ئۆكتان و تەنەر؛ چارەسەری بەنزینە خراپەكەی حكومەتی هەرێم ناكەن
شۆفێران پەنا بۆ كڕینی تەنەرو ئۆكتان دەبەن بۆ ئەوەی كوالێتی بەنزینە خراپەكە چارەسەر بكات
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
سەرەڕای گرانبوونی نرخی سوتەمەنی بازرگانی، حكومەتی هەرێم ئامادە نییە كوالێتی بەنزینە 800 دینارەكەش چارەسەر بكات و شۆفێران ئۆكتان دەكەنە تەنكی ئوتومبێلەكانیانەوە.
لەئێستادا نرخی نەوتیخاو لەبازاڕەكانی جیهاندا بە 105 دۆلارەو بڕیار بووە نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بەپێی نرخی نەوتی خاو بێت، بۆ نموونە نرخی نەوت بە 105 دۆلار بێت، لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەهەزارو 50 دینار بێت، بەڵام نەبوونی چاودێری و بازاڕی بەرەڵا وای كردووە هیچ بەنزینخانەیەك نرخەكان كەمنەكاتەوە.
لەئێستادا یەك لیتر نرخی بەنزینی بازرگانی بەم شێوەیەیە (بەنزینی سوپەر هەزارو 525 دینار، بەنزینی موحەسەن هەزارو 475 دینار، بەنزینی نۆرماڵ هەزارو 350 دینار)
بەپێی ستانداری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێت بەنزینی 800 دیناری ئۆكتانەكەی 92 كەمتر نەبێت و 690 دیناری ئۆكتانەكەی 90 كەمتر نەبێت، بەڵام بەنزینی 800 دینارییەكە لەئێستادا ئۆكتانەكەی 89 بۆ 90 و بەنزینی 690 دیناری ئۆكتانەكەی 86 بۆ 87 و تائێستا چارەسەر نەكراوە.
وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی: پارێزگای سلێمانی لەنرخ و كوالێتی بەنزیندا لەپارێزگاكانی دیكە باشترە
بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەنزینی 800 دینارییەكە كە دێتە بەنزینخانەكانەوە سەرف دەبێت و نامێنێـت، لەبەرئەوەی نرخەكەی هەرزانە».
هەروەها پێشیوابوو شۆفێران سوودیان لێبینیوە، بەڵام لەوەرزی هاویندا تووشی كێشە دەبنەوە و شۆفێران گلەیی خراپی كوالێـتی بەنزینەكە دەكەن.
بەهمەن وتیشی:»پارێزگای سلێمانی لەنرخ و كوالێتی بەنزیندا لەپارێزگاكانی دیكە باشترە، بەردەوام نرخ لەسلێمانیدا هەرزانتر بووە و كوالێتییەكەشی باشترە» و ئەوەش ئەولەویەتی ئێمە بووە كە «قازانجێكی كەمتر بخەینە سەر نرخی بەنزینەكە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سودمەند ببن».
سەبارەت بەنرخی بەنزینی بازرگانی»جیاوازی هەیە لەنرخەكەیدا لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سوتەمەنی لەشوێنی سەرەكی سوتەمەنیەوە گرانەو كە بۆرسە روو لە دابەزین بێت بێگومان نرخ دادەبەزێـت».
شۆفێران گلەیی لەخراپی كوالێتیی بەنزینی 800 دیناری دەكەن و شۆفێرێكی تاكسیش دەڵێت: «كوالێتی ئەم بەنزینە هەتا بڵێی خراپە».
كوالێتی ئەم بەنزینە هەمان ئەو كوالێتییە نییە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دایناوە بۆ هێنانی بەنزین لەدەرەوە، ئەم كوالێتییە لەپشكنیندا ئۆكتانی كەمترە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئۆكتانی 92ی داناوە، بەڵام ئەم بەنزینە لە پشكنینەكاندا ئۆكتانی 90.5 دەردەچێت و لەعێراقدا لیترێك بەنزینی پشتیوانیكراو 450 دینارە، بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا 800 دینارە.
چالاك ئەحمەد شۆفێرێكی تاكسیە لەسلێمانی كە ماوەی 17 ساڵە ئەو كارە دەكات و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم بەنزینە بۆ تاكسی نرخەكەی زۆرباشە، بەڵام كوالێتیەكەی زۆرخراپە وتیشی:» تا تاكسی مۆدێلەكەی بەرزتربێت خراپی كوالێتی بەنزین كێشەی زیاتری بۆ دروستدەكات».
«ئەگەر بێت و تاكسیەك ئیشی پێبكەیت و پڕی بكەیت لەبەنزین بەشی سێ رۆژ دەكات، بۆ سەرە گرتنیش بەشێوەیەكی گشتی بیست خولەك بۆ نیو كاتژمێر دەخایەنێـت و هەندێ كات قەرەباڵغە».
خەلیل عەبدوڵا، ئوتومبێلێكی تایبەتی پێیەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەنزینی 800 دینارییەكەم كردووەتە ئوتومبێلەكەو نەمتوانیوە تەبرید هەڵبكەم بەم چلەی هاوینە، ناچار پەنام بۆ كرینی تەنەرو ئۆكتان بردووەو بایی 12 هەزارم بۆ كڕیوە، ئەنجا دوای ئەوەش بایی 10 هەزار دینار بەنزینی سوپەرم تێكردووە تا باش بووە».
هاوكات، خۆشەویست ئەحمەد كە پیشەی فیتەرە لەسلێمانی ئەوەی ئاشكرا كرد كە رۆژانە بەشێكی زۆری شۆفێران سەردانیان دەكەن كەكێشەیان هەیە لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا بەهۆی خراپی كوالێتی بەنزینەوە.
«ئەم بەنزینە 800 دیناری و 690 دینارییە حكومییە هیچ بەكەڵك نایەت، چونكە هەمووی خڵتەیەو نەوتیشی تێكەڵە لەبەرئەوەی بەنزین دەبێت ئۆكتانی باش بێت، زۆربەی ئەو شۆفێرانەی دێنە لامان فیت پەمپیان ئەوەستێت، كێشە بۆ سەر بزوێنەری ئۆتۆمبێل دروستدەكات»، خۆشەویست ئەحمەد وای وت.
لەدوو هەفتەی رابردوودا هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی رایگەیاند كە «بەنزینە 800 دینارییەكە خراپەو گوناحە بەسەر خەڵكیدا دابەشدەكرێـت».
تاساڵی 2019 نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستاندا 500 دینار بوو و ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نرخەكەی زیاتر دابەزی، بەڵام ساڵی 2021 نرخی بەنزین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵا بوو بە 650 دینارو لەكۆتایی هەمان ساڵدا لیترێك بەنزینی نۆرماڵا نرخەكەی گەیشتە 950 دینار
لەئێستاشدا نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لەهەرێمی كوردستان 1350 دینارە، لیترێك بەنزینی نۆرماڵا لە بەغدا و كەركووك 450 دینارە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان، رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری و دوو ملیۆن لیتر بەنزینی 800 دیناری لەلایەن كۆمپانیاكانی كارو قەیوانەوە بەرهەمدێت.
سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: بەنزینی هەرزان دەستكاری كوالێتیەكەی كراوە، بۆیە نرخی هەرزانە.
نافیز ناوپردانی،سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كێشەی بەنزین ئەوەیە یەك سەرچاوە و یەك پاڵاوگە نییە، ئەو بەنزینەی كە دەگاتە سەر سنوور لەوێ دەستكاری كوالێتییەكەی دەكرێ بۆ ئەوەی نرخەی هەرزان بێت و حكومەتیش چاوپۆشی لێدەكات لەبەر ئەوەی نرخەكەی هەرزانترە».
هەروەها وتیشی:» بەبێ پشتگیری حكومەت بەنزین بەشێوەی بازرگانی بەهیچ شێوەیەك هەرزان نابێـت و پێویستە حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پشتگیری پاڵاوگەكان بكات و بەنرخێكی زیاتر بیكڕێت و بەنرخێكی مەدعوم بیداتەوە بە بەنزینخانەكان».
سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەم بەنزینە 800 دیناریە بڕەكەی و كوالێتییەكەی و نرخەكەشی جێی تێبینی ئێمەیە.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد كەئەم بابەتە بەشێوازێك قۆرغكاریەو تەنها بۆ دوو پاڵاوگە دانراوە لەكاتێكدا دەیان كۆمپانیاو پاڵاوگە لەهەرێمی كوردستاندا هەن،وتیشی:» بەداخەوە ئەم بەنزینە نەبووە جێی متمانەی هاووڵاتیان، بۆیە كاریگەرییەكی ئەوتۆشی لەسەر بازاڕی بەنزین نەبوو».
سەبارەت بەنرخی بەنزین كەریم عەلی وتی: ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی «پێشنیازمان كردووە كە نرخەكەی داببەزێنرێت و بڕەكەی زیاد بكرێـت و كوالێتییەكەشی باش بكرێت و بەلایەنی كەمەوە نرخی بەنزین ببێتە 500 بۆ 550 دینار بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سودمەند بن، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوینەتەوە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: كێشەی خراپی كوالێتی بەنزین لەئۆكتانەكەیدایە
ایشخان ملكون سركیس، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێدا بەهاوڵاتی وت:»كوالێتی بەنزینە 800 دیناریەكە گلەیی زۆری لەسەر هەیە كەكوالێتییەكەی خراپەو كێشە بۆ فیت پەمپی ئۆتۆمبێل دروستدەكات».