جارێكی دیكە كەمیی دەرمان نەخۆشخانەی هیوا رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەكاتەوە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە بۆ هاوڵاتی: ساڵانە 40 ملیار دینارمان دەوێت بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی دەڵێت بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ساڵانە پێویستی بە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی و حكومەت پارەمان بۆ خەرج ناكات و نەخۆشخانەكە لەخراپترین قەیراندایە.
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی هیوا تەنها رۆژی دووشەممەی رابردوو هەزارو 50 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردووەو سێ هەزارو 912 پشكنینی جۆراوجۆری تاقیگەیی بۆ نەخۆش ئەنجام دراوە.
هەروەها 263 نەخۆش چارەسەری كیمیاییان وەرگرتوە، هەروەها 228 نەخۆش پشكنینی تیشكی و ئیكۆو سۆناریان بۆ كراوەو 80 نەخۆشی لەبەشی فریاكەوتنی خێرا داخڵ بوون و 385 نەخۆشی دیكەش لەقاوشە جۆراوجۆرەكانی نەخۆشخانەكە داخڵ كراون.
هاوڵاتی بۆ بەدواداچوون سەبارەت بەكێشەكان سەردانی نەخۆشخانەكەی كرد، قەرەباڵغییەكی زۆری پێوەدیاربوو، بەشێكی زۆری نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، لەكاتێكدا ئەو نەخۆشخانەیە لەعێراقدا بەپێشكەوتوترین نەخۆشخانە بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دیاری کراوە.
یەكێك لەتووشبووەكان بەناوی زوهرە عەلی بەهاوڵاتی وت «شەش ساڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەكان بووم، پزیشك پێم دەڵێت هەفتەی جارێك وەریبگرم، بەڵام لەڕێگەی قاچاخچییەوە دەستم دەكەوێت، پێیان وتووم هەشت نەخۆشی دیكەش هەیە كە ناتوانن داخڵی بكەن».
هەروەها فاتیمە بورهان یەكێكی دیكەیە لەنەخۆشەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت « مانگ نییە بەبەهای 150 بۆ 250 هەزار دەرمان نەكڕم، لە2004 ەوە شێرپەنجەمە، ئەمە چوارەم جارە نەخۆشییەكە تێمدا سەرهەڵدەداتەوە، بەس كیمیاییەكە لێرە وەردەگرم 14 رۆژ جارێك دێم وەریدەگرم».
سەنگین عەبدوڵا یەكێكی دیكەیە لەنەخۆشەكان كە 54 رۆژە تووشبووە و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :»لەكۆیەوە سێ هەفتە جارێك بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەم، لەو ماوەیەدا سێ جار دەرمانی بایۆلۆجیم لە دەرەوەی نەخۆشخانە كڕیوە كە لەنەخۆشخانەكە نەماوەو تێچووەكەی دوو هەزارو 400 دۆلارە».
ئەو توشبووە وتیشی: «دەرمانەكان گرانن، زۆرمان لەسەر دەكەوێت، بۆ هەر 420 ملیمێك دەرمانی بایۆلۆجی دەبێت 800 دۆلار بدەین، سێ جارم كڕیوە، داواكارین دەرمان بۆ ئێرە دابین بكرێت.»
ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بە زیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بەڵام ساڵێكە كێشەی كەمیی دەرمان بەرۆكی نەخۆشخانەكەی گرتووە، ئێستا بەشێكی زۆر لە دەرمان لە نەخۆشخانەكەدا نەماوە.
ئەو دوو دەرمانەی نەخۆشەكان بەدوایدا وێڵن و دەستناكەون بریتین لە( پێندرۆلیزۆماپ و پێترۆزوماپ) ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە كە مانگانە 160 نەخۆش زیاتر پێویستیانە لە نەخۆشخانەی هیوا، تێچووەكەیان یەك ملیارو 40 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا لەنەخۆشخانەكە نەماوە، نەخۆش دەبێت خۆی بیكڕێت كە تێچووی 200 ملیمی زیاترە لەدوو ملیۆن دینار.
جۆرێك لەدەرمانەكان نرخی سێ ملیۆن و ئەوی دیكەش نۆ ملیۆن دینارە
د.سیڤەر رزگار، بەرپرسی كۆگای دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوو دەرمان، بۆ جۆرێكیان زیاتر لە سێ ملیۆن دینار و ئەوی دیكەیان نۆ ملیۆن دینارە، ئەمە نەخۆش بیكڕێت دەبێت چی بكەن؟ زۆر قورس دەبێت لەسەریان، كۆمپانیاكان پێیان وتووین گەر حكومەت پارەمان بۆ خەرج نەكات، ئەوا دەرمان ناهێنین، گەر ئەمە رووبدات و هەموو كۆمپانیاكان وابكەن، ئیدی ئێمە تەواو.»
هەرچەندە تەندروستیی سلێمانی داوایان لە لیژنەی چارەسەری كێشەی دەرمان كردبوو، كە لەسێ مانگی رابردوودا بۆ چارەسەری كێشەی دەرمان چارەسەر بكرێت لەداهاتی نەوت پارەی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان دابین بكرێت، بۆئەوەی راستەوخۆ پارەكەی خەرج بكرێت، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن هەرچەندە بەڵێنیان پێدراوە، بەڵام یەك دیناریان بەدەست نەگەیشتووە بەهۆی ئەوەی پارە لەبانكدا نەماوە.
ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخەن رۆژانە زیاتر لە 15 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لەلایان تۆمار دەكرێت و تەنیا لە یەك رۆژدا نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانیان دەكات.
د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» زۆر لەقەیرانداین، زۆربەی كۆمپانیاكانی دەرمان بەفەرمی پێیان وتووین كە ناتوانن دەرمان دابین بكەین، چونكە شایستە داراییەكانمان بۆ دابین نەكراوە، تەنانەت كۆمپانیاكانی پێداویستی پزیشكی و تاقیگەییش بەهەمانشێوەیە «.
هەروەها وتیشی: »گرفتێكی دیكە ئەوەیە ئامێرەكانمان پێویستیان بەچاككردنەوەیە تائێستا بابەتی چاككردنەوەی ئامێرەكان یەكلایی نەكراوەتەوە، یەكێك لەو گرفتانەی دروستبووە سەنتەری ژیانەوەیە كە تایبەت بەتیشكە و چالاك نییە».
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت:»نەخۆش هەبووە لەماوەی ئەم شەش مانگە كە كاتی بۆ دانراوە، دەبوو یەكەم رۆژ وەریبگرێت، بەڵام دواتر دوای شەش مانگەكە گیانی لەدەستداوە و وەرینەگرتووە دەرمانەكە».
«دەبێت ئاستی باڵاتر لەوەزارەتی تەندروستی بێنەسەرخەت، گرفتەكە دەبێت لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت نەك بۆ دوو مانگ و سێ مانگ». یاد نەقشبەندی وا دەڵێت.
لەبارەی هۆكارەكانی زۆربونی تووشبوانی شێرپەنجە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەی خستەڕوو كە گرنگترینیان زۆربوونی ئۆتۆمبێل و كوالێتی خۆراك و پیسبوونی ژینگەیە كە لەهەرێمی كوردستان و عێراق رۆژ بەڕۆژ بەوهۆیەوە توشبووان زیاتر دەبن.