نامەیەک بۆ ئەردۆگان لە ڕێگای ئەردۆگانیشەوە بۆ هەر تورکێک، بۆهەر فارس و عەرەبێک
2 ساڵ لەمەوپێش
جووتیار رەشید
نامەیەک بۆ ئەردۆگان لە ڕێگای ئەردۆگانیشەوە بۆ هەر تورکێک. بۆهەر فارس و عەرەبێک. دەبێ جەنابتان ئەوە بزانن ئێمەی کورد نەتەوەیەکین ئەگەر سەرژمێریی ڕاستەقینەی کوردانی دابەشبو و پەرتەوازەی جیهان بکەن ژمارەمان لە (100,000,000) سەد ملیۆن تێدەپەڕێ،بەشی زۆرینەشمان مسوڵمانی سونە مەزهەبین،هەڵکەوتەی دابەشبونی جوگرافیشمان لە بەدبەختی ئێوە بەجۆرێکە(ئەگەر بە ئاشتی لەگەڵمان نەژیەن) هەمیشە دەتوانین سەر ئێشە بین بۆتان و خەونەکانتان تێکبدەین(ئەگەر نەهێڵن خەونەکانی ئێمەش لەگەڵ خەونەکانی ئێوە بێتە دی). لە سەرەتای دەرکەوتنی حیزبەکەتان پێمان وابو بەشێوازێکی جیاوازتر لە ئەوانی پێش خۆتان مامەڵە لە گەڵ کورد دەکەن،بۆیە هەمو کورد(نەک هەر کوردانی باکور) لەگەڵ ئەوە بوین،کورد لە باکور مامەڵەی جیاوازتر لەگەڵ ئێوە بکەن و هەلی ئاشتی و پێکەوە ژیان بڕەخسێنن،زۆریش فشار لە کوردانی باشور کرا بەرەو ئەو ئاراستەیە.
کەچی هاوشێوەی هەر دەسەڵاتێکی ڕەگەز پەرست دوای ئەوەی سەر پێکەوتن،نەک هەر دژی کوردانی باکور،دژی هەر کوردێک لە هەر کوێیەک بێ دروشمی ڕەگەزپەرستانەی لەناوبردنی هەر دەسکەوتێکی کوردتان بەرزکردەوە،بەوەش ئەرکی ڕەگەزپەرستانی عەرەب و فارسیشتان خستوەتە سەرشانی خۆتان و کورد گوتەنی خۆتان و وڵاتەکەتان کردوەتە عەبا سوری پێش لەشکر. هەر بەڕاست ئێوە لە مەترسی ڕاستەقینەی ئەو پلانە مەترسیدارەتان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد و شوێنکارەکانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە ئێستا و داهاتودا تێگەیشتون؟ ئێوە دەبەنگترین دەسەڵاتداری ئەم سەردەمەن! گەلەکەشتان بەدبەخترین گەلی ئەم سەردەمەن،چونکە ئێوە سەرکردایەتیان دەکەن! ئێمەی کوردیش لە بەدبەخترینەکانین چونکە بەشێکمان لە ژێر دەسەڵاتی تۆداین و بەشەکەی تریشمان هاوسێتین. سەرباری ئەو بەدبەختیەشمان،خۆشمان دەیان ساڵە گیرمان خواردوە بەدەست نەوەیەک لە بەناو سەرکردەی کوردەوە کە لە ئاست گەورەیی نەتەوەی کورد و پێگەکەی و کێشەکەی نین،لە نێوان وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا دابەش بون و پێیان وایە بەو پەتپەتێنەیان کورد ڕزگار دەکەن،بەوەش نەک هەر نەیانتوانیوە لە ئازارەکانی نەتەوەکەیان کەمبکەنەوە بەڵکو ئێوەشیان بەهەڵەدا بردوە و پێتان وایە کورد بریتیە لەو حیزب و بەناو سەرکردانە،دەتوانن بە چەند دەسکەوتێکی کاتی بیانکڕن؟ کورد بریتی نیە لەو چەند حیزب و بەناو سەرکردانەی ئێوە بە ئارەزوی خۆتان یاریان پێدەکەن.
کورد نەتەوەیەکی زیندوی خاوەن مێژوە وەک هەر نەتەوەیەکی زیندوی ناوچەکە،خاوەن خاکێکی بەپیت و سامانی سروشتی زۆر و زەوەند،خاکەکەی لە ڕوی جوگرافیەوە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگی هەیە (ئێوە لە ئێمە باشتر ئەو ڕاستیە دەزانن چونکە بەشێکی لە ژێر دەسەڵاتی ئێوەدایە)،هێزێکی مرۆیی گەورەی هەیە، کە لە سەد ملێۆن نزیک دەبێتەوە،هەموو ئەو بنەمایانە نەک بەشی دەوڵەتێکی بەهێزی هەرێمی دەکەن،بەڵکو تێری زل هێزێکی ناوچەیی دەکەن. بیرێک لە نەوەکانی داهاتووتان بکەنەوە جەنابی ئەردۆگان؟ئەگەر بیر لە تورکیایەکی بەهێز دەکەیەوە! ئێوە دەتانەوێ چی بکەن؟ دەتانەوێ گەشە بە تورکیا بکەن؟ دەتانەوێ تورکیا بکەنە دەوڵەتێکی زل هێزی هەرێمی؟ دەتانەوێ ئیمپراتۆریەتی عثمانی زیندو بکەنەوە؟ هەرکامێک لەمانە ئامانجتان بێ،یان هەرسێکیان بەیەکەوە بە دوژمنایەتی کورد خەونەکەتان زیندە بەچاڵ دەکەن! چۆن وڵاتێک گەشە دەکا و ئەمن و ئاسایش تێدا بەرقەرار دەبێ لە ناوخۆ کێشەی لەگەڵ زیاتر لە (40,000,000) چل ملێۆن هاوڵاتی خۆی هەبێ کە کوردن،لەوەش دژوارتر ئەو گەلە هێزێکی شەڕکەری سەرسەختی ڕاهێنراوی وەک (پ.ک.ک ) ی هەبێ.
لەوەش زیاتر دژایەتی کوردانی ڕۆژ ئاوا بکەی کە هێزێکی شەڕکەری تۆقێنەرە وەک (پەیەدە و هاوشێوەکانی) هەیە کە زیاتر لە (100,000) شەڕڤانی ڕاهێنراوی بە پێشکەوتوترین چەکی شەڕی پارتیزانی و نیمچە بەرەیی هەیە،خەلافەتی داعش لەسەر دەستی ئەوان کۆتایی پێهێنرا. لە پارچەکانی تریش چ لە باشور و چ لە ڕۆژهەڵات کورد دەیان ساڵە خەباتی چەکداری دەکا،شارەزاییەکی کەم وێنەی هەیە لە شەڕی پارتی زانی لە ناوچەکە،لە باشور خاوەنی هێزی پێشمەرگە و چەندین هێزی چەکداری ڕاهێنراوی ترە،کە لە شەڕی داعش و کۆتایی پێهێنانی خەلافەتەکەیاندا ڕۆڵێکی هاوشێوەی برا شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان بینی. بیانوی دژایەتی کردنی کوردتان چیە؟ -خۆ کورد لە ئەو شیعانە مەترسیدارتر نین کە لە تورکیا دەیان حسینیەیان هەیە و بە ئاشکرا و وەک سونەکان بانگەشە بۆ مەزهەبەکەی خۆیان دەکەن و حیزبی تایبەت بە خۆیان هەیە و گەورەترین زل هێزی ناوچەکە پشتیان دەگرێ کە ئێرانە،دوژمنایەتی مێژویی تورک و فارس ،شیعە و سونەیش شاراوە نیە. -مەگەر لە ئەو جولەکانە مەترسیدارترین کە بە ئاشکرا لە تورکیا ڕێوڕەسمە ئاینیەکانیان بەڕێوە دەبەن و حاخامەکەیان لە گەڵ ئیسرائیل پەیوەندی ئاشکرایان هەیە،ساڵ نیە چەندین جاسوسی ئیسرائیل لە تورکیا نەگیرێت و بەرنەدرێن؟! -ئەرێ بەڕاست لە مەسیحی و ئەرمەنەکانیش مەترسیدارترین کە چەندین حیزبیان هەیە و چەندین دەوڵەتی گەورەی جیهانی پشتیوانیان دەکا،هەتا ڕادەیەک دەستیان گرتوە بەسەر ئابوری تورکیادا. -ئەگەر بە چەپ یان علمانیمان دەزانن،بەقەد هیچ کام لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا حیزبە کوردیەکان ئەو دروشمانەیان هەڵنەگرتوە کە ئێوە بە دروشمی چەپیان دەزانن،هیچ کاتیش هیچ حیزبێکی کوردی داوای تەواوی دەسەڵاتی تورکیای نەکردوە.