لە یادی لۆزاندا؛ فاکتەکانی دۆزی کورد
2 ساڵ لەمەوپێش
خەبات عەبدوڵڵا
• سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی ئیمپریالیزم دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دابەش کردەوە، دەبوا به‌پێى هه‌موو رێكه‌وتن و په‌یماننامه‌كانى دواى جه‌نگ، كوردستانیش وه‌كو قه‌واره‌یه‌كى جیا و نه‌ته‌وه‌ى كوردیش وه‌كو سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانى ئێستاى حسابى بۆ بكرایه. بەڵام کوردستان له میانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى وڵاته ئیمپریالیستهكانى جیهان و به‌تایبه‌تیش ئیمپریالیزمى به‌ریتانییدا كرایه قوربانى. لەجیاتی دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ، كوردستان به زه‌برى چه‌ك و هێزى سوپا داگیركرا. نەک هەر ئەمە، بەپێچەوانەی هەموو کۆڵۆنییەکانی دنیاوە، کوردستان مافی کۆڵۆنییشی پێ ڕەوا نەبینرا و هێزە ئیمپریالیستەکان به زۆرى زۆرداره‌كى و دوور له خواستى گه‌لى كورد، کوردستان و گەلەکەیان لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە تەخشان و پەخشان کرد. کە ئەمەش دوو جار کارەسات بوو؛ جارێکیان خاکەکەیان داگیر و دابەش کرد، جاری دووەمیش مافیان دایە داگیرکەران گەلی کورد لە ناو خۆیاندا بتوێننەوە. ده‌وڵه‌تانی تازە پێکهاتووی تورکیا، عێراق و سووریا هه‌ر لە سەره‌تاوه وه‌كو ده‌وڵه‌تی نەتەوەی سەردەست هاتنە كایه‌وه، نەک هەر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئامادە نەبوونە خواسته‌كانى گه‌لى كورد لە سەربه‌خۆیى و ژیانى ئاسایى وه‌كو گه‌لانى ناوچه‌كه و جیهانی بۆ فه‌راهه‌م بکەن، بەڵکو لە میانەی ڕستێک سیاسەتی داگیرکارانەوە، کوردیان بەرەو نەمان و قڕکردن بردووە.
• دامەزراندنی دەوڵەتەکانی عێراق، تورکیا، سووریا و تەنانەت ئێرانیش وەکو مۆدێلی (دەوڵەت - نەتەوە) لە بەشی هەرە گەورەیدا لەسەر بنەمای پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بوو. ناسیونالیزمی عەرەبی و تورکیی سەدەی بیستەم دوو پڕۆژە بوون لەسەر دژایەتیکردنی کورد و دژ بەو دامەزران. لە هەمان سۆنگەوە و بەپێچەوانەی کۆڵۆنیالیزمی مێژووییی سەدەکانی نۆزدە و بیست، داگیرکەرانی کوردستان وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە وڵاتانی داگیرکەر مامەڵەیان لەگەڵ کوردستان و گەلەکەیدا کردووە. لە هەمان سۆنگەوە خەباتی کورد زیاتر گوزارە بووە لە (شەڕی بەرگری) وەک لەوەی گوزارە بووبێت لە پڕۆژەیەکی ناسیونالیزم، خەباتی کورد خەبات بووە بۆ (مانەوە) بەرامبەر بە پرۆسەیەکی قڕکردنی سیستماتیکی.
• کوردستان کۆڵۆنییەکی دابەشکراو و بەزۆر لکێنراو (ملحق)ە، کوردستان بەزۆری چەک و سوپا داگیرکراوە. بەم پێیەش کوردستان کۆڵۆنییەکی دابەشکراوی بەزۆر لکێنراوە. ئەم خەسڵەتە ناوازەیەش واتە (بەزۆر لکاندن)، مافی کۆڵۆنی لە کوردستان سەندەوە و ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتی داوەتە داگیرکردنی کوردستان.
• جیاوازی کوردستان لەگەڵ کۆڵۆنیی مێژوییدا: یەکەمیان: کۆڵۆنیالیزم زۆرتر بەمەبەستی ئابووری کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانەیان بە خۆیانەوە گرێ دەدا کە هێشتا خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نەبوون (وڵاتانی ئەفریقا بۆ نموونە)، یان ئەو وڵاتانەی خاوەنی دەوڵەت بوون بەڵام کەوتبوونە ژێر باری داگیرکارییەوە و بە نیمچەکۆڵۆنی وەسف دەکران (چین و هیندستان بۆ نموونە). دووەمیان: کۆڵۆنیالیزمی مێژوویی کۆڵۆنییەکانی نەکردە بەشێک لە خاکی خۆی، بەڵکو لەڕێی دامەزراندنی ئیدارەیەکەوە بە خۆیەوە گرێی دان. سەرەڕای داگیرکردن بەڵام لە ساڵی ١٨٨٥ بە دواوە وڵاتانی کۆڵۆنیالی لە پاش خۆیان پەنجا دەوڵەتیان لە ئەفریقا بەجێ هێشت، بەهەمان شێوە سەرەڕای داگیرکردنی خاکی عەرەب، بەڵام تا نیوەی یەکەمی سەدەی پێشوو، وڵاتانی کۆڵۆنی توانیان هاوکار بن لە دامەزراندنی بیست دەوڵەتی عەرەبی. لە هەمان سۆنگەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیست زۆربەی هەرە زۆری کۆڵۆنی و نیمچە کۆڵۆنییەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێنا.
• دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان؛ عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا بریتین له مۆزایكێكی گه‌لان و ئایین و تایه‌فه‌ی جیاجیا، ئه‌م مۆزایكه عه‌نتیكه‌یه ته‌نها له سایه‌ی سه‌ركوت و سیستمه ستەمکارەکاندا وڵاتێكی یه‌كگرتوویان پێكهێناوه. عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا هه‌رگیز گوزارە نه‌بوون له ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه بە چەمکە مۆدێرنەکەی. پێكهاته و تایه‌فه جیاجیاكانی ئەم دەوڵەتانە هه‌ر ده‌رفه‌تێكیان بۆ ڕه‌خسا بێت شوناسی خۆیان به‌رامبه‌ر به شوناسی ڕەسمیی دەوڵەتەکانیان زه‌ق كردۆته‌وه. لەخۆڕا نییە، پاش گەیشتنی یه‌كه‌مین تانكی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان بۆ مه‌یدانی فیرده‌وسیی شاری به‌غدا له ٩ی ئه‌پریڵی ٢٠٠٣ دا، عێراق وەکو دەوڵەت هەر زوو پایه‌كانی داڕزان و مرد.
• کێشه‌ی کورد کێشه‌ی گه‌لێکه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاکه‌که‌ی داگیر و به‌زۆر به‌م دەوڵەتانەوە لکێنراوه، به‌درێژایی مێژووی ئه‌م ده‌وڵه‌تانەش هه‌وڵی سڕینه‌وه و قڕکردنی ده‌درێت. سه‌رکردایه‌تی سیاسی و حیزبە کوردییەکان لە چەند ساڵی پێشوودا لە عێراق و ئێستاش لە سووریا و تورکیا کێشه‌که‌یان له ناوه‌ڕۆکه سیاسییه‌که‌ی داماڵیوە و کردویانەتە کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی و قانوونی و وه‌کو زۆرێک له کێشه لاوه‌کییه‌کانی تری ئەم دەوڵەتانە به ده‌ستوریان سپاردووە.
• کێشه‌ی کورد له عێراق و باقی وڵاتانی تری داگیرکەری کوردستاندا کێشه‌یه‌کی سیاسییه نه‌ک کێشەیەکی ناوخۆیی و قانوونی، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی که دواجار پێویسته له‌ڕێی تێکۆشانی سیاسییه‌وه نه‌ک له هۆڵی پارله‌مان کێشه‌که یه‌کلایی بکرێته‌وه. کێشه‌ی کورد جیاواز له کێشه‌ی گه‌لان و پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی تری وڵاتە داگیرکەرەکان، کێشه‌یه‌کی توولانییه و ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی قووڵی هه‌یه. كێشه‌ی کورد کێشه‌ی پشکداریی نییه له ده‌سه‌ڵاتدا، ڕاستییه‌که‌ی حه‌زی گرتنه‌ده‌ستی ئه‌م یان ئه‌و پۆستی دەوڵەتی، حه‌زێکی کوردییانه نییه. بە هەمان شێوە کێشەی کورد کێشەی هەبوون یان نەبوونی دیموکراسی نییە، دیموکراسی پێوەندی بە دەستەبەرکردنی مافی چارەنووسی گەلانەوە نییە. دیموکراسی شێوازێکە لە شێوازەکانی خۆبەڕێوەبردن، بەپێی کات و شوێن چەندین مۆدێلی جیاوازی هەیە. ئیسرائیل، ئیسپانیا، هندستان سێ دەوڵەتی دیموکراسیین، بەڵام وەکو سێ دەوڵەتی داگیرکەر هیچ کامیان ئامادە نین مافی گەلانی فەلەستینی، کەتەلۆنی و کشمیرییەکان بسەلمێنن.
• بۆیە بێ ناسین و داننان بە باری داگیرکراوی و دابەشکراوی و لکاندنی زۆرەملێیانەی کوردستان و گەلەکەی، ناکرێت بەهیچ شێوەیەک لە بنەڕەتەکانی دۆزی کورد و گەلی کوردستان تێ بگەین.