كوشتنی خوشكەكەم لەسەر شەرەف؛ لەهاوسەرگیری منداڵیم ئازادی كردم
خوشكی بەناز مەحمود:
2 ساڵ لەمەوپێش
كاوە رەش- بەریتانیا
چیرۆكی خێزانێكی كورد لەبەریتانیا، كچەكەیان لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوشتووە، هێشتا لەمیدیاكاندا باس دەكرێت، رۆژنامەی میترۆی بەریتانی، لەزاری خوشكی یەكێك لەقوربانیەكانەوە، چیرۆكێكی تاڵ دەگێڕێتەوە لەساڵڕۆژی یادەوەریی نیشتمانی قوربانیانی شەرەف پارێزیی لەبەریتانیا.
پایزە مەلیك، ناوی خوازراوی ئەو كچە كوردەیە، كەخوشكی (بەناز مەحمود) بووە، ئەو خانمەی لەووڵاتی بەریتانیا، بەپاساوی پاراستنی شەرەفی خێزانەكەی، لەلایەن كەسوكارییەوە كوژراو دواتر جەستەشی شاردرایەوە.
پایزە، باس لەچیرۆك و سەرگوزشتەی ژیانی تاڵی خۆی و خوشكەكەی (بەناز) دەكات و بەوە دەستپێدەكات كەدەڵێت، لەكوردستانی عێراق لەگەڵ خێزانەكەیان روویان كردۆتە بەریتانیا، وتی:»ئەوكاتەی تەمەنم شازدە ساڵان بوو، لەباشوری لەندەن دەژیان، كچە هەرزەكارێكی ئاسایی بووم و بەچێژەوە دەچوومە بەرخوێندن و ئارەزووی پۆستەرەكانی ئەستێرەی پۆپ، بریتنی سپیرس و وێستلایفم دەكرد، وێنەكانم بەدەرگای دۆڵابەكەم هەڵدەواسی، كتێبەكانی گۆسبۆمپم كۆدەكردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، بەپێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنە هەرزەكارەكانم، ناچاری هاوسەرگیری منداڵی كرام، لەلایەن خێزانەكەمەوە».
خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» لەماڵی ئێمە بەردەوام ئاژاوەو درامای خێزانی هەبوو، تەنها دەتوانم وێنای ئەوە بكەم، كەدووەم گەنجترین كچ بووم، لەو پێنج كچەی تەنها لەهاوبەشی كردنی حەمامێكدا یەكسان بووین، سەرباری ئەمەش، دایك و باوكم، كەسانێكی زۆر توند بوون و بۆ زۆرشت، رێگەمان پێنەدەدرا».
پایزە دەڵێت، بۆ نموونە نەیانتوانیوە «جلی رۆژئاوایی» لەبەر بكەن، یان لەگەڵ هاوڕێكانی دەرەوەی قوتابخانە گفتوگۆ بكەن، تەنانەت لەهەندێك باردا، هەڵبژاردن و رای خۆیان لەسەر شتەكان مەحاڵە بووە.
»یەكێك لەبژاردەكانی خێزانەكەمان ئەوە بوو، كەبەچ كەسێك و چ كاتێك ئەوان دەخوازن، ئێمە دەتوانین شوو بكەین. هەرچەندە دایك و باوكم خۆیان پێشتر هاوسەرگیری زۆرەملێیان ئەنجام نەدابوو»، خوشكەكەی بەناز وای وت.
بەپێی یاسای ئەوكاتە لەئینگلتەرا و وێڵز، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵان بوو و لەهەمان كاتدا، هەرزەكارانیش دەیانتوانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا بەڕەزامەندی خۆیان و دایك و باوك ، هاوسەرگیری بكەن.
بەڵام پایزە وتی:» لەخێزانێكی وەك ئێمە، رای كچەكان بەهەند وەرنەدەگیرا چونكە لەوكاتەدا كەگفتوگۆی هاوسەرگیری من دەكرا، لەگەڵ دایك و باوكم، من لەسەر جێگاكەم لەژوورێكی دیكە دانیشتبووم و پێیان وتم، كەپیاوێكی تەمەن 30 ساڵان، ناسیاوی باوكمەو دەیەوێت من شوو بەئەو بكەم. من هەرگیز ئەوم نەدەناسی، بەڵكو ئەوان، ئەویان دەناسی لەڕێگای بنەماڵەو دۆستایەتیەوە»دایك و باوكم دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەم. بۆیە سەرم لێشێوابوو، خەیاڵم دەكردەوە، كەئاخۆ چ هەڵەیەكم ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەو شێوازە هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكی تەواو نامۆ بكەم».
یەك دوو هەفتە دواتر من (جۆرجم) بینی، (كە ناوی خوازراوی هاوسەرەكەمە) لەماڵی خۆمان، من لەتەنیشت دایكم و باوكیشم لەگەڵ ئەو بەرامبەرمان لەسەر قەنەفەكە دانیشتبوو.
پێشتر لەلایەن دایك و باوكمەوە پێم وترابوو، كە پێویستە تەنها بەڕێزەوە سڵاو و بەخێرهاتنی بكەم، بەڵام دوای ئەوە قسە ناكەم. بۆیە دانیشتم و گوێم لە دایك و باوكم گرت، ئەوان وەسفی منیان وەك كچێكی باش دەكرد بۆ ئەو، پاشان منیان ناردە دەرەوە.
پایزە درێژە بەچیرۆكەكەی دەدات دەگێڕێتەوە و دەڵێت:» یەكەم شت كەتێبینیم كرد لەو پیاوە، كەئەو زۆر لەمن بەتەمەنترە. ئەوەش لەڕووخسارو قژیدا دیاربوو. تەنانەت پۆشاك و شێوازی جلوبەرگی وەك یەكێك لە مامەكانم دەچوو. بیرمە كەهەستم بە ترس دەكرد لەوەی ئاخۆ ژیانم چۆن دەبێت لەگەڵ ئەم پیاوە.
دوای ئەو یەكەم چاوپێكەوتنە، ئیدی گەورەكان بڕیاریاندا كەدوای چەند هەفتەیەكی دی ژووانی زەماوەندەكە سازدەدرێ.
پایزە وتیشی:» یەكەم ساڵی چوونە كۆلێژم بوو، دەمویست بچمە چاپتەرێكی دیكەی ژیانە تازەكەی كۆلێژ، نەك شوكردن، بەڵام لەجێی ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ هاوڕێ تازەكانم دروست بكەم، تووشی هاوسەرگیریان كردم».
»لەڕۆژی زەماوەندەكەمدا، هیچ هەستێكم نەبوو، جگە لەترس. ئەوان جلی بوكێنیان بۆ هەڵبژاردبووم و دەم و چاویشیان بەچینێك ماكیاج داپۆشی بووم، لەبەرامبەر ئەندامانی خێزان و ئەو كەسانەی كە بەڕاستی نەمدەزانی كێن، دانیشتبوم و شووم بەكەسێكی نامۆ دەكرد!».
»لەتەواوی رۆژی ئاهەنگ و زەماوەندو پێشوازی، هەستم بە نەخۆشی و سەرلێشێواوی دەكرد. تێنەگەیشتم كەبۆچی هەموو ئەم خەڵكانە نەیاندەتوانی ببینن، كەمن زۆر ناڕازیم و چی ڕوودەدات؟ بەڕاستی ئەو رۆژە هەستمكرد كەخیانەتم لێكراوە لەلایەن هەموو ئەو كەسانەی لەوێ ئامادەبوون».
هەرچەندە دوای هاوسەرگیرمان جاربەجار بەردەوامیم دەدا بەكۆلێژ، بەڵام ئەوە هاوسەرەكەم بوو بڕیاری دەدا كەبچم یان نا چونكە هێندێك جار، بەهەفتە رێگری لێدەكردم لەخوێندن.
لەهەمان كاتیشدا، دەبوو وەها خۆم نیشان بدەم، كەهاوسەرێكی باشم لەبەردەم ئەو هاوڕێیانەی كەدەیهێنانەوە ماڵەوە» بەڕاستی ژیانم زۆر سەخت بوو، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەستم بەتەنیایی دەكرد، بەڵام پیاوەكەم دەیخواست كەببینە خێزان و دوای چەند مانگێك لەهاوسەرگیری، هەستم كرد دووگیانم».
لەكاتی بینینی پەرستارەكەم، پێم راگەیاند:»دەمەوێت زگەكەم بۆ لەبار بەریت، چونكە لەڕاستیدا هیچ داهاتوویەكم لەگەڵ ئەو پیاوە بەدی نەدەكرد. ئەگەر منداڵیشم لێی ببوایە دەبوو درێژە بەهاوسەرگیریەكە بدەم و گیرۆدەی كێشەی زیاتر ببینەوە.
كاتێكش بیرۆكەی لەباربردنی كۆرپەكەم بەمێردەكەم و خێزانەكەم راگەیاند، ئەوان هەوڵیان لەگەڵدام، منداڵەكەم هەبێت و گوتیان كەیارمەتیت دەدات مێردەكەم خۆش بووێت، بەڵام من پێم گوتن كەمن ناتوانم دایكێكی باشبم و منداڵەكەم بێ داهاتوو دەبێ، بۆیە ئەوان بەناچاری و دواجار رێگەیان پێدام بەلەبارچوونەكە».
پایزە، لەدرێژەی سەرگوزشتەكەیدا دەڵێت:»هەموو رۆژێك كە لەخەو رادەبووم، ئومێدەواربووم كەژیانم جیاواز بێت، ئەوەی دەمویست، تەنها ئەوە بوو كەوەك هەموو هاوەڵەكانی دیم، درێژە بەخوێندن بدەم و بڕۆمە كۆلێژ، نەك هاوسەرگیری بكەم و ببمە ژنی ماڵەوەو بەرپرسیاریەتی بگرمە ئەستۆ، ئەو كاتەی كە لەیەكەم مانگی تەمەنی هەژدەساڵیدا بووم هاوسەرگیریەكەم، كەمتر لەدوو ساڵ بەردەوامی هەبوو.
دواجار تەڵاقم وەرگرت، هەر لەو مانگەدا بوو، كاتێك خوشكەكەم (بەناز) لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوژرا.
»مێردەكەم هەڕەشەی دەكرد، كەمنیش چارەنووسی بەنازی خوشكم دەبێت و دەكوژرێم.
لەكاتی داواكردنی جیابوونەوەم خێزانەكەم رێگریان دەكردو هەوڵی گەڕانەوەیان دەدا لەگەڵم، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا رووخساری ئەوم نەبینیوەتەوەو لەدەستی ئازاد بووم.
هاوشێوەی منیش، بەنازی خوشكم، وەك هەرزەكارێكی تەمەن 17 ساڵان بەزۆر هاوسەرگیریان پێكردبوو. بەناز، لەهاوسەرگیریەكەیدا بەتەواوی لەكێشەو گیروگرفت دابوو، چەندین جار بەوێنەو بەڵگەوە، جێگای ئازارو ئەشكەنجەی برینەكانی وەك سكاڵا بەپۆلیس دابوو، بەڵام دواجار هیچ كەسێك نەیتوانی ژیانی ئەو لەكوشتن بپارێزێت».
لەچەند مانگی كۆتایی ژیانی بەنازدا، زۆر بەخێرایی شتەكانی تێدا گۆڕا، هەر لەو ماوەیەدا، كەوتە داوی خۆشەویستی كەسێكی دیكەوە، كەدەیویست تێیدا دەست بەژیانێكی تازەبكات و تێیدا بەختەوەربێت، بەڵام هەرزوو لەلایەن ئەوانەی بەنازیان» بەبێ ئابڕوو بێشەرم دەزانی، كۆتایی بەهەموو خۆزگەكانی هێندرا».
كاتێك لەجەنیوەری ٢٠٠٦ گەڕامەوە ماڵی باوكم و شەو پۆلیس لەدەرگای ماڵەوەیانداو باوكمیان دەستگیركرد. دواتر هەریەكە لەباوكم و مامم و دوو لەئامۆزاكانم بەتاوانی كوشتنی بەناز، سزای هەتا هەتایی دران. دوای نزیكەی سێ مانگیش، تەرمی بەناز، لەناو جانتایەك و لەژێر باخچەی ماڵێك، لەشاری بێرمینگهام دۆزرایەوە.
»ئەوساتە، ناخۆشترین رۆژەكانی ژیانم بوو، كاتێك هەواڵی مەرگی خوشكەكەمم بیست، وام هەست دەكرد، كە لەناو ئاگردابم و بەزەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا. نەم دەتوانی باوەڕبكەم و هێشتاش ناتوانم بڕوا بكەم چۆن روویدا».
پایزە دەڵێ، ژیان بۆ من ئێستا تەحەدایەكی بەردەوامە. زۆر شت هەیە كە لەگەڵیدا بژیم و هێشتاش شۆكێكی زۆرم هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدەم، كەئەم ئەزموونە ئازاربەخشانەی ژیانم، بگۆڕم بۆ چالاكی وزە».
خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» ئێستا چالاكوانێكی بواری بەرگریكردن لەمافەكانی ئافرەتانم و لەچەند رێكخراوێك كاردەكەم لەوانە، (ئای سی دەبلیو ئاڕ ئۆ) كەئەركەكانیان تەرخانكراوە بۆ پشتگیری كردن لەمێینەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، لەبەریتانیا، لەمەترسی كوشتن و چەوساندنەوەیان لەژێر ناوی (شەرەف)، هاوسەرگیری منداڵان، هاوسەرگیری بەزۆرەملێ، خەتەنەكردن».