پەرخێی بووكی بادینان، بووەتە دۆزەخی گەشتیاران

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

گوندی پەرخێ هەوایەكی فێنك و ئاوێكی سازگاری هەیەو دانیشتوانەكەی رۆژانە سەرقاڵی ئامادەكاریەكانیانن بۆ خزمەتكردنی ئەو گەشتیارانەی روو لەگوندەكەیان دەكەن، بەڵام تۆپ و بۆردومانەكانی سوپاكەی ئەردۆغان بووكی بادینان دەكەنە دۆزەخ بۆ گەشتیاران.

پەرخێ، ئەو گوندەی لەهەفتەی رابردوو 20ی تەمموزی 2022 لەلایەن سوپای توركیاوە بەچوار گولە تۆپی 155 ملیمی ناوچە گەشتیارییەكانی پەرخێی كردە ئامانج و بەو هۆیەوە نۆ گەشتیاری پارێزگاكانی خوارووی عێراق كوژران و 31 كەسی دیكەش برینداربوون.

گوندی پەرخێ بەدووریی 16 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری ناحیەی دەركار لەزاخۆ، تاكە گوندی ئاوەدانە لەناوچەی شەڕ لەسنوورەكە، گوندەكە دەكەوێتە دووریی 17 كیلۆمەتر لەباكووری رۆژهەڵاتی زاخۆو 11 كیلۆمەتر لەسنووری توركیاوە دوورە، نزیكترین خاڵی سەربازیی توركیا لەو گوندەوە دوو هەزارو دووسەد مەترە.

لەگوندی پەرخێ شوێنێكی گەشتیاری زۆر فێنك و خۆش هەیەو گەشتیاران رووی تێدەكەن، بەڵام لەدوای رووداوەكە تائێستا هیچ گەشتیارێك سەردانی ئەو گوندەی نەكردووە.

پێش 20ی ئەم مانگە، پەرخێ پڕ بوو لەگەشتیارانی خواروو ناوەڕاستی عێراق لەنزیك ئاوە سازگارەكان و نێو كەپرەكانەوە شادی و خۆشییان دەردەبڕی و خۆیان فێنك دەكردەوەو منداڵان بەتۆپی لاستیكی یارییان دەكرد، بەڵام سوپاكەی ئەردۆغان خۆشییەكانان لێدەكەن بەشیوەن.

حاجی مەحمود محو، خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییەی گوندی پەرخێ كەتوركیا كردووەیەتە ئامانج كە لەساڵی 1991 تائێستا لەو گوندە دەژی، بەهاوڵاتی وت:» لە رۆژی تۆپبارانەكەی سوپای توركیا لەماڵ بووم دوای رووداوەكە خێرا بەچەند خولەكێك گەیشتمە شوێنەكەو هاوكاری تیمەكانی تەندروستیمان كرد بۆ گەیاندنی بریندارەكان».

هەروەها وتیشی:» رووداوەكە ئەوەندە ناخۆش بوو ناتوانم وەسفی بكەم ئەو خەڵكە هیچ گوناهیان نەبوو شەهیدو برینداركران، چەند ساڵێكە شوێنێكی گەشتیاریمان دروستكردوە بۆ ئەوەی ببێتە داهاتێك بۆ هەموومان، هەموو ئەو كەسانەی كاریان دەكرد خەڵكی گوند بوون، بەڵام توركیا لێی تێكداین».

سێ خاڵی سەربازی توركیا لەدەوروبەری گوندی پەرخێ جێگیركراون، كە تەنها  پێنج كێلومەتر لەگوندەكەوە دوورە.

خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییەی گوندی پەرخێ جەختی لەوەكردەوە كە لەدوو مانگی رابردوو تائێستا سەدان جار دەوروبەری گوند بۆردومانكراوە ناتوانن بیژمێرن، وتیشی:» رۆژانە چەندجارێك ناوچەكە بۆردومان دەكرێت، ئێستا هیچ خۆشیمان نیە، بەڵام سەڕەرای هەموو ئەمانەو ئەو رووداوە كەسوپای توركیا بۆردومانی كردووە ئیرادەمان بەهێزەو گوندەكەی خۆمان بۆ هیچ كەسێك چۆڵناكەین».

گوندی پەرخێ، نزیكەی 30 خێزانی تێدا دەژین، رێگای گوندەكە قیركراوە، تەنها یەك شوێنی گەشتیارییان هەیەو زیاتر لە 20 كانی و ئاوی سازگاریان هەیە، خەڵكی گوندەكە لە»عەشیرەتی سندی»ن.

جەمیل عەبدوڵا، موختاری گوندی پەرخێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»خەڵكی گوندەكە زیاتر كاری چاندن و بەرهەمەكانی هاوینی وەك سێو، هەنجیر، ترێ، هەنار، هەروەها سەرقاڵن بە بەخێوكردنی مەڕو ماڵاتەوە، پێشتر نزیكەی 500 سەرمەڕ لەگوند هەبووە، ئێستا بەهۆی بۆردومانی توركیا ژمارەیان كەمبووەتەوە، چونكە خەڵكی گوند لەترسی بۆردومانەكان خەریكە وازی لێدێنن».

«زورینەی نیشتەجێبووانی گوند دوو ماڵیان هەیە یەكێك لەگوندو ئەوەی دیكە لەناوەندی زاخۆ، هەندێكجار ژمارەی خێزانەكان دەگاتە 30 خێزان، هەندێكجاریش دەبێتە 10 خێزان، ئێستا نزیكەی 100 كەسێك لەگوند دەژین، بنكەی تەندروستی و خوێندنگامان نیە»، موختاری گوندی پەرخێ وای وت.

هەریەك لەگوندەكانی قەسرۆك، دەشتەتەخێ، پەڤلان، بهێرێ، باجوا، شەرانش، كەدەكەونە دەوروبەری گوندی پەرخێ چوڵكراون، تەنها دانیشتوانی گوندی پەرخێ نەبێ وەك موختاری گوندەكە وتی:» ئێمە بڕیارمان داوەو  گوندەكە چۆڵ ناكەین».

سوپای توركیا سەرەڕای ئەوەی بەقوڵی بیست كیلۆمەتر زیاتر خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووە، ساڵی رابردوو ئەمساڵیش تاوانی ژینگەیشی ئەنجام داوەو هەزاران داری بڕیوەتەوەو دەیباتەوە بۆ توركیا كەداری تێدا بووە تەمەنی سەد ساڵ بووە.

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی دەركار لەساڵی 1991 تائێستا لەسنوری دەركار و باتیڤا 32 كەسی مەدەنی شەهیدو برینداربوون بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە.

دڵشێر عەبدولستار، بەرێوەبەری ناحیەی دەركار لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد كە 63 گوند لەسنوری ناحیەی دەركار هەیەو تائێستا 23 گوند بەتەواوی چوڵكراون و لەئێستادا 33 خێزان لەگوندی پەرخێ بوونیان هەیە.

دڵشێر عەبدولستار وتیشی:»تالێكۆڵینەوەكان لەسەر رووداوەكە بەردەوامبن رێگا بەهیچ گروپێكی گەشتیاری نادەین سەردانی ناوچە گەشتیارەكانی سنوری ناحیەی دەركار بكەن، چاوەڕێی دەرئەنجامی كۆتایی راپۆرتی لیژنەكان دەكەین، دواتر ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیار بۆ هاتنی گەشتیارەكان دەردەكات».

دوابەدوای بۆردومانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرخێ، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەفدێكی باڵای ئەمنی رەوانەی ناوچەكە كرد كە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەرۆكایەتی دەكرد.

دوابەدوای لێكۆڵینەوەی لیژنە ئەمنییەكەی عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند:» دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە».

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەزاخۆ رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە».

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەهات كەوەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند ئەوان كۆمەڵكوژیەكەیان ئەنجام نەداوەو پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كرد.

فوئاد حسێن كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عێراقە وتیشی:» پرۆسەی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق قبوڵناكرێت، دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە، توركیا دەیان گوندی كوردستانی عێراقیان داگیركردووە، لەجیاتی شەڕی پەكەكە پەلاماری گوندەكان دەدەن و خەڵكی سڤیل دەكوژن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار