كورد ئامادەكاریی بۆ گۆڕانكارییەكانی عێراق نەكردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەكاتێكدا دۆخی عێراق لەلێواری تەقینەوەدایە و هێزە سیاسییە شیعییەكانی عێراق تادێت گرفت و ناكۆكییەكانیان زیاتر دەبێت، لەهەرێمی كوردستاندا هیچ ئامادەكاریك و هەماهەنگیەكی سیاسی نیە بۆ خۆئامادەكردن لە ئەگەری هەرپێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراو، هەروەها چۆن یەكێتی و پارتی لەم دۆخەشدا ناكۆكیەكانیان درێژەی هەیە هەماهەنگیان نیە، حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتیش هیچ هەماهەنگی و گفتووگۆیەكیان نیە بۆ گۆڕانكارییەكان.
سەبارەت بەئامادەكاری هێزە سیاسییە كوردستانیەكان بۆ هاتنە پێشەوەی گۆڕانكاری نوێ لەعێراقدا، سۆزان مەنسور وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند: « بەپێی زانیارییەكانی من تائێستا لەسەر ئەرزی واقیع هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا نییە بۆ قسەكردن لەسەر ئەم دۆخە بەڵام باوەڕمان وایە كە دەبێت هەموو لایەنەكان پێكەوە گفتوگۆ بكەن و ماڵی كوردی یەكبخەین و هەوڵبدەین بەیەكگرتوویی بڕۆینە بەغدا».
لەلایەكی ترەوە ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەدووری دەزانێت ئاڵۆزییەكانی عێراق كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت و دەڵێت: «هەموان دەزانین ئەوەی لەبەغداد روودەدات كێشەی كەسی نێوان مالیكی و موقتەدا سەدرەو پەیوەستە بەناوماڵی شیعەوە، دۆخی بەغدا كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت.»
بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری باوەڕی وایە یەكێتی و پارتی بەشێكن لەوەی كە ئێستا لەعێراقدا روودەدات، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانیان و شەڕیان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەوبارەیەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: « پارتی و یەكێتی دابەشبوون بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرەی هاوپەیمانی سێقۆڵی كە سەدرییەكانی لێدەرچوون «.
هاوكات ئاریان تاوگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی نەوی نوێ سەبارەت بە ئاڵۆزیەكانی بەغداد بۆ هاوڵاتی قسەی كرد و وتی:»بەبۆچوونی من دۆخەكە تائێستاش نەگەیشتۆتە حاڵەتێكی زۆر خراپ و توندوتیژی زۆر و شەڕی چەكداری لێ نەكەوتۆتەوە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە زیانی بۆ هەموو كەس هەیە لە بەسرەوە تا هەرێمی كوردستان.
هەر لەو بارەیەوە مستەفا عەبدوڵا كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند: «وەك یەكگرتووی ئیسلامی تائێستا داوای هیچ كۆبوونەوە و دانیشتنێك لەلایەن هیچ لایەنێكەوە لەئێمە نەكراوە و پێموایە بۆ ئەو بابەتە لەهەرێمی كوردستانیش دانیشتنێكی لایەنە سیاسییەكانی پێویست نەبێت».
سەبارەت بەگۆڕانكاری لەدەستوردا، یەكێتی و پارتی رایان جیاوازەو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رەتیدەكاتەوە ئەوان دژی هەمواركردنەوەی دەستور بن، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: «هەر ماددەیەك پەیوەندیدار بێت بەهەرێمی كوردستان و ژیانی هاووڵاتیانەوە بەرگری لێدەكەن».
هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە كە ئەوان دژی هەمواركردنی دەستوور بن و دەڵێت: «ئێمە دژی هەمواركردنی دەستوور نین، بەڵام ئێستا كە باس لەگۆڕینی دەستوور دەكەن، هاوتەریب دەیانەوێ سیستمی سیاسیی لەپەرلەمانییەوە بگۆڕن بۆ سەرۆكایەتی، ئەو تێڕوانینەش پێویستە هی هەموو لایەنە عێراقییەكان بێت نەك یەك لایەن بەتەنیا.»
هەروەها مستەفا عەبدوڵا رایگەیاند: « ئەگەر كێشەكان لەبەغدا قوڵببنەوە و باس لەگۆڕینی دەستوور بكرێت و باسی هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاكانی عێراق بكرێت، ئەوا ئەو سیستەمی فیدراڵییەی كە هەیە یەكێك دەبێت لەو بابەتانەی كە دەكەوێـتە بەر مەترسی، تا ئێستاش هیچ دیراسەیەكی ئەوەمان نەكردووە كە ئایا لەگەڵ هەموواركردنەوەی دەستووربین یان نا، پێمان وایە ئەو بابەتە هێشتا زووەو بڕیاردان لەسەری ئاسان نییە».
مستەفا عەبدوڵا كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی وتی: «ئێمە پێمان وایە پڕۆسەی سیاسی لەعێراق و هەرێمی كوردستان ئارام بێت و دەستوور جێبەجێبكرێت وحكومەتی عێراق ئەركەكانی خۆی بەپێی دەستوور جێبەجێبكات، بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێووە، بەڵام ئەگەر ناوچەكە ئاڵۆزبێت و سیستەمی سیاسی لەعێراق گۆڕانكاری بەسەردابێت، ئەگەر كورد بەئامادەكاریەكی باشەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكات و خۆی بۆ ئامادە نەكات بۆ ئەگەرەكانی ئایندەی دوای ئەو گۆڕانكاریانەی دێنە پێش، ئەوا بەو شپرزەیەی ماڵی كوردو دژایەتی لەسەر پۆست و شەڕكردن و نەگەیشتنە یەك، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی كە دەسەڵاتدارن لەهەرێمی كوردستاندا و لەوێ چاویان لە پۆستە سیادییەكانە ئاوا مامەڵە لەگەڵ هەرپرس و ئەگەرێك مەترسیدار دەبێت».
سەبارەت بەهەماهەنگی حزبەكانی دەرەوی یەكێتی و پارتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهات و گۆڕانكارییەكاندا، سۆران عومەر رایگەیاند: « پێموایە هێزەكانی دەرەوەی یەكێـتی و پارتیش سەركەوتوو نەبوون لەنوێنەرایەتی خەڵكی ناڕازی هەرێم و پێكەوە كاركردن و هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنێـت و متمانە لەنێوان ئەم هێزانەشدا لە ئاستێكی خراپدایە».
بەڵام ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ دەڵێت: «ئێمە لەخۆپیشاندانەكانی پێشوودا و تەنانەت لەهەڵبژاردنەكانیشدا هەوڵماندا وەكو لیستێك لەگەڵ برادەرانی كۆمەڵ و یەكگرتوو بچینە هەڵبژاردنەكانەوە، بەڵام ئەوان نەهاتنە پێشەوە، ئێستاش ئێمە لەپەرلەمانی عێراقدا بەو شێوازە كاردەكەین كە ئەگەر پڕۆژەیەك هەبێت بزانین لەخزمەتی خەڵكدایە بەلامانەوە ئاساییە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوودا تەنسیقمان هەبێت و بەیەكەوە ئیش بكەین».
سەبارەت بە ئایندەی دۆخی عێراقیش، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: «ئەگەر دۆخی بەغداد بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە خۆپێشاندانەكان بەرەو شەڕی ناوخۆ بچن، سەركردە شیعەكان هەموویان داوای گفتوگۆ دەكەن و دەستبردن بۆ شەڕ و خوێنڕشتن رەتدەكەنەوە، كەچی لە هەمانكاتدا هەموویان لەسەر ویست و داخوازییەكانی خۆیان پێداگرن و پاشەكشێ لە خواستەكانیان ناكەن.»
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیش، سۆزان مەنسور بەهاوڵاتی وت:» هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان چارەسەر نییە، ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە دەبێت یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە و دەبێت زۆر شت بگۆڕێت ئینجا كە هەڵبژاردن دەكرێتەوە هەمان ئەنجام بەدەستدێتەوە و رەنگە لایەنێك دوو كورسی زیاتر دوو كورسی كەمتر، ئەگینا هیچ روونادات».
هاوكات ئاریان تاوگۆزی دەڵێت: «ئێمە وەكو نەوەی نوێ پێمان باشە كە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و لاریمان نییە و هیچ كێشەیەكمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی نییە ئەگەر هەڵبژاردنێكی دیكە رووبدات، بەڵام ئەگەر بێیتە سەر واقیع ئەگەر هەر ئێستاش هەڵبوەشێتەوە لانی كەم پێویستمان بەساڵێك دەبێت تاهەڵبژاردنێكی دیكە بكرێت».
لەبارەی دابەشبوونی یەكێتی و پارتی بەسەر دوو بەرە ركابەركەی عێراقدا (سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) سۆزان مەنسور هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: « ئێمە هەر لەسەرەتاوە تێڕوانینمان هەبووە بۆ هەموو شتێك، وەك یەكێتی و وەك پەرلەمانتارانی یەكێتی كە سوێندمانخواردووە هەر لەیەكەم رۆژەوە كە هاتوینەتە بەغدا ئەجێندامان ئەوەبووە كە نەبینە لایەنداری هیچ لایەنێكی شیعە، لەبەرئەوەی پێمان وابووە ببینە لایەنداری هەر لایەنێكی شیعە ئەمە روودەدات كە ئەمڕۆ روویداوە، نەبووینەتە تەرەف لەهیچ كێشمەكێشێك نە لەناو شیعە نە لەناو سوننە نەهیچ لایەكی دیكە، باوەڕیشمان بەوەبووە كە پێویستە هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت كە ئێستا هەمووان داوای دەكەن».
بەڵام سۆران عومەر رایگەیاند: «كورد پێش تێكچوونی ئەم دۆخە و لەكاتی دۆخی ئاسایی و گفتوگۆكاندا دەكرا رێكبكەون لەسەر مەسەلەی سەرۆك كۆمارو مەسەلە نەتەوەیی و نیشتیمانی مافە دەستووری شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئەولەویەت بووایە نەك وەرگرتنی پۆست».
سەبارەت بەوەی كە ئایا پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی بەغداد، ناڕەزایی و فشاری شەقام دەستپێبكرێت، سۆران عومەر دەڵێت: « لەهەرێمی كوردستان نە جەماوەری سەدریەكان هەیە و نە موقتەدا سەدرێكیش بوونی هەیە، و هیچ سەركردەیەكیش لە هەرێم نییە كاریزمی و كاریگەربێت و بتوانێت خەڵك كۆبكاتەوە».