وه‌ڵامێک بۆ دکتۆر موسه‌نا ئه‌مین
2 ساڵ لەمەوپێش
هیوا ناسیح
پێشه‌کی دکتۆر موسه‌نا یه‌کێکه له‌و پهرمانتارانهی کورد له به‌غدا که هه‌ڵوێستیان باشه و به‌رده‌وام پشتگیری خه‌ڵکی به‌شخوراوی کوردستان دەکه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌ینوسم وڵامێکه بۆ چه‌ند وته‌یه‌کی ناوبراو له سیمینارێکیدا. لینکی ڤیدیۆی وته‌کانی له په‌راوێزدا داده‌نێم.
دکتۆر موسه‌ننا ده‌ڵێت (ئه‌م وڵاته ٩٨٪ موسوڵمانه) ئه‌م قسه‌یه زۆر له لایه‌ن بانگخواز و مه‌لا و پیاوانی ئاینییه‌وه چه‌ندباره ده‌کرێته‌وه، که هیچ داتایه‌کی فه‌رمی و ئامارێکی راست و دروست نییه پشتی پێ ببه‌ستن و ته‌نها ڕه‌مڵ هه‌ڵده‌ده‌ن، باشوری کوردستان سه‌دان هه‌زار، کاکه‌یی، دیان، ئێزدی، زه‌رده‌شتی و ته‌نانه‌ت بێباوه‌ڕ و که‌مه ئاینی تری تێدایه، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌مه‌یان باسێکی تره. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه لێی بدوێم وته‌یه‌کی تریه‌تی له هه‌مان ڤیدیۆدا که ده‌ڵێت:
(مناڵی خوار ١٨ ساڵ له ئه‌وروپاش ڕێگه نادرێت یاری به ئاینه‌که‌یان بکرێت، رێگه نادرێت ده‌سکاریی شوناسی ئاینی هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکرێت)!
دکتۆر لێره‌دا به‌داخه‌وه چه‌واشه‌کاریی ده‌کات، ئاخر له ئه‌وروپا شتێک نییه به ناوی شوناسی ئاینی گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئه‌وروپا ده‌مێکه ئاینیان کردۆته به‌شێک له که‌لتوریان، ڕێگه به پیاوانی ئاینیش ناده‌ن وه‌ک لای خۆمان ده‌م له هه‌موو شت بکوتێت. یان ده‌ست له سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده و سیاسه‌ت و ئیداره‌ش بده‌ن. کاری ئه‌وان بووه‌ته په‌روه‌رده‌ی ده‌روونی و ڕۆحی، ته‌نانه‌ت ئه‌و حزبانه‌ش که ناویان (دیموکرات مه‌سیحییه) له‌به‌رنامه‌یاندا داوای شه‌رعاندنی ئاین و حوکمی شه‌رع ناکه‌ن، به‌ڵکو به‌رنامه‌ی سه‌رجه‌میان عه‌لمانییه، ئه‌سڵه‌ن هه‌ر مۆڵه‌ت نادرێت حزبێکی ئاینی کاری سیاسی بکات. بۆ زانیاری کاک دکتۆر که‌نیسه‌کان و پیاوانی ئاینی رێکخراو و شاره‌وانی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، که به کۆمه‌ک و به‌خشین و ئابوونه‌ی ئه‌ندامانیان مووچه‌یان بۆ دابین ده‌که‌ن و هیچ پیاوێکی ئاینی له وڵاتانی ئه‌وروپا مووچه له حکومه‌ت وه‌رناگرێت. وه‌زاره‌تی ئاینیی وه‌ک ئه‌وقاف و لیژنه‌ی فه‌توا و ئه‌م شتانه هه‌ر بوونی نییه.
ئینجا له ئه‌وروپا خوار ١٨ ساڵ قه‌ده‌غه‌یه له خوێندنگاکانیشدا هیچ ئاینێکیان به تایبه‌ت فێربکرێت. ناکرێت بڵێی چونکه مه‌سیحی لێره ئاینی زۆرینه‌یه شوناسیانه و ئاساییه، به‌ڵام بۆ ئاینه‌کانی تر ئاسایی نییه. بۆ نمونه من دوو مناڵم له خوێندنگه‌ی حکومین له وڵاتی سویسرا، که یه‌کێک له پێشکه‌وتوترین سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ی هه‌یه له ئاستی جیهاندا، ئه‌مان تا پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی وانه‌یه‌کیان هه‌یه به‌ناوی (Religion, Kultur, Ethik) واته: ئاین، که‌لتور (ڕۆشه‌نبیری)، ڕه‌وشتزانی. له‌م وانه‌یه‌دا که هه‌فته‌ی جارێک یان دووانه، خوێندکاره‌کان به‌پێی ته‌مه‌ن و ئاستی بیر و تێگه‌یشتنیان فێری پێناسه‌ی ئاین به گشتی، ڕۆڵی مێژوویی ئێستا و رابردووی ئاین، ئینجا زانیاریی گشتی له‌سه‌ر ئاینه ناسراوه‌کانی وه‌ک مه‌سیحی، ئیسلام، بودی، یه‌هودی و هیندۆس و ...هتد باس ده‌کرێن، هه‌ر ئاینه و لای که‌می وانه‌یه‌کی بۆ ته‌رخان ده‌که‌ن.
راسته له جه‌ژنه‌کانی وه‌ک کریسمیس و هه‌ستانه‌وه و هی دی، که بنچینه‌ی ئاینییان هه‌یه و بوونه‌ته به‌شێک له که‌لتور و مێژووی ئێره خوێندکاران پشوو وه‌رده‌گرن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، به‌ڵام رێگه ده‌ده‌ن به مناڵێکی موسوڵمانیش بۆ نمونه له جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا شیرینی ببه‌خشێته‌وه و باسی جه‌ژنه‌که‌یان بۆ بکات له‌و وانه‌یه‌دا. به‌ڵام ڕێگه نادرێت به هیچ مامۆستایه‌ک له وانه‌که‌یدا په‌سه‌ندی ئاینێک به‌سه‌ر ئاینێکی تردا بدات. بۆیه لێره خوار ١٨ ساڵ قه‌ده‌غه‌یه باسی په‌روه‌رده‌ی هیچ ئاینێکی لابکهیت نه‌ک به‌س ئاینه که‌مینه‌کان، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه وانه‌یه‌کی وا له‌سه‌رتاسه‌ریی وڵاته‌کانی رۆژئاوادا نابینی له خوێندنگه حکومییه‌کاندا، که ناوی بۆ نمونه (په‌روه‌رده‌ی ئاینی مه‌سیحی) بێت. ته‌نانه‌ت ڕێگه نادرێت له نێو هیچ خوێندنگایه‌کی حکومی‌دا بانگه‌شه و ته‌رویج (پڕوپاگه‌نده و بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه و نامیلکه و کتێب و ...هتد) بۆ ئاینێکی دیاریکراو بکرێت. چ جای ئه‌وه‌ی باسی شوناسی ئاینی بکرێت. له‌م ساڵانه‌ی دوایی لێره و له‌وێ قسه له ئه‌وه‌ش ده‌کرێت، تا له وڵاتانی ئه‌وروپادا هه‌موو ره‌مزه ئاینییه‌کان به خوێندکارانی خوار هه‌ژده ساڵ، وه‌ک له‌چک، کڵاوه ڕه‌شه‌که‌ی جووله‌که‌کان، خاچی گه‌وره و دیار به سنگه‌وه ...هتد قه‌ده‌غه بکرێن.
دکتۆر موسه‌ننا وه‌ک هه‌ر که‌سێکی ئاینیی تر مافی خۆیه‌تی داکۆکی له عه‌قیده و ئاینه‌که خۆی بکات، به‌ڵام مافی نییه زانیاریی هه‌ڵه بدات به گوێگرانی و خه‌ڵک به ساویلکه و خۆشباوه‌ڕ تێبگات.
تێبینی: بۆ بینین و گوێگرتن له‌و وتانه‌ی ناوبراو کلیکی ئه‌م لینکه بکه‌ن:
https://www.facebook.com/Dr.Muthanna.Amin/videos/594861865289643