عەلی توڵابی هونەرمەندێکی بلیمەتی نەتەوەیەکی ژێردەست

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارام رەفعەت

دواجار عەلی توڵابی بووە براوەی خەڵاتی عەسری جەدید.

عەلی ئەو مناڵە بلیمەتەیە کە لەگەڵ خوشک و برایەک و دایک و باوکیدا لە خانوویەکی دوو ژووریدا دەژین. پرۆڤەی گۆرانییەکانی لەهەمان ئەو ژورەدایە کە خێزانە پێنج کەسییەکەی تێیدا دەخەون، دەخۆن، دەخوێنن و میوانداری دۆست و خزمانییان دەکەن. عەلی راهێنەری نەبووە و تەنها باوکی هاوکاری بووە.

عەلی لەو کەلاوەیەوە بەسەر دەیان مناڵی خواپێداوی نەتەوەی سەردەستی فارسدا بووە براوەی پێشبڕکێکە.

حەسەن زیرەک ئەو کەلاوەیەشی نەبوو. نزیک بە سەرتاپای ژیانی بێ ماڵ و حاڵ بوو. بەڵام، ئەگەر لێم بپرسن چ شتێک کورد هەیەتی فارس و عەرەب و تورک نییانە و کوردی پێ لەو نەتەوانە جیا دەکرێتەوە، بێ دوو دڵی دەڵێم حەسەن زیرەک.

ئاخر دەوڵەتەکانی تورک و عەرەب و فارس ملییۆنان دۆلار لەهونەرمەندکانییان سەرف دەکەن و بەڵام کامییان هونەرمەندێکی خۆرسکی هاوشێوەی حەسەن زیرەکییان هەیە؟

ماملێ وتبووی بەدەنگی خۆم و بە کەمان و تەمبوورێک، ئەویش دوو ئازەری بۆیان دەژەنیم، هەر ئەوەندەم پێ دەکرێ. بەڵام ئەوەی ماملێ کردووییەتی جۆرێکه لە موعجیزە. ماملێ هێندە رەسەنە، هێندە رەسەنە، هونەرمەندی هیچ نەتەوەیک لەم بوارەدا شان نادەن لەشانی. مرۆڤ دەبێت رۆحییەت و زەوق و چێژی کوردبوونی بە هونەری داگیرکەر نەشێوابێت ئەوسا دەتوانێت لێوانلێو چێژ لەماملێ ببینێت.

یەڵماز گۆنای مەزن هێندەی تەمەنی هونەری لەزیندان بەسەر بردووە، چارەگی ئەوەی لەدەرەوە نەبووە. زۆرینەی فیلمەکانی لەزیندان بەرهەم هاتوون. تێکست و سیناریۆ و پرۆڤە و تەنانەت هەندێکییان وێنە و ئەکشنی بەشێک لە فیلمەکانیشی لەزینداندا بووە. لەبەرامبەریشدا هوونەرمەندە تورکەکان هەموو ئیمکاناتی ماددی و مەعنەوی دەوڵەتی تورکیان لەژێر دەستدا بووە، بەڵام گۆنای دەبێتە براوەی خەڵاتی کان و ئێوەش پێم بڵێن تا ئێستا کامە تورک براوەی ئەو خەڵاتە؟

ئێوە تەماشای ناونیشانی ئەم بەرنامەی ئێرانییەکان بکەن، واتە عەسری جەدید. لانی کەم شەش سەدەیە فارسی زمانی فەرمی دەوڵەتە و لە سەد ساڵی رابردووشدا دەیان ملیار دۆلاری خراوەتە خزمەتی پێشکەوتن و کەشەسەندنی ئەو زمانە و لەبەرامبەریشدا سەدان ملیۆن دۆلار بۆ لەبیربردنەوەی زمانی کوردی خەرج کراوە، کەچی فارسی ناتوانێت و نەیتوانیوە بێ هاوردەکردنی نیوەی چەمک و وشەکانی ببێتە زمانێکی سەربەخۆ و کەڵکی ئاخاوتن و نوسینی هەبێت.

دواجار عەلی توڵابی ریسی سەدساڵەی فاشیزمی فارسی کردەوە خوری. ریسی دابڕاندنی لەک و لوڕ لە نەتەوەی مەزنی کورد. رەنگە لوڕەکان وا بەئاسانی پەیوەست نەبنەوە بەکورد، بەڵام عەلی گیان بەو ئاراستەیەدا بەربەستێکی نەفسی سەختی تێکشکاند. بەربەستێک کە تەنانەت بەخەیاڵی هیچکام لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا نەهاتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار