زیاتر لە 11 هەزار نابینا لەهەرێم داوای جێبەجێكردنی یاسایەكیان دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

نابینایان لەهەرێمی كوردستان لەدۆخێكی خراپدان، ئەوان لە 29 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نابینایانی كوردستان لەسلێمانی باسیان لەگرفتەكانی خۆیان كرد، كە چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسایەكن.

عومەر خدر، سكرتێری یەكێتی نابینایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كە ماوەی 11 ساڵە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە سەرجەم داواكاری و مافەكانیان لەو یاسایەدا دیاریكراوە، وتیشی:»یەكێتی نابینایانی كوردستان لەڕێگای كردنەوەی خوێندنگەیەك بۆ منداڵانی خوار 14 ساڵ و كردنەوەی خولی نەهێشتنی نەخوێندوەواری بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو 14 ساڵیەوەیەو توانیومانە بەدەیان كەس پێبگەیەنین، كە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس، ماستەرو دكتۆران».

عومەر خدر باسی لەوەشكرد كە لە لایەنی ئابوورییەوە نزیكەی 200 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ نابینایان دابینكراوە، تائێستاش نزیكەی 200 كەس بەپێی پسپۆری لەسەر میلاكی وەزارەتەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف و پەروەردە دامەزراوە، لەڕووی تەندروستیشەوە توانیویانە بەهاوكاری كەرتی تایبەت و خێرخوازان چارەسەر بۆ ئەو كەسانە دابینبكەن كە پێویستیان بووە.

سكرتێری یەكێتی نابینایانی كوردستان داواشیكرد حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بەمووچە و ئەو هاوكاریەی كە مانگانە دەدرێت بەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بكرێت، كە تەنها 150 هەزار دینارە و وتی: «خێزانێكی كرێچی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانێت بەو بڕە پارەیە پێداویستییەكانی ژیانی خۆی دابین بكات، پێویستە لەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبونەی كە بڕیارە لەداهاتوو دروستبكرێت پشكی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی تێدابێت».

ئەحمەد محەمەد، یەكێكە لەنابینایانی كوردستان، ئەو بەهاوڵاتی وت: «نابینا بەگشتی هەژارن، زۆربەی نەخۆشەو كرێچییە، نابینا چاوی لەدەستی حكومەت و خێرخوازانە، مووچەكەم 100 هەزارە، چونكە پێشتر لەوەزارەتی ئەوقاف بووم بەهۆی ئەوەی خزمەتەكەشم 12 ساڵ بوو خانەنشینیان نەكردم ئێستا تەنها 100 هەزار دینار وەردەگرم».

یەكێكی دیكە لەنابینایان بەناوی سامی عوسمان بەهاوڵاتی وت:» من جگە لەچاوم دەستیشم نەماوە، هیچ كەسێك نییە بەخێوم بكات، چەندین جار داوای بەخێوكەرم لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووم، خۆم 240 هەزاری خانەنشینیم هەیەو 100 هەزاری نابیناییش وەردەگرم، كرێچیم و هیچ شتێكم نییە».

لەبارەی كێشەكانی نابینایانەوە بەتایبەت راگرتنی مووچەی بەشێكیان، ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «هەندێك لەو كەسانەی نابینان و لەوەزارەتی ئەوقافن بەشێوەیەكی كاتی مووچەكانیان راگیراوە، بەڵام بەیەكجاری مووچەی هیچ نابینایەك نەبڕاوە لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە».

هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە لەهەولێر پێنج هەزارو 71 نابیناو لەسلێمانی دوو هەزارو 872 نابیناو لەدهۆك دوو هەزارو 199 نابیناو لەئیدارەی گەرمیان 845 نابیناو لەهەڵەبجە 644 نابینا بوونیان هەیەو ژمارەكەیان دەگاتە  11 هەزار و 629 نابینا.

یەكێتی نابینایانی كوردستان لەساڵی ١٩٩٤ دامەزراوە، دوو لقی سەرەكی و هەشت نوسینگەی لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، لقی سەرەكی یەكێتییەكە لەسلێمانیە، نزیكەی سێ هەزار ئەندامی هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار