لەمەڕ گەندەڵی
2 ساڵ لەمەوپێش
خەبات عەبدوڵا
•گەندەڵی لەکوردستاندا دۆخێکی کتوپڕ نییە، بەڵکو رەگوڕیشەی لەمێژینەی لەناو سیستمی حزبیی و حوکمڕانیی ئێمەدا هەیە. ئەوە راستە کە لەپاش رووخانی بەعسەوە گەندەڵی پانتایییەکی بەرفراوانتری تەنییەوەو بەشێوەیەکی زەقتر کایە جیاجیاکانی داگیرکرد، بەڵام جیاوازی لەنێوان ئەو گەندەڵییەی هەر لەسەرەتاکانی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان بنجی داکوتاو ئەوەی کەئێستا هەیە، ئەوەیە کە گەندەڵی لەمڕۆدا شێوازێکی سیستماتیکی وەرگرتووەو کەرتێکی پانوپۆڕی حزبی و حکومی و ئەهلی تێیدا بەشدارن. لەهەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە کە گەندەڵی لای سیستمە حزبی و حکومییەکە بۆتە ستراتیژێک بۆ مانەوە.
*ئهوه قسهی پێناوێت، دیاردهی دهوڵهمهندبوونی خێرا شانبهشانی دیاردهی ههژاربوونی خێرا، پەیوهندییهكی تووندوتۆڵی بهو گەندەڵییەوە ههیه كه لهچهند ساڵی پێشوودا، لەسایەی دابارینی پارەی نەوتەوە عێراق و ههرێمی كوردستانی گرتهوه. دهوڵهمهندبوونی خێرا، درێژكراوهی كولتوری تاڵان و بڕۆ و لهههمان کاتدا رهنگدانهوهیهكی راستهوخۆی ئابووریی حزبییه، ئهو تهرزه ئابورییهی كه جگه لهكوردستان رهنگه لههیچ شوێنێكی دنیادا شوێن و رێی نهبێت.
*گەندەڵی شێوازگەلی جیاجیای هەیە، لەکاتێکدا ئابووریناسان کەرەستەی گرنگ دەدەنە دەست مرۆڤ بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دیاردەیە، بەڵام لەشیتەڵکردنی تانوپۆکانی گەندەڵی لەکوردستاندا، لەدەرەوەی تیۆرو میتۆدی ئابووری، کولتوری و ئەخلاقی، پێش هەر شتێک پێویستمان بەوە دەبێت لەخودی دەسەڵاتە سیاسییەکە خۆی ورد ببینەوە. ئاخر گەندەڵی لە کوردستاندا پێش ئەوەی گەندەڵییەکی ئابووری بێت گەندەڵییەکی سیاسییە. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە گەندەڵی لەکوردستاندا لەدەرەوەی رەهەندە ئابوورییەکانەوە کار دەکات و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی کوردستان نییە، گەندەڵی رێگری گەورەی هاتنە کایەی ئابوورییەکی نەتەوەییە لەکوردستانداو بەردەوام پڕۆژە نەتەوەییەکان پەکدەخات و توانای بەربەرەکانێی شەریفانە دەکوژێت. راستییەکەی قۆناغی گواستنەوە لەئابووریی دەوڵەتییەوە کە ئێمە بەمیرات لەبەعسەوە وەکو دەسەڵاتێکی تۆتالیتار بۆمان مابۆوە بەرەو ئابووریی بازاڕ کەقۆناغی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کەرتی تایبەتە، لەبەر مۆنۆپۆلی حزبی و نەبوونی ئاسانکاریی یاسایی و چاودێرییەکی کاریگەر، قۆناغی هاتنەکایەی گەندەڵیی سیاسی کاراتر کردووە.
*مەترسییەکانی گەندەڵیی سیاسی لەوەدایە کە تێڕوانینی هاووڵاتیان سەبارەت بەسیستمی سیاسی دەگۆڕێت و لەئاکامدا بەسیستمێکی ناڕەوای لەقەڵەم دەدەن. هەر لەهەمان سۆنگەشەوە وردە وردە هاووڵاتی خۆی لەپشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی دەدزێتەوە و بێ مەیلیی سیاسی لەکۆمەڵگەدا پەرەدەستێنێت و کۆی کایە سیاسییەکە رووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە.
*ئەوە راستە کە گەندەڵی هەر وەکو چۆن خەسڵەتی سیستمە ئۆتۆکراسییەکانە، دەشێت خەسڵەتی سیستمێکی دیموکراسییش بێت، بەڵام تیۆرییەکانی لەمەڕ گەندەڵی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئاستی گەندەڵی (بەتایبەتیش گەندەڵیی دارایی) لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی دیموکراسی و سەروەریی خەڵک، بەرەو دابەزین دەچێت.
*سیستمی سیاسیی ئێمە جگە لەوەی سیستمێکی حزبیی تاکجەمسەرو بێ بەرامبەرە، حزبی چاودێرو دەزگاو رێکخراوی مەدەنی و ناحکومیی چاودێریشی نییە، یا ئەگەر هەشبن ناکاراو پاسیڤن. قۆرخکردنی کۆی ئەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە هەر لەلایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە فاکتەری گەورەی تەشەنەکردن و قوڵبوونەوەی گەندەڵیی سیاسییە.
*راستکردنەوەی ئەم هاوکێشەیەو هەوڵدان بۆ رەنگڕێژکردنی سیستمێکی فرە حزبی و فرە رێکخراوەیی کراوەو بەکورتییەکەی سیستمێک کە بتوانێت جێگە بۆ هەموو دژەکان بکاتەوەو ئامادە بێت ناوبەناو دەسەڵات دەستاودەست پێ بکات، ئەگەر گەندەڵییش بنەبڕ نەکات، بەڵام بە بوارێکی تری دەسپێرێت و لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە. بۆیە ناکارایی سیستمی سیاسیی ئێمە بەدیوێکی تردا کاراکردنی گەندەڵییە.
*بەڕەنگاربوونەوە و بنەبڕکردنی گەندەڵی کارێکی کردەیە. بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە پێویستە پێش هەر شتێک پرسیار لەبونیاتی دامەزراوە حکومییەکە بکرێت. ئاخۆ ئەم بونیاتە کاری ریفۆرم و بنەبڕکردنی گەندەڵی ئاسان دەکات، یان دەبێتە رێگر؟ چونکە ریفۆرمی دامەزراوەیی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ریفۆرمی سیستمێکی سیاسیی گەندەڵ. ئاخر ناکرێت تەنها لەڕێگەی تەعمیم و وتارەوە باس لەبەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت.
*بەهەمان شێوە ناشکرێت تەنها لەڕێگەی دەسەڵاتێکی تەنفیزیی سوپەرەوە گەندەڵی بنەبڕ بکرێت، ئەو سیستمانەی کە پەرلەمان تیایاندا لاوازەو حکومەتیان زیاد لەپێویست بەهێزە (هەروەکو لەهەندێک لەوڵاتانی ئەمریکای لاتیندا بەدی دەکرێت)، گەندەڵی لەدامەزراوە تەنفیزییەکاندا لەپەرەسەندندا دەبێت. چونکە پەرلەمانی لاواز، قەزای لاواز بەرهەم دەهێنێت.
*گرفتی گەورە لەوەدایە دەشێت گەندەڵی لە سیستمی بێ چاودێری و بەڕواڵەت دیموکراسییدا بەشێوەی یاسایی یان بەشێوەیەکی نەنووسراو بێت. دیسان گرفتێکی گەورەترو یەکێک لە شێوازە باوەکانی هاتنەئارای گەندەڵی، دامەزراندنی کەسانی خۆییە لەپۆستە سەرەکی و گرنگەکاندا.
*بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراوەی جیاجیاو سەربەخۆی دەرەوەی حزبی دەوێت کەمیدیا و چاپەمەنی ئازادی لەپشتەوە بێت. دامەزراوەیەک کە توانای دەستپێڕاگەیشتنی بەهەموو بەڵگە دارایی و دەوڵەتی و شەخسییەکانی لێپرسراواندا هەبێت و لە یاساییبوونی سەرچاوە داراییەکانی بەرپرسان بکۆڵێتەوەو لەتوانایدا بێت لەکاتی روودانی سەرپێچیدا دەسەڵاتداران رووبەڕووی دادگا بکاتەوە. بێ گرتن و دادگاییکردنی لێپرسراوانی گەندەڵ، بنەبڕکردنی گەندەڵی لەمانا بنەڕەتییەکەی خاڵی دەبێتەوە.
*گەندەڵی بەرچاوو ئاشکرا مەترسی زۆری نییە، لەمە ترسناکتر ئەو گرێبەست و کارە ژێربەژێرانەیە کە گەورە لێپرسراوان لەبوارەکانی مقاوەلات و پڕۆژە شەخسییەکانیاندا راستەوخۆ لەڕێگەی خۆیانەوە، یان لەڕێگەی کەسانی ترەوە دەیکەن. راستییەکەی چاودێرییەکی ئەکتیڤ لەدەرەوەی ئازادییەکی سیاسی کە یاسا پشتیوانی بێت، بوونی نییە.
*هەر لەهەمان سۆنگەوەو بەو پێیەی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە بازاڕی ئازادو ئابووریی کراوەوە هەیەو ئێستا کۆن بوونە و هی ئەم سەردەمە نین، پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوەو لەجێگەیاندا یاسای نوێ و یاساکانی ئاسانکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دابنرێن. راستییەکەی ئهوهی حاڵی حازر لهكوردستاندا بهكهرتی تایبهت ناو دهبرێت، لەسایەی ئابووریی حزبییدا رووبەڕووی قۆرخکارییەکی گەورە بووەتەوە. چهمكی كهرتی تایبهت بهههمان شێوهی چهمكی بازاڕی ئازاد، دوو چهمكی یهکجار شێوێنراون.
*هەر هەوڵێکی چاکسازی لەسەر ئاستی حکومەت دەبێت چاکسازییش بێت لە ئەدائی دادگاکانداو گەڕانەوەی رێزو سەروەری بێت بۆیان، تەنها لەڕێگەی فرەیی ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دەکرێت باس لەبنەبڕکردنی گەندەڵی بکرێت. فرەیی دەسەڵاتە جیاجیاکان هێزو گوڕو تین دەبەخشێتە سەرجەم سیستمە سیاسی و ئیدارییەکە.