لەم وەرزی هاوینەدا نرخی بەرمێلێك نەوتی سپی زیاتر لە 260 هەزار دینارە
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بارگرانیەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و حكومەتی هەرێمیش زیاتر لە شەش ساڵە نەوتی بۆ هاووڵاتیان دابین نەكردووەو ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراق ناردویەتی و لەجیاتی 45 هەزار دیناریش 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەرگیراوە، لەم وەرزی هاوینەشدا بەرمیلێك نەوت لەسەرووی 260 هەزار دینارەوەیەو چاوەڕوان دەكرێت لەوەزری زستاندا نرخەكەی زۆر گرانتر بێت.
ساڵی رابردوو وەزیری دەستلەكاركێشاوەی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا كەهەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەربگرێت، بەڵام تەنها 35%ی هاووڵاتیان نەوتی سپیان پێدرا.
ساڵانە لەوەرزی هاویندا نرخی نەوت دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی ئەوەی كە خواستی زۆری لەسەر نییە، بەڵام ئەمساڵ لەم وەرزی هاوینەشدا نەوتی سپی نرخی ئێجگار بەرزەو هەر بەرمیلێك نەوت لەسەروی 260 هەزار دینارەوەیەو هیچ ساڵێك لەم كاتەدا نرخی نەوتی سپی بەو شێوەیە نەبووە.
چاوەڕوان دەكرێت نرخی نەوت لەزستاندا گرانتر بێت
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «نەوتی سپی و گازوایل و غازی هەرێمی كوردستان دەڕوات بۆ وڵاتانی دیكەو حكومەتیش كارئاسانی بۆدەكات و ئەگەر بێت و حكومەت رێگری لێبكات و بۆ هاووڵاتیانی كوردستانی دابین بكات بێگومان نرخەكان دادەبەزن».
وتیشی: «ئەگەر حكومەتی هەرێم نەیەتە سەرخەت و هەنگاوی پێویست نەنێت چاوەڕێ دەكرێت نرخی نەوتی سپی لەوەرزی زستاندا گرانتر ببێت» .
كەریم عەلی باسی لەوەشكرد:» هاووڵاتیان زیاتر لەشەش ساڵە نەوتیان وەرنەگرتووە و ئەوەشی دابەشكراوە حكومەتی عێراقی ناردوویەتی و پیشتر نرخەكەی 45 هەزار دینار بوو بەڵام حكومەتی هەرێم 90 هەزار لەهاووڵاتیان وەردەگرێت».
هاوكات شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» حكومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی بۆ ماڵان ناكات، سەرباری ئەوەش بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەشناكرێت، چونكە حكومەت ئەم كەرتەی فەرامۆش كردووەو پلانی نیە پێش وەرزی زستان نەوتی سپی بگەیەنێت بەهەموو ماڵێك».
وتیشی:» لەساڵی 2016وە حكومەتی هەرێم دابەشكردنی نەوتی راگرتووەو ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ خەڵك دروستكردووە بەتایبەت لەناوچە ساردەكاندا كەپێویستە پێش وەرزی زستان نەوتی سپیان پێبگات».
هاووڵاتیانیش گلەییان لەگرانی نرخی نەوت هەیەو دەڵێن:»پێشتر بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە لەوەرزی هاویندا نەوتیان دەكڕی و زستان بەكاریان دەهێنا، بەڵام ئەمساڵ نرخەكەی زۆرگرانە».
تەها ئەحمەد، كە پیشەی مامۆستایەو تەمەنی 60 ساڵەو دانیشتووی شاری سلێمانییە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نزیكەی دوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووە و كارتی نەوتیشمان هەیە بەڵام نەوتمان نادەنێ«.
باسی لەوەشكرد: «ئەگەر جیاوازی لەنرخی نەوتدا هەبێت باشترە لەوەرزی هاویندا بكڕدرێت، بەڵام ئەمساڵ لەوەرزی هاوینیشدا هەر گرانە».
هاوكات هەورامان حەمە حەسەن كاسبكارێكی تەمەن 40 ساڵەو لەپارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێیە سەبارەت بەگرانی نرخی نەوت بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « كارتی نەوتمان هەیەو زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووەو وتیشی: ئێمە ساڵانە ئەگەر زۆر بەكەمیش بەكاری بهێنین سێ بەرمیل نەوتمان پێویستە، ئەگەر نرخەكەشی ئاوا بەرز بێت ئەوا كڕینی نەوت بارگرانیەكی زۆرە بۆ ئێمە».
هاوكات، عوسمان محەمەد، فەرمانبەرێكی تەمەن 43 ساڵەو دانیشتووی ئیدارەی گەرمیانەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: زیاتر لەدوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرووە و پێشتر لەهاویندا نەوتمان دەكڕی و خەزنمان دەكرد بۆ زستان، بەڵام ئێستا لەهاونیشدا هەر گرانە».
حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیەكانی سەر شانی هاووڵاتیان نیەو تابێت نرخی پێداویستیەكان گرانتر دەبێت و ئەمەش ئەوندەی تر هاووڵاتیانی نیگەران كردووە.