درەختەکانی شەقامی گۆران دێنە دەنگ
2 ساڵ لەمەوپێش
نەوزاد ساڵح
بەڕێز/پارێزگاری سلێمانی بەڕێزان/ قائیمقام و شارەوانی شار بەڕێزان / ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێز/ فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی
رەنگە خۆتان یان هەرکەسێک بەشەقامی گۆرانی شاری سلێمانیدا تێپەڕێت چەندین سەرنج و پرسیار لەلای دروست دەبێت کەبۆچی درەختەکانی ئەم شەقامە قڕکراون!!! شەقامی گۆران کە لەساڵی ١٩٥٧ەوە بونیات نراوە و شەقامی ئۆرزدیشی پێ دەوترێت لەبەر بوونی ئەوبازاڕە حکومیەی کە بە(ئۆرزدی باک) لەساڵانی حەفتاو هەشتاکاندا تیایدا کرایەوە وەک هەریەکێک لەپارێزگاکانی عێراق. پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکەین بۆچی درەختەکانی شۆستەی ئەم شەقامە بڕاونەتەوەو بەمەش سیمای جوانی شەقامەکە تێک چوەو ئەو سێبەرانەی کەجاران لەدارستانێک دەچوو ئێستا نەماوە؟ درەختەکان قڕکراون و تەنانەت شوێنی هەندێکیان کۆنکرێت کراوە یان پڕکراونەتەوە؟ ئەی درەختەکان چیان لێ هات؟ بێ ویژدانی هەندێک لەدوکاندارەکان بەئاشکرا دیارە لەبری رواندنەوەی درەختێک لەشوێنی درەختە وشکبوەکان کەجوانیەکی بەخشیوە بەبازاڕو شەقامەکە کەچی شوێنی درەختەکەی پڕکردوەتەوە!!! درەختە بڕاوەکان جێگاکانیان بەشتایگەر پڕکراونەتەوە!؟ ئەی رۆڵی چاودێری شارەوانی ئەم شەقامە چیە؟ لەگوێی چ گایەکدا نوستوەو لەکوێی کایەی خزمەتگوزاریدایە کەپیشەکەی چاودێری کردنە واهێندە کەمتەرخەمە؟ شەقامی گۆران یەکێکە لەشەقامە دێرین و جوانەکانی شاری سلێمانی و لەگەڵ دروستبوونی ئەم شارەدا ئەم شەقامەش بوونی هەبوەو یەکێکە لەشەقامە سەرەکیەکانی شار کە لەسەرەتای بانکی رەشیدی سەراوە دەستپێدەکات هەتا دەستپێکی خانوە کۆنەکەی (رەشید سەلیم میران) و بۆ سەرەتای شەقامی ئیبراهیم پاشا ، کە لە راستیدا ئەم شەقامە بەناوی شاعیری گەورەی کورد ( عبدوڵابەگی سلێمان بەگ) گۆران-ەوە ناونراوە ، ئەم بابەتە باسی مێژووی گەڕەک و شارنیە بەڵکو خەمێکی گشتی یەکێک لەشەقامەکانی شارەکەی (شێخ محمود)ە کەپێویستە لەخەمیدابین وەکو ژینگەدۆستێک و دڵسۆزێکی شار بەداخەوە لەم شەقامەدا زیاتر لە (٣٠) درەختی سەرشۆستەی شەقامەکە بڕاونەتەوە و شوێنەکانیان بە چیمەنتۆو شتایگەر پڕکراونەتەوە یان بە بۆشی ماونەتەوە کە وێنەی سەرجەم شوێنی درەختەکانمان وەک دیکومێنت خستوەتە بەردەستان، بەڕاستی جێی نیگەرانیە لەم سەردەمەدا کەیەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی جیهان کێشەی ژینگەییەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە بۆ ئەم مەبەستەش جیهان لەبیری سەوزکردنی گۆی زەویدایەو رێکخراوەکان لەهەوڵی رواندن و سەوزکردنی شەقام و شوێنە گشتیەکاندان کەچی لەجوانترین و دێرینترین شەقامی شاری رۆشنبیریدا درەختەکانی کەتەمەنی هەندێکیان سەدساڵیان تێپەڕاندوە دەبڕرێنەوەو لەناودەبرێن!!! بێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەنگاوێکی بۆ نۆژەنکردنەوەو چارەسەری ئەم کێشەیە نابێت کەئەم بابەتە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە لەسەر ئەوکەسانەی هەڵدەسن بەوکارە دوژمنی ژینگەو ئاوەدانین و چاویان بەجوانی ئەم شارەشدا هەڵنایەت و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدابکرێت چونکە بڕینەوەی درەخت سزای یاسایی لەسەرە. هەرچەندە لەمیدیاکانەوە هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە لە19/2/2022 وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەی (١٠٠٠٠٠)سەد هەزار نەمام بۆ سەوزکردنی شۆستەو شەقامەکانی سلێمانی دابین دەکات بەڵام دوای پێنج مانگ بەسەرتێپەڕینی ئەو هەواڵەدا ئەو پرۆژەیەمان نەبینی و ئەم وێنانەش نوێترین وێنەی ئەو شەقامەن!!!
وێڕای هەوڵی بێوچانی ژینگەدۆستان و دەیان رێکخراو جگە لەدامەزراوە فەرمیەکانی حکومەت کار لەسەر ئەم بابەتانە دەکەن بەڵام هەست بەکەمتەرخەمی زۆر دەکرێت لەم بابەتەداو وێنەکان گوزارشتی تەواو لەبیابان بوونی شەقامەکانی شار دەکەن کەئەمەش بۆ کەمتەرخەمی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو بێئاگایی شارەوانی شار دەگەڕێتەوە جگەلەوەی کە گوزارشتیشە بۆ ئاستی دڵ نەسوتانی کاسبکارو دوکاندارەکان و لاوازی ئاستی رۆشنبیری ئەوان دەردەخات دەرهەق بەپاراستنی ژینگەو جوانیی شەقام و شارەکەیان کەئەو دۆخە بەڕەوادەبینن و بە بینینی ئەو دیمەنانە موچڕکەیەکیان پیانایەت و درەختێک لەوشوێنانە ناڕوێننەوە کەبەهەر هۆکارێک وشک بوون یان بڕاونەتەوە. خەمساردی کاسبکارو دوکاندارەکان لەسەر ئەم بابەتە دیسان دەگەڕێتەوە بۆلاوازی ئاستی پەیوەندیەکانی شارەوانی شارو کاسبکارەکان کەوەک پێویست هەماهەنگ نین لەئاستی پارێزگاریی لەژینگەی شارەکەیاندا کەئەو ئەرکە هی هەموانەو هەر بەتەنها ئەرکی شارەوانی نیەو پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموانە. هەڵبەتە هەر هۆکارێک لەپشتی وشك بوون و تیاچوون و بڕینەوەی درەختی سەرشەقامەکانەوە بێت زیاتر ئەرکی شارەوانی شارە بەدواداچوون بۆئەم بابەتە بکات چونکە ئەرکی دامەزراوەکانی ژینگەپارێزو جوانی شار کاتێک دەردەکەوێت کە شارو شەقامەکان سیمای شارستانیەتیان پێوەدیاربێت و بەدرەختی جوان رازابنەوە نەک وەک شەقامی ئێستای گۆران کە خەریکە سیمای تێکدەچێت و ناشرین دەبێت. هەر بۆیە بەم یاداشتە بیری هەموو ئەو بەڕێزانەی دەهێنینەوە کەئەرکیانە بە هاوکاری کاسبکارو دوکاندارە بەڕێزەکان جارێکی تر شوێنی ئەم درەختانە رێکبخەنەوە کەئەم دۆخەی لەشەقامی گۆراندا هەیە بێگومان لە شەقامی مەولەوی و شەقامی کاوە، شەقامی پیرەمێردیش هەمان دۆخیان هەیەو پێویستە چارەسەربکرێن ورێزم بۆ هەموان.
ژینگەدۆستێک