ئەمە درێژەی پەیمانی لۆزان و فراوانکردنیەتی!

2 ساڵ لەمەوپێش



رێبوار رەشید

هێرشی داگیرکەرانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دەوروبەری زاخۆ و بەتایبەتیش ناوچەی بە ئاشکرا سەیرانگا لە 2022/7/20 قسە زۆر هەڵ دەگرێت.

تەنیا ٣ ڕۆژی ماوە کە ٩٩ ساڵ بە سەر پەیمانی نەگریسی لۆزان دا تێ بپەڕێت. ئەردۆغان پەلەیەتی نەک هەر نەهێڵێت پەیمانێکی نوێ بە قازانجی کورد ببەسترێت بەڵکو تەنانەت سنوورەکانی تورکیا بەرفراوانتر بکات.

بۆردومانکردنی ئەو ناوچەیە بە پێی پلانی ورد و نەخشە بۆ کێشراوە. ئامانج ئەوەیە کە ئیتر ئەو ناوچانە لە خەڵکی کورد پاک بکاتەوە. بە ئامانجگرتنی سەیرانکارانی عەرەب بەتایبەتیی بۆ داخستنی ئەو بازاڕ و هاتنوچوونەیە.

هەنگاوی دووهەم هێنانی زیاتری سپای پیادەیە و بە مەبەستی داگیرکردنی تەواوی هەرێمی بەهدینانە کە هەر ئێستا زیاتر لە چل لە سەدی داگیر کردووە.

حاشا هەڵناگرێت، هەمیشە دەوڵەتی فیدڕاڵیی ئێراق دژ بەو دەستێوەردان و داگیرکاریانەی تورکیا بووە ئەگەرچی لە پراکتیکدا زۆریشی نەکردبێت. وەبیرتان بێت کە لە ئێراقی فیدراڵدا سەرۆککۆمار و وەزیران و پەرلەمانتاران و دامەزراوە و بنکەی "کوردیی" هەن!

کێشەی ئێراق (عەرەبیەکەی) ئەوەیە کە ماڵی مەلامستەفا بە هاوکاریی لۆبیی نەوتی رۆژئاوایی و تورکیا ئەو کارە دەکەن. پێوەندیی ماڵی مەلامستەفا و تورکیا لە بەرچاودا لە دۆسیەی کورد "دەچێت" کە لە ڕاستییدا دۆسیەی فرۆشتنی کوردستان و بەکۆمەڵکوژیی کورد و تێکدانی سیستەمی فیدەراڵی ئێراقە.

تورکەکان نێزەی ماڵی مەلامستەفایان لە دڵی کورد چەقاندووە. ئەوی پێی دەگوترێت حکومەتی هەرێم لە پۆلیسێکی ئیستیخباراتی تورک زیاتر نییە، دروست لەوانەی کە لە باکوور لە ناو ئاپۆڕەی خەڵکدا جلوبەرگی سڤیلیان لە بەردایە و لە پڕێکدا هەڵ دەکوتنە سەر پیرەژن و پیرەپیاوی کورد.

ئەو هەستەی هەندێک کوردی دڵسۆز لە تووڕەییدا دەری دەبڕن و باسی خوێنی کورد و عەرەب دەکەن لە جێی خۆیدا نییە. خوێنی مرۆڤ هەر خوێنە. مرۆڤی بێ تاوان، مرۆڤی بێ تاوانە. ئەو عەرەبانەش داگیرکەر نیین بەڵکو بۆ سەردان و گەشت دێن و دەچن و لە ژێر سایەی یاسا و رێسایەکی نیشتیمانییدا سوود و قازانج دەبن بۆ کورد.

مەراسیمی بە گوڵ بەڕێککردنی تەرمێک لە لایەن شەخسی نێچیر بارزانیی یەوە رێزگرتن لە قوربانییەکان نییە، بەڵکو دروست ئەوەیە کە لە بری تورکیا بە ڕەسمیی پێیان دەڵێت: ئیتر نەیەن و ئەو ناوچانە "ئێراق/ کوردستان " نیین!

ئەوی کوردی باشووری کردووە بە مەسخەرەبازاڕی دەستی داگیرکار چەند کەسێکی دز و تاڵانچی کوردن کە لە "بارەگای بارزانی" -یەوە سەرچاوە دەگرن.

ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی باشوور کە دڵسۆزن دەبێت لە ئاستی قسەوە بێن بۆ ئاستی هاوکاریی و خاوەندەرکەوتن بە پارە و چەک و زانیاریی بە سوود. کاری ئەوانە نابێت لە ئاستی سەرەخۆشیی و سەرکۆنەکردندا بمێنێتەوە. لە پرۆسەی خەباتی ئازادیخوازییدا ئەمە ئەلفوبێی سیاسییە.

دەوڵەتی تورکیا لەم رێگایانەوە هەوڵ دەدات تێکشکانی سەربازیی و ئابووریی و سیاسیی خۆی بشارێتەوە و سەرکەوتنیشی تیادا مستوەگر بکات. بێگومان ناتوانێت و شکست دەهێنێت کاتێک ئێمە بتوانین سەنگەری نیشتیمانیی ئازادیخوازیی خۆمان بەهێزتر بکەین.

بە هەڵوێستی دروست پێکەوە دەتوانین نەک هەر پەیمانی لۆزان هەڵبووەشێنین، بەڵکو گەلەکەمان بەو ئازادیی و سەربەرزییەش بگەیەنین کە شایستەیەتی.

21\07\2022

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار