ئەمەریكاو هەرێمی كوردستان بەیەكەوە باشترن
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕۆبێرت پاڵەدینۆ
هەر لەگەڵ گەیشتنم بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق ساڵێك لەمەوبەر بۆ ئەوەی وەك كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لێرە خزمەت بكەم، دیدگایەكی ڕوون كە هەم بوو بریتی بوو لە فراوانكردنی تێكەڵكێشی و پەیوەندی ئەمەریكا لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستاندا، لە زاخۆوە بۆ هەڵەبجە، لەبەرئەوەی بەیەكەوە باشترین.
بەداخەوە، لە مانگی تەمموزی ڕابردوو ٪٧٥ ی كارمەندانی لۆكاڵی كونسوڵخانە لە ماڵەوە كاریان دەكرد، دانی پیادەنێم ئەوە ئەوشتە بوو كە زۆر نیگەرانی دەكردم لەبەرئەوەی ئەمەریكا ناتوانێت بەبێ كارمەندە لۆكاڵیە بێوێنەكان سەركەوتوبێت. ڕووم كردە كوردە نیشتمانپەروەرەكان و گوتم ئێمە یەك مێژووی هاوبەش لە قوربانیدانمان هەیە و پێویست دەكات بەیەكەوە بین بۆهەماهەنگیكردن و بنیاتنانی پەیوەندی بەهێزتر لە نێوان حكومەت و هاوڵاتیانمان. زۆر هەستم بە سەربەرزیكرد كاتێك بینیم ٪١٠٠ كارمەندانی لۆكاڵی گەرانەوە سەركار تاكۆتایی مانگی ئاب.
چەند شتێكی گەورەمان بەیەكەوە بەدەستهێنا. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پێی وایە كە كەرتی تایبەت بزوێنەری گەشەكردنە، بۆیە داكۆكیمان لە چاكسازی بازرگانی كرد كە ئەمەش ڕێگەی بەو بازرگانی و كۆمپانیایانەی ئەمەریكا دا كە لێرە كاردەكەن فراوان بن و دەرفەتی كاری باش بڕەخسێنن كە یارمەتی ئابوری هەرێمی كوردستان دەدات. باشترین بەشی دیبلۆماسی بازرگانیمان بریتی بوو لە بینینی پێشەنگكارانی گەنج لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا و خەونی گەورەیان بۆ گەشەكردن سەرنجی ڕاكێشام. قەرزمان دا بە پێشانگكاران و یارمەتی پڕۆژەی بچوكماندا و خۆشحاڵ بووین بە بینینی دروستكردنی هەلی كاری تازە. قەرزی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكا بۆ فراوانكردنی كۆرمۆر مانای زۆر لەخۆ دەگرێت و كارەبای خاوێنتر بۆ هەموو عێراقیەكان دابین دەكات.
دیبلۆماسی ئەوەمان لێدەخوازێت كە پەرە بە پەیوەندی بەهێزی نیوان حكومەتەكان بدەین، سەربەرزم بە یارمەتیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی چاكسازیدا، نەهێشتنی كارمەندی بندیوار كە ئەرك بوون بەسەر سامانی گشتیەوەو هەروەها كاركردن لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ گلدانەوەی ئاوو نەهێشتنی زیادەڕۆیی بۆسەر ئاو، كە بووە هۆی پاشەكەوتكردنی زیاتر لە یەك ملیار لیتر ئاو ساڵانە.
ئەوەی گرنگە كونسوڵخانە زۆر زیاتری كردووە وەك تەنها كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و پارتە سیاسیەكان، هەوڵی زۆرمان خستوەتەگەڕ بۆ بینینی هاوڵاتی ئاساییش. یارمەتی پەرواێزخراوەكانمان داوەو زۆرجاریش هەوڵمانداوە ببینە دەنگی بێدەنگەكان. گەورەترین بەخشەری كۆمەكی مرۆیین بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانەی لە كەمپەكاندا دەژین، كۆمەكی شێلتەرەكانمان كردووە بۆ پاراستنی ژنانی دەرباز بووی توندوتیژی خێزانی، ناو بەناو لەگەڵ كچان و كوڕانی ئێزدیدا كۆبووینەتەوە، داكۆكیمان لە هەموو پێكهاتە ئایینیەكان كردووە و چالاكانە پشتیوانی ئەو ڕۆژنامەنوسانەمان كردووە كە ڕوبەڕوی پێشێلكاری ئازادی ڕاگەیاندن بوونەتەوە. كۆمەكی زانكۆكانمان كردووە و زۆرجار قسەمان لەگەڵ خوێندكارنی زانكۆدا كردووە بۆ بیستنی پەیامەكانیان وچەندان زەمالەی خوێندنمان بەخشیوە، لەوانەش خوێندكاری یەكەم لە زانكۆی ئەمەریكی لە عێراق-سلێمانی.
دروستترین سەلمێنەری هاوڕێیەتیەكەمان بریتیە لە پەیوەندی نێوان هاوڵاتیانمان. دوای وەستانێكی زۆر كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا دەستی بە خزمەتگوزاری پێدانی ڤیزە كردەوە، چونكە دەمانەوێت خەڵكی هەرێمی كوردستان ببینین كە دەخوێنن و گەشت دەكەن و بازرگانی دەكەن لە ئەمەریكا. لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی ئاڵوگۆڕی كەلتوریدا زیاتر لە ١٠٠ گەنجمان ناردووە بۆ ئەمەریكا بۆ ئەوەی دەرفەتەكانی ژیانیان فراوان بكەن، هەروەها زیاتر لە ٢٠ ئەفسەری پێشمەرگەمان بۆ ڕاهێنانی سەربازی پێشكەوتوو ناردووە. سەربەرزین بە پشتیوانیكردنی پەیوەندی دەستەخوشكی نێوان دهۆك و گەینسڤیڵ-فلۆریدا و هەولێروناشفیڵ-تێنسی، چونكە پێمان وایە ئالوگۆڕی زیاتری بازرگانی و كشتوكاڵ و ئاڵوگۆڕی خوێندن ڕۆحی بەها هاوبەشەكانمانن. كۆمەكی داراییمان بۆ پرۆژەی گەورەی پاراستنی كەلتوری تەرخان كردوە، هەر لە حەمامی قەڵای هەولێرەوە بۆ پەرستگای ئیزدیەكان لە لالش و دەرگای بادینان لە ئامێدی وپەرستگای ئیزیكیەل لە شوش، چونكە پێمان وایە كەلتوری هەرێمی كوردستان گەنجینەیە بۆ هەموو جیهان.
بێگومان هیچ شتێك مەحاڵ نیە بەبێ هەرێمی كوردستانێكی سەقامگیر و ئارام. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بەردەوامە لە كاری گرنگی پێشكەشكردنی ڕاهێنان و ڕاوێژ لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بەڕابەرایەتی ئەمەریكا بۆ تێكشكاندنی داعش، هەزاران پێشمەرگەی ئازای لەژێر كۆنترۆڵی پارتە سیاسیەكانەوە گواستەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و هەروەها زیاتر لە شەش هەزار پارچە كەلوپەلی ڕادەستی پێشمەرگە كرد. لە پێناو سەلامەتی هەرێمی كوردستان، هەڵساین بە بەهێزكردنی توانای هێزە ئەمنیەكان و هێزەكانی جێبەجێكردنی یاساو كۆمەكی دژەتیرۆرمان دەست پێكردەوەو بڕێكی بەرچاو كەلوپەلی دژەتیرۆرمان پێشكەش كرد.
ئێستا هەستێكی پڕ لە ڕێزو پێزانینم بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە جوان و قەشەنگە هەیە، خانەخوێیی و باوەش كراوەییتان بۆمن و هاوڕێ ئەمەریكیەكانم لە بیر ناكرێت. هەرێمی كوردستان ڕێگایەكی دووروودرێژی بڕیوە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا و زۆر شت هەن تا فەخریان پێوە بكرێت. پرۆسەی دیموكراسی درێژ و زەحمەتە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا شان بە شانتان دەوەستێت. پەیوەندی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان بەهێزە، بەڵام بۆئەوەی ئەم پەیوەندیە بەهێزتر بكەین، پێویست دەكات بەیەكەوە كاربكەین بۆ بەرەوپێشبردنی بەها هاوبەشەكانی وەك ئازادی ڕادەربڕین، چاكسازی ئابوری و یەكگرتوویی كورد. داكۆكیكارتان دەبم لە واشینتۆن و هەركاتێك داوام لێبكرێت ئامادەم بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی پەیوەندیە تایبەتەكەمان. هاوڕێیەكی درێژمەوداتان دەبم، لەبەرئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاو هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەكەوە باشترن لە ئێستاو داهاتوشدا.
ڕۆبێرت پاڵەدینۆ، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر.