فاكتەرەكانى پشت كوشتارەكانى سلێمانى و هەولێر
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەنوەر حسێن (بازگر)
تەنها لە ماوەى حەفتا و دوو كاتژمێردا، لە سێ شارى هەرێم، يانزە كەس گيانيان لەدەستداوە، لە ماوەى يەك مانگيشدا نزيكەى (57) كەس گيانيان لەدەستداوە، بە هۆكارى كۆمەڵايەتى و ناديار، ئەوەش كە سەيرە داموودەزگاكانى حكومەت، نيگەرانى خۆيان دەردەبڕن، بەڵام چارەسەرێكى بنەڕەتييان پێ نييە.
پێش هەموو شتێ دەبێ بزانن، فاكتەرەكانى پشت ئەم ڕووداوە سياسى و كۆمەڵايەتييانە، جيا لە ڕووداوە سياسييەكان - كە لە خانەى تيرۆر هەژمار دەكرێن – فاكتەرگەلى زۆرى لە پشتە.
- بەدبەختييەكە لەوەدا نييە، هێزى سەربازى چەكى پێيە، بەڵكو هەموو كەس چەكى پێيە، ئەوەش بەشێكى زۆرى ئەو چەكانەن، كە لە ڕێگاى هەندێك لە بەرپرسان و كوڕەكانيان لە ئۆكرانيا، كرواتيا و بەرازيل بە هەرزان دەيكڕن و بازرگانى ناشەرعى پێوەدەكەن و لێرە بە قازانجى خەياڵى دەيفرۆشنەوە، كە ئەمكارە مافيا، بكوژ، قاتڵ و بازرگانى ناشەرعى دروستدەكات و مەترسى گەورەترى لێ چاوەڕوان دەكرێت.
- فاكتەرى دووهەم، نەبوونى ياسايە، زۆرينەى ئەو بكوژانە دەسەڵاتدارن، يان خەڵكانى چەكدارن، پاش ڕووداوەكە سوڵحى عەشارييان بۆ دەكرێت بە پارەيەكى زۆر، وەكو ئەوەى پێشتر بينيومانە، يان نادرێتە دەست دادگا و دەنێردرێتە وڵاتێكى ئەوروپى، كەواتە بيركردنەوە لە كوشتنى هاوڵاتى بێ ديفاع بۆ ئەو بكوژانە، كارێكى سادەى بێ سزا و دادگايە و دوبارەبوونەوەشى هەر لەم بێ دەربەستييەوە سەرچاوە دەگرێت.
- ڕۆتينى دادگاكان و يەكلانەكردنەوەى كێشە كۆمەڵايەتييەكان بە ڕێگايەكى تولانى، ماندووكەر و پڕ ڕۆتين، كێشە و گرفتە كۆمەڵايەتييەكان نەك حەل ناكات، ئاڵۆزتر و بێ چارەسەر دەيهێڵێتەوە و بۆ كەيسى تيرۆريش دادگاكان، هيچ خۆى لێنادەن.
- مامەڵەى بازرگانى بە مادەى هۆشبەر و تێپەڕبوونى، فاكتەرێكى ترى ئەم كوشتنانەيە، كە پشێويى كۆمەڵايەتى و دەردەسەرى دروستكردوە و كچان و كوڕانى تووشى نائارامى و سەرگەردانى كردوە، لەم ڕۆژانەدا تەنها لە شارۆچكەيەكى بچووك نزيكەى (24) كيلۆگرام دەستى بەسەردا گيراوە، تەنها لە ماوەى چوار ساڵدا (2019 – 2022)، (5419) كەس دەستگيركراون بە تۆمەتى بازرگانى بە مادەى هۆشبەر، كە نزيكەى (1216,309) هەزار و دوو سەد و شانزە كيلۆ و سێ سەد و نۆ گرام بوە، جيا لەوانەى دەستگير نەكراون و ئەوانەش كە دەسەڵات دەرەقەتييان نايەت، كە زۆرينەى ئەو مادانە پێكهاتوون لە (تلياك، كريستاڵ، هێرۆين، حەشيش، جامايكا، ماريجوانا، گراس و شادانە....)، جيا لە (59000) هەزار پاكەت حەب و شروبى هۆشبەر، ئەم ئامارانە چەند مەترسيدارن! چەند فاكتەرى بەهێزى پشت ئەم كوشتن و پشێويى كۆمەڵايەتييەن.
- لەو فاكتەرانە جياوازتر و گرنگتر ميديايە، ميدياى نابەرپرسى ئاڕاستەكراوى بێ مۆڕاڵ و بێ ئيتيك، كە فەزاى كوردستانى هێندە شێواندوە و هەموو ئەو كوشت و كوشتارەى سادە كردۆتەوە، بە دەيان بەناو مۆدێليست و كارەكتەرى سەيرى كردوە بە ئۆلگۆ، بەڵام دەركەوت بەشێك لەمانە ئەجێندايەكى تر جێبەجێ دەكەن و وەكو باند بەكاردەهێنرێن، واتا ميدياى نابەرپرس ڕۆڵى زۆر نێگەتيڤى گێڕاوە لەم بابەتەدا.
لە چەند مانگى ڕابردوودا، ئەوە ميديا بوو، كوشتنى نێوان (خەزور و زاوا)ى كرد بوو بە نوكتەى ڕۆژانەيى و چەندين خانەوادەش بوونە قوربانى، كە بەداخەوە هەندێك لەو ميديايانە، دەسەڵات ئاڕاستەيان دەكات.
وا بڕوات بارودۆخ لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت و كۆمەڵگە تووشى داڕزان و وێرانبوونى گەورەتر دەبێتەوە و ئەم ڕووداوانەش دەبنە ڕۆتين و دووبارەبوونەوەى بێ چارەسەر و بێ حەل.
جيا لەو ڕووداوە كۆمەڵايەتييانە، قەتڵ و كوشتنى خەڵكانى سياسى (تيرۆر) تا دێت لە هەرێم ڕوو لە زيادبوون دەكات، هەرچەندە ئەمكارە تازە نييە و لە دواى ڕاپەرينەوە بە هەزاران كارەكتەرى سياسى لەلايەن وڵاتانى ناوچەكەوە تيرۆركراون، بەڵام هێشتا درێژەى هەيە و بە جۆرێكى تر خۆى نمايش دەكاتەوە، ئەمەيان جێگەى پرسيارە، چۆن چۆنى ئەم وڵاتانە بە ئاسانى دەتوانن كارەكتەرى سياسى و ئۆپۆزيسيۆنيان تيرۆر بكەن و دەرباز بن؟ يان بە فڕۆكەى بێ فڕۆكەوان، كێيان بوێت بيكەنە ئامانج؟
لە هەر حاڵدا هەردوو ڕووداوەكان (چ سياسى، چ كۆمەڵايەتى)، ئاماژەيە بۆ ئەوەى حكومەتى هەرێم، كۆنتڕۆڵى تەواوى پێناكرێت و پێناچێت بير لە چارەسەرى بنەڕەتيش بكاتەوە و چاوەڕواندەكرێت ڕووداوگەلى قورستر و سەختر لەڕێدا بێت، كە زۆربەمان تووشى شۆك بكات.