لە هیچ کام لەو کودەتا سەربازیانەی بەسەر حکومەتی تورکیادا کراون،کورد بەشدار نەبوە. -لەهیچ کام لە حیزبە تورکە سونە گەراکانیش مەترسیدارتر نین لەسەر تورکیا،کە لە باوەشی گەورەترین زل هێزەکانی جیهانەوە (خۆتان گوتەنی کودەتاتان بەسەردا دەکەن). کەواتە بیانوەکانتان جگە لە ڕەگەز پەرستی هیچ بنەمایەکی نیە،لەوەش زیاتر دەبەنگیە،ئەگەر دەشڵێن نە ڕەگەز پەرستین و نە دەبەنگین. کەواتە بەکرێگیراوی زل هێزەکانن،دەتانەوێ توانا مرۆیی و ئابوریەکانی ناوچەکە نەچنە خزمەت گەلانی ناوچەکە، (ئەو خەون و دروشمانەش کە بۆ تورکیا بەرزتان کردونەوە،نە بە شۆڤینی،نە بە دەبەنگ و نە بە بەکرێگیراو نایەنە دی). بەڵکو هەوڵەکانتان و پلانەکانتان لە سەروی هەموشیانەوە دژایەتی نەتەوەی کورد و خەون و دەسکەوتەکانی،بۆ ئەوەیە تورکیا و ناوچەکە هەرگیز گەشە نەکەن و لە شەڕی ناوخۆدا گیر بخۆن،سەروەت و سامانی گەلی تورک و کورد و گەلانی ناوچەکە لە بڕی ئەوەی لە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی دا خەرج بکرێ،لە شەڕ و کوشتار و کاولکاریدا خەرج بکرێ ئەوەش هەمان ئەو ئەقڵیەتەیە کە تورکە دەسەڵاتدارەکانی پێش تۆ پیادەیان دەکرد و ئێستا جەنابتان بە نۆکەری بێگانە و دژە تورک ناویان دەبەی،بۆ ساتێک خۆت بخە شوێنی کوردێک و سەیری ڕەفتارەکانت بکە بەرامبەرمان. هەتا کەی پەند و وانە لە مێژو وەرناگرن؟ هەتا کەی ئێمە و گەلانی خۆشتان لەو نەهامەتیە مێژوییەدا دەهێلنەوە؟ ڕاگرتنی ئەردۆگان و هەر دەسەڵاتدارێک، چ کورد بێ چ تورک چ فارس و عەرەب لە درێژەپێدانی ئەو شەڕ و کاولکاریەی سەدان ساڵە لە وڵاتەکانماندا بەردەوامە لەسایەی عەقڵی نەخۆشی بە ناو سەرۆک و سەرکردەکانی ڕابرد و ئێستای ناوچەکە ئەرکی کورد و تورک و فارس و عەرەبە مرۆڤ دۆستەکانە وەک یەک و بەیەکسانی. وەرن با بەهەموومان بیرێکی ژیرانە لە گەلەکانمان و وڵاتەکانمان بکەینەوە،لەسەر جۆرێک لە پێکەوە ژیانی مرۆڤانە ڕێکبکەون کە کەرامەتی هەموانی تێدا پارێزراو بێ. دەیان ساڵە بە چەک و ئاگر هەوڵی لە ناوبردنمان دەدەن،لەگەڵ ئیبلیسیش هاوکاری دەکەن،دەست لە دەیان دەسکەوتی وڵاتەکانتان هەڵدەگرن و سازش بۆ هەموو دەوڵەتان دەکەن،هەزاران لە باشترین توانا سەربازیەکانمان،بەشێکی زۆری ئابوری گەلەکانمان کراوەتە سوتەمەنی ئەقڵی نەخۆشی هاوشێوەی ئێوە،خۆشتان و گەلەکانیشتان لە بازنەیەکی داخراوی بئ ئەنجامدا سوڕ دەدەن. لەبەرامبەردا کوردیشتان ناچارکردوە هەمان ڕێگا بگرێتە بەر و سازش بۆ ئیبلیسیش بکا لەبەرامبەر پشتگیریکردنێکی کاتیش بوبێ،دەیان ساڵە لەو بازنە داخراوەدا دەسوڕێنەوە،باشترین و لێوەشاوەترین توانا سەربازیەکانمان لەدەست دەدەین،سەروەت و سامانی وڵاتەکانمان بەهەدەر دەدەین،زەمینەی گەشەسەندنی مرۆیی و ئابوری دروست نابێ،لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئەو فشارە شۆڤینیانەتان لە داهاتودا بزوتنەوەی توندڕەوی کوردی بەرهەم بهێنێ،کەلەم سەردەمی تەکنۆلۆجیایەدا مەترسی ڕاستەقینە لەسەر نەوەکانتان و ئابوری وڵاتەکانتان دروست دەکات.
دەیان ساڵە نە ئێوە توانیوتانە بەچەک و کوشتن کورد لە ناوبەرن،نە ئێمەش توانیومانە مافەکانی خۆمانتان لێ وەربگرینەوە لە خاک و دەسەڵاتداری گەلی خۆمان. پێشنیار دەکەم بۆ ڕۆشنبیران و کەسایەتیە نیشتیمانیەکانی کورد چەک لێگەڕێن بۆ چەک بەدەست و شەڕکەرەکانی هەردوو لا،هەوڵی لێکتێگەیشتنی ئاقڵمەندانەی کورد و گەلانی سەردەستمان لە ڕێگای گفتوگۆی نێوان ڕۆشنبیران و ناوەندەکانی بیرکردنەوە گفتوگۆی بەردەوام و نەپساوە هەبێ و هەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژەی هاوبەش بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەی کورد لەگەڵ گەلانی ناوچەکە دابڕێژرێ و هەموو لایەکیش لە ناو گەلانی خۆیان لۆبی و کۆڕ و سیمیناری بۆ بکەن،لەوانەیە ئەم ڕێگایە کورت تر و کەم تێچوتر بێ لە شەڕ. هیوادارم ئەم ڕێگایەش تاقیبکەینەوە،ئەگەر سودیشی نەبێ زیانی نیە.