، بەڵكو پەیام بووە بۆ هەموو گەلی كوردو توركیا، چونكە شەڕو كوشتن چارەسەر نییە، ئێمە ئاشتی و ئازادی و دیموكراسییمان دەوێت".

هاوكات ناهیدە ئەرمش باسی لەوەشكرد كە 400 كەسایەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتمەدار لەئەوروپاو توركیاو باشوری كوردستان میوانی هەدەپە بوون لەكۆنگرەكەدا، وتیشی:"میدحەت سنجار هاوسەرۆكی هەدەپە كە باسی ئیمراڵی كرد لەكۆنگرەكەدا پەیامەكەی بۆ دەوڵەتی توركیا بوو، بۆ پارتی دەسەڵاتدارانی توركیای بوو كە دەیانەوێت كورد تەسلیم بن  بەكوشتن و حەپس و گرتن دەنگی كورد بێدەنگ بكەن، بەڵام چارەسەر لەئیمراڵیە كە 25 كورد دەیەوێت بەڕێگای سیاسی چارەسەر بكرێت".

پاش 10 ساڵ لەدروستبوونی هەدەپە، هەزاران ئەندام و لایەنگری هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان و پارتەكەی ئەردۆغان و باغچەلی دەیانەوێت لەو رێگایەوە كورد لەباكوری كوردستان بێدەنگ بكەن، وتیشی:" 20 هەزار  ئەندام و لایەنگری هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان، لەو ژمارەیە 12 هەزاریان ژنانن،  ئەمڕۆ سەد كەس ئازاد دەكات، سبەی 500 كەسی دیكە دەستگیر دەكات  زیندانی توركیا بێ كورد نابێت و ئەكەپەی دەسەڵاتدار دەیەوێت ژمارەی زیندانی كورد زیاتر بكات".

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەكۆی 600 كورسی پەرلەمانی توركیا 59 كورسی هەبووەو لەئێستادا 56 كورسی ماوەتەوە بەهۆی ئەوەی كە پارتەكەی ئەردۆغان سێ پەرلەمانتاری هەدەپەی بەتەواوی دوورخستووەتەوە.

بڕیارە لەمانگی حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردن لەتوركیادا ئەنجام بدرێت و زۆربەی لایەنەكان لەئێستاوە خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن.

"ئەكەپەی دەسەڵاتدار لەهەوڵدایەو دەیەوێت لەمانگێك یان دوو مانگی دیكە هەدەپە دابخات كە 300 كەسایەتی هەدەپە قەدەغەكراون لەتوركیا لەسەر ناوی هەدەپە سیاسەت بكەن، هەدەپە ئامادەكاری دەكات كە بەناوی دیكە بچێتە هەڵبژاردن واتا بەناوی پارتێكی دیكە بچێتە هەڵبژاردن، ئێمە لەسەدا 15%ی دەنگەكان و زیاتریش بەدەست دەهێنین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار