هەندێك كوردی  نا كورد لە جیاتی كورداندن خەریكی ڕوخاندن  و تۆراندنن

2 ساڵ لەمەوپێش




              هاوڕێ سورە      


لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس  ئومێدێك پەیدابوو لە عێراقدا  كەم تا زۆر دیموكراسی پیادە بكرێت، دەسەڵاتەكانی یاسادانان و دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن لێك جوێ بكرێنەوە . 
كاتێكیش لە ساڵی (2005) دەستوور نووسرا و خرایە ڕاپرسی بۆ ئەوە بوو هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد ئەنجامبدرێت  و كورد و عەرەب لە عیراقدا یەكسان  و  هاوبەشبن، بەڵام بەتێپەڕبوونی كاتێكی كەم  دەسەڵاتەكان و پلە و پایە گرنگەكان خۆی لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران و هەندێك  وەزارەتی  سیادی و حزبە شیعە وابەستەكانی ئێران  بینیەوە.
شۆڤیەنیەت و سەپاندنی بیری شیعەگەرایی  عیراقیان  وێران كرد، نەك هەر ئێستا بەڵكو لە وەتەی دەوڵەتی عیراق دامەزراوە لە ساڵی (1921)  پانعەرەبیستەكان پێیان وایە عیراق بەخەڵك و خاكەوە موڵكی عەرەبە  بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە و شیكردنەوەی بیری پاوانخوازی عەرەبی سونە و شیعە هەزاران دیكۆمێنتی بڕوا پێكراو لە بەر دەستن  دەتوانرێت سەدان لێكۆڵینەوە و ڕوونكردنەوە و دیبەیتی  لەسەر بكرێت.
ئاشكرایە لەسەردەمی دەسەڵاتی شیعەكان وەك سەردەمی بەعس  بڕیارەكانی بەغدا بەرژەوەندیەكانی ئێمەی كوردی كردووە بە سوتەرۆ واتا زۆربەی بڕیارەكانیان نایاسایی بوون نەلە بەرژەوەندی كورد بوون، بۆ هەموولایەك و بەتایبەتی بۆ نوخبەی سیاسی ڕونبۆتەوە ناسیۆنالیستە شۆڤیەنیە عەرەبەكانی شیعە و سونە ئەوانەی  دەرەوەی خۆیان بەتایبەتی كورد بە (ئەهریمەن) دەزانن  بۆیە دەخوازن قەوارەی ئەزموونی كوردستان لەناوبەرن . 
ناكرێت نكۆڵی لەوەشبكرێت كە هەزار و چوارسەد ساڵە بەناوی ئایینی ئیسلام  بیری عەرەبیزم  برەوی پێدەدرێت و ئەوانی دی وەك كۆیلە دەبینن، مێژوو یاداشتی كردووە خەڵكی هوشیار پەند لە ڕابردوو وەردەگرێت ئەوكاتەی بەعس لە ژێر دروشمی  یەكیەتی . سەربەستی . سۆشالیستی ( دانی )  بۆ هەندێك كورد ڕۆدەكرد  دواجار زۆربەیان لەگەڵ بەعس سەریان تێداچوو  ئەوانەشی لە ناو نەچوون  ڕیسوا بوون و دەستی پەشیمانیان  بەرز كردەوە .
كەواتا دەبێت دڵنیا بین شیعە پاسدارەكانیش  هەمان بیر و ئەقڵیەتی بەعس لە ناخیاندایە بۆ لەناوبردنی كورد بەهۆی هەندێك فریودراوی قین لەدڵ   كوردیان بەئامانج گرتووە.
لەبیرمانە بەعس ڕژێمێكی ڕەفتار فاشی بوو لە فریودانی ڕایگشتی  شارەزا و بێوێنە بوو  تەنیا بەتۆمەت دەیان هەزار كەسیان لە زیندانەكاندا  كۆت  و بەند كردبوو  پیاوانی ئەشكەنجەچی لە زۆربەی زیندانەكاندا  تەوالێتیان بۆ خۆ خاڵیكردنەوە بەكار نەدەهێنا لە هەندێك شوێن میز و پیساییان بەسەری زیندانیەكاندا دەكرد سیگارەكانیان بە پێڵوی چاو  و بناگوێی بەندكراوان دەكوژاندەوە  نۆرەیان لێدەگرتن بۆ كاری نامرۆڤانەی بەدڕوشتی  بەردەوامیش  برسیان دەكردن  كاتێك كەمێك شۆرباوی نیسكێنەیان دەدانێ  دەرمانی سك چوون و ڕشانەوەی تێكرابوو، ئەشكەنجەچیەكان میسری و فەڵەستینیشیان لەناودا بوو بەداخەوە  ئەوانی دیكەیان ئیستاش لەدەسەڵاتن  بە هۆی  پارتە سونە و شیعەكان . 
وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێكردووە بەعس  زۆر شارەزا بوو لە هەڵخەڵەتاندن  كاتێك كاسترۆ سەرۆك  و سكرتێری پارتی كۆمۆنیستی  كوبا دەهاتە لای  سەدام پیاوانی بەعس دۆسیەی دەیان كەسیان دەخستە سەرمێزی سەدام   بۆ ئەوەی واژۆ بۆ لە سێداردنیان بكات بەدەم قاقای پێكەنین و خواردنەوەی ویسكی  گرانبەها لەبەردەم كاسترۆ واژۆی بۆ لە سێدارەدانی شیوعیەكان و خەڵكی دیكە  دەكرد.
لێرەدا بە پێویستم زانی ئاماژە بەخاڵێكی دیكە بكەم، سەیر نیە نەتەوە ناعەرەبەكان  ئاخوندەكانی ئیران بەمیراتگر و پارێزەری ئایینی ئیسلام بزانن چونكە بەشێكیان فریو خوادوون و چاویان تەنیا بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەبینێت، بەڵام  بۆ عەرەب  سەیرە  لەكاتێكدا خۆیان  بەگەورەی  مرڤایەتی دەزانن  پێغەمبەر  د-خ لەسەر بێت  عەرەب  بوو بێت  قورئان بەعەرەبی بێت  ئەسحابە و خولەفای ڕاشدین هەموویان عەرەب بووبن  بۆ دەبی  فارسەكان بە ڕێبەری خۆیان بزانن  لەكاتێكدا دڵنیاشبن  بەزەبری ڕم و شمشیر  ئایینی ئیسلامیان قبوڵكردووە.
 لەلایەكی دی  هەموو ئەو سیاسیانەی  هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبەن و رەنگڕێژی سیاسەتی كوردستان دەكەن پێویستە دڵنیابن حكومەتداری  بەو هەموو كەم و كوڕەیەوە  بەڕێوە ناچێت خەریكە خەڵك سەبری نامێنێت لە بەرامبەر جێبەجَنەكردنی داواكاریەكانیان  بۆیە جێگەی خۆیەتی بەڵێنەكان لەبیر نەكرێن، كاتێك هاوڵاتی متمانەی بەحكومەت نەما دەبێ چاوەڕوانی ڕووداوی نەخوازراو بكەین.
بۆیە جێگەی خۆیەتی بەردەوام بین لە سەر پرس و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ئەوانەی شارەزا  و دڵسۆزی پرسی نەتەوەكامانن  و ئاگادارن لە مێژووی میزۆبۆتامیا و هۆكاری  شكەستەكانی ڕابردووی  كوردن.
ئاشكرایە فەرامۆشكردنی توڕەیی خەڵك هەڵەیەكی گەورەیە نەك هەر لە كوردستان بەڵكو لە عیراقیش  چونكە وەزعەكە نزیكە لە تەقینەوە.
لە كۆتایدا هیوا و خواستم ئەوەیە ڕۆژێك بێت  خەمخۆرانی پرسی كورد هێندە نەرم و بڵ و كەمتەرخەم نەبن بەرامبەر تێكدەر  و خۆفرۆشان   لەكاتێدا هیوا و ئومێدێكی یەكجار زۆر هەبوو بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە سەر لاشەی داتەپیو و ڕزیوی عیراق  بەتایبەتی دوای سەركەوتنی ڕیفراندۆم لە (2017)  بەڵام بەهۆی هەندێك لەو كوردانەی چوونە ناو بەرەی بەناو مقاوەمەی سوپای پاسداران  لە (16) ی ئۆكتۆبەری (2017) . خەون  و ئاواتی دەیان ساڵی كوردان لە گۆڕ نرا ، نەك هەر دەزانم بەڵكو دڵنیام گۆڕینی هەندێك واقیع زۆر ئەستەمە. لەوەش ناخۆشتر نیە بزانیت بەرامبەرەكەت دەرونی پڕاو پڕە لە رق  و كینە بەڵام ناچار بیت لەگەڵیدا  بژیت .! 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار