لە پەندە گرنگەکانی سریلانکا
2 ساڵ لەمەوپێش
جووتیار رەشید
ڕاستە خێزانی ڕاجاباسکای دەسەڵاتداری ئێستای سریلانکا وڵاتەکەیان لە بەڵای شەڕی ناوخۆ دەرهێنا،بەڵام لە ئەنجامی چاوچنۆکی و دەبەنگیانەوە خێزانەکەیان گۆڕی بۆ خێزانێکی ئۆلیگارشی چاوچنۆک کە سەرەنجام بوە زەلکاوی گەندەڵ و خوردە ئۆلیگارشەکانی سریلانکا،وڵات و گەلی سریلانکای بەو ڕۆژە گەیاند.
یەکێک لە پەندە گرنگەکانی مەترسی ڕاستەقینە و دور مەودای خێزانە دەسەڵاتدارە ئۆلیگارشەکان و چاوچنۆکی چینیەکان لەسەر داهاتوی گەلان.
سەرەتای ئەو مەترسیە دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەی دروستکردنی مینایەکی مۆدێرن لە شاری هامبانتوتا، بیرۆکەکەی بیرۆکەی چینیەکان بو خۆشیان بودجەیان بۆ دروستکردنی دابینکرد،لەلایەن کۆمپانیا چینیەکانەوە جێبەجێکرا(قێزەونترین سیمای کۆمپانیا چینیەکان ئەوەیە لە پڕۆژەکانیاندا ناهێڵن وڵاتی خاوەن پڕۆژە یەک دۆلار سودمەند بێ،هەموو ستافی تەکنیکی و دەستی کار لە چینەوە دێنن تەنانەت خواردن و خواردنەوە و ئاوی خواردنەوەش لە چینەوە دێنن).
دیقەت بدە دەبەنگی خێزانە ئۆلگارشەکان هەتا چ ڕادەیەک مەترسیدارە،لەوەش مەترسیدارتر کاتێک دەکەونە بەردەستی هێزێکی بێ بەزەیی وەک چینیەکان.
چینیەکان بۆ پێشنیاری دروستکردنی مینای هامبانتوتایان بۆ خێزانی ڕاجاباسکا کرد؟لە کاتێکدا سریلانکا خاوەنی مینای کۆڵۆمبۆیە(کە یەکێکە لە گەورەترین مینا دەستکردەکانی جیهان و تێری هاوردە و هەناردەی سریلانکای دەکرد بە زیادەوە)،دروستکردنی مینای هامبانتوتا پێویستیەکی هەنوکەیی نەبو بۆ سریلانکا!چۆن خێزانی دەسەڵاتدار بەوە ڕازی بون،لە کاتێکدا دەیانزانی قەرزەکەیان پێنادرێتەوە؟
-شاری هامبانتوتا شاری دایکی خێزانی دەسەڵاتدارە،بە بنەچە خەلکی ئەو شارەن،پێیان وابوە بە دروستکردنی ئەو مینایە گرنگی ئەو شارە دەکەنە یەکەم لە سریلانکا و جۆرێک لە شەهامەتی خێزانیان بەسەر گەلی سریلانکادا دەسەپێنن،پایەکانی دەسەڵاتی خێزانیان پتەوتر دەکەن،چینیەکانیش ئەو سۆزی دەبەنگیەی ئەو خێزانیان قۆستەوە و توانیان ڕازیان بکەن.
میناکە بۆ چینیەکان یەکێکە لە خاڵە بە هێزەکانی سەر ڕێگا بازرگانیە جیهانیەکەیان.
دوای تەواو بونی میناکە دەرکەوت داهاتەکەی بەشی دانەوەی قەرزەکانی چینیەکانیان ناکات،بۆیە بە ناچاری دەسەڵاتدارانی سریلانکا ناچاربون میناکە بئ ماوەی 99 ساڵ بەکرێ بدەنە چینیەکان لە بڕی قەرزەکانیان.
نامەوێ بڵێم کە ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان فریشتەن، بەڵام کە ڕەفتار و پلانە چاوچنۆکەکانی چینیەکان لێکدەدەیتەوە،دەڵێی هەزار ڕەحمەت لە کفن دز.
قەرزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوروپای دوای جەنگی جیهانی دوەم لە پڕۆژەی مارشاڵدا،ئەو ئەوروپایەی لێ بەرهەم هات کە ئێستا نمونەی وڵاتانی خۆشگوزەرانی دونیان.
قەرزەکانی ئەمریکا بۆ ئاسیا دەیان نمونەی وەک کۆریای باشوری لێ بەرهەم هات کە نمونەی وڵاتی پێشکەوتوە لە ئاسیا.
تەنانەت داگیرکاریەکانی ئینگلیز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیان مینا و سکەی شەمەندەفەر و بەنداوی ستراتجی و هەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری لێ بەجێما کە هەندێکیان هەتا ئێستاش ماون.
(پێم وایە مەترسیدارترین هێز لە ئێستادا لەسەر داهاتوی گەلان ئەو هێزەیە کە لە ئەنجامی پاڵپشتی قەرزی چینیەکان بۆ خێزانە ئۆلیگارشەکان دروست دەبێ)
مەترسی چینیەکان لەوەدایە بە ئەسپایی و بێ خشپە لە ڕێگای قەرزەکانیانەوە خۆیان دەکەن بە وڵاتانی جیهاندا و لە بڕی قەرزەکانیان بەشێک لە خاکەکانیان کە ستراتیجیترین شوێنی ئەو وڵاتانەن دەبەن بۆ خۆیان،بەوەش دەبنە (کوانی ژێرپەنجەیی) و دەچنە گیانی گەلانەوە.
بۆیە پێم وایە کاتی ئەوە هاتوە ئەمریکیەکان و ڕۆژئاواییەکان لە لایەک و گەلانی ناوچەکە لە لایەکی ترەوە لەو مەترسیە ڕاستەقینە هاوبەشە تێبگەن.
لەسەر ئەمریکیەکان پێویستە لەگەڵ هێزە نیشتیمانیە میانڕەوە و کەسایەتیە نیشتیمانیەکانیان بکەونە گفت و گۆ و واز لە خێزانە ئۆلیگارشەکانی ناوچەکە بهێنن(مەترسی ڕاستەقینەن لەسەر گەلەکانیان و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە هەمان کاتدا)،لە بەرامبەریشدا ئەرکی هەنوکەیی ئەو هێز و کەسایەتیانەشە هەوڵ بدەن ئەمریکیەکان بگەیەننە ئەو بڕوایەی سیاسەتەکانیان لە ناوچەکە بگۆڕن.
گەلانی ناوچەکە تەنها یەک داواکاریان هەیە،ئەویش ئەوەیە لە چوارچێوەی خاک و زمان و کەلتوری خۆیان وەک مرۆڤ بژین،بۆیان گرنگ نیە دەسەڵاتدارەکانیان هاو بەرژەوەندی بن لەگەڵ ئەمریکا یان وڵاتانی دراوسێیان.
لە کۆتاییدا بە ئەمریکی و ئەوروپیەکان دەڵێم:-
ئەوە گەلانی دونیا نین مەترسین لەسەر بەرژەوەندیەکانتان،بەڵکو خێزانە ئۆلیگارشە دەبەنگەکانن (مەترسی ڕاستەقینەن لە سەر بەرژەوەندیەکانی ئێوە و ئێستا و داهاتوی گەلەکانیشیان).