ئایندەی عێراق لە عاباكەی سەدرەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
بێستون فایەق
كەسێتی موقتەدا سەدر و گروپی سەدریەكان بە درێژایی ساڵەكانی عێراقی تازەی دوای بەعس بەردەوام روداوی گەرمی نێو پێشهات و ململانێ ئاڵۆزە سیاسیەكان بون ، سەرباری دژ بەیەكی و هەندێ جار ناڕاستی لە هەڵوێست و كاردانەوەكانیاندا سەدر و سەدریەكان جیاواز لە گروپ و كارەكتەرە سیاسیەكانی تر لە هەموو دۆخێكدا دەبنە بابەتی گەرم و بۆ پێشخستن بێ یان پەكخستن رۆڵگێڕی دیاری زۆربەی روداوەكانن.
شەڕی وەدەرنانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەعێراق و روبەڕوبونەوەی چەند جارەی چەكداری لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا ، دژایەتی حكومەت و پێكدادانی چەكداری توند لەگەڵ پۆلیس و سوپای سەردەمی كابینەكەی نوری مالكی ، بەشداری كردنی حكومەت و پێگە هەستیارەكانی دەوڵەت و دواتر رژانە سەرشەقامەكان و خۆپیشاندان و نوێژی بەكۆمەڵ ، راگەیاندنی بایكۆتی هەڵبژاردن و دواتر پەشیمانبونەوەو بەشداریكردن لە هەڵبژاردن ، داواكاری بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەو لەپڕ دەست پێ لەكاركێشانەوەی جێگری سەرۆكی پارلەمان و پارلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی و دواتر ناردنیان وەك خۆپیشاندەر بۆ هەڵكوتانە سەر پارلەمان ، گۆڕینی هەڵوێست لە دۆستایەتی و پشتیوانی قوڵەوە بۆ دوژمنایەتی سەخت لەگەڵ نوری مالكی ، تەواوكردنی خوێندنی باڵای ئاینی لە حەوزەی زانستی قوم و دواتر چونە نێو بەرەی دژایەتی ئێران ، لە دژایەتی پێشمەرگەو هەرێمی كوردستانەوە بۆ هاوپەیمان و شەریكی پارتی دیموكرات ، لە گرنگترین و سەیرترین هەڵویست و جوڵە سیاسیە دژ بەیەكەكانی موقتەدا سەدرو گروپی سەدریەكانن .
ئێستا چیتر عیراق بەتەنها گیرۆدەی كێشەی قوڵی ململانێ مەزهەبی و نەتەوەیەكانی نیە ، ئەگەر ساڵەكانی سەرەتای دوای نەمانی بەعس نێوانی كورد لەگەڵ عەرەب و نێوانی شیعە لەگەل سونە لە بەربەستە دیارەكانی بەردەم ئیدارەو سیاسەت و رێكەوتن و پشكپشكێنەی پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت و پێكەوە ژیان بوبن ، ئەوا ئێستا كیشەی گەورە و مەترسی ئاشكرا ململانێی توندی نێوخۆی گروپەكانی هەر یەك لەو پێكهاتانەن كە جگە لە كیشەكانی یەكێتی و پارتی و دووبەرەكی توندی نێوان شیعەكان كە گرفتی گەورەی بەردەم داهاتوی نادیار و ناڕونی عێراقن ئیستا موقتەدا سەدر وەك دیاردە بە تەنها خۆی و پشت ئەستور بە جەماوەرێكی فراوانی گوێڕایەڵی ئامادەو دەست لەسەر سنگ ، لە دەسەڵات بێ یان ئۆپۆزسیۆن رۆڵگێرو دروستكەرێكی خێرای گرفتە بۆ لایەنەكانی بەرانبەرو نەیارەكانی .
سەدر پێكهێنەری حكومەت بێ یان وەك خۆی ئەڵێ دور لە حكومەت و لەناو شەقام ئەوا ئەگەر چارەسەریشی پێ نەبێ هەمیشە بەچەند پاكێجێك پلانی بۆ تیكدان و رێگری و وروژاندن ئامادیە ، ئەوەتا كاتێك خۆی و بەرەكەی توانای تێپەڕاندنی بەربەستە یاساییەكانی پێكهێنانی حكومەتیان نەماو كاندیدی پێشنیازكراوی خۆی سەرنەكەوت ، بۆ رێگری لە پێكهێنانی كابینەی حكومەت و لە كاندیدی دەستنیشانكراوی بەرانبەرەكانی دۆخێكی شڵەژان و نا ئارامی سیاسی ئەوتۆی دروست كردوە كە كۆتاییەكەی دیار نیە .
بڕیارو هەڵویستە خێراو دژ بەیەكەكانی ژێر عاباكەی موقتەدا سەدر عێراقی نا ئارام و نا سەقامگیری سیاسی و گیرۆدەی دەست ناكۆكی تائیفی و دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بێ توانایی بڕیاردانی سیاسییەكانی خستۆتە بەردەم ئایندەیەكی خراپی پڕكێشەی بەردەوامی بێ چارەسەرەوە .