هـــــەتـــــــا ٢٠٢٤
2 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
هەتا ٢٠٢٤ فایەق شێخ عەلی وەهای گوت. دانانی کاتێکی دیاریکراوە بۆ کۆتایی سیستەمێک یان رژێمێک ئەگەر مەبەست لێی وروژانی سیاسی و کەمپەین نەبێت، کارێکی زۆر سەختە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم ئەو بنەمایانە شیبکەمەوە کە فایەق پشتی پێبەستووە. دیارە ئەوەی من لێرەدا دەیڵێم زانیاری نیەو ئاگاییش نیە لەژیان و پەیوەندی و سەرچاوەکانی فایەقی شێخ عەلی بەڵکو بە بەربنەمای ئەو رووداو و زانیاریانەیە کە لەهەڵقوڵاندان. لەسەرووی هەموویەوە، جەماوەرێکی بەرفراوان لەخەڵکی عێراق ئامادەیە و گەیوە بۆ وەرچەرخانێک، بۆ روودانی رووداوێک. ئەم دۆخە کاتێک خەڵک پڕەو نازانێت چی دەوێت یان چۆن بەدەستی بهێنێت، بەشێکی گەورەی مێژووی نوێی ناوچەکەیە.
لەسەردەمی شۆڕشی ئێرانییەکاندا، میشێل فۆکۆ دەڵێت، بەتەنها یەک پرسیارەوە رۆیشتمە شەقامەکانی قوم و تاران، چیت دەوێت یان چیتان دەوێت؟ فۆکۆ لەخەڵکی سیاسی نەدەپرسی بەڵکو لەئەوانیتر. ئەو دەڵێت تەنانەت یەک جاریش خەڵک وشەی شۆڕشیان ئاماژە پێنەدا، بەڵام دەیانگوت حکومەتێکی ئیسلامی؛ چونکە خومەینی ئەوەی خستبووە سەر زاریان.
ئێستا ئێمە نەک هەر لەعێراق بەڵکو لەکوردستانیش، خەڵک تووڕەو پڕە، بەڵام نازانێت چی دەوێت، ئەوەی دەیڵێت پاڵنەرەکەی لەداخایە یان پەرچەکردارە و ئەگەر بشزانێت چی دەوێت ئەوا نازانێت چۆن بەدەستی بهێنێت. ئەم دۆخە دەروونیە، توڕەییە، بێدەسەڵاتییە وەها دەکات کە زەمینە بۆ هەرکەسێک بسازێنێت کە پێگەو زەمینەیەکی هەبێت، بتوانێت شەقام بوروژێنێت. ئەم بوارانە دێمەوە سەریان لە داهاتودا، بەشێوازی جیاواز، چونکە لێرە مەبەستم ئەوەیە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، ئایا چی وەها لە فایەقی شێخ عەلی دەکات وەها بدوێت؟ لەپاڵ پڕیی و بێزاری خەڵک جوڵەیەک هەیە کە پێیان دەوترێت تشرینییەکان. تشرینییەکان ناوێکی ناڕوونە بۆ کۆمەڵێک هێزو دیدگای جیاواز کەهێشتا بەتەواوی نەڕسکاون. وەک لەئەزمونی وڵاتانی تردا دەردەکەوێت، ئەم گروپە بەرفراوانانە، لەهەناو خۆیدا وردە گروپی زۆر لەخۆی دەگرێت کە ئەولەویەت و فۆکەسیان لەسەر پرسی جیاوازە. فایەق شێخ عەلی دەیەوێت ببێت بەسەرکردەو بڵندگۆی ئەم گروپە. فایەق لەدیدگا و مێژووەوە سەر بە ئەم گروپانە نیە.
فایەق لە سیاسییە خاوەن پاشخان و تایبەتمەندییە کە دەتوانێت زمان بە باشی بەکاربهێنێت، وەک پارێزەرێک، خاوەن ئاگایی و کەلتورێکی تایبەتی نەجەفە، باپیری مەرجەعی باڵای شیعە بووە. ئەم پێگە یان پۆستە ئەوەنیە کە درابێت بەفایەق بەڵکو خۆی تێهەڵقورتاندوە. وەها دەردەکەوێت پەیمانێکی کۆمەڵایەتی رانەگەیەنراو لەنێوان هەردوو لادا هەبێت. فایەق خۆی وەک باوکێک و ئامۆژگاریکەرێک نمایش دەکات بەتایبەتی لەڕێگای تویتەرە ملیونیەکەیەوە. فایەق نەک وەک توانا و مێژوو بەڵکو وەک کەسایەتیش دەزانێت چۆن ئەم یارییە بکات.
فایەق بەزمانێکی بازاڕی عێراقی کڵاوچییەکی شەعبەوییە. ئەگەر بەووردی لەزمان و دەربڕین و یارییە زمانەوانییەکانی بنواڕیت هەر زوو بۆت دەردەکەوێت کە کەسێکی یاریکەرو هەوڵی سەرنجڕاکێشان و خودسەنتەر و زۆر خەسڵەتی ترە. بەڵام سەرباری ئەم دوو فاکتەرە، ئایا چیتر لە ئارادایە کە فایەق پێشبینییەکانی لەسەر بونیاد ناوە؟ وەک لەدەربڕینەکانیدا دیارە فایەق نزیکە لەکەنداو بەتایبەتی کوێت، نزیکە لەسەدر، یەکێکە لەو عێراقییە دەگمەنانەن کە دان بە ئەوەدا دەنێت کە شیعەی ئێرانی بەکەم و پیس تەماشای شیعەی عێراقی دەکەن. کەسێکی تر کە دان بەئەم مامەڵەیەدا دەنێت نیبراس کازمییە. وەک نبراس دەیگێڕێتەوە، هەر کاتێک قاسم سلێمانی رۆشتبێتە ناو هەر ماڵێکی پاکەوە لەعێراق دەستوبرد ئاماژەی بە پاکی ماڵەکە داوە وەک سەرسوڕمانێک. دیارە پاکێتی و هایجین هەمیشە بەشێکە لە پرۆسەی شارستانی.
فایەق لەڕوانگەیەکی ترەوە لەم پرسە دەڕوانێت بەڵام ئەوەمان پێدەڵێت کە خۆی وەک کەسێکی شیعەی عێراقی دادەنێت. ئەم پاشخانە ئێستا وەک پاڵنەرێکی گەورە دەردەکەوێت و سەدر بەپلان و دەرئەنجام نوێنەرایەتی دەکات. شیعەی عێراق دەبێتە خاوەن شوناسێکی جودا لەشیعەی ئێران. یەکێکی تر لە ئەگەری سەرچاوەکانی فایەق، ئەو جەمسەرەیە کە لەپاش دیدارەکانی جەددە دێتە ئاراوە. کەنداوو سوننەو ئیسرائیل، پێکەوە لەبەرەیەکدا لە بەرامبەر ئێران لەئەنجامدا، بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، عێراق دەکەن بەگۆڕەپانی ململانێکانیان. دیارە هەموومان دەزانین لە تەنیشت جەنگی روتەوە، جەنگ و کێبڕکێی تر لە ئارادایە، ئەویش جەنگی سەرچاوەو ئاسایشەکانیەتی. نوخبەی عێراقی ئێستا بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا بەشبوون، بەڵام جگە لەچوارچێوەی هەماهەنگی و هەندی هەواداریان نەبێت، ئەوانیتر ئەگەر ئازادییان هەبێت ئەوا بەلای جەمسەرە نوێکەدا دەڕۆن.
ئێران ئەم جوڵانە بە مەترسی دەبینێت، نەک تەنها راستەوخۆ لەسەر خۆی، بەڵکو بەئاراستەکردنی عێراق لەبواری وزەو سامانی سروشتی و کارەبا و بوارەکانی تردا. ئایا ئەم جەمسەرە نوێیە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن هێشتا روون نیە، بەڵام ئەوەی روونە، بەدڵنیاییەوە دروستبوونی ئەم جەمسەرە یەکێکە لە بنەماکانی پێشبینیەکانی فایەق. سەرچاوەیەکی تری ئەگەری دیدەکەی رەنگە لە واشنتۆن بێت. بەپێی سەردانەکەی بایدن و دۆخی دانوستان لەگەڵ ئێراندا، وەها دەردەکەوێت، دانوستان بەهیچ دەرئەنجامێک ناگات و ئەو رێکەوتنەی قودس و پاشان جەددە، ئیدارەی بایدن ناچار دەکات بە گوێڕایەڵبوون بۆ فشارەکانی ئیسرائیل و کەنداو بەرامبەر ئێران. یەکێک لەو ئەگەرانەی کە لەئارادایە هێنانەوەی پرۆژەیاسای رێگریی لەناسەقامگیری عێراق، کە لەسەرەتادا ناوی ئێرانیش لەناونیشانەکەدابوو H.R. 571 (IH) - Preventing Destabilization of Iraq Act of 2019 ئەم پرۆژە یاسایە لەلایەن ئادەم کینزینگەرەوە پێشنیارکراوە.
ئادەم لەسەرەتای دوو هەزارەکان لەهێزی ئاسمانی ئەمریکی بوو، دووجار هاتووەتە عێراق بۆ خزمەت، پاشان لەئیلەنۆی لەگەڵ کۆمارییەکاندا دەبێتە ئەندامی کۆنگریس. ئەم پرۆژە یاسایە رێگری دەکات لەدەستوەردانی ئێرانییەکان. لە هەمانکاتدا ئەوەی چالاکوانە عێراقییەکان و لینزی گراهام لەسەردانەکەیدا ئاماژەی پێدا، چالاککردنی زیاتری یاسای قەیسەرە. بەپێی ئەم یاسایە سامانی خەڵکانی سیاسی دەبێت بوەستێنرێت. بەڵام فایەق شێخ عەلی باسی دۆخێکی تر دەکات، ئەویش هاتنی هێزێکی نێودەوڵەتی کە بە توندی هەموو هێزە گەندەڵەکان رادەماڵێت. لەکاتێکدا نایەوێت ئەم هێزە ناوبنێت بەڵام لەکاتی ئاماژەپێدان بەکوردستاندا لەپرسی کشانەوەی کۆمپانیاکان، وەها دەریدەخات کە ئەو هێزەی دێت بۆ عێراق بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکایە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا دێتەوە وەک هێزێکی سەربازی پشتیوانی دروستکردنی حکومەتێکی نیشتمانی بکات لەعێراق دوور لەگەندەڵی؟ زۆر بەڕاشکاوانە نەخێر. ئەوەی ئەمریکا دەیکات، لە دروستکردنی نیزام و بەرەو یەکخستنی هێزەکان هەموو بەو ئامانجەیە کە خۆی کەمترین دەستوەردانی هەبێت. ئەمڕۆ ئەمریکا نە لەناوەوە و نە لەدەرەوە، هیچ زەمینەیەکی نیە بۆ دەستوەردانی راستەوخۆ، ئەمە سەرباری ئەوە کە هەموو لایەنەکانی ناو ئەمریکا بەتاڵی گەشتونەتە ئەو باوەڕەی کە عێراق نابێت بەدیموکراسی. فایەق یەکێک بوو لە پشتیوانانی هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق لە ٢٠٠٣، بەڵام کەسایەتییەکی کاریگەر نەبوو.
بەپوختی عێراق لە ماوەی داهاتوودا دەکەوێتە نێوان جەمسەرەکانی کێبڕکێوە لەناوچەکە، لەم روانگەیەوە رەنگە فشار زیاتر بکەوێتە سەر ئێران و عێراق. ئایا ئەمە دەبێتە مایەی ئەوەی راماڵین لەعێراقدا بێتە ئاراوەو سیستەمێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای ناسیونالیزمی مەدەنی، کە تشرینییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بێتە ئاراوە. بە دڵنیاییەوە نەخێر. تشرینییەکان خاوەن دیدێکی مەدەنی نین و نازانن چۆن بەرجەستەی بکەن، ئەوان خوازیاری دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندین کە هەموو کەس بکاتە عێراقی. دیارە عێراق بەخواستی کەسی حاکم، چونکە چەمکی عێراق زیاتر لە 10 مانای جیاوازی هەیە. فایەق وەک هەر چالاکوانێکی دەرەکی یان دەرکراو، ئامانجی ئەوەیە بزواندن و جوڵاندن و فشار دروست بکات. وەک کەسایەتی فرەڕۆو ئەگەر دیدێکی فیکری هەبێت، عەرەبێکی شیعەی عێراقییە، کە نزیکە لە سەدرەوە.