بەشێك لە ماددە خۆراكییەكان لەتاقیگەی عەلوەی سلێمانی دەرناچن
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
چەند بەرهەمێك لەعەلوەی سلێمانیدا لەتێستدا دەرنەچوون و بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانیش دەڵێت:» بەرهەمی ناخۆیی و دەرەكیش هەبووە كە لەتێستی ئێمەدا دەرنەچوون.»
گزنگ محەمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد چەند بەرهەمێكی ناوخۆیی وەكو: (پاقلە، خەیار، كاهو، لیمۆ، مانگۆ، بیبەری ملەوەن، سێوی زەردو سوور) كە بەرهەمی دەرەكی بوون و (خورماو پەتاتەو شوتی) كەناوخۆیی و دەرەكییشی هەیە لەتێستدا دەرنەچوون.
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەو بەرهەمانەی لەتێستدا دەرناچن دووبارە سامپڵیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەگەربێـتو دەرنەچنەوە دەدرێتە لیژنەی قایمقامییەت تا لەناوببرێن.
گزنگ محەمەد وتیشی: ساڵانی پێشوو بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە دەكرا،»بەڵام ساڵی رابردوو بەهۆی خراپی كوالێتییەكەیەوە لەئیمارات رەتكرایەوە.»
هاوكات، باسیلەوەشكرد تاقیگەی عەلوەی سلێمانی 15 رۆژ جارێك راپۆرتی خۆیان لەسەر تەواوی ئەو بەرهەمانەی پشكنینیان بۆ دەكرێت دەدەنە لایەنی پەیوەندیدارو تیمێكی پسپۆڕیان هەیە كە سەردانی كێڵگە كشتوكاڵییەكان دەكات بۆ رێنمایی جووتیاران بەمەبەستی بەرهەمێكی تەندروست و تاهەناردەی وڵاتانی دراوسێ بكرێن.
بەڕێوەبەری تاقیگەی عەلوەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێنج هەزار دینار بۆ فەحسی بەرهەمەكان لەجوتیاران وەردەگیرێـت و دوو وەسڵیان بۆ دەكرێت یەكێكیان دەدرێت بەجووتیارەكان و یەكێكی تریشیان دەدرێتە نوسینگەی عەلوەكان لەگەڵا ناردنەوەی پشكنینەكان، و» سەرەتا حكومەت بڕی 40 هەزار دیناری دیاریكردبوو و ئێمە داشكاندنمان بۆ كردو كردمانە پێنج هەزار دینار.»
عەلوەی كۆنی سلێمانی 184 زۆن و عەلوە نوێیەكەش 54 زۆنی هەیە.
ساڵانە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەدەست ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیانەوە دەناڵێنن و دەبێتە مایەی زەرەرو زیان بۆیان، تەنانەت بەشێكیشیان بەرهەمەكانیان فڕێدەدەن چونكە بڕەكەی زۆرەو بۆیان نافرۆشرێت و هاوردەكردنی بەرهەمی وڵاتانیش لەدەروازە سنورییەكانەوە ناوەستێنرێـت تابەرهەمی جوتیارانی ناوخۆیی ساغببێتەوە.
عوسمان حەمەڕەشید، تەمەن 48 ساڵ جوتیارێكی دەشتی شارەزوورەو ساڵانێكی زۆرە خەریكی پیشەكەیەتی و لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە گومانمان لەبەرهەمەكانی خۆمان نییەو مەوادی كیمیاییش كەبەكاری دێنین سەمادەو هیچ كێشەیەكی نییە، ئێستا هیچ دەرمانێكی بۆ بەكارناهێنین چونكە جەو گەرمەو هیچ حەشەراتێك ناژی».
هەروەها یەحیا عەلی جووتیارێكی دیكەیەو بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كەوەزارەتی كشتوكاڵا پشتگیرییەكی جوتیاران ناكات هیچ رێنماییەكیشیان ناكەن بۆ بەكارهێنانی مەوادی كیمیایی و چاندنی بەرووبووم و خۆیان بەرهەمەكان هەڵدەبژێرین و دەیچێنین.
حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زۆربەی جوتیارانی هەرێم یەك جۆر بەرهەمیان هەیەو ئەوە یەكێكە لەكێشەكان بۆیە زۆرجار كاریگەری ئەكاتە سەر ئەوەی كەبڕی بەرهەمەكان بەشێوەیەك زیاد ببن كە نرخەكانیان دابەزێـت.»
وتیشی: وەزارەتی كشتوكاڵا نەخشەیەكی بەرهەمیان ئامادە كردووە بەپێی ناوچەكان كەچ بەرهەمێكی تیابەرهەم بهێنرێـت، ئەمەش كاری زۆری و هەماهەنگی دەوێـت لەگەڵا جووتیاران تا گلەیی و گازەندەی لێنەكەوێتەوەو بەرهەمەكان بەشێوەیەك بێـت تاڕادەیەك كەمێك لەپێداویستی ناوخۆ زیاتربێـت نەك بەو شێوازەبێـت كاریگەری بكاتە سەر بەرهەمەكان.