بەهۆی نەبوونی ئاو لەگەرمیان، گوندەكان چۆڵ دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
لەسنوری ئیدارەی گەرمیان 55 گوند بێ ئاون و گوندنشینەكان شوێنەكانیان جێدەهێڵن و بەرەو ناحیەو قەزاكان دەڕۆن كەهەفتەی یەك رۆژ بەتانكەر ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات.
ئیدارەی گەرمیان 882 گوند بوونی هەیە لەگەڵ نۆ ناحیەو دوو قەزا، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت:»ئاوڕی جددی لەگوندەكان نەدرێتەوە جێی دەهێڵن و دێنەوە ناوشارەكان كەئەمەش مەترسییە لەسەر سامانی ئاژەڵ و كشتوكاڵی ناوچەكە».
سەلام رەحیم، دانیشتووی گوندی دوانزە ئیمامی سەر بەقەزای كفری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەك دانیشتووی گوندەكە هیچ جۆرە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیەكمان نیەو ژیانی گوندنشینەكان لەمەترسیدایەو وەختە خۆمان لەتینوێتیدا بخنكێین ئاو نیە خۆمان بیخوێینەوە ئەی چۆن ئاو بۆ ئاژەڵەكان پەیدابكەین».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە ناچارن رۆژانە بەپارە ئاو بكڕن، حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەكی نەكردوون، وتیشی:» زۆرجار باس لەوە دەكەن دەبێ خەڵك بگەڕێتەوە گوندەكان، من لێرەوە پێیان دەڵیم چەند ساڵی تر وابڕوات شتێك نامێنێت بەناوی گوندنشین هەمووی دێتە نێو شارەكان و گوندەكان چۆڵ دەكەن، زۆربەی ئەو گوندانەی كە لەیەكەوە نزیكن بەهۆی بێئاویەوە بەشێكی ماڵەكان كۆچیان كردووەتە ناوچەكانی دیكە یان ئاژەڵەكانیان فرۆشتووە».
«كەس ئاگای لەژیانی گوندنشینەكان نیە بەهۆی بێئاویەوە، بەڕاستی لەبارودۆخێكی ناڕەحەتداین»، سەلام رەحیم، وای وت.
وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە 55 گوند بێئاون و ژیانیان لەمەترسیدایە.
سالار عەزیز، وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەوەی لەتوانای ئێمەدابێت لەهەموو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیەكانماندا تەنها شەش تانكەرمان هەیە كە ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكان دەگوێزێتەوە، ئەوەش بەشی ئەو گوندانە ناكات كە لەئێستادا بێئاون».
وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوەشی روونكردەوە كە بەهۆی گرفتی كەمئاوییەوە لەم هاوینەدا 10 گوند بەتەواوەتی چۆڵ كراوە لەنێوان ئەو گوندانەی كە بێئاون گوندەكانی دیكەش ناوبەناو خەڵكەكەی كۆچ دەكات، وتیشی:» بۆیە گەرمیان پێویستی بەوەیە بودجەیەكی تایبەتی بۆ دابین بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی، گەر بەم شێوازە بڕوات زۆربەی گوندنشینەكان ئاژەڵەكانیان دەفرۆشن و روودەكەنە نێو شارەكان، كەئەمەش زیانی گەورە بەكشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەگەیەنێت».
ئەو دەڵێت، ئەم گرفتەمان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە».
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەرواری 13/6/2022 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، رایگەیاند:» پێویستە خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە گوندەكان و پێشخستن و پەرەپێدانی ئابووری هەر وڵاتێك دەبەسترێتەوە بەپێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ.
هەروەها راشیگەیاند:»جووتیارێك بێت شتێك دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو جووتیارە بەرهەمەكەی بفرۆشێت، پێویستی بەچەند شتە، دەبێت لەكۆگایەك هەڵبگیرێت، دەبێت لەشوێنێك بكرێت بەخواردن، دەبێت لەشوێنێك بگوازرێتەوە، دەبێت لەشوێنێك بفرۆشرێت»، واتا بۆ بەرهەمی هەر جووتیارێك چوار تا پێنج هەلی كاری دیكە دەڕەخسێنرێت، ئینجا ئەگەر پڕۆژەی گەورە دروست بكەین، لەوانەیە لەئایندەدا بەرهەمی ناوخۆیی زۆر بێت، دەبێت ئامێرە كشتوكاڵییەكانیش دروست بكرێن، لەبری ئەوەی ئەو ئامێرانە لەدەرەوە هاوردە بكەین، دەتوانین لێرە كارگەیەك بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە ئامێرانە دروست بكەین، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی پێشخستنی كەرتی پیشەسازیش».
«دەبێت خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە بۆ گوند، بەچی دەچێتەوە؟! بەدروستكردنی خانوو ناچێتەوە، بەڵام دەكرێت پڕۆژە بۆ خەڵك دروستبكرێت، پڕۆژەی بچووك لەدێهاتەكان دروستبكرێت، بۆ ئەوەی خەڵك سوودمەند بێت، واتا هەر كەسێك ئەگەر لێكدانەوە بكات و بزانێت لەشار داهاتەكەی چەندەو بەگەڕانەوەی بۆ گوند داهاتەكەی چەند ئەوەندە دەبێت، ئەوكات ئامادە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ گوند»، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وای وت.
بورهان ئەمین، ئەنجومەنی گوندی گومار سەر بەناحیەی كوڵەجۆ، بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بەهۆی بێئاویەوە گوندەكەیان 12 ماڵ بووەو 10 ماڵیان گوندەكەیان جێهێشتووە كە زۆربەی ئاژەڵەكانیان فرۆشتووەو گەڕاونەتەوە ناوشار، وتیشی:» خۆشم بەهەمان شێوە لەداخی بێئاویدا جێمهێشتووە، هەفتەی جارێك تانكەرێ ئاو دێت بۆ گوندەكەمان پێم ناڵێن ئەمە بەشی چیدەكات».
هەروەها وتیشی:» هیچ داوایەك لەحكومەت ناكەم، چونكە حكومەت نیە تا داوای لێبكەم پێم كفرە بەمانە بوترێت حكومەت نەك كارئاسانی ناكەن بەڵكو رێگریش بۆ ئیشوكارەكانت دروست دەكەن